٢٧\١٢\٢٠١٤
داھاتی
پەرلەمانتار و بەنزینخانە.

ھیوا محەمەد
(ئێمە لاریمان نیە لەوەی کە ھەر پەرلەمانتارێک لەوانەی کاری جدی دەکەن
و ئەوەی لەسەریانە وەک خزمەت لە پەرلەماندا دەیخەنە کار، بەڵام قسە
لەسەر پەرلەمانتاریی وەک پیشە و ئەو برە پارە زۆر و ئیمتیازاتانە
دەکەین کە بۆیان خەرج دەکرێت و ھەمووشمان دەگرێتەوە).
لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ لە ڕێگەی ئەنجام دانی ھەڵبژاردن یەکەم پەرلەمان
لەم کوردستانە ھاتە کایەوە، ئەو کات بوونە ئەندام لە پەرلەماندا ئاسان
نەبوو، ئەوانەی لەوێدا بوون ھەر ئەوانە بوون کە لە حزبدا بالا دەست
بوون، تەنانەت ھەندێکیان رواڵەتی شاخ و سەردەمی خەباتی پیروزی
پێشمەرگایەتی پێوە مابوو ، لە خولەکانی دیکەی پەرلەمان و بە تایبەت
دوای ٢٠٠٣ وە بە ھۆی ئەو ھەموو ئیمتیازاتانەی کە دەدرێت بە پەرلەمانتار
ئیدی چ حزب و لایەن چ کەسایەتیەکان شەڕیبانگەشە و پروپاگەندەیان بەتین
کردوە، حزب دەیەوێت لە ڕێگەی ھەرچی زۆرتر کورسییەوە حوکم رانی بەدەست
بێنێت، کاندیدەکەش جگە لەوەی دەبێتە نوێنەری ئەو لایەنەی کە دای ناوە
خۆشی دەبێتە خاوەنی ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی کە ھەیە، ئاخر ئەگەر ئەو
لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە ٢٨٨ ملیون دینار مووچە وەربگرێت( لە
کاتێکدا کەئەگەر خۆی مووچەی کارەکەی دوو ملیونیش بێت ئەوە بۆ ئەو چوار
ساڵە دەکاتە ٩٦ ملیون ) و سەرەتاش ٣٠ ملیون بۆ ئوتومبیل و بۆ ھەر
پاسەوانێکیش بڕی ٧٠٠ ھەزار مانگانە وەربگرێت جگە لە ھەندێ دەرماڵە و
دیوەخانانە و شتی تر و لە دوایشدا کە کۆتایی خولەکەی ھات خانەنشین
بکرێت بە پارەیەکی زۆر بەمەش ئێمە دوای ٤٠ ساڵ نزیکەی ٥ ھەزار
پەرلەمانتاری خانەنشین و نیوەی ئەوەش وەزیری خانەنشینمان دەبێت، لە
بەغداش جگە لە ھەموو ئەو ئیمتیازانە ھەر پەرلەمانتارێک ماگانە ٢١
ملیونی دەدرێتێ بۆ ٣٠ پاسەوان ئەگەرچی تەنھا سێ کەسیان بە پراکتیک ھەیە
و سەروکی پەرلەمان و جێگرەکانی بە پێی پلەکانیان بە سەدان ملیون دینار
مانگانە کۆی مووچەو خەرجیەکانیانە. پەرلەمانتاریی پلەیەکی پاداشت
ئاسایە حزبەکان دەیبەخشنە ئەوانەی خۆیان بە باشی دەزانن، بەڵگەش ئەوەیە
کە بە دەگمەن کەسێکی سەربەخۆ دەتوانێت دەنگی پێویست بەدەست بێنێت ئەگەر
حزبێکی لە پشت نەبێت، ئیتر چۆن پەرلەمانتاریی وەزیفەیەکی وانابێت کە
خەڵک ھەڵپەی بۆ بکات، بەڵام ئەگەر بێت و ئەو ئیمتیازاتانە لا ببەین و
تەنھا ئەو مووچەیە بدرێت بە پەرلەمانتار کە خۆی لەسەر کارەکەی ھەیەتی
لەگەڵ گێڕانەوەی خەرجی چالاکی کارەکانی بە ھۆی پەرلەمانتارییەکەیەوە،
ئایائەو کاتیش ئامادەیە ببێتە پەرلەمانتار؟ پێم وانیە مەگەر تەنھا ئەو
کەسانەی کە وەک کەسی سیاسی پێیان خۆشە لەو بوارانەدا کار بکەن، پزیشکێک
یان برین پێچێک کە کارەکەیان مروڤ دوستانە ترین پیشەیە بە چارەکی ئەو
پەرلەمانتارانە وەرناگرن، بە فیڕۆ نەدانی سامانی نیشتیمانی ئەگەر لەوە
وە بێت کە نەوتی ژێر خاک ھەمووی دەرنەھێندرێت و بیر لە نەوەی دوا روژیش
بکرێتەوە، ئەوە ئەو پارە زۆرەش کە بۆ پەرلەمانتارێک خەرج دەکرێت دەچێتە
چوارچیوەی بەھەدەردانی سامانی ولات چونکە لە پارەی فروشتنی ئەو نەوتە
دەدرێتە ئەویش.
سەرەتا کە لە کوردستاندا بەنزین خانە دەکرایەوە زۆر بە زەحمەت مۆڵەتی
پێ دەدرا چونکە بێ لێپرسینەوە و لێ پێچینەوە لە لایەن حکومەتەوە بەنزین
دەدرا و لە لایەن ھەندێک لە بەنزینخانەکانیش بێ حساب و کیتاب دەبرا و
دەژمێردرا و دەفروشرا، لەم دواییەدا باس لەوە دەکرێت کە بۆ ھەر بەنزین
خانەیەک کامیرای چاودێری و جیھازی ژمێریاری لیترەکان دادەندرێت و زیاتر
لەمەش لیژنەی پشکنین بۆ کوالیتی بەنزین و تێنەکردنی شلەمەنی دیکە و زۆر
شتی دیکەی بابەتی قەدەغە و قودەغە تەنانەت لێ سەندنەوەی مۆلەت و
سزادانی تاوانکار، ئیدی بەمەش وای لێ دێ ھەموو کەس تاقەتی خاوەندارێتی
بەنزینخانەی نەمێنێت چونکە گرنگی بوونی بەنزین خانە لەوەدا بوە کە لە
ژێر چاودێریدا نەبوون و ھەندێکیان چۆنیان ویستوە بەو جۆرە کاریان
کردوەو چەندین ساڵە سەرپێچی تیادا کراوە، ئەگەر وا بروات و داھاتی
بەنزینخانە و مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمان کەم بێتەوە ئەوە دەبێت
(بەنزینخانە وەک کارگەیەکی بچوکیلێ بێت) و پەرلەمانتاریش چوار خولی
دیکە خۆی کاندید بکاتەوە و بێ رکابەر دەردەچێتەوە، بەو ھیوایەم کە ھەر
پەرلەمانتارێکی کوردستان لەماوەی دەستپێکی کارەکەیدا بچێت لە سەر
پەرلەمانتارێک لە سوید یان ھۆلەندە لێکۆڵینەوە بکات بزانێت ئەوان چەند
وەردەگرن و چۆن دەژین و ئیمتیازیان چیە و دوای پەرلمانتاریەکەیان
دەچنەوە سەر کارەکەی خۆیان یان چی دەکەن؟ ئەمەش لەو روانگەوە کە ئێمە
بۆ ھێنانەوەی نمونەی دیموکراسی و پاراستنی مافی مروڤ ھەمیشە دەڵێین لە
ئەوروپا وادەگوزەرێت، دە با بۆ ئیمتیاز و مووچەکەش بڵێین ئەوەی لێرە
دەگوزەرێت لە ئەوروپا پەسەند نیە، واباشە ئەوان بپرسن ئایا بۆ چوار ساڵ
پەرلەمانتاری کەسێکی تەمەن بیست و پێنج ساڵ خانەنشین دەکرێت بەو پارە
زۆرە ؟ ئایا ئەمە بە فیرۆ دانی سەروەت و سامانی نەوەی داھاتووی ئەم
ولاتە نیە؟ ئەی ئەو خزمەتە لە کوێدایە کە پەرلەمانتار دەیبەخشێتە
ولاتەکەی لە کاتێکدا زیانی بۆ ئابوری داھاتوی گەلەکەی ھە بێت؟
ماڵپەڕی
هیوا محەمەد
|