په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠٢١

داڵدەدانی ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید شەرمەزار دەکەین.

 


دوێنێ ٢٢-٩-٢٠٢١ لە سەر زاری ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ناوی (کاکەمین نەجار)، بۆ یەکەم جار راشکاوانە ئاشکرا کرا کە کوردستان بۆتە مۆڵگای پاراستنی تاانبارانی جینۆساید لە عێراق, بەوەی ئێستا ئەو تاوانبارانە لە کوردستان دەژین و داڵدە دراون گوایە پەشیمانن لەوەی بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەکانی جینۆساید بەرامبەر بە گەلەکەمان، لەوانە تاوانەکانی ( ئەنفال و ھەڵەبجە), لە کاتێکدا زۆریان وەک تاوانبار لە دادگاکان ناویان ھاتۆتەوە و سزای خۆیان وەرنەگرتووە, بە فەرمیش دانیان بە تاوانەکانیان نەناوەو داوای لێبوردنیشیان نەکردووە.


ئەوەی کاکە مین نەجاڕ ئاشکرای کرد, ٣٠ ساڵە لە کوردستان جێ بەجێدەکرێت لە ژێر ناوی لێبوردنی بەرەی کوردستانی و ئاشتەواییدا, وەلێ نەجار بە ئاشکرا دەریبڕی و لە کاتێکدا تاوانبارانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ھیچ لێبوردنێک نایانگرێتەوە , ئەوانە تاوانی زەق و گەورەیان ئەنجامداوە.


ئەم دانپێدانانە راستەوخۆیە بەڵگەی ئەوەیە، نەک بە تەنھا جاش و موستەشارەکان لە ھەرێمی کوردستان داڵدەدراون، بەڵکو دانپێدانانێکی راستەوخۆیە بەوەی کە سەرانی ڕژێمی پێشوو لە تاوانبارانی تاوانەکانی جینۆساید گەلی کورد لەئێستادا لە ھەرێمی کوردستان دەژێن و داڵدەراون, وەک بینیمان لە ماوەی رابردوودا عزەت دوری و ئەرشەد زێباری لە کوردستان مردن و مەلا عوزێریش گەورەترین پرسەی حیزبی بۆ داندرا, کە ھەموو سوکایەتیبوون بە رابردوو و ئێستامان.

ئێمە لێرەدا وەک رێکخراوکانی بواری جینۆسایدی گەلی کورد، بە توندی ئیدانەی داڵدەدان و دادگایی نەکردنی تاوانبارای جینۆساید و ئەو جۆرە لێدوان و پاڕانەوە و بەرگرییە لە تاوانباران دەکەین, کە زۆر بێباکانە بە ناوی (پەشیمانبونەوەی ئەو تاوانبارانە) لە چوارچێوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بە شانازییەوە دەفروشرێتەوە. لە کاتێکدا لە یاسای بەرکار و رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان، شتێک نییە بۆ پەشیمانبوونەوە و تاوانبار دەبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات, نەک ئەوەش بەڵکو داکۆکی و پاڕانەوە لە تاوانباران، جۆرێکە لە تاوان و لە زۆر وڵات سزای بۆ داندراوە.


ھەر بۆیە داوا لە داواکاری گشتی دەکەین، بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن و چیتر رێگە بەو جۆرە سۆکایەتییە بە یاسا و قوربانیانی جینۆساید نەدەن و تاوانباران و داکۆکیکاران لە تاوانبارانی تاوانانی جینۆسایدی گەلی کورد راپێَی دادگا بکەن, ھەرچەندە لە رابردوودا سکاڵای ئێمەی وەرنەگرتووە دژ بە تاوانبارانی ئەنفال.

١- کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
٢- رێکخراوی گەشە پێدانی مافی مرۆڤ
٣- رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
٤- تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
٥- رێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال
٦- رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەری ojc-
٧- عەلی بەندی نووسەرو لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال
٨- ئیبراھیم ھەورامانی نووسەر و لێکۆڵەر لە بواری دۆزی ھەڵەبجە
٩- گروپی کار بۆ ئەنفال
١٠- عارف قوربانی نووسەرو لێکۆڵەر لەبواری ئەنفال
١١- مەلا شاخی نووسەر و رۆژنامەنووس
١٢- لەتیف فاتیح فەرەج نووسەرو لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال
١٣- ھیوا سەید سەلیم نووسەرو کوڕی شەھید
١٤- عادیل حاجی محەمەد ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی داکۆکی لە ئەنفالکراوان
١٥- دکتۆر فاتیح سەنگاوی نووسەرو توێژەر لەبواری پرسی ئەنفال
١٦- رێکخراوی چاودێری کوردۆساید-چاک کوردستان
١٧- ھێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینۆساید
١٨- تۆڕی ئایکان کوردستان
١٩- رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان
٢٠- رێکخراوی جیھانێکی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی
٢١- ھەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان
٢٢- رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان
٢٣- رێکخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیھانی بۆ مافەکانی مرۆڤ
٢٤- رێکخراوی چواردەی چوار
٢٥- دەزگای مۆنمێنتی ھەڵەبجە لە لاھای
٢٦- دانا ھەڵەبجەیی نووسەرو چالاکوانی بواری دۆسیەی ھەڵەبجە
٢٧- دلێر کەریم نووسەر لە بواری جینۆساید
٢٨- رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال و شەھیدان
٢٩- عەلی مەحمود محەمەد نووسەرو چالاکوان لەبواری جینۆساید

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک