په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٧\٢٠١٤

داعش لە کۆشکی کلتووردا.


کازیوە ساڵح        

- بەشی سێیەم -

میدیا و ناوبانگی پێشمەرگە.

 

داعش خوێندنەوەی عەقڵی کوردی لە بیر نەکردووە ،ئەویش ئەزانێت کورد شەڕی پاراستن ئەکات نەک ڕزگاربوونی یەکجاری ؛ چانسی خۆی لە گەڵ ئەو چەند شارە ئازادەدا تاقی ئەکاتەوە و نیازی زیاتری نیە . بۆیە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە بە پێی ڕاپۆرتەکانی میدیای کوردی گوتویەتی شەڕی کور ناکات. ئەمە گەر بە ڕاست وتەی داعشیش بێت ، کورت تەمەن. ئەکرێت شەڕی کورد نەکات هەتا هەموو شارە بە ئێران گیراوەکان ئەگرێت و چانسی وڵاتانی زلهێز تاقیئەکاتەوە و خۆی جێگیر ئەکات شەڕی کورد ناکات. بەڵام لە گەڵ جێگیر بوونیدا کورد ئەکات بە ئامانج. کورد بە خێرای داعش نەجوڵێتەوە جاریەکی دی دەست بەتاڵ و زیان بەرکەتوو لەم هەلەدا دێتە دەرەوە. لە ئێستادا هێزی کورد ئەم هەلە بقۆزێتەوە ، جگە لە ئامانجکردنی ڕزگارکردنی ناوچەکانی دی و تەڵاقدانی یەکجاری عێراق، پێویستە شەڕی ناوبانگی پێشمەرگە و شەڕێکی لێزانانەی میدیای بکات، پێم وایە هەندێ خاڵە گرنگە لەم ساتەدا بە هەند وەربگیرێت:

١- سنوور پارێزی نەک عێراق پارێزی: گرنگە بەهای گیانی پێشمەرگە و ئامانجی هەنوکەیی کوردیش باڵا بنرخێنرێت .هێزی پێشمەرگە نەنێرێتە دەروەی سنووری کوردستان و بەشداری شەری داعش لە دەرەوەی خاکی کوردستان نەکات. کوژرانی یەک پێشمەرگە گەورەترین خیانەتی نیشتمانی یە و بە کوشتدانیەتی بۆ ئێران و ناسیونالیزمی عەرەبی . کورد پیویستە زۆر بە ئاگاوە خۆی لەو یاری و شەڕە کۆنەی نێوان عەرەب و ئیمپراتۆریەتی فارس دوور بگرێت. یەکگرتنی سەرجەم هێزە کوردیەکان و یەک دەنگی و یەک هەڵویستیان مەرجی بردنەوەی ئەم شەڕەیە بە شیوەیەک کوردستانی گەورە بە یەکەوە بلکێنێتەوە. ئەم گورزەش لە ئێستادا نەوەشێنرێت کە لوتکەی قەیرانی گەورە و شەڕە، دەبێت بە خەونێکی بەدی هاتووە و ئەم هەلە هەرگیز نارەخسێتەوە.

٢- دەرچوون لە لیستی تیرۆریست: پێویستە سەرجەم هێزە کوردیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان یەکگرتووانە کار بکەن ، قسە بکەن و ستراتیچیكی تۆکمە داڕێژن بۆ باڵاکردنی ناوی پێشمەرگە وەکو سیمبولی دیموکراسی و ئاشتی. لە ڕێگە ئەم بە سیمولکردنەوە فشاری میدیای بخرێتە سەر ئەمەریکا بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستدا سڕینەوەی ناوی هەر بزوتنەوە و کۆمەڵەیەکی کوردی کە بەو چەمکە بەدناوکراوە. چونکە هەبوونی کورد لە لیستی تیرۆریستیدا واتای ئەوە نیە بزوتنەوەکە توندوتیژە و بە کۆتایی هاتنی ئەو توندوتیژیە ئەو پەڵە ڕەشەش ئەسڕێتەوە، بەڵکو مانای ئەوەیە تێڕوانینی ئەو بۆ تۆی کورد نەوییە ،لەو ڕێگەیەوە پێت ئەڵێت لە سنووری خۆت دەرنەچیت و داوای زیاتر لەو قەوارەی بۆی داناویت نەکەیت.

٣- باڵاکردنی ناوی پێشمەرگە: یەکێک لە پلانەکانی دەرچوون لەو لیستە نەگریسە باڵاکردنی ناوی پێشمەرگەیە ،ئەوایش لە ڕێگەی مامەڵەی خۆیان و پاڵپشتی میدیاکان. هێزی پێشمەرگە زۆر بە ئاگاوە مامەڵە لە گەڵ هەر دەستکەوتێک و لە گەڵ دیلو لێقەومادا بکەن ، بە تایبەت ژن و مناڵ . مامەڵەیەک تەواو پێچەوانەی هێزی شڕە خۆری داعش و عەرەب و فارس بێت و لە گەڵ مامەڵە و پرەنسیپی نێو دەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ گونجاو بێت و هەموو مامەڵەکردنەکانیشیان تۆرمار بکرێت و لە ڕێگەی میدیاکانەوە بخرێتە ڕووی جیهان.

٤- داهێنانی میدیای پێشمەرگە: میدیای کورد نابێت، ناتوانێت وە ناکرێت بێ لایەن بێت. بێ لایەنیشی خۆ خەڵەتاندنە. چونکە کورد یەک لای بێ هاوتا، بێ پشتیوان ، فرە دوژمنە. هەموو ئەو لایەنانە کە شەڕ ئەکەن و شەڕیان دژ ئەکرێت ، هەموو ئەو وڵاتە زیان لێکەتوانەش لە خراپترین دۆخ و پەیوەندیاندا لە سەر لە ناوبردنی کورد کۆک و یەکن. جگە لە لایەنداری میدیای کوردی پێویستە لەم سەردەمەدا میدیای وەکو پێشمەرگە کار بکات. لە لایەک زۆر ئاساییە گەر هەنوکە هەموو میدیا و هەموو لاپەرەکانی تەرخان بکرێت بۆ ئەم مەسەلەیە. لە لایەکی دی میدیا پێویستە خۆ تەرخان بکات بۆ جیهانی کردنی لایەنە باشەکانی پێشمەرگە نەک تەنها بە ڕوناکی خستنە سەریان، بەڵکو ببێت بە هۆی بە دەنگ هاتنی تاکەکان بە زمانی بێگانە. (لانی کەم بۆ تاقیکردنەوەی زۆر لەو کوردانەی لە دەرەوە بە زمانی کوردی شۆشگێرن ، بە زمانی بێگانەش ورتە ناکەن و ئەڵێن خۆمان تووشی سەر ئێشە ناکەین). ئەمەش لە ڕێگەی ئەو میدیانەی بە زمانی بێگانە دەر ئەچن خۆیان داوا بکەن لەو هاوڵاتیانەی زمانی بێگانە ئەزانن بە تایبەت زمانی ئنگلیزی کە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بێتە دەنگ لە سەر ئەم مەسەلەیە و شەڕی میدیای بکات لە سەر دەرچوونی کورد لە لیستی تیرۆریست و داوای پشتگیری سەربەخۆی لە جیهاندا بڵاوبکاتەوە. ئەمڕۆ شۆڕشی گەورە و مافی گەورەتر لە ڕێگەی تەکنۆلۆژی و شەڕی میدیایە دێتە ئاراوە.

٥- چەسپاندنی فرە دیانەتی: (لە بابەتێکی دیدا بە وردی باس لەم مەسلەیە ئەکەم) . ئەوەی بۆ ئەم دۆخەی ئێستا گونجاوە لە گەڵ ئەوەی ئەنفالەکانی ئێمە لە موسڵ و هەندی دێهاتی عەرەبدا بەردیان تێگرا، بەڵام پێویستە لە ئێستادا جگە لە ڕیز گرتنی هەر تاکێک دەست پێشمەرگە ئەکەوێت، کورد هەوڵ بدات بە ئاشکرا و لە بەردەمی میدیادا ژیانی ئەو کەسانە بپارێزێت کە بە هۆی دیانتەوە لە عێراقدا زیانیان پێ ئەگات و ڕوو لە کوردستان ئەکەن. ئەم پرۆسەیەش پیویستە ببێت بە ئامانج و کاری یەکیەتی زانایان و ڕۆڵی تەندروست ببینین لە هەمانگیرکردنیدا.

ئەوەی ئەمڕۆ لە نێو عەرەب و لە سەر خاکی عەرەب ڕووئەدات کلتوریەکی لە مێژینەی هەیە ، هەموو سەد ساڵ جاریەک لە مێژووی ناوچەکەدا نوێ بووەتەوە و تەنها لە شمشێر وەشاندنەکانی نێوان حسێن و عەلی سەرچاوەی نەگرتووە. بەڵکو ڕەگی لە ناسیونالیزم پارێزی و سیاسەتی کۆشەکە-کەلاوەی ئیمپراتۆریەتی و فارس و عەرەب و عوسمانی داکوتیوە. ڕەگی لە نێو کلتور ، ئاین ، ئایدۆلۆژیای ئەم سێکۆچکەیە و سیاسەتی ئیمانداری و سیخوڕی عەرەبدا ڕۆچووە. ئەمەی ڕووئەدات جگە لەوەی سەرجەم پرۆسەکە گەورەترین باندی دزی و گەورەترین بە گروپ سێکس کردنە نەک شۆڕش. دەستی دەزگای و موخابەراتی وڵاتانی زلهێزیشە بۆ شۆڕشکردنێکی چەسپاوتر لەوەی هامفەر و عبدالوهاب کە ڕێبازی وەهابیان داهێنا، ئەمەش دەبێت بە ڕێبازی داعیشیزمی وڵاتانی زلهێز لە ژێر چەمکی بەرماڵی ئیسلامدا کە بووە بە پەناگەی بەدیهێنانی ئەم جۆرە خەونە. ئەمەی ڕووئەدات کۆتایی هاتنی ناوبانگی عەرەبی مسۆگەر کردوە لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە و ڕۆژئاواش بە تایبەت ئیسرائیل دەمێکە ئەم خەونە ئەبینێت. چوونەوەیە بۆ ناو قۆزاغەی چەرخی بەردین. بۆیە پێویستە ناوی پێشمەرگە و کورد زۆر لێوەی دوور بێت بە هیچ شیوەیەک تێوەگلانی کورد و بەشداری دژی داعش لە دەرەوەی سنووری کوردستان و لە کیس دانی ئەم هەلە بۆ سەربەخۆی گشتی ئەبن بە لەکەی رەشی مێژوووی و نیوو دەوڵەتیش.

_____________________________________

بەشی دووەم: http://emrro.com/dahishlekoshkik2.htm 

بەشی یەکەم: http://emrro.com/dahishlekoshki1.htm

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک