١٤\٦\٢٠١٤
داعش و
ئاماژەکانی ئاشوبێک.

حەمە غەفور
نەخشەی یارییەکە:
- لە چەند لاوە "داعش" دراوەتە پێشو هێزی گەورەتر وەکو مەقاش لەنێو
تەنوورەی قەیرانی عێراقدا ئاگرەکەی پێ خۆشتر ئەکەن! کەچی بێشەرمانە لە
میدیاکانیانەوە وەکو تەماشاکەر خۆیان نیمایش ئەکەنو ناڕاستگۆیانە
هەواڵەکانیشی بڵاوئەکەنەوە!
- یارییەکە بەشێوەی سەرسوڕهێنەرفۆڕمەکانی نماییشی ئەگۆڕرێو هێندەش
خێراو ئاڵۆزکاوە، لەجیاتی یاریچییەکان فێڵو تەزویر لەیەکتری بکەن،
هەرهەموویان وەکو تۆڕێکی هاوبەش فێڵ لە خەڵکی ئەکەنو ڕای گشتی
چەواشەئەکەن!
- ئیسرائیل نوتقی لەخۆی بڕیوەو وەک ڕۆنی سەگ لە قەلبی درابێ، لە
دوورەوە بەووردی چاودێری گشت لایەناکانی ئەکات. ئەگەر چی ڕەنگە یەکێک
بێت لە یاریچییە سەرەکییەکانیش.
- هێزەکانی "داعش" وەکو فیلمی ئەنیمەیشن بڵاوئەبنەوە، خەڵکیش لەبێ
خەبەرییاندا وەکو پێشوازییکەر لێیان دەرئەکەون.
- سوپای عێراق شارەکان چۆڵئەکات. وەکو هێما بۆ شکستێکی گەورەی
دەستئەنقەست، بەڵام بە تاکتیکێکیش ئەچوێت.
- پێشمەرگە شوێنیان ئەگرێتەوە. سەرمەستیی ناسیونالیستە کوردییەکان
بەرجەستە ئەکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە جێناکۆکییەکان بۆ سەر هەرێم.
- بەشێک لە سیاسییە دەستڕۆییشتووەکانی عێراق، بە کوردو شیعەو سوننەوە،
لە بەغدا کۆبوونەوەیان کردووە. بەڵام زیاتر زانیاری گۆڕینەوە بووە نەک
هەنگاوێکی سیاسی کاریگەر. بێ ئەنجام کۆتاییشی پێهاتووە.
- مالکی گوشاری بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هێناوە تا باری نائاسایی
ڕاگەیەنرێت. پارلەمانیش زیاتر بە فەرمانی هێزە سوننەکان ئەبزوێت.
- پێشڕەوییەکانی داعش، عززەت دوری ئیبرازئەکاتەوە. ئاماژەیەک بۆ
سیناریۆی گێڕانەوەی دەسەڵاتی حزبی بەعس.
- داعش دەوڵەمەند بووەو ئامێرە سەربازییەکان ئەگوێزێتەوە بۆ سوریا.
ئەوپەڕی بێدەربەستیی زلهێزەکانو دەوڵەتانی ناوچەکەمان بۆ ئەگێڕێتەوە.
- ئەمریکا هێزێکی سەربازی چەند هەزار کەسی ئەنێرێتە بەغدا. ئۆباما تازە
بە تازە بەهیوایە لاسایی جۆرج دەبلیو بووش بکاتەوە.
- هیچ ڕۆشناییەک دیار نییە ڕەوشەکە بەرەو چی لایەک ئەڕوات. نرخی بەنزینو
سوتەمەنیو کاڵا سەرەکییەکان بەرزئەبێتەوە.
- ئەم ئاماژەو داتایانە هەموویان سیناریۆکانی قەیرانێکی ترسناکن لە
عێراق.
- ئەوەی جێگای سەرنجە لەم نێوەدا، خەڵک بەشیوەی گشتی زیاتر حەپەساون،
تا جمو جووڵێکی جەماوەری بەدژی ئەم سیناریۆیانە دەربداتە دەرەوە.
- ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ کە بتوانێت ناوەندێک بێت بۆ ئاراستەکردنی
کۆمەڵگا بەئامانجی بەرگرتن بە ڕوودانی قەیرانی کۆمەڵایەتیو ئاژاوەی
سیاسیو تەنانەت جەنگی ئەهلیو تائیفیو قەومیش، لەهیچ لایەکەوە بەدی
ناکرێت.
- بۆ پڕکردنەوەی ئەم بێ بەدیلییە، دەستبەکاربوون بۆ پێکهێنانی هیزی
بەرگری جەماوەری شارەکانی کوردستان، ئەمڕۆ گرنگترین کارێکە هاوڵاتیانو
هەڵسووڕاوانی سیاسی ئازادیخواز ئەتوانن دەستی بۆ بەرن. چونکە هەرێمی
کوردستان تەنیا جێگایەکە لە عێراقدا کە سەقامگیرییەکی تاڕادەیەک سیاسیو
کۆمەڵایەتیی تێدا بەرقەرارە.
١٢\٦\٢٠١٤
ماڵپهڕی حهمهغهفور
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|