٢٠\١٢\٢٠٢١
داعش نەما، داعش ھاتەوە!

کامیل ئەحمەد
لە چەند مانگی ڕابوردوودا ئێمە شاھیدی دووبارە ھێرشبردنەوە و
سەرھەڵدانەوەی داعش بووین بە تایبەتی لە کوردستاندا لە شوێنی جۆراجۆر و
کاتی جۆراوجۆردا. ھاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابورردوودا ئەم ھێرشانە
توندبوونەوەی زیاتریان بەخۆیانەوە دیوەو چەندین گوندی ناوچە سنوریەکان،
یان ڕاستترە وایە بڵێین ئەو گوندانەی کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی ھاوبەشی
ھێزە سەربازی و میلیشیاییەکانی عێراق و ھێزە میلیشیاییەکانی ئەحزابی
دەسەڵاتداری کوردستانەوە. ئەم ھێرشانە بە ئاشکراو بە بەرچاوی ھەموو ئەم
ھێزانەوە ڕوودەدات. ھێزێک ھێرش دەکات و دەیەوێت خۆی دەرخاتەوە کە گوایە
کۆتایی بە دەسەڵات و خیلافەتی ھێنراوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی
دەسەڵاتدار لە عێراق و ئەمەریکای ھاوپەیمانیان. ھێزێک کە بە
دانپێدانانی سەرانی بورژوازی دەسەڵاتداری کوردستان و عێراق لە تازەترین
و نوێترین چەک و جبەخانە و تاکتیکی سەربازی بەھرەمەندە کەم ئەم سوپا و
ھێزانەی عێراق و کوردستان لێی بەھرەمەندنین. ئەوەشی ئاشکرایە ئەمە لە
ئاسمانەوە دانابارێتە سەرزەوی و بێگومان ھێزی گەورەی لە پشتە.
ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ کاتی سەرھەڵدانی داعش و مەبەست لێی لە
٢٠١٤ دا، وێڕای بوونی چەندین گرووپی چەکداری جۆراوجۆری گۆشکراو بەم
پرەنسیپە ئایینیە توندڕە و ماڵوێرانکەرە لە پێش ئەویشدا، بە ئاشکرا
دەبینین کە داعش لە چوارچێوەی ھاوسەنگی پێدان، وە یان جێگیرکردنی
پایەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی دا لە ناوچەکەدا و بە تایبەتی لە عێراق دا
ھێنرایە سەر کایەی ململانێ و کێشمەکێشی دەسەڵاتی سیاسی. ئەو کات و
ئێستاش مەبەست لێی کەمکردنەوەی نفوز و پایگای ئێرانە لە عێراق و
ناوچەکەدا. ئەو کات داعشیان وەک ھێزێکی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و
خوێنڕێژ بەردایە گیانی خەڵکی موسڵ و شەنگاڵ و بەشێک لە ناوچە سوننی
نشینەکانی عێراق بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی مالیکی، سەرۆک وەزیرانی
ئەو کاتی عێراق، بدەن کە لایەنگرێک و ئەڵقە لە گوێیەکی تەواوی ئێران
بوو. کاتێک ئەمەریکا ھەستی کرد کە ئیتر مالیکی ئەو کەسە نیە بتوانێت
بەرژەوەندیەکانی خۆی و مانەوەی لە عێراق دا لە سایەی دا مسۆگەر بکات،
پەنای بۆ داعش برد بۆ ئەوەی جێ پێی بلەرزێنێت و دەسەڵاتی وەلا بنێت.
ئەوەبوو لە ڕووی واقیعیشەوە مالیکی لە دەسەڵات لابرا و بە عەبادی جێگەی
گیرایەوە بەو ھیوایەی کە بتوانێت ھەم بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە
عێراق دا مسۆگەربکات و ھەم ئێرانیش قبوڵی بکات.
ئەو تراژیدیایانەی بینیمان لە جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان و وێرانکردن و
خاپورکردنی شارێکی وەک موسڵ بە سەر دانیشتوانەکەیدا، بە بەرچاوی
دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراقەوە بەڕێوەچوو وە ئاسانکاری بۆ کرا. ئەو
کاتیش ئەو سوپا زەبەلاحە و ئەو ھەموو چەکدارە کوردانەی کە گوایە
پارێزگاری لە شەرەف و خاکی کوردستان دەکەن تەنھا بڵقی سەر ئاو دەرچوون
وە لە ڕێکەوتنێکدا بە قازانجی مەرامەکانی خۆیان ئەو ھەموو ماڵوێرانی و
تاوانانەیان ئەنجام دا لە بەرامبەرخەڵکی کوردستان و عێراق دا و بە بێ
ھیچ بەرگرییەک ھەموو ئەو ناوچانەیان ڕادەستی داعشکرد و ئەو
دێوەزمەیەیان لێ دروستکرد کە بووە ھۆی لێسەندنەوەی ژیان و ھەموو
بەھایەکی مرۆڤایەتی لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
ئێستاش ھەمان سیناریۆ بەڵام لە کات و ساتێکی تردا و لە ئاڵوگۆڕێکی تردا
لە ناوچەکدا خەریکە وەک تراژیدیایەکی کۆمێدی خۆی دووبارە دەکاتەوە.
ئێستا ئەم گوند و ئەو گوندی کوردستان ھێرشی دەکرێتە سەر و
دەسەڵاتدارانی کوردستان وە بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی
ڕێگاخۆشکردن و ئاسانکارین بۆ ئەم کارە قێزەونە. سیناریۆی ئەم جارە
ئەوەیە کە ئەمەریکا وادەی دەرچوونی ھێزەکانی لە عێراق دا نزیکبۆتەوە کە
کۆتایی مانگی دیسێمبەری ئەم ساڵە. ئەمەریکا دوای کشانەوەی لە
ئەفغانستان و شکستی لەوێ و پەیدابوونی دڵە ڕاوکێ لە نێوان
ھاوپەیمانەکانیدا و دابەزینی پێگەی لە نێویاندا، پێدەچێت بیەوێت چاو
بەم ستراتیژیەی خۆیدا بگێڕێتەوە و عێراق و ناوچەکە چۆڵ نەکات بۆ
نەیارەکانی وێڕای سەرقاڵبوون و تاودانی ئەسپی خۆی لەو ناوچەیەدا لە
بەرامبەر ڕکابەری گەورەو سەرکی خۆی کە چینە. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمە
دەستەبەربکات پێویستی بە ھێنانەوەی مۆتەکەی داعشە. پێویستی بەوەیە کە
ئەگەر ناچار بە کشانەوەش کرا بتوانێت لە ڕێگای ھەم داعش و ھەم
ھاوپەیمانەکانیەوە ئەم بوونەی خۆی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات و بەرانبەر
ئێران بە پلەی یەکەم و بەرژەوەندیەکانی چین لە ئاستی ماکرۆدا بگرێت.
ئەمەریکا بەم مانۆڕانەی لە ڕێگای داعش و ھاوپەیمانە ناوچەیی و
ناوخۆییەکانیەوە لە عێراق و کوردستاندا دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆی
بپارێزێت. دەیەوێت ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت کە لە عێراقدا وەک سیاسەتێکی
ئەمریکی تەواو عەیار بەڕێوەچوو وە تا ئێستا ئەمەریکا لەمەدا بە براوە
ھەژماردەکرێت، بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بە سەرەنجام بگەیەنێت و
ھەوڵدەدات لە پێگە و ھەیمەنەی ئێران کەمبکاتەوە و ھاوپەیمانەکانی خۆی
بخاتە سەر کورسی دەسەڵات و بیانھێڵێتەوە. لە ھەمان کاتدا ئەمەریکا داعش
وەک چەکوشێک بەکاردەھێنێت لەم ھەلومەرجەدا کە کاتی بەڕێوەچوونی
گفتوگۆکانە سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمی ئێران لە ڤییەنا. ئەمە شەڕێکی
بەردەوامە و لە بارودۆخی جیھانی ڕاگوزەری ئەمڕۆدا لە زۆر کات و شوێندا
قابیلی ئەوەیە گۆڕانی بەسەردا بێت.
ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراقیش گرنگە ئەوەیە کە
وێڕای ماڵوێرانیەک کە بە نسیبی ئەوان دەبێت، ھیچ پەیوەندیەکی نە بە
شوێنی ژیانیان و نە بە ئایندەیانەوە نیە. ئەوان دەبێت ئەوەیان لا
ئاشکرابێت کە دەبنە خۆراکی ئەم سیاسەتە فریوخوازانەیەی ھاوپەیمانەکانی
ئەمەریکا لەژێر ناوی بەرگری لە خاکی کوردستان و کۆتاییھێنان بە داعش.
داعشێک، کە بە قەولی سەرانی بورژوازی خۆیان و بە پێی ھەموو ئەو
بەڵگەنامانەی تا ئێستا ئاشکرابووە، دروستکراوی دەستی ئەمەریکایە بۆ
بەکارھێنانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا.
ھەتا ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بێت و ھەتا داگیرکاری ئەمریکی بەردەوام بێت،
نە خەڵکی کوردستان و نە خەڵکی عێراق ناتوانن لە ئاسایش بەھرەمەندبن و
لەم چەشنە جەنگە بە وەکالەتانە بە دووربن. بۆیە خواستی سەرەکی خەڵکی
کوردستان و عێراق دەبێت چوونە دەرەوە و ملشکاندنی ھەموو ھێزەکانی
ئەمەریکا بێت لە عێراق و ناوچەکەدا بۆئەوەی چیتر ھێزەکانی وەک داعش
نەتوانن پەیداببن و گەشەبکەن و ئەم ھێزانەش نەتوانن بەم بیانووەوە ماڵ
و ژیان و چارەنووسی خەڵک بە بارمتەبگرن.
٨\١٢\٢٠٢١
kamil.ahmed.f@gmail.com
|