په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠١٤

داعش مەزارگەی پێغەمبەران دەتەقێنێتەوە و

موسڵمانە دووڕووەکانی جیهانیش بێ دەنگن.

فوئاد زیندانی    


ئۆمەتی ئیسلامی ئۆمەتێکە هەردەم ئامادەبووە لەسەر نووسینی بابەتێکی ڕۆژنامەوانی یاخود کاریکاتێرێک لە ڕۆژنامەیەک یان گۆڤارێک کە بەسوکایەتیکردنی زانیبێ بۆ سەر ئایینی ئیسلام و پێغەمبەر ، بڕژێنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانی مەزن ئەنجام بدەن و تەنانەت جاری واهەبووە توندوتیژیان ئەنجامداوە لەدژی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و هەڕەشەی کوشتنیان کردووە لە نوسەری بابەتەکە یا کاریکاتێرەکە و... هتد.


ئەوەی بۆتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە ئەو ئۆمەتە بەو شێوەیە ئایین پەروەرە و خودا و پێغەمبەر دەپەرستێ بۆ بەرامبەر تاقمی تیرۆریستی داعش و تاوانەکانی ئەو گرووپە و گرووپەکانی هاوشێوەی بێدەنگە!!


دوای ئەوەی شاری موسڵ (نەینەوا) لەلایەن سوپای عیڕاق بێ بەرگریکردن ڕادەستی داعش کرا ، ئەو تاقمە دەستیانکرد بە ڕوخاندن و تەقاندنەوەی گۆڕی (کچ – قبر البنت) لەو شارەدا ، لە ٢٠١٤/٧/٤ گۆڕی (ئیمام سوڵتان کوڕی عاسم ی کوڕی عومەری خەتاب ) یان تەقاندەوە لە ٢٠١٤/٦/٢٥ گۆڕی (ئیمام عەباس ) و دوو حسێنیە تریان بەهەمان شێوە تەقاندەوە.


ڕۆژی پێنچشەممە ٢٠١٤/٧/٢٤ داعش گۆڕ و مەزاری (یونس) پێغەمبەری لە شاری موسڵ تەقاندەوە ، ڕۆژێک دواتر گۆڕی (شیت) پێغەمبەر و (جەرجیس ) پێغەمبەری تەقاندەوە ، ڕۆژی شەممە ٢٠١٤/٧/٢٦ منارەی (حەدبا) کە منارەیەکی مێژوویە لەگەڵ کلێسای مریەم ئەلعەزرائی کریستیانەکان لەیەک کاتدا بەهەمانشێوە لەلایەن داعش تەقێندرایەوە.


هەر دوای ئەوەی شاری موسڵ کەوتە دەستی داعش ، ئەو تاقمە ڕایگەیاند کە ماڵی خودا واتە (کەعبە) دەڕوخێنێ!!؟؟


پرسیار ئەوەیە ئەو ئۆمەتە چالاکەی کە ئامادەیە لەسەر بابەتێک یان کاریکاتێرێک بێتە سەر شەقام و خۆی گڤ بکاتەوە هەڕەشەی کوشتن لە ڕۆژنامەنووس و خاوەن بابەتەکان بکات خێرە ئێستا بێدەنگە؟؟؟!!!! ئایا نووسینی بابەتێک یان کاریکاتێرێکی بە خەیاڵ دروستکراو بۆ ئۆمەتی ئیسلامی مەترسیدارترە و گرنگترە لە ڕووخاندنی ماڵی خودا و تەقاندنەوەی گۆڕ و مەزارگەی پیغەمبەران؟


لە ڕۆژی ٢٠١٢/٥/٨ لە شاری هەولێر ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سەر بەلایەنە ئیسلامیەکان بەبیانووی ئەوەی کەسێک بابەتێکی نووسیوە لە دژی ئیسلام هێرشیانکردە سەر پەرلەمانی کوردستان و بەشێوەیەک کە لەگەڵ رەوشتی مرۆڤی کورد نەدەگونجا ، چونکە پەرلەمانی کوردستان پیرۆزی خۆی هەیە و بەرهەمی خەباتی سەد ساڵەی نەتەوەکەمانە . هاوکات لەو ڕۆژەدا چەندین پێشێلکاریان بەرامبەر ڕۆژنامنووسان ئەنجامدا ، هێرشبەرانی ئەو ڕۆژە وەکو ئەوەی لەبیابانەکانی نیمچە دورگەی عەرەبیەوە یان لە ئەفغانستانەوە بۆ سەربڕینی میللەتێک هاتبن بەو شێوەیە هێرشیانکردە سەر پەرلەمان ، لێرەدا ڕووی پرسیارمان دەکەینە ئەوانەی بەشداری ئەو هێرشەیانکرد ئایا ئێوە بەڕاست ئایین پەروەرن ، خواناسن ، پێغەمبەر ناسن ؟؟ ئەگەر دەڵێن ئا ، ئەی بۆچی لەبەرامبەر تاقمە تیرۆریستەکان فس بوونەوە و دەنگتان لیوە نایەت ؟ کەهەر هەمووشتان دەزانن ئەو تاقمە تیڕۆریستیە بەفەتوا سەیر و سەمەرەکانیان جیهادی نیکاحیان داهێنا و سێکس کردنی هاو ڕەگەزەکان واتە (نێر لەگەڵ نێر) یان داهێنا کەچی ئێوە هەربێدەنگن.


سەرباری ئەوەی ماوەی نزیکەی دوو ساڵە داعش و بەرەی نوسرە و چەندین ڕێکخراوی تری تیرۆریستی بەهاوکاری چەند ووڵاتێکی هەرێمەکە بەبێ ناوبەر هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین جار کۆمەڵکوژی و تاوانیان ئەنجامداوە ، بەڵام ئۆمەتی ئیسلامی بەگشتی و موسڵمانانی کوردستان بەتایبەتی بێدەنگن؟؟


لەدوای کەوتنی شاری موسڵ بارودۆخێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە ، بەشێکی زۆری خاکی باشوری کوردستان ڕزگار کراو لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان دەپارێزرێ و بەرگری لێدەکرێ ، تا ئێستا بەدەیان پێشمەرگە شەهید و برینداربوون ، نەماندیت ئێوە لە مزگەوتەکانی کوردستان فرمێسک بۆ پێشمەرگە ببارێنن بەڵام ئامادەن هاتوهاوار بکەن و فرمێسک بۆ فەلەستین ببارێنن ، ئەو بێگانە پەرستییە تاکەی ! وەک دەزانن ئۆمەتی ئیسلامی لە ووڵاتانی عەرەبی بەچاوی خۆیان تەقاندنەوەی مەزاری پێغەمبەران لە شاری موسڵ دەبینن بەلایانەوە ئاساییە ، بەڵام کاتێک دەبیستن کورد لەهەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی یەکجارەکی نزیک بۆتەوە ، بەلایان ئاسایی نیە و هاواریان لێهەڵدەستێ ، بەڵام پرسیار لە موسڵمانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئێوە ئەو هەڵوێستانە بەچاوی خۆتان نابینن کەبەرامبەر بە کورد لەلایەن موسڵمانانی جیهانی عەرەبی نیشاندەدرێ ؟ ئەو هەڵوێستەی ئێوە و هەڵوێستی موسڵمانانی جیهانی عەرەبی و تاوانەکانی تیرۆریستان وایکردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک ڕاستیەکان بزانێ و باوەڕی بە ئیسلام و موسڵمانان نەمێنێ.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک