په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٢\٢٠١٣

دالیا تۆ بۆ کوێى چوویت؟


گۆران ڕەئوف      


سڵاو.. وەک جاران دەپرسم ڕەوشێ تە باشە؟؟ هههها.. هههها.. پێبکەنە.. پێبکەنە.. دەى پێبکەنە… قوڵتر پێبکەنە... با قلیکەت ئەو ماسیانە ڕاچڵەکێنێت کە لە قوڵاییەکانى ماریانادا ژیاندەکەن… با ئیسرافیل سەرى لێ بشێوێت و فویبیابکات و دونیا کۆتایى بێت.. باواتێبگات بەرلەوەى ئەو زەنگى کۆتایى لێبدات دونیا خۆى کۆتاییهات!! پێبکەنە بەم هەتیوە گەمژەیە کە فریوى ئەو هەموو پەیڤە بریقەدار و جادوییەى تۆى خوارد.. پێبکەنە کە دواى ئەو هەموو بێدەنگییەت هێشتا وەک زێڕینترین ساتەکانى یەکترناسین پێتدەڵێت:ڕەوشێ تە باشە؟!

دالیا ئەوە منم کوڕە شێتەکە.. مەگەر تۆ هەمیشە بەشێتە بانگت نەدەکردم.. بیرتە دایکم چەندجارێک لێت توڕەبوو؟ بەڵام تۆ هەر بانگتدەکرم شێتە… شێتە… ئەو کوڕى کەرەم کەلە هەستى پێغەمبەربوونەوە گەڕامەوە لاى خەونە خنجیلانەکانى تۆ… دالیا ئەوە منم من.. کە ئێواران دەستم لەنێو دەستەکانتدا ئارەقەى دەکردەوە و تۆ هەر دەستت بەرنەئەدام.. دەموت"با یەک تۆز ئارەقەکەى وشکەوەکەم" ئەها تۆ هەردو برۆت دەهێنایەوە یەک و یەک دو لۆچت دەکرد لێوەکانت و دەتوت"نا..نا من حەزەکەم وەها پیاسەبکەین… دەتوت شەرممەکە… من حەزملێیە گەر بتوانم دەستت بۆ ماڵ بەرمەوە!!" دالیا کوڕە چاوکاڵەکەم.. کوڕى خەونەکانت.. لەبیرت نەماوە؟؟؟ وەڵا سەیرە!!! یانى ئاوەها بەخێرایى گۆڕایت؟ یانى ئیتر ناگەڕێیتەوە؟ ئیتر وەک جاران نایەیتە ماڵەوە و بەیانیان بەبێ ئەوەى شەرم لەدایکە پیرەکەم کەیت بەماچ بێدارمناکەیتەوە؟ یانى تازە حەز بەو کتێبانەى ناکەى کەلەبەر من دەتخوێندنەوە؟ دالیا من تائێستا ئەوەندە کاریگەر نەبووم بەهیچ شتێکى ژیان.. تائێستا ئەوەندە بەسۆزەوە نەگریاوم.. تائێستا ئاوەها بەقوڵى هەستم بە ئازارە ترۆهاتەکانى ژیان نەکردووە.. نازانم چۆن هاتیت و چۆن ڕۆیشتى؟!

دالیا بۆ وەڵامى زەنگى تەلەفۆنەکانم نادەیتەوە؟ ئاخر بۆ؟ بۆ وەڵامى نامەکانم نادەیتەوە؟ ئەى نامەکانى فەیسبوک؟! ئاخر بۆ؟ دالیا من بەرلەوەى تۆ بناسم، هەرگیز کارم بە نامە نەبوو، هەرگیز خۆشم لەنامە نوسین نەدەهات، بەردەوام ڕقم لەو کەسانەش بوو، کە لە دانیشتن و پاڵکەوتن و رێکردنیشدا هەرنامەیان دەنوسى، کەچى شەپۆلى نامەکانت فێرى هەمو ئەوانەیانکردم! بەرلەتۆ ڕۆژێک نەدەهات بە خەیاڵمدا کە بەرێگادا بڕۆم و نامە بنوسم! نەدەهاتەپێشچاوم بەهۆى نامەنوسینەوە شۆفێرەکان بەتوندى هۆڕنم بۆ لێدەن و لە جامەکانیانەوە دەستیانم بۆ بڵند کەن و جنێوم ئاڕاستەکەن! دالیا تۆ هەمو ئەمانەت بەسەرمندا هێنا.

من هەنوکە کەبیر لە ئێستاى تۆ دەکەمەوە، بڕواناکەم تۆ لەوەها ژیانێکدابیت، بڕواناکەم بەو ماوە کورتە هەموو ئەو درۆیانەت لەبیرکردبێت کەبۆمنى بەدبەختت دەکرد، هەرگیز ناتوانم وێناى ڕابردووت بەراوردبکەم بەم وێنا پڕ شەرمەزارییەت، ئاخر تۆ لەبیرتچوو پێتدەوتم:"گەر لە ڕۆمان و فیلەمەکاندا کچى دەوڵمەند و نەجیبزادەکان بۆ کوڕە هەژار و کەمدەسەکان دەگونجێن و ئێمەش وەک ئەوان"، ئەى لەبیرتماوە من دەموت"دالیا واقیع زۆر تاڵترە لەوەى من و تۆ بیریلێدەکەینەوە، دەموت دالیا باشوێن خەیاڵى فیلم و ڕۆمانەکان نەکەوین، بەخوا ڕەنجەڕۆ دەبین"، تۆ دەتوت"نا..نا، شێتەگیان، گەر فیلم و ڕۆمان و داستانەکان خەیاڵبن، ئەوا من و تۆ ڕاستەقینەین، بەڵێ من و تۆ دەبینە چیرۆکێکى ڕاستەقینەى نێوان کچێکى دەوڵەمەند و کوڕێکى هەژار".. خۆ ئەمانەت هەموى لەیادە؟
دالیا من (کۆمەڵە چیرۆکى گوڵى ڕەش)ـم بەدیارى بۆ کڕیت و تۆش خوێندتەوە و خارەتێک لێمڕەنجاى؟ بەڵام ئێستا واهەستناکەى هەمان گوڵى ڕەش لەنێوان من و تۆدا ڕودەدات؟ دالیا پێشبینى تۆ هیچ ڕاست نەبوو، هەمووى لە ئەندێشەیەکى پوچەوە دروستببوون، سەرتاپا بیرکردنەوەکانى تۆ درۆبوون، هەموو ئەو پەیڤە بریقەدارانەت وەک سوراوە سیحرییەک وابوون، هاوشێوەى ئەو نیگا خەستوخۆڵانەت بوون، کە گشت جارێک دەیانکوشتم و تێدەگەیشم قەدەرى من و تۆ وەک گوڵى ڕەش وەهایە!

دالیا لەو ڕۆژەوەى کە لەم گەڕەکەى ئێمە ڕۆیشتن، ئیدى خەیاڵەکانم ناخۆویستانە گۆڕان لەبەرامبەرتدا و نەمویسیت شتێک بڵێم... نەمدەویست عەوداڵانە بڕیارى پێشوەخت بەم لەهەمبەر ڕوداوەکاندا.. ئیدى هەرلەخۆوە هەستێکى سروشیانە باسى هەندێ وڕێنەى بێتامى بۆمدەکرد و نەمدەوێرا بەخەیاڵیشمدا بیانهێنم... دالیا من دەموت:"تازە تۆ مالتان باریکردوە و ڕۆیشتوونەتە گەڕەکە نوێکانى ماڵە دەوڵەمەندەکان، ئەستەمە تازە بگەین بەیەک!، تۆ وەک پیشەى هەمیشەیت هەردوو برۆت دەئاڵۆزکاند و بەپەنجەکانت گوێی چەپمت دەگرت و دەتوت:"ئەم قسانەت کۆنن، شتى نوێم بۆباسکە"، دالیا من ئیدى نەمدەوێرا شتێکى ترت بۆ باسکەم، ئیدى بەخۆم و هەستى هەژارانەمەوە لەناخى گڕگرتوومدا دەموت"کێشەکە ئاڵۆزکاوە دالیا، من و تۆ ناتوانین ئیدى وەک جاران یەکتر ببینین".

بەڕاست دەڵێن ئەو کوڕەى ئێستا وەک هاوسەرى ژیانت هەڵتبژاردووە، کوڕى یەکێکە لە هەرە دەوڵەمەندەکانى ئەم شارە.. یانى وەک خۆتان خاوەن دەیان دۆنم زەوى کشتوکاڵى و هەزاران مەتر زەوى نیشتەجێبوونە، هاوشێوەى بابت چەندان بازاڕیان هەیە و کۆمپانیا و کارگەیان هەیە لە وڵاتانى دەرەوە، دەڵێن بەرلەوەى تۆ بڕیارى کۆتایى بدەیت و لەگەڵى زەماوەندبکەى.. ئەو گوتویەتى:"دالیا خان من کوڕێکم شەوانێکى زۆر بەتەنهابووم و شەوانێکى زۆریش لەباوەشى سۆزانى و کچە ڕاگوزەرەکانى ئەم شارە و دونیادا بووم.. من لەپاڵ جۆرەها ئافرەتدا نوستووم، من دەیان جار بەخۆمم وتوە ئەم پەیوەندییەیانم ڕاستەقینەیە و تەواو من عاشقم... بەخۆمم وتووە ئیدى لەتەواوى ژیانمدا ئافرەتێکى وەک ئەمەم دەستناکەوێت.. بەڵام ئەو بڕیارانەم تەنها هەڵچونى ئەو کاتانەبوون کەلە چێژى سێکسکردنباندابووم.. بەڵێ دالیا خاتون.. من ئاوەها ژیاوم.. من گەنجێکى سادە و ساکارم، ئەوەتەى هەم دینارێکم بۆ بابم بەدەست نەهێناوە، بەڵکو بەتەنها سەرفمکردووە و شوێن خەون و خەیاڵەکانم کەوتووم.. بڕوابکە ئەوەى وایکرد عاشقى تۆبم بەتەنها جوانییەکەت بوو.. بەڵکو سادەیییەکەت بوو، ئەو خەندانەت بوو کە دەمزانى تۆ جوداى لەو سەدان کچەى من پەیوەندییم لەگەڵیان هەبووە، جیاوازى لەو ئافرەتانەى من شەوەهاى شەو لەگەڵیاندا سەرجێیم کردوە، گفتوگۆم لەگەڵ کردون، فێڵم لێکردوون، فێلیان لێکردووم... وەئەوەى من دەمەوێت لەتۆدا هەبێت ئەوەیە لەپاش ژیانى هاوسەرگیرى خیانەتم لێ نەکەیت.. بەتەنها ئەوەم دەوێت.. ئیدى ناپرسم چۆنبووە ڕابردووت.. ئیدى بێزارت ناکەم بەو پرسیارانەم کەلەبارەى ئەو کوڕە ئەسمەرەوە دەیزانم".. دالیا ئیتر تۆش بەو قسانە ڕازیبوویت و ئەو تەمەنەى لەگەڵ مندا بەڕێتکرد سڕیتەوە؟ ئیدى وەک ڕوداوى ڕۆمان و فیلمەکان گۆڕایت و بێباکانە هەموو پەیوەندییەکانت پچڕاند.. دالیا کەبیر لەتۆ دەکەمەوە، بەخۆم دەڵێم ئیدى ژیانە.. ژیانیش پڕیەتى لەو ڕوداوە سەیر و سەمەرانە.. پڕیەتى لە شتى قۆڕ و پڕویوچ.. بەخۆم دەڵێم بەسیەتى خەممەخۆ.. بەسیەتى ئیتر کەم بێزارانە خۆت دەرخە.. جاتۆ بەرگەى ئەوە ناگرى، ئیدى بەرگەى چى دەگریت؟ هەر کەمێک دواى ئەو قسانەى کەبەخۆمى دەڵێم.. لەپڕ حاڵم تێکدەچێ و دەگریەم و لەبەرخۆمەوە دەڵێم:"جا گەر بەوەها ڕوداوێک نەگریەم و بەوەها چیرۆکێک وەڕس نەبم.. ئیدى چ شتێک هەیە واملێبکات بگریەم، خەمبخۆم، بێزار دەرکەوم، توڕەبم، نەتوانم گوێبگرم بۆ هیچ دەنگێک، تەنانەت دەنگى پڕلەمیهرى دایە گیانم؟"، دالیا من کەباسى خۆمانت بۆدەکەم بۆئەوەنیە.. گومان لەدڵى تۆدا دروستبکەم، بۆئەوەنییە پەشیمانت کەمەوە لەو بڕیارەى داوتە.. بەڵکو تەنها دەردەدڵە، یان ئەو خانانەیە کەلە مێشکمدا ئەمیرى توڕەیى و ڕقن، بەڵام دەشزانم تۆ زۆر لەوە بێباکترى بەوەها نووسینێک بکەویتە بەراورد، دڵنیام تۆ لەبیرت نەماوە من و تۆ چۆن بووین؟ تۆ ئەوەشت لەیادنەماوە کە من کوڕى خەونەکانت بووم؟ ڕەنگە ناوەکەشمت لەبیرچوبێتەوە؟ یان ئەسڵەن تۆى منت دەناسى؟.

