په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٦\٢٠١٤

داعشی رەش و سپی!

حەمەی کاکەعەبە   

 

وەک لای هەمووان ئاشکرایە داعش سونەی دەمامکدارن و لە لایەن سعودیە و تورکیا و قەتەرەوە بەڕێوەدەبرێن و هاوکاریی دەکرێن و وەک داشی شەترەنج دەیانجوولێنن، تورکیا و وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو و ولاتانی رۆژئاوا بەرێوەیان دەبەن و هەر ئەوانیش هۆکار و هاندەری ئەو هەموو وڵاتە سونییە بوون و لە تورکیای عوسمانییان دابڕین واتە بانێک و دوو هەوا.. دروستکردنی چەند وڵاتی بچووک بچووک و بێ کاریگەری عەرەبی و تورکیایەکی پر کێشەی ناخۆ.. ئەو سیاسەتە درێژکراوەی رێکەوتننامەی (سایکس بیکۆ) رێکەوتنی ئینگلیزە لەگەڵ (حەسەن بن شەریف)ی شەریفی مەککە.

ئەگەر هێندێک بە وردیی سەیری رووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم تاکو ئەمڕۆ بکەین ئەوە زۆر بە رۆشنیی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو هێز و وڵاتە سونییانە چۆن لە بەرژەوەندیی هێزە رۆژئاواییەکان دەجەنگن.. ژیان و گوزەرانی سەرلەبەری کۆمەڵگەکان بە تایبەتییش هی خەڵکە هەژار و بێ دەسەڵاتەکانی ناوچەکەیان کردۆتە دۆزەخ و جەرگبڕاو و ماڵ سوتاویان کردوون.. وڵاتەکانیشیان کردوونەتە بازاڕێکی گەرمی شەڕ و چەک بۆ بەرژەوەندییەکانی نامرۆڤە سپی و چاو شینە دڵ رەشەکانی رۆژئاوا.

لە چاوخشاندن بە مێژووی نەخشە سیاسییەکانی ئینگلیز و رۆژئاواییەکان سێ ئامانجی سەرەکیی بەدی دەکەین:

 

یەکەم: نانەوەی دووبەرەکیی نەتەوەیی و پاشان ئاینیی.
دووەم: بێ کاریگەرکردن و بچووککردنەوەی شیعە و زاڵکردنی هزر و رامان و دەسەڵاتی سونە.. نموونەش پاشایەتی بەحرەین و ئێراق و... هتد.
سێیەم: پارچەپارچەکردنی نەتەوەی کورد لە دوو قۆناغ و دوو شوێنی جیاوازدا؛ قوناغی یەکەم دابەشکردن و ژێردەستەکردنی کوردان لە کوردستانی گەورەدا بۆ چوار بەش و ژێردەستەکردنیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورک و ‌‌عەرەب و فارس، قۆناغی دووەمیش ژێردەستەکردنی بەلوژەکان لە بەلوژستان کە دابەش کراون بەسەر وڵاتەکانی پاکستان و ئەفغانستان و ئێران (لە سەردەمی سەربەخۆیی پاکستان بە هاوکاریی بەریتانیا.. هەر لەو کاتدا بەلوژەکان شۆرشێکیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان هەڵگیرساند بەڵام بەریتانیا وەک سیاسەت و کردەوەی هەمیشەیی خۆی دژ بە کوردان بە هێز و چەک پشتگیریی لە پاکستان کرد و کەوتنە لێدان و داپلۆسینی شۆڕشی بەلوژەکان.. دوای شەهیدکردنی پتر لە ٤٦ هەزار بەلوژ ئەو شۆرشەش وەک شوڕشەکانی دیکەی کوردان بە پیلانی ئینگلیزەکان لەناوچوو*.


لایەنێکی دیکەی ئەو شەڕەی رۆژئاواییەکان گەرمکردن و جۆشدانی شەڕی شیعە و سونەیە و خۆشیان لە پشتی هێزە ئەڵقە لە گوێیەکانن.. ئەوەش چەند بەڵگەیەکی زیندوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم قسەیەمان؛ بە تیرۆرست نەکردنی تالیبان و داعش و بێ دەنگیی لە بەرامبەر ئەو کردارە نامرۆیی و نایاساییانەیاندا کە ئەنجامیان دەدەن، کردنەوەی نووسینگە بۆ تالیبانەکان لە قەتەر و ئاڵوگۆڕکردنی دیلی نێوان ئەمەریکا و تالیبانەکان، بە تیرۆریست کردنی حیزبوڵای لوبنانی، دامرکاندنەوەی شۆرشی شیعەکانی بەحرەین و دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە یەمەن، دروستکردنی ٢٢ وڵاتی سونەی عەرەبیی پاشایەتی و بنەماڵەیی سونەکان، ژێردەسەتەکردنی شیعە و کورد لە هەموو وڵاتێکدا، لاوازکردنی هزر و رامانی شیعەگەرێتی لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا شۆرشی گەلانی ئێران.

لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش جارێکی دیکە کورد و شۆرشەکەیان پەرتەوازە کرد و رێگەیان بۆ دەسەڵاتێکی شیعیی خۆش کرد بۆ بێ کاریگەرکردنی توودەییەکان و کوردەکان.. خۆشکردنی شەری شیعە و سونی کە شەڕێکی مەزهەبییە قۆناغی دووەمی سیاسەتی رۆژئاوایە، ئەگەر کوردان لە نێوان ئەو دوو بەرداش و ئەو دوو هەڵویستییەدا یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن ئەوا ئەو بەستەڵەکی ژێردەستەیی و چەوساندنەوەیە دەشکێنن و دەبنە خاوەنی قەوارەی سیاسیی و سەربەستیی خۆیان.. ئەگەر نا ئەوە لە نێوان ئەو دوو بەرداشەدا چارەنووسیان لە هەڵەبجە و ئەنفال و کومەڵکوژیی دەرسیم و بنبزرکردنی بارزانییەکان باشتر نابێ، جا باشتر وایە هێز و لایەنە کوردییەکان هەڵوێستی خویان روون بکەنەوە دەبارەی ئەو رەوشەی کە ئێستاکە دروست بووە.. با گەلی کورد بۆی روون ببێتەوە کە هێز و دەسەڵاتی کوردی کامیان خاوەندارێتی لێ دەکا و کامیان خیانەتی لێدەکا.

دوو جۆر داعش هەن؛ یەکەم داعشی رەش و دووەمیش داعشی سپی، داعشی رەش ئەوانەن ئاڵا و دڵ و جلیان رەشە و ریشیان پانە کە ئەوە هێزە سەربازییەکەیانە، داعشی سپیش ئەوانەن کە دڵیان رەشە و ریشیان قەڵەمییە و بۆینباغ لە مل و کراس سپین و ئاڵای هەمەجۆریان هەیە.. لە ناو کوردانیش هەردوو جۆرە داعشەکە هەیە؛ داعشی رەشی کوردی ئەوانەن کە لە بەرامبەر کوردەکانی رۆژئاوا دەجەنگن و ئێستاش چەک هەڵگری داعشن، داعشی سپیش ئەوانەن کە جنێو بە یەزید و زەردەشتیی خاوەن فەرهەنگی مرۆڤپەروەرانە دەدەن و خۆیان لە مێژوو و کەلتووری کوردی کەڕ دەکەن و لە ئاڵایەکانیشیاندا بچووکترین هێمای کوردی نییە و لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا (ئەی رەقیب) بە حەرام دەزانن بەڵام سەربڕین و سۆزانییخانەکانی ئەکەپە و ئۆردوگان و کەناڵە لیبڕاڵەکانی سەر بە رۆژئاواییەکان بە حەرام نازانن! ئیمامی عەلی دەڵێ لە نێوان هەق و ناهەقدا لەگەڵ هەق نەبی ناهەقە، بێ دەنگییش بەرامبەر داعش واتای شەرعیەتدانە بە داعش.

_____________________________

پەراوێز:

* شایەنی باسە بەلوژەکان کوردن و خۆشیان شانازیی پێوەدەکەن.. بەلوژەکان پەرتووکێکی هاوشێوەی (شەرەفنامە)یان هەیە کە ناوی (کوردگەل نامە)یە و نووسەرەکەشی ناوی (ئاخوند محەمەد ساڵح زەنگەنە بەلوژ)ە.. وەک دەزانین خێڵێک بە ناوی زەنگەنە لە دەڤەری گەرمیان هەیە هەروا زۆر بەلگەی دیکەش هەن دەیسەلمێنن کە بەلوژەکان کوردن.


٢٠\٦\٢٠١٤ - بەریتانیا
diyako88@hotmail.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک