په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٢

داھێنەر و دەرھێنەری فیلمی کارتۆن - واڵت دیزنی.


رەزا ساڵح       


یەکێک لە ھەرە کەڵەناودارەکانی جیھان لە سەدەی بیستەمدا ، داھێنەر، دەرھێنەر ، وێنەکێش، سیناریۆنووس، کاریکاتێرکێش، ئەکتەری دەنگ و شانۆ، ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی، چیرۆکخوان، فیلمساز، سینەماکار ، بیزنزمەن ، ھونەرمەندی مەزن و بلیمەت ، دانا و لە توانا بەدەر ، خاوەن ھزر و بیرێکی قووڵ و ئەندێشەیەکی فراوان ، ھاوڕێ ی گەورە و منداڵان ، داھێنەری چەندین فیلمی کارتۆنی جوڵاوە ـ ئەنیمەیشن ـ ، خاوەن چەندین شاکاری سینەمایی ، خاوەن زۆرترین خەڵاتی ئۆسکار ، واڵت دیزنی یە ( ١٩٠١ ــ ١٩٦٦).

گەورە و بچووک ، بە تایبەتیش منداڵان، لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانە بەرینەدا ، واڵت دیزنی دەناسن.. ھەمووشمان چێژمان لە سەیرکردنی فیلمە کارتۆنە جوڵاوەکانی و فیلمە سینەماییە خۆش و گەپاوییەکانیمان وەرگرتووە ..‌ شادیان خستۆتە دڵمانەوە و بزەخەنە و پێکەنییان خستۆتە سەر لێوەکانمان.. زۆربەشمان ئاشنای پاڵەوانی فیلمەکانی بووینە.. بە رۆڵ و بە ئازایەتی و سەرکێشی پاڵەوان و کەسیەتی فیلمەکان ، سەرسام وحەیران بووینە.. لەوانەش : میکی ماوس ، دۆناڵ داک ، دامبۆ ، بامبی ، تۆم و جیری ، پیڤ و پۆڤ ، ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا ، تەڕەزان ، بەفرین و حەوت بستە باڵاکان ، ساندریللا ، ‌شازادەی نوستوو ، بینۆتشیۆ ، فانتازیا ، پەرییە بچکۆلەی دەریا ، دوورگەی گەنجینە ، .... ھتد. زۆربەی فیلمەکانیشی ، بە ھەموو زمانەکانی جیھان دۆبلاج کراون.


واڵت دیزنی دەڵێ : " من لە خۆشی و شادی زیاترم پێشکەش نەکردووە.." .

کێ دەیوت ، منداڵێکی وەکو واڵت دیزنی ، کە لە خێزانێکی گەدا و دەست کورتدا لەدایک بوو ، بەبێ نازی گەورە و پەروەردە بوو.. خیزانەکەیان بە سکێ تێر و بەسێ برسی بوون .. واڵت دیزنی ھەڵدەکەوێت و دەبێتە ویردی سەر زمانی گەورە و منداڵان لە جیھاندا ، ئەوەشی پێمان سەلماند ، کە ھەژاری و نەبوونی شکستیان بە ھێنانەدی خەون و ھیواکانی نەھێنا . بە باوەڕ بە خۆبوون و کۆششی بەردەوام و خۆڕاگری و کۆڵنەدان ، توانی لە نەبوونی بوون دروست بکات و خۆزگە و خەونەکانی بھێنیتەدی.

ئەی کێ لەو باوەڕەدا بوو ، کە واڵت دیزنی بە ھۆی وێنەکێشان و بە فیلم کارتۆن کردنی مشکێکی سیسەڵەی بزیۆ ( میکی ماوس) کە بزێوی و خیرایی سەرنجی راکێشا و بوو بە ئیلھام و بیرۆکەی گەورەترین داھێنان، بۆ ئەوەی بیکات بە پاڵەوانی پرۆژەی چەندین فیلمی کارتۆنی جوڵاوە ( ئەنیمەیشن) و، سەرکەوتن و ناوبانگ بە واڵت دیزنی ببەخشێ و بیکات بە یەکێک لە کەسایەتییەکانی جیھان و بە ملیۆنێرێکی سەدەی بیستەم و ، بە خاوەنی گەورەترین و بەرھەمھێنترین کۆپانیای فیلمسازی ( کۆمپانیای واڵت دیزنی ).. بۆیە واڵت دیزنی ئەم راستییەی نەشاردۆتەوە و خۆی بە منەتبار و قەرزاری ئەو مشکە دەزانێ و ، جارێکیان بە شانازی وڕێزەوە وتی: "ھیوادارم شتێک ھەیە کە ھەرگیز لە یادی نەکەم ، ئەویش ئەوەیە ، ئەم سەرکەوتنەم لە مشکێکەوە دەستی پێ کرد".


شایانی باس و پێ کەنینیشە، واڵت دیزنی لە مشک دەترسا.

چیرۆکی ئەم مشکەش، گوایە واڵت دیزنی ماوەیەک بەندکراوە و ، لە ژووری بەندیخانەکەیدا، ئەم مشکەی لێبووە و، بووە بە خەمڕەوێنی تەنیایی و دڵتەنگی.

بەڵام ئەوەش دەگێڕنەوە، کە واڵت دیزنی لە گەراجیکدا ژوورێکی بەکرێ گرتبوو، لە ناو ژوورەکەیدا، مشکێکی سیسەڵەی بزێو، بە دیوار و بنمێچی ژورەکەیدا دەھات و دەچوو، بێ ئەوەی شەرم لە واڵت دیزنی بکات.. واڵت دیزنیش چەند وێنەیەکی جوڵانەوەی ئەم مشکەی کێشا و، پێشانی ژنەکەی دا و پێی وت بیر لەوە دەکاتەوە کە بیکات بە پاڵەوانی فیلمێکی کارتۆنی جوڵاوەی دەنگدار، ژنەکەشی بیرۆکەکەی زۆر بە دڵ بوو، ھانی دا بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات.. دڵنایش نیم کە کامیان راستن .

واڵت دیزنی لە ( ٥ / ١٢ / ١٩٠١) لە (ئیلینۆی) لە( شیکاگۆ) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لە باوکێکی بەڕەسەن ئیڕلەندی و لە دایکێکی ( ئەڵمانی ) لە دایک بوو.


ناوی تەواوی واڵت دیزنی ( واڵتەر ئەلیاس دیزنی ) یە.. سێ برا و خوشکێکی ھەبوو، ئەم بچووکترینیان بوو، ناوی براکانی ( ھێربەرت، ریمۆند، رۆی )، خوشکەکەشی ناوی ( رۆس) بوو.

واڵت دیزنی بە ھۆی ھەژاری و نەداریی و کوێرەوەریی خێزانەکەیەوە، وەکو منداڵێکی ئاسایی خێزان ھەبوو نەژیا، لەزەت و ئۆخەی لە تافی منداڵی خۆی نەکرد، لەگەڵ منداڵانی ھاوتەمەنی خۆیدا، نە نێردرایە قوتابخانە و مەستی یاری کردنی نەبوو.. بۆ دابین کردنی بژێوی و ژیان و گوزەرانی خێزانەکەیان، ناچار بوو کە ھاوکاری باوکی بکا و رۆژ تا ئێوارە ئیش بکات.

باوکی لە پێشا دارتاش بوو، دوایی کێڵگەیەکی چاندنی کڕی و، ھەموویان لەو کێڵگەیەدا کاریان دەکرد، بەڵام ئەلیاسی باوکیان بە ھۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی ‏کێڵگەکەی بەڕیوەبەری و فرۆشتی.. ماڵیان باری کرد.. لە (کانساس ستی )دا لە ھەرێمی میزۆری نیشتەێ بوون.. باوکیان لە دەزگایەکی رۆژنامەدا، کاری فرۆشتنی رۆژنامەی وەرگرت. ئەگەر چی ئەو کاتە تەمەنی واڵت دیزنی لە دە ساڵ کەمتر بوو، بەڵام باوکی خستییە ژێر کارکردنەوە. ھەموو رۆژی لە کاتژمێری سێی بەرەبەیاندا، واڵت دیزنی و رۆی برای باوەشی رۆژنامەیان ھەڵدەگرت و، کۆڵان بە کۆڵان و، لە ناو شەمەندەفەرەکاندا دەیان فرۆشت.. گوزەرانی ژیانیان کەمی باشتر بوو، باوکی کارگەیەکی سەھۆڵی کڕی، ئەوەشی فرۆشت و فرۆشگایەکی خواردەمەنی دانا.. واڵت دیزنی ھەلی خوێندنی بۆ رەخسا.. لە قوتابخانەدا، قوتابییەکی ئاسایی ئاست مامناوەندی بوو.. بەڵام ھەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بوو، بە تایبەتیش وێنەی گیاندارانی دەکێشا، کە منداڵ بوو دکتۆرێکی خانەنشینی ھاوسێی کێڵگەکەیان داوای لە واڵت دیزنی کرد کە وێنەی ئەسپەکەی بۆ بکێشێ، کە بۆی کیشا، دکتۆرەکە بە دڵی بوو ، پاداشتی واڵت دیزنی کرد و پارەی دایی، واڵت دیزنی ئەم رێزگرتن و ھاندانەی پێخۆش بوو.


پووریشی ئەم ئارەزوو و بەھرەیەی لە واڵت دیزنی دا بەدی کرد.. ھانی دا و، قەڵەمی بۆیەی رەنگاوڕەنگ و تەباشیری بۆ دەکری.. زۆر جار لەبەر نەبوونی کاغەز لە ماڵیاندا، دیزنی لەسەر دیوارەکان وێنەی دەکێشا.. چەند جارێک باوکی لەسەر ئەم وێنانە لێی داوە، باوکی حەزی دەکرد واڵت دیزنی، خوو بداتە کاسبی نەک وێنەکێشان.. رۆژێکیان واڵت دیزنی وێنەی پشیلەیەکی کێشابوو، نۆ کلکی بۆ پشیلەکە کردبوو.. کە باوکی ھاتەوە و ئەم وێنەیەی بینی، ئەمجارەش تێر و پڕ واڵت دیزنی دارکاری کرد.

واڵت دیزنی بێجگە لە وێنەکێشان، حەزی لە نواندنیش دەکرد.. ئەندامی تیپی شانۆی گەڕەکەکەیان بوو.. زۆر جار لەسەر شانۆدا لاسایی ( چارلی چاپلن )ی دەکردەوە.

واڵت دیزنی لە ( ٨ / ٦ / ١٩١٧) دا، قۆناخی ئامادەیی تەواوکرد.. جەنگی جیھانی یەکەم نەوەستابوو .. تەمەنی واڵت دیزنی شانزە ساڵان بوو، ویستی وەکو شوفێرێکی ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن، لە خاچی سوور لە سوپای ئەمریکادا خزمەت بکات، بەڵام ساڵێک منداڵتر بوو لە تەمەنی پێویستی سەربازی.. بە ھۆی ھاوڕێیەکییەوە، دیزنی سەختەکاری لە ناسنامەکەیدا کرد و، ساڵی لە دایک بوونی لە ( ١٩٠١) ەوە کرد بە ( ١٩٠٠)‏. چووە ریزی سوپای ئەمریکاوە و لەگەڵ ھێزێکدا، ناردیان بۆ فەرەنسا.. دوای کۆتایی شەڕ گەڕایەوە بۆشارەکەیان.

واڵت دیزنی لە ( ١٣ / ٧ / ١٩٢٥) لە گەڵ ( لیلیان باوسن) دا، ھاوسەرگیری کرد .. دوو کچیان بوو : ( دایان دیزنی ــ ١٩٣٣ ) و ( شارۆن دیزنی ــ ١٩٣٦) .. بوو بە باپیرەی چەند منداڵێکی چاوگەش.. زۆریانی خۆش دەویست و دەیلاواندنەوە.

واڵت دیزنی لە سەرەتای ساڵی ( ١٩٢٠) دا، وەکو وێنەکێشێکی کاریکاتێر، دەستی بەکارکردن کرد و ، وێنەی ریکلامی بۆ چەند کۆمپانیا و دامەزراوەیەک دەکێشا.

زۆر بە کورتی باس لە داھێنان و سەرکەوتنەکانی واڵت دیزنی لە بواری داھێنانی فیلمی کارتۆنی جڵاوە و دەنگدار و، بەرھەمھێنانی چەندین فیلمی ئەنیمەیشنی سینەمایی و، دامەزراندنی گەورەترین کۆمپانیای دروست کردن و بەرھەمھێنانی فیلمەکانی دەکەین..

واڵت دیزنی شۆڕشێکی ھونەریی مەزنی بەرپاکرد.. کە شایستەی ئەوەیە ھەتا ھەتایە بە نەمری بمێنێتەوە.


واڵت دیزنی، بە خاوەنی زۆرترین بەرھەمھێنانی فیلمی کارتۆنی جوڵاوە دەناسرێ و کەس نییە لەم بوارەدا گەیشتووبێتە پایە و ناوبانگی ئەم.. ھەر ئەم بوو بە ناوبانگترین پاڵەونی بڵاوترین و سەرکەوتوترین فیلمی کارتۆنی داھێنا.. کە بووە مایەی خۆشی و شادی بۆ سەرجەم منداڵانی جیھان ئەو پاڵەوانەش مشکی دەم بە پێکەنین ( میکی ماوس)ە، تا ئەمڕۆش خۆشی و بایەخی فیلمەکانی کاڵەوە نەبوونە.

واڵت دیزنی بو بەرھەمھێنانی فیلمی کارتۆن لە ساڵی (١٩٢٣) دا لە ھۆلیۆد ، بۆ یەکەمین جار فیلمێکی کارتۆنی بێ دەنگی کورتی بە ناوی (میکی ماوس)ەوە ، دەرھێنا .


بەڵام تووشی شکستی ھات و سەرکەوتوونی بە دەست نەھێنا.. لە دووەمین ھەوڵ و بەرھەمیشیدا ھەر شکستی ھێنا و مایەپووچ بوو.. بەڵام واڵت دیزنی لاویکی بڕوابەخۆ و خۆڕاگر و کوڵندەر و، ھەمیشە گەشبین بوو ، سوور بوو لەسەر ھێنانەدی ھیوا و خەونەکانی.. دوای پێنج ساڵ لە تاقی کردنەوەی یەکەمی .. ھەوڵ و تاقی کردنەوەی جاری سێیەمی دەست پێ کرد .. لە ( رۆی) برای پارەی قەرزی کرد .

لە ساڵی ( ١٩٢٨) دا، یەکەمین فیلمی کارتۆنی جوڵاوەی دەنگداری دەرھێنا و، لەسەر شریت تۆماری کرد ، پاڵەوانی فیلمەکەش ( میکی ماوس ــ مشکی دەم بە پێ کەنین ) بوو.. بۆ یەکەمین جاریش ئەم فیلمە لە مانگی نۆڤەمبەری(١٩٢٨)دا، لە( نیویۆرک ) نمایش کرا.. ئەمجارەیان سەرکەوتنێکی زۆر مەزنی بەدەست ھێنا و، دیزنی پارەیەکی باشی لەم فیلمە دەست کەوت.. بوو بە مایەیەکی باش بۆی بۆ درێژەدان و دەرھێنان و بەرھەمھێنانی چەندین فیلمی تر.. ھەر ئەم فیلمەش بوو، بووە سەرەتای ناوبانگ دەرکردن و ناسینی واڵت دیزنی لە جیھاندا.. (میکی ماوس ) یش بوو بە ئەستێرەیەکی مەزن و بە پاڵەوانێکی سەرنج راکێش و لە ‌دڵدا شیرین ، لە لای سەرجەم منداڵانی جیھان.. وەکو باسمان کرد واڵت دیزنی بیرۆکەی ئەم پاڵەوانەی لە مشکیکی راستییەوە وەرگرتووە.. کە لەبەر چاویدا دەھاتوو و.. دەچوو.


دواتریش میکی ماوس لە زیاتر لە (١٥٠) فیلمی کارتۆندا، رۆڵی پاڵەوانێتی بینی ، کە ھەندێکیان لەگەڵ ( مینی ماوس) ی خۆشەویستەکەی دایە.. واڵت دیزنی لە سەر ئەم فیلمەی لە ساڵی ( ١٩٣٢) دا، خەڵاتی ( ئۆسکار) ی رێزلێنانیان پێ بەخشی.

لە ساڵی (١٩٤٤) دا، میکی ماوس کرایە ھێمای ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەژیر سەرکردایەتی ژەنەراڵ ( ئایزنھاوەر ) دا، کە دەستیان بەسەرئەوروپادا گرت .
لە ساڵی (١٩٢٩) دا، واڵت دیزنی ( یانەی میکی ماوس ) بۆ ئەو گەنجانە دامەزراند کە سەرسامی کەسایەتی میکی ماوس بوون.‌
لە نێوان ساڵانی ( ١٩٢٩ ــ ١٩٣٩) دا، واڵت دیزنی زنجیرە فیلمێکی کارتۆنی سینەمایی دەرھێناو لەسەر شریتدا، تۆماری کردن.

بە کورتی باس لە ھەندێ لە فیلمەکانی واڵت دیزنی دەکەین :


(*) لە ساڵی (١٩٣٣) دا بۆ یەکەمین جار واڵت دیزنی، یەکەمین فیلمی کارتۆنی رەنگاورەنگی بە ناوی ( گوڵ و دار) ەوە بەرھەم ھێنا.. دەرھێنانی فیلمی کارتۆنی رەنگاورەنگ، وەرچەرخان و سەرکەوتنێکی مەزن بوو لەم بوارەدا.. واڵت دیزنی خەڵاتی (ئۆسکار) یشی لەم فیلمە وەرگرت.

(*) لە ساڵی (١٩٣٧) دا، واڵت دیزنی یەکەمین فیلمی کارتۆنی رەنگاوڕەنگی درێژی بە ناوی ( سنووایت " بەفرین " و حەوت بستە باڵاکان ) بەرھەمھێنا .. ئەی بەلاتانەوە سەیر نییە، کە بۆپێکھێنانی ئەم فیلمە واڵت دیزنی لە ماوەی سێ ساڵدا (٢٥٠) ھەزار وێنەی کێشا.. ئەم فیلمە لە میژووی سینەمادا، زۆرترین ھۆگری لە جیھاندا ھەبوو.. تا ئەمرۆش خۆشی و چێژ و بایەخی ئەم فیلمە کاڵ نەبۆتەوە و، منداڵان زۆر بە جۆش و پەرۆشەوە سەیری دەکەن..

(*) ئەمانەش ناوی چەند فیلم کارتۆنێکی درێژی ترن کە واڵت دیزنین بەرھەمی ھێناون ، تەنھا ناوی فیلمەکان و ساڵی بەرھەمێنانیان دێنینەوە یادتان:

ـ بینۆتشیۆ .. کە منداڵیکی لووت درێژی لە داردوست کراوە .. ساڵی (١٩٤٠)
ـ فانتازیا .. ساڵی (١٩٤٠)
ـ دامبۆ .. ناوی ( فیلۆکە)یەکە.. ساڵی (١٩٤١)
ـ بامبی.. ناوی( ئاسکۆڵە)یەکە.. ساڵی (١٩٤٢)
ـ سەرکێشیەکانی تۆم .. (١٩٤٩)
ـ ساندرێللا..( ناوی کچێکی بەختەوەرە).. ساڵی (١٩٥٠)
ـ ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەرەدا.. ( سەرکێشی منداڵێکە) .. ساڵی (١٩٥١)
ـ بیتەربان.. ساڵی (١٩٥٥)
ـ شازادەی نووستوو .. (کچەشازادەیەکە) .. ساڵی (١٩٥٩)