دالیا...دالیا...دالیا، من لەسەر حەقم، ئەى وانییە؟ یانى ئەم ژیانە ئەوەندە پوچە تۆ بەو شێوەیە فکرناکەیتەوە کەمن لەسەرحەقبم؟ یانى ئەوەندە شتەکان ئاڵۆزکاون، کەتۆ نەتوانیت باش و خراپ، درۆ و ڕاستى، حەقیقەت و پوچى، لەیەکتر جیابکەیتەوە؟ من دەڵێم گەر وایانلێهاتووە بڕۆ پیرۆزتبێ.. بڕۆ لەگەڵ ئەو هەتیوە کەپو شۆڕ و مل باریکەدا بژى و بابتبات شارە دورەکانت ئاشنابکات.. با دەستت بگرێت و سەردانى ئەو مۆزەخانە و شوێنەوارە کەلتوریانە بکەن، کەمن ئاواتمبوو ڕۆژێک بەخەویش بووە بیانبینم، بڕۆ باکەنارى دەریا و دورگە خەیاڵییەکان ببینى، بڕۆ ببە بە سەرنشینى فڕۆکە و کەشتییە قەرەباڵغەکان، بڕۆ لەشەوێکى تاریکدا و لە هوتێلێکى راقى و بێوێنەدا لەگەڵ ئەو کوڕە دەوڵەمندەدا بنوو، ئەو کوڕى سەگەى کە پاش ئەو هەموو دانپێنانەى بۆتوى کردووە و کەچى تۆش ڕازى بوویت، بڕۆ وەک نوکتەى گفتوگۆکانتان باسى منى بۆبکە، یان ڕەنگە هەر کەهاتە باسى من ئەوەندە سادەى بکەیتەوە کە ئەو داماوە خۆى بەخێرایى کۆتایى پێبهێنێت... ئەوە من باسى چى دەکەم؟! کورە کەى من دێم بەخەیاڵیشتدا، تابگاتە ئەوەى باسمبکەن.

دالیا کۆتا ڕستەم بۆت ئەوەیە: گەر ئاوایە حەقیقەتى ژیان، گەر ئاوا تێگەیشتوى لە ڕەنگ و بۆنى حەقیقەت، گەر هەستناکەى دۆڕاویت و لەناخەوە تادەمرى ئازارى ویژدانت دەتکوژێ، ئەوا بڕۆ تا دەتوانى چێژوەربگرە و هاواربکە و دەستەکانت بۆ ئاسمان بەرزبکەوە و بەتوندى بڵێ:"شتێک نییە ناوى حەقیقەت بێت، بڵێ هەستناکەم واتایەک هەبێت بۆ حەقیقەت".. دالیا تۆ پێویستە ئاوەها بڵێیت.. تێدەگەى پێویستە وەها بڵێت و بەس.

 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک