٩\٥\٢٠٢١
داگیرکارییەکانی
رژێمی تورکیای فاشیست و
هاوکارییەکانی ناتۆ و بێدەنگیی سیاسەتی نێودەوڵەتی!
پێشێلکاریی
و بەزاندنی سنوورەکان لە لایەن دەولەتی تورکیا لە لایەک، بێ دەنگی
کۆمەڵی نێودەولەتی و خاوەن ماڵ لە لایەک چیمان بۆ دەردەخا؟
ئەگەر تۆزێک بە وردیی سەیری بارودۆخەکە بکەین دەبینین بابەتەکە زۆر
قووڵترە لەوەی کە گوایە ئەوە پەکەکە بارەگایەکانی لە ناو چوارچێوەی
سنوورەکانی خاکی باشووری کوردستانە، یان پەیەدە سەر بە پەکەکەیە، یان
پەکەکە دەستتێوەردان دەکا لە بەرێوەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان.
هەروەک چۆن بابەتەکە لەوەش قووڵترە ئێمە وا بیربکەینەوە کە ئەوە پارتی
یان لایەنەکانی باشووری کوردستانن دەستی تورکیا رادەکێشن بۆ ناو خاکی
هەرێمی کوردستان لە باشوور. (گەندەڵیی و پاوانکاریی و هەموو
خراپەکارییەکانی لایەنەکان و سەرانی کاربەدەستی هەرێمی کوردستانی
باشوور بابەتێکی دیکەیە).
ئامانج و خەونەکانی دەسەڵات و تورکە رەگەزپەرستەکانی تورکیا،
هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی ''سایکس بیکۆ''یە کە لە ساڵی ١٩٢٣ کۆتایی
بە سەلتەنەتی عوسمانی هێنا کە چەندین سەدە دەسەڵاتدار بوون لە زۆرێک لە
وڵاتانی ئێستای ئاسیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەفەریقا و ئەوروپاش، بە
تێڕوانینی خۆیان تورکەکان تێیدا زیانیان لێکەوت! تا ئێستاش خۆیان بە
زۆرلێکراو دەزانن و هەر بەو هیوایە دەژین تا ساڵی ٢٠٢٣ واتە پاش
سەدەیەک هەندێک لەو ناوچانە بگێڕنەوە ژێر رکێفی خۆیان، بە تایبەتییش
ویلایەتی موسل کە موسل و هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و دیالەش
دەگرتەوە.
هەر بۆیە تاوانبارکردن و بەگژیەکترداچوونی یەکدی دەبێتە پەڵەیەکی
شەرمەزاریی بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە بە مەبەستی بەرژەوەندییە
کاتییەکانی خۆیان و حیزبەکانیان ئەو گەمە ترسناکانە دەکەن و مێژوو
هەرگیز لێیان خۆش نابێ، چونکە ئەوە پتر و پتر دەبێتە ئاسانکاریی بۆ
داگیرکارییەکانی دەولەتی تورکیا و گەیشتنی تورکە رەگەزپەرستەکان بە
خەون و ئامانجە لەمێژینەکەیان.
ئێستا دەولەتی تورکیای داگیرکەر خۆی لە لووتکەدا دەبینێ، بە راست و چەپ
''شەلم و کوێرم هیچ نابوێرم'' بەنێوکەوتوە و بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێن
بە ناو ولاتانی سێ کیشوەردا دەکا، بە بێ ئەوەی ئەوانەی خۆیان بە
پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و مافی چارەنووسی گەلان و سەرجەم ماف و
ئازادییەکان دەزانن نوقەیان لێوەبێ! جا ئەوە زۆر بەڵگەنەویستانە
سەلمێنەری ئەو راستیانەن کە هەر بە مۆڵەت و رێگەپێدانی ئەوانە رۆژانە
ئەو هەموو پێشێلکاریی و رەشەکوژیی و کاولکارییانە لەسەر دەستی حکومەتی
تورکیا روودەدەن و هەمووشی بە هاوکاریی سەرجەم ئەو وڵاتانە
ئەنجامدەدرێن کە لە چوارچێوەی ''ناتۆ'' دان. لێرەدا ئەوەمان بۆ
رووندەبێتەوە کە ئەوانەی بانگەشەی ئەو مافانە دەکەن و لە دەستوورەکانی
خۆیان جێگیریان کردوون، تەنیا و تەنیا چاوبەستن و چەواشەکارییەکی
ئاشکرایە لە جیهانی بەرژەوەندخوازیی و قۆرخکاریی چەوسێنەرانەی سیستەمی
سەرمایەدارییدا.
ئیدی ئێمە وەک ''ناوەندی کاری ئازادی دەربڕین'' بە هەموو شێوەیەک ئەو
داگیرکاریی و هێرش و پەلامار و رەشەکوژییەی رژێمی تورکیا سەرکۆنە
دەکەین، هاوکاتیش هاوکارییەکانی وڵاتانی نێو ناتۆ شەرمەزار دەکەین و
بێدەنگیی سیاسەتی نێودەوڵەتییش بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرانبەر ئەو
داگیرکارییانە، هەروا پێویستیشە سەرجەم ئەو گەل و وڵاتانە بە دەست ئەو
داگیرکارییە گیریان خواردوە بە تایبەتییش خەڵکی هەر چوار پارچەی
کوردستان دەنگ هەڵبڕن و ئاستێک بۆ ئەو رژێمە فاشیستە ئیسلامییەی
ئەردۆگان دابنێن.
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
٨\٥\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com
|