ئەو فیلمانە واڵت دیزنی لە ژیاندا بوو دەرھیناون.. بەڵام لە دوای کۆچ کرنیشی تا ئەمڕۆش کۆمپانییەکەی ( کۆمپانیانی دیزنی ) بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی سینەمایی.. چەندین فیلمی کارتۆنی تریان بەرھەم ھێناوە.. بەردەوامیشن لە دەرھێنان.. بۆ نموونە ئەم فیلمە کارتۆنانە لە پرۆژەی واڵت دیزنین و لە دوای مردنی دەرھێنراون:


ـ شمشێرێک لە بەرد.. ساڵی (١٩٦٧)
ـ رۆبین ھود.. ساڵی (١٩٧٣)
ـ سەرکێشییەکانی ورچۆڵە .. ساڵی (١٩٧٧)
ـ رزگارکەران.. ساڵی (١٩٧٧)
ـ رێوییەک و سەگێک.. ساڵی (١٩٨١)
ـ پشکنینەکانی مشکێکی مەزن.. ساڵی (١٩٨٦)
ـ ئۆلیڤەر و ھاوڕێکانی .. ساڵی (١٩٨٨)
ـ پەریە بچکۆلەی دەریا.. کە یەکەمین فیلمی کارتۆنی ژێر دەریایە.. ساڵی(١٩٨٩)
ـ جوان و دڕندە.. ساڵی (١٩٩١)
ـ ئەلائەدین.. ساڵی (١٩٩٢)
ـ شێر و پاشا.. ساڵی (١٩٩٤)
ـ ھەرقل.. ساڵی (١٩٩٧)
ـ مولان .. ساڵی (١٩٩٨)
ـ دیناسۆر.. (٢٠٠٠)
ـ ژیانی ئیمبراتۆرە ونبووەکە.. ساڵی (٢٠٠١)
ـ ئەستێرە گەنجینە ونبووەکە.. ساڵی (٢٠٠٢)
ـ فیلمی دڵئازا تازەترین فیلمی کارتۆنی کۆمپانای واڵت دیزنی یە.. (٢٠١٢)

(کۆمپانیای واڵت دیزنی) بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی سینەمایی.. لە چەند دێڕیکدا:‌


ـ ئەم کۆمپانیایە لە ( ١٦ / ١٠ / ١٩٢٣).. لە لایەن واڵت دیزنی و ڕۆی برایەوە لە شاری ( لۆس ئەنجلۆس) بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی کارتۆنی جوڵاوە دامەرزا... کە لە نووسینگە بچووکەکەیاندا، خەریکی وێنەگرتن و تاقیکردنەوەی وێنەی کارتۆن بوون تێی دا.. لەبەر تەسکی شوێنەکەیان، گواستیانەوە بۆ خانوویەک.. لەوێدا چەند کورتە فیلمێکی رەش و سپیی کارتۆنی جوڵاوەی بێ دەنگیان دەرھێنا.. کە ماوەکەیان لە خولەکێک زیاتر نەبوون.. رۆی برای لە زۆربەی کارەکانیدا ھاندەر و ھاوکاری بووە.. بەڵام دووجار شکستیان ھێنا و.. کۆمپانییەکەیان کۆمفوشی ھێنا.. کەوتنە قەرزکردن.

ـ لە ( ١٨/١١ / ١٩٢٨) دا، بە دەرھێنانی فیلمی کارتۆنی جۆڵاوەی دەنگدار ( میکی ماوس) و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی بە دەستی ھێنا و ناوبانگی دەرکرد.. کۆمپانییەکەیان دووبارە ھەڵسایەوە و، بوونەوە بە خاوەن دەستمایەیەکی باش و.. کۆشکێکی فراوانی تازەشیان دروستکرد و گواستیانەوە بۆ ئەوێ.. درێژەیان بە پرۆژەکانیان دا.. ئێستا ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە ھەرە کۆمپانیە زەبەلاحە بە ناوبانگەکانی جیھانە لە بەرھەمھێنانی فیلمی وێنەی جوڵاوەدا ( ئەنیمەیشن ).

ساڵانە فرۆشتنی (کۆمپنیای واڵت دیزنی) لە فیلمی کارتۆن و سینەمایی و لە جۆرەکانی یاری ڤیدیۆ و پلایستێشن و ئێکسوارات و بەرھەمەکانی تر.. دەگاتە نزیکەی(٣٢) بلیۆن دولار لە ساڵێکدا.‌. ئێستا بارەگای ئەم کۆمپانیایە لە شاری (بوربانک) لە کالیفۆرنیایە.. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم کۆمپانییەدا کاردەکەن لە دەگاتە (١٦٠) ھەزار کارمەندن .

واڵت دیزنی و ژمارەیەکی پێوەری جیھانی لە وەرگرتنی خەڵاتی ( ئۆسکار)دا:

تا ئەمڕۆ ھیچ ھونەرمەندێکی بواری سینەما، لە مێژووی سینەمای جیھانیدا بە قەی واڵت دیزنی خەڵاتی (ئۆسکار)‌ یان وەرنەگرتووە.
واڵت دیزنی (٣٧) جار پاڵێورا بۆ وەرگرتنی (ئۆسکار) .. (٢٢) خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرت و (٣) خەڵاتی ئۆسکاری رێزلێنانیشیان پێ بەخشی.. واتە تێکڕا(٢٥) جار خەڵاتی (ئۆسکار)ی وەرگرت .. کە تا ئیستا ھیچ ھونەرمەندێکی سینەماکار نەیتوانیوە لەم ژمارە پێوانییە باڵایەوە نزیک ببنەوە.

(دیزنی لاند): گەورەترین و جوانترین و خۆشترین پارک و سەیرانگە و بەھەشتی گەشتوگوزاری ‌جیھانە.


واڵت دیزنی خەونێکی تری ھەبوو ، ئەویش ئەوە بوو کە گەورەترین و جوانترین پارک و شوێنی خۆشی بەسەربردن لە جیھاندا بکاتەوە.. وەکو چۆن خەونەکانی تری ھێنایەدی.. ئەم خەونە گەورەیەشی ھاتەدی.

دیزنی لاند : موڵکی ( کۆمپانیای واڵت دیزنی ) یە.. دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ( ئۆرلاند) لە (لۆس ئەنجلۆس) لە کالیۆرنیا. رووبەری ئەم سەیرانگەیە (٤٧)میلی چوار گۆشەیە، کە نزیکەی (٧ ، ١٢١) کیلۆمەتری دووجایە.. (٢٣) ئوتێلی نایاب و خۆشترین بازاڕ و چەندین مارکێت و کۆگا و چێشتاخانە و یاریگا و شوێنی خۆشی بشوودان و کات بە سەربردنی تێدایە و.. پەیکەر و دەنگی زۆربەی پاڵەوانی فیلمە کارتونییەکانیشی تێدایە.. لە دەروازەی سەرەکیی دیزنی لاندا پەیکەری (میکی ماوس و مینی ماوس) دانراون.. کە مرۆڤ دەچێتە ناو شاری دیزنی لاندەوە.. بە ئەوبێت دەرنەچێت و لەوێدا ژیان بەسەر بەرێت.. خۆ بە رۆژێک و بە دوو رۆژ ناتوانن بە تەواوی ھەموو بەش و شوێنەکانی دیزنی لاند بەسەر بکەنەوە.. دیزنی لاند لە لە لایەن واڵت دیزنی یەوە لە ( ١٧/ ٧/ ١٩٥٥) دا کرایەوە .. بۆ دروست کردنی دیزنی لاند تیکرا (١٧) ملیۆن دۆلاری تێچوو.. لەو کاتە پارەیەکی کەم نەبوو.


ئەو کەسەی سەردانی ئەمریکا بکات و، نەچیت بۆ دیزنی لاند.. وەک ئەوە وایە کە ئەمریکای نەبینی بێت.

بێجگە لە (دیزنی لاند)ی کالیفۆرنیا .. لەم شوێنانەشدا (دیزنی لاند) کراونەتەوە:


(*) دیزنی لاندی پاریس (ریزۆرت پاریس) لە فەرەنسا.. لە ساڵی (١٩٨٢) دا کرایەوە.
(*) دیزنی لاندی تۆکیۆ ـ لە یابان.. لە ساڵی ( ١٩٨٢) دا کرایەوە.
(*) دیزنی لاندی ھۆنگ کۆنگ (ھۆنگ کۆنگ دیزنی)ـ لە چین..لە (٢٠٠٥)دا کرایەوە.‌
(*) دیزنی لاندی فلۆریدا (ماجیک کینگدۆم) لە ئەمریکا لە ساڵی (١٩٧١)دا کرایەوە.
(*) ھیوادارم رۆژێکیش بێت کە.. دیزنی لاندی ھەولێر ـ لە کوردستاندا بکرێتەوە.

لە ساڵی (١٩٦٣) دا، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا ( ئایزنھاوەر ) لە بەردەمی واڵت دیزنی دا چەمییەوە و.. مەدالیای زێڕی رێزلێنانی کردە ملی واڵت دیزنی و، وتی: " واڵت دیزنی باڵیۆزی ئازادی ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.." و " گەورەترین مامۆستای سەدەی بیستەمیشە.." .

کۆچی دوایی واڵت دیزنی : لە ئەنجامی زۆر جگەرەکێشان، واڵت دیزنی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان بوو.. لە ( ١٥/ ١٢/ ١٩٦٦) کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەیان سوتاند .. گۆڕی واڵت دیزنی لە گۆرستانی (فۆرست لۆن) لە گلینداڵ لە کالیفۆرنیا دایە.. کۆمپانای واڵت دیزنی خەریکی دەرھێنانی فیلمێکن، دەربارەی ژیان و شاکارەکانی ئەم کەڵەناودارەی جیھان.

گۆڵبژێرێک لە وتەکانی واڵت دیزنی:


(*) ھەموو خەونەکانمان دێنەدی.. ئەگەر ئازایەتی بە دواداچوونیانمان ھەبێت.
(*) ئەوە جۆرێکە لە خۆشی و شادی ئەگەر کاری ئەستەم بکەیت.
(*) مرۆڤ پێویستی بە کۆمەڵێک کێشەی تازە ھەیە، تا بە ھۆشی خۆی ، خۆی لە کومەڵە کێشە کۆنەکە دوور بخاتەوە.
(*) خەونەکانی ئەمڕۆ، راستییەکانی بەیانین، ئاشکرایە کە ئەمەش باوەڕی گەلێ لە گەورە پیاوانە.. دەبا ئێمەش وەکو ئەوان بین.‌
(*) بۆ ئەوەی دەست بە شتێک بکەیت ، تەنھا رێگا ئەوەیە، لە قسەکردن بوەستی و دەست بە کارکردن بکەیت.
(*) ئەگەر خۆھەڵقورتین بیت ، گەلی شت ھەیە کە بیکەیت ، بەڵام تەنھا شت کە پێویستە لە تودا ھەبێت ئازایەتییە.
(*) کارەکەت تەنھا شتە کە شایانی ئەوەبیت خەڵکی ناوت بەرن.
(*) گەلێ جار خەیاڵ و راستی ئاوێتە دەبن.
(*) ھەست بە بێزاری مەکە.. گاڵتەش بە دوێنی مەکە، چونکە بوو بە بەشێک لە رابردوو.‌
(*) چونکە ئێمە خۆ‌ھەڵقورتێنین ھەردەم بۆ پێشەوە ھەنگاو دەنێین ، تا پێ بگەین و، دەرگای تازەتر بکەینەوە و، شتی تازەتریش بکەین.


ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک