١٣\٥\٢٠٢٠
داعشی تیرۆریست
ھێشتا جێی مەترسییە.

ئهحمهد رهجهب
لە عێراق ھێشتا مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش ھەیە و کۆتایی پێنەھاتووەو
شانە نوستوەکانیان چالاکییان ھەیەو سەرباری ئەو گورزە بەھێزانەی
بەریکەوتن تا ئێستا بایەخ بە برەودان بە چالاکییەکانی ئەدات و، ئەیەوێت
بگەڕێتەوە سەرکردەوە تیرۆرستییەکانی وەک جاران.
حەیدر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە پاش شەرو ئازادکردنی شاری
موسڵ و، پێش ئەوەی کورسییەکەی بەجێبھێڵێت لە ٩ ی کانونی یەکەم (
دێسەمبەر) ی ٢٠١٧ رایکەیاند داعش کۆتاییھات و، دوا بەدوای عەبادی بە
چەند رۆژێک رۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند کە
خەلافەتی داعش لە عێڕاق و سوریادا کۆتایی پێھاتووەو، ھەردووکیان
درۆیانکردو، وا نزیکەی دوو ساڵ نیو تێئەپەرێت و ھێشتا داعش لە ناوچە
سنوورییەکانی عێراق و سوریاو پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین و ئەم
ناوچانە داقوق و مەخمورو خانەقین و نەفتخانەو شیخ باوەو دوبزو شوێنی تر
ماوەو، دەسەڵاتی فراوانی ھەیەو لە ھەندی ناوچەش ھێرش ئەکات و ھێزەکانی
حکومەت دۆش داماون و ھیچیان پێناکرێت.
خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) رفتاری نامرۆڤانەی زۆری ئەنجامداوەو
، خەڵکێکی سڤیلی بێتاوانیان کوشت و سەدان و ھەزاران کەسیان گرت وزیاتر
لە حەوت ھەزار کج و ئافرەتی ئێزدی و کریستانیان گواستەوە بۆ شوێنی
نادیار زوربەیان وەک کوێلەو کەنیز فرۆشران و، ئێستا لاوازو بێھێزن و،
توانای شەری رووبەرووبۆنەی راستەوخوێان وەک جاران نەماوەو بەتایبەت لەو
شوێنانە پێشمەرگەی کوردستان بە ھۆی رووداوەکانی ١٦ ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧
چۆڵێکردووە ئەکبیڤ و چالاکن و ئیسلامییەکان بە زۆریی تاقمی سەرلێشێواوی
ئیخوان الموسلمین کە جاشی رژێمی تورکیان، شانازی بە داعشەوە ئەکەن و،
پروپاگەندەو ریکلامیان بۆ ئەکەن و ئەڵێن داعش رێکخراوێکی توکمەیە و
بەھێزە و، توانا سەربازییەکانی ھێشتا تێکنەشکێنراون و، توانای
ھێرشکردنی ھەیەو، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی توانای کۆنترۆڵ کردنیان
نەماوە.
چالاکییە تاوانکارییەکانی داعش لەم دوواییەدا چەندین پاریزگای گرتەوەو
نزیک ناوچەکانی بەغدای پایتەخت بووەوەو، ئەم تاوانە مەترسیدارانەی
رێکخراوی تیرۆریستی داعش دڵەراوکێی لە ناو خەڵک دروستکردووەو ھەندێ
سەرچاوە باس لە ھاتنەوەی سەرلە نۆیی ئەکەن و لە موسڵ باج و سەرانە
وەرئەگرن و ئەوەش کەموکوری وسیستی نواندنی ھێزە سەربازی وئەمنی و
ھەواڵگیرییەکانی عێراق دەرئەخات وئاماژەیە بۆ ھەوڵدانی رێکخراوە
تیرۆریستییەکە بۆ کۆکردنەوەی ئەو تاقمە سەرلێشێوانانە کە پرشوبڵاو
بوونەتەوە.
سەرھەڵدانی داعش و پەرەسەندنی چالاکییەکانی کەم تەرخەمی وسیستی نواندنە
بەرانبەر بە کردەوەی روژانە و نەخشەکانی داعشە و، نەبوونی رێکخستن و
ھاوکارییە لە نێوان دامەزراوەکانی ھێزی چەکدارو ئاسایش و حەشدی شەعبی و
پێشمەرگەیە و ھەموو دەرھاویشتەکان کە دەستکەوتووە رێکخراوی تیرۆریستی
ھەوڵئەدات ھیزو شانە نووستوەکانی لە ناوچە ئازادکراوەکان کاراو چالاک
بکاتەوەو خەڵکی ئەو ناوچانەش تا ئێستا لەلایەن حکومەتەوە ھیچیان
بۆنەکراوەو باریان قورسەو ئەوەی داعش داگیری کردو تێکیدا وەک خۆی
ماوەتەوەو نۆژن و بینا نەکراوەو کۆچبەرکان نەگەراونەتەوە بۆ شارو دێھات
و ئاوییەکانیان و ھەلی کاریان بۆ نەرەخساوەو فایەل و دوسییەی ھەزاران
بێسەروشوێن و زیندانیانی خەڵکی ناوچەکان کەڵەکەکراوەو دەستکاری نەکراون.
بەرامبەر بە مەترسییەکانی داعش پێویستە بە سیستەمێکی بتەوو یەکگرتوو لە
رووی سیاسی وئەمنی وئابورییەو، سنورێک بۆ زۆرانبازی بەرتەسکی حزب
حزبێنە دابنرێت و بایەخ بە ھاوڵاتیانی ناوچە ئازادکراوەکان لە داعش
بدرێت و چارەسەری بۆ دوسییە تایبەتییەکانیان بدۆزرێتەوەو لە رووی
ئەمنییەوە پێویست بە وریایی ئەکات بۆ بەرنگاربوونە وھێرشکردن بۆ سەر
شانە نووستووەکانی و تێکدانیان.
پێویستە حکومەتی ناوەندو حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی باش بۆ
ھاوکاری سەربازی و ئەمنی دروست بکەن و رێگا بە داعش نەدرێت سوود لە
خاڵە لاوازەکانی نێوانیان وەربگرێت.
راونانی یەکجارەکی رێکخراوی داعشی تیرۆریستی و لەناوبردنی بە تەواوەتی
شەری ھەمووانە لە ئاستی عێراق وگشت وڵاتان و، پێویستە ھەرچی توانا ھەیە
لە دژی بەکار بھێنرێت و پەردە لە سەر نەخشە گڵاوەکانی لاببرێت و بواری
پێنەدرێت پرۆژە چەپەڵەکانی تێبپەرێن.
گەندەڵی ھەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر عێراق و گروپە چەکدارەکان لەدەرەوەی
یاسا کارەکانیان دەکەن و پێویستە حکومەتی عێراق چەکی میلیشیاکان
داماڵێت کۆنتروڵیان بکات.
لە ٥ ی کانونی دووەمی (جەنیوەری) ٢٠٢٠ بەرلەمانی عێراق بەبێ کوردو
سوننەکان بە فیتی ئێران دەنگیاندا بۆ دەرکردنی ھێزی سەربازی ئەمریکاو
ھاوپەیمانان لە عێراق و، لەمرۆدا حزبە شیعەکان گڵۆڵەیان کەوتوەتە لێژی
و ترسی داعشیان لێنێشتووە پەشیمان بوونەتەوەو بە دەنگی بەرزو راشکاوانە
ئەڵێن ئێمە زۆر پێویستیمان بە ئەمریکایە لە سەر ئاستی ئابووری و
تەندروستی و ئەمنی بۆ ئەوەی بتوانین داعشی تیرۆریستی لەناوبەرین.
١٣\٥\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|