په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٦

داھاتی نەوت و مووچە!

شێرزاد وڵاتدۆست     

 

لەگەڵ تیپەڕ کردنی چەند ساڵی پڕ قەیران و ھاتنی ساڵی نوێ،ھاوڵاتیان ھەر لە چاوەڕێی تێپەڕاندنی باردۆخی پڕ قەیراناوی ھەرێمی کوردستانن، کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان ھاتوونەتە ئاراوە، لێ لەگەڵ تێپەرینی کات ئەم ھیوا و ئومێدەواریە ڕوو لە کزبوون و نەمان دەچێت ، چونکە زۆرینەی ھاوڵاتیان لەوە دڵنیا بوون لە ژێر ھەژموون و سێبەری دەسەڵاتێک کە خۆی بەرپرسی ھەموو قەیرانەکانە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانگەلە نزیکە لە ئەستەم!


دەستپێکردنی ھەناردەکردنی نەوت لەلایان حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو گەرچی ئەوکاتە بە خاڵێکی وەرچەرخان و گرنگ دادەنرا بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبری کورد لە دەوڵاتی عێراقدا و بە ھەنگاوێکی گرنگ دادەنرا بۆ باشترکردنی باری دارایی ھاوڵاتیان و ھەنگاونان بەرەو ئابوریەکی سەربەخۆ و نزیک بوونەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە باشوری کوردستان ، بەڵام ڕێک ئەم خەون و خەیاڵەی بریقەدارەی ھەبوو پێچەوانەکەی بەدیھات کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان دەیبینین.


لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەدواداگەڕان و دەرھێنانی نەوت لەھەرێمی کوردستان ھەرزوو کۆمپانیا بچوک و زەبەلەحاکانی بواری نەوت لە ھەموو جیھان بۆنی ئەم پاروە چەورەیان کرد و دڵنیابوون بەوەبەرھێنانی نەوت لە ژێر دەسەڵاتێکی خەرق بوو لە گەندەڵی دەھاتێکی زۆریان بۆ دەستەبەردەکات بە تێچو و ماوەیەکی کەم ، ھەر زوو کەوتنە دەستێکەڵاو کردن لەگەڵ بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەم ھەرێمە و پێدانی بەرتیل(شرینی نەوت) بەمەبەستی ھەرچی زیاتری دەستکەوتنی بلۆکی مەزنتری نەوت لە ھەر سێ پارێرێزگای ھەرێمی کوردستان، بۆیە کەوتنە خۆیان بۆ ئامادەکردنی گرێبەستگەلێک کە زۆرتین قازانج و بەرژەوەندی بۆ خۆیان مسۆگەر بکات و کەمترین داھاتیش بۆ حکومەت دەستەبەر بکات ، لەبەر وەگرتنی بەرتیل(شیرنی نەوت) و دڵنیابوون لە ھاوبەشیان لە بەشێکی قازانجی ئەو کۆمپانیایەنە ھەرزوو بەرپرسانی حزبی و حکومی کوێرانە کەوتنە ئیمزاکردن یەکە بەیەکەی ئەو ڕێکەوتنامە نەوتیانەی ، کە باردۆخێکی پر قیراناوی وەک ئەم ڕۆی لێ بەرھەمھات.


لێ بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوە ئەم نەوتە لە بازاڕی جیھانی بە شێوەیەک کەس نەزانێت چەندە و بەچەند دەفرۆشێت بیریان لە ڕێگایەک کردەوە کەم زامنی ئەوەبێت ، ھەربۆیە ھەڵستان بەڕاکێشانی بۆری نەوتی لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیھانی تورکیا ، کە ھەمیسان کەوتنە ژێرباری رێکەوتنێکی (٥٠) ساڵی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەک تورکیا ، بەجۆرێک زۆرتیرن دەستەبەری ئابووری بۆ ئەو وڵاتە و چەند بەرپرسێکی ھەرێمی تێدابێت و داھاتێکی زۆری فرۆشراوی نەوەت لەمەشدا وونببێت.


لێرەدا ئەوەی گرنگە ئەوە بخەیەنە ڕوو ئاخۆ لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ و گۆڕینی باردۆخی ناوچەکە و بەرزتر بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاری جیھانی بە ھۆی ڕێکەوتنی وڵاتانی ئەندام لە (ئۆپیک) لە سەر کەمترکردنەوەی بەرھەمھێنان ، چ کاریگەریەیەکی ئەرێنی دەبێت لەسەر زیاتر بوونی داھاتی فرۆشراوی نەوتی ھەرێم یان دەبێ لە ئێستاوە ئەو ڕاستیە قبوڵ بکەین کە خوودی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێم درکاندی ، کە وتی نرخی بەرمیلی نەوت بگاتە ١ ملیۆن دۆلاریش قەیرانی دارایی چارەسەر نابێت ، بێگومان جەنابی زۆر ڕاستی فەرموو ، چونکە بەس خۆیی و دارودەستەکەی باش دەزانن داھاتی فرۆشراوی نەوت بۆ کوێ دەچێت و چۆن کێڵگە نەوتیەکانی ئەم ھەرێمە ھەرزان فرۆشکراون.


ئەگەر تەنیا حسابێکی سادە بکەین بۆ ڕێژەی فرۆش و ئەو داھاتەی بەدەستھاتوو تەنیا لە ڕێی فرۆشی نەوتەوە لە ڕێگای بۆری ھەرێم - تورکیا ئەوا ڕوون دەبێتەوە ، کە داھاتێکی زۆر و زەوەند بەدەست دێت و بەشی مووچەی فەرمانبەران دەکات لەگەڵ داھاتاکانی تری ھەرێم ، وەک زانراوە ھەرێم لە ئێستادا ڕۆژانە سەررو (٦٠٠) ھەزار بەرمیل نەوتی خاو تەنیا لەڕێی بۆریەوە ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکیا دەکات ، ئەگەر لە ڕۆژێک ئەم بڕە بەرھەمبێت بە لێکدانی ٣٠ ڕۆژ و لێکدانی ٤٥ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلیک ، ئەوا (٨١٠) ملیۆن دۆلار دەردەچێت بۆ تەنھا مانگێک ، ھەرچەندە خەریکە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری ئەم داھاتە دەڕوات بۆ کۆمپانیاکان و نەوتی ھەرێم بەنرخێکی کەم ھەرزان فرۆش دەکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە داھاتێکی زۆرە و دەکرێت بە ئاسانی لەگەڵ داھاتەکانی وەک نەوتی فرۆشراوی بە تانکەر و داھاتی خاڵە سنوریەکان و داھاتی تری ناوخۆیی ھەرێم لە قەیرانی دارایی ڕزگار بکرێت ، بەڵام بێگومان گەڕاندنەوەی جارێکی ترئەو داھاتە بۆ ھاوڵاتیان لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا نیە کە دەستیان بەسەر ھەناردەکردن و فرۆشتی نەوت لە ھەرێم داگرتووە، چونکە لەڕێگایەوە داھاتێک یەکجار زۆر بۆ خۆیان و حزب و دارودەستەکایان فاراھم بووە و ڕۆژانە خەریکی پڕکردنی حساب بانەکیەکانیانن لە وڵاتانی تر و بەردەوام خەریکی بنیادنانی تەلار و کۆمپانیا و دەزگای میدیایی مەزنترن بە داھاتی نەوت ، ھەروەھا بەشێکی ئەو داھاتەشیان تەرخانکردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی دارودەستەکەیان و دەمچەورکردنی ئەو کەسانەی کە ھەردەم لە تیڤی و ڕۆژنامەکان خەریکی پیاداھەڵدان و ماستاوکردنن بۆیان.

 

 

sherzad.wllatdost@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک