په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١٤

''داعش'' پڕۆژەیەکی سیاسیی - مافیایی.


حەمە غەفور      

 

لە ئاستی سیاسییدا ئاشکرایە "داعش" هێزێکی ئیسلامی تیرۆریست‌و خوێنڕێژە. لەویش ڕوونتر ئەوەیە قەتەرو سعودیەو تورکیا ژێربەژێر دەعمی ماددی‌و لۆجیستی‌و مەعنەوی لێئەکەن بەئاگاداری ئەمریکاو ناتۆش. ئەم هێزە مەغۆلیی‌و هەمەجییە پەرچەمی "اللە"ی کردۆتە پەیامی خۆی‌و سڵ لە هیچ تاوان‌و خوێنڕێژی‌و کردەوەیەکی دژەمرۆیی‌و تێکدەرانە ناکاتەوە. ئەوەی ئێجگار جێگای سەرنجە لە دیاردەی داعشدا، تواناییەکانیەتی لە هێرش‌و پەلامارەکانیدا. هێزێکی دڕندەی نەخوازراوی وەکو داعش چۆن‌و بەپێی چ لۆژیکێک هێزو ماتەریاڵ‌و عونسوری ماددی فراوان کۆئەکاتەوەو ئاراستەی ئەکات، نەک بۆ کاری خێر، نە "شۆڕشگێڕبوون!" بەڵکو بۆ کردەی تیرۆریستی‌و ئینسانکوشتن!؟ شارو ناوچە داگیرئەکات. نیوەی شاری موسڵ ئەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. لە ئەنبار سوپای عێراقی تووشی شکست کردووە. ئەم هێزە نامۆیە بەڕۆژگاری ئێمە لەبیرتان نەچێت مۆدێرنترین هێزو دەوڵەت‌و ڕابەری سیاسی جیهانی پاڵپشتی‌و تەغزییەیان ئەکات. پارەو پوول‌و بودجەیەکی بێئەژماریان بۆ هەڵڕژاوەو لەنێو هەلومەرجی پڕقەیران‌و پڕنەهامەتی سوریاو عێراق‌و گرفتارییەکانی دیکەی ناوچەکەدا پەروەردەبوون‌و گەشەیان کردووە. ئەو هەلومەرجەش زلهێزەکان پێش هەر کەسێک لێی بەرپرسیارن‌و ئەوان بەو ڕۆژگارەیان گەیاندووە، هەتا وەکو کێڵگەیەکی بەپیت بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆرو داعش لەئارادابێت.


ئەندامانی داعش، مەحاڵ بوو لەژێر هیچ ناوێکی دیکەدا بتوانن جێگای خۆیان پەیدابکەن، بێجگە لە پەرچەمی "اللە"و ڕێگای ئیسلام‌و ئەحکامەکانی شەریعەو قورعان. هەرکەس قبوڵی کرد وەکو داعش کاربکات‌و ئەم ناسنامە چەپەڵە بۆ خۆی هەڵگرێت، نە شەیدای ڕێگای خودایەو نە خوازیاری بەهەشت، بەڵکو ئەوانە تەلیسمی چەواشەکردنی رایگشتین. ئەوان مەست‌و حەیرانی پارەو پوولی زۆرو زەوەندن کە بۆیان تەرخانکراوە لەنێو نابەسامانییەکانی ئیستای سوریاو عێراقدا، لەویش زیاتر لەنێو فەزای نائەمن‌و پڕتاوانی سوریاو عێراقدا، وەکو لایەنە ڕەسمییەکانی حکومەت‌و دەوڵەتی سوریاو عێراق، چۆن چەندین ساڵە خۆیان خەریکی فەرهودو دزی‌و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگان، ئەمانیش بەهەمان شیوەی ئەوان بەڵام ڕەسمییەتیان نییە، ئەنفال ئەکەن‌و هەموو شتێک بێ سێ‌و دوو ئەبێتە مڵک‌و ماڵی خۆیان. ئەوان ئەکوژن، ئەبڕن، تاڵان‌و بڕۆ ئەکەن‌و لەهیچ شتیش ناسڵەمنەوە، زۆر ساناش لەنێو قورعانەوە ئایەتی پاساوی بۆ ئەهێننەوە. ئەمە پێناسەی هیزێکە کە ناوی "داعش"ی لەسەر خۆی داناوە. داعش بۆتە کارگەو دامەزراوەیەکی زەببەلاحی مافیایی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو زلهێزەکانی جیهان ئینسانی بێچارەو تۆقیوی دەستی ڕەوشی شەڕو نائەمنی‌و گرفتارییەکانی تائێستای تێدا وەگەڕ ئەخەن بۆ گەییشتن بە مەرامەکانی خۆیان.


لایەنە شیعەو سوننەو قەومییەکانی عێراق ١١ ساڵە بە هەمان شێوەی "داعش"، بەڵام لە فۆرمی ڕەسمیدا، خەریکی خوێنڕشتن‌و پاکسازین لەسەر ناسنامە، سەرقاڵی کاروکردەوەی تیرۆریستین لە دژی خەڵکی عێراق لەژێر ناوی جیاجیادا، بەشێوەی بەربڵاو خەریکی دزی‌و تاڵانی‌و فەرهودی سامانی خەڵکی عێراقن، وە شکستیان هێناوە لە بەرپاکردنی حوکمڕانییەکی سەقامگرتوودا، کە لانی کەمی ئارامی بۆ کۆمەڵگا دابین بکات. هەر بۆیەشە ئەمڕۆ 'داعش" بەهەمان ڕێگاو ڕێبازی ئەو لایەنانە هاتۆتە ساحەکەو ئەڵێی لە جەنگەڵدا ئەجەنگن نەک لە کۆمەڵگاو نێو ژیانی هاوڵاتیان، بێترس‌و دڵەڕاوکێ ئەتوانن بچنە شوێنی ژیان‌و کارو خوێندنگاو زانکۆکانەوەو پەرچەمی ئەڵڵاهوئەکبەر ئەگرنە دەستەوەو لەژێر ناوی ئیسلامدا هەرچی کاری نەشیاو بێت دەستی بۆ ئەبەن، هێرشێکی مەغۆلیئاسا دژی هاوڵاتیان‌و بۆ سەپاندنی دەسەڵات‌و باڵادەستیی خۆیان ئامانجی سەرەکییانە. ئەم ئاوەی داعش مەلەی تیائەکات، زلهێزەکانی جیهان‌و نوێنەرە دیموکراتخوازەکانی خۆیان لە عێراق ڕشتوویانە.


بەمپێیە، داعش وەکو پڕۆژەیەکی سیاسی‌و مافیایی لە ناوچەکەدا کەوتۆتەکار. بەرنامەو پرۆگرامەکانی هەمەلایەنەو هەموو شتێک ئەگرێتەوە لە دژایەتی کردنی ئینسان، لە تێکدانی کۆمەڵگاو بیمارکردنی چاوەڕوانییەکانیان، جگە لە لایەنە شکۆدارەکانی ژیان‌و کۆمەڵگاکان. ناسنامەی ئەم هێزە لێرەوە تەماشائەکرێت. گرنگتریش لەمە، ئەو هێزانەن کە لەپشتیانەوە ڕاوەستاون‌و بەناوی تیرۆرەوە بانگیان ئەکەن. جارێک وەکو قاعیدەو جارێکی دیکەش وەکو داعش‌و لە کۆتاییشدا وەکو هێزێکی ئیسلامی کە بەرهەمی ئەو کەلتوورە ئیسلامیانەی کۆمەڵگایە کە دەرسەدێکی گەورەی خەڵکی باوەڕی پێی هەیە! ئەمەش خۆی ناهەقی‌و تاوانێکی گەورەیە بەرانبەر بەو کۆمەڵگایانەی ئیسلام تیایاندا ئایینێکی باوە.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک