٢\١٢\٢٠١٦
دامەزراندنی (حەشدی
شەعبی).. کاردانەوە یان بەرنامەی سیاسیی پێشوەختە؟

شاخهوان برایم عهبدوڵا
پێکھاتەی سوننە بە گشتی و عێراقی بە دیاریکراوی، سەرەتا دژی دروستبوونی
حەشدی شەعبی بوون، بەڵام دروستبوو، دواتر گوتیان دەبێ
ھەڵوەشێتەوە، کەچی چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکاش خرایە خزمەت
حەشدەوە، دواتر سوننەکان بە ناچاری دەستبەرداری دروشمی ھەڵوەشاندنەوەی
حەشدبوون و ئینجا داوایانکرد حەشد بەشداری شەڕی ناوچە سوننییەکان
نەکات، کەچی بە بەرچاوی ئەمەریکا و جیھان و سوننەکانەوە
بەشداریکرد و خەڵکی سڤیلی سوننەی ئازاردا. مایەوە شەڕی ئازادکردنی
مووسڵ، ئەو شارەی بە پایتەختی رۆحی سوننەکانی عێراق
دادەنرێت.
دیسانەوە سەرکردە سوننەکان دژی بەشداری حەشدبوون لەو شەڕەدا، بەڵام
ئێستا ھەواڵی پێشڕەوییەکانی ئەو ھێزە بە ئاڕاستەی ناو مووسڵ بە
دنیادا بڵاوبووەتەوە و لەوە دەرچووە سوننە بڵێت نابێ حەشدی شەعبی بەشداری
ئەو شەڕە بکات، چونکە ئەو قسەیە وەک کۆمێدیا سەیر دەکرێت! لە چەند
رۆژی رابردووشدا سوننەکان دژی ئەوە بوون حەشدی شەعبی وەک
ھێزێکی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراقدا بناسێنرێت، بەڵام رۆژی
شەممە ٢٦/١١/٢٠١٦ پەرلەمانی عێراق کە سوننەکان سەرۆکایەتی
دەکەن، بە زۆرینەی دەنگ حەشدی شەعبی وەک ھێزێکی نیشتمانی عێراقی
ناساند، کەوایە ئاماژەکان روونن لەوەی کە حەشد، ئەو ھێزە نییە
وەک کاردانەوە دژی داعش دروست بووبێت، بەڵکو بە بەرنامەی سیاسی
پێشوەختە دروستکراوە و داعش وەک بیانوو بەکارھێندرا و ئیرادەیەکی سیاسی
بەھێز لە عێراقدا ھەیە کە لەمەودوا رۆڵ دەدات بەو ھێزە مەزھەبگەرایی
میلیشیایی لە کاروباری سیاسی عێراقدا، رەنگە سیاسییە
شیعەمەزھەبەکان، ئەوەی کە ناتوانن بە سوپای فەرمی عێراق
ئەنجامی بدەن، بەو ھێزە ئەنجامی دەدەن. لەکاتێکدا پرۆژەیاسای
حەشدی شەعبی لە ھێزێکی خۆبەخشەوە بۆ ھێزێکی نیشتمانی پەسەند
دەکرێت، زۆربەی لایەنە سوننەکان و کوردیش دژی بڕیارێکی لەمجۆرەن،
بۆیە دیارە ئەو پێکھاتە و ھێزە سیاسییانەی لە پشت پەسەندکردنی ئەو
پرۆژەیەن، باکیان بە نیگەرانی ئەوانی تر نییە و بەرنامە
سیاسییەکەی خۆیان جێبەجێدەکەن کە لەژێر ھەیمەنەی دەوڵەتی ئێران
دایە، دوا بە دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەش، ئوسامە نوجەیفی
سەرکردەی دیاری سوننەکان گوتی، زۆرینە مافی ئەوەی نییە
بڕیار لەسەر چارەنووسی ھەمووان بدات. بەڵام ئەو جۆرە لێدوان و
بۆچوونانە لە عێراقی ئێستادا جێگەی نابێتەوە، یان ھیچ
کاریگەرییەکی نییە، چونکە ھەر لەسەرەتاوە ئەو سەرکردانە دژی حەشد
بوون، بەڵام حەشد چەکی پێشکەوتووی پێدەدرا و ئەوەتا بە یاساییش
کرا، ئەگەرچی دەزاندرێت کە ئەو یاسایە بونیادنانەوەی وڵاتی عێراق
دووچاری شکست دەکات و مەترسیش دروستدەکات بۆ سەر ھەیبەتی سوپا و
پۆلیس و ئاسایش، بەڵام چونکی ئیرادەیەکی بەھێز لە پشت حەشدی شەعبییەوە
ھەیە و دەیەوێت رێگری بکات لە بە مەدەنی و یاساییبوونی عێراق،
ئەو پرۆژەیە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەکرێت، ئەگەر نییەتی خراپ
لە ئارادا نییە، بۆچی ئەو ئیمکانیەتە مرۆیی و ماددی و
سەربازییەی بۆ حەشد دابینکرا، نەخرایە ژێردەسەڵاتی سوپای عێراق!
ئەگەرچی بەھێزبوونی چ سوپا و چ حەشدی شەعبی، ھەردوولایان
مەترسین بۆسەر کورد، مەگەر کاتی خۆی مالیکی سوپای نەھێنایە
بەرانبەر پێشمەرگە تاوەکو کارتی سیاسی بەسەر ھەرێمدا بسەپێنێت، بەڵام
ئیرادەیەکی بەھێز لە ھەرێمەوە رووبەڕووی مالیکی وەستایەوە و
ھێندەشی نەبرد داعش لە چەند کاتژمێرێکدا سوپاکەی مالیکی بەرەو
نزیکی بەغدا کشاندەوە، بە ھەمان شێوەش حەشدی شەعبی مەترسییە
بۆسەر ھەرێم، بەڵام جیاوازییەکە تەنیا لەوەدایە، کاتی خۆی سوپا
بە تەنیا مەترسی بوو بۆسەر ھەرێم، بەڵام حەشد ھەم بۆسەر ھەرێم و
ھەمیش سوننەی عەرەبی ھەڕەشەیە، چونکە ئامانج لە دروستکردنی حەشد،
برەودانە بە فیتنەی مەزھەبگەرایی، نەک پاراستنی عێراقییەکان.
دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەش، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی
عێراق لەسەر پشکی شیعە و یەکێک لەو سەرکردە باڵایانەی عێراق کە
بە رەمزی دروستبوونی حەشد ناوی دێت، لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای
پێشوازیکردن لە یاساکە، رایگەیاند، حەشدی شەعبی نوێنەرایەتی
ھەموو عێراقییەکان دەکات و بەرگری لە ھەموو عێراقییەکیش دەکات. ئەمەش
دەلالەتە لەوەی کە ئیدی پیرۆزی بەو ھێزە دەدرێت و لە گەمە
سیاسییەکاندا رۆڵێ پێدەدرێت و بەھۆیەوە پێگەی سوپا لاواز دەکرێت و
ئەوەی کە نابێت لەڕووی یاساییەوە سوپا ئەنجامی بدات، ئیدی بۆی
ھەیە حەشدی شەعبی ئەنجامی بدات، بۆ نموونە گوشاردروستکردن
بۆسەر ھێز و لایەنە سیاسییەکان بە بیانووی پاراستنی پێکھاتەی زۆرینەی
عێراق کە شیعەکانن، ھاوکات رەنگە بیەوێت لەشکرکێشی بکاتە سەر
ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ھەرێمی
کوردستان و ئێستا پێشمەرگەیان تێدا جێگیرکراوە، چونکە خاکی کوردستانن
و بەھۆی شەڕەوە پێشمەرگە رزگاری کردوون، ھەروەھا ئەجێندایەکی تری
دروستکردنی ئەو ھێزە برەودانە بە پێکھاتەی شیعە و زاڵکردنێتی بەسەر
سوننەکاندا.
سەیرە ئەمەریکا عێراق لە چنگی سەددام رزگار دەکات، کەچی دەیداتە
دەست چنگی ھێزێکی میلیشیای وەک حەشد! بەھێزبوونی حەشد بە
تەنیا زیانی بۆسەر سوننەکان و کورد نییە، بەڵکو زیانی گەورە لە
بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەدات لە ناوچەکەدا، پەیامێکی روونیشە
لەوەی رۆڵی ئەمەریکا لە عێراقدا یان نەماوە، یان خەریکە
نامێنێت، چونکە ئەوەی حەشدی دروستکرد، نەیاری سەرسەختی کرانەوە
بە رووی دیموکراسی و یاسا و مەدەنییەتە، ئەمەریکاش کاتی خۆی
دەیگوت ئێمە دیموکراسی و یاسا و مەدەنییەت لە عێراقدا دەچەسپێنین،
ئەوەتا حەشد ئەو خەونەی ئەمەریکا لە عێراقدا پووچەڵدەکاتەوە.
لەو نێوانەدا گرنگە ھەرێم خۆی لە گێچەڵی حەشد لە قۆناغی دوای داعشدا
بپارێزێت، بەو مانایە نا ئەگەر حەشد بووە ھەڕەشە، کورد بێدەنگ بێت،
بەڵکو وەڵامی چەک بە چەک بداتەوە، بەڵام ھەتا دانووستان ھەبێت
باشترە، ئاشکرایە ئەو ھێزە بۆ گێچەڵی سیاسی و مەزھەبی دروستبووە
تاوەکو تەسفییە حساباتی سیاسی پێ ئەنجامبدەن، ھەڵبەت عێراقی دوای
داعش دەیەوێت لەسەر ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە رزگاری کردوون گێچەڵ
بە ھەرێم بفرۆشێت، بۆیە دەبێ لە قۆناغی سەرەتادا ھەرێم رای جیھانی
لە بەرانبەر حەشدی شەعبی ئاگادار بکاتەوە کە پێشبینی دەکرێت دژی
ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بووەستێتەوە، ئینجا
نێوماڵی خۆی یەکبخاتەوە و رووبەڕووی ھەر ھەڕەشەیەکی دوای داعش
ببێتەوە، بە شێوەیەک دیپلۆماسی ھەنگاوی یەکەم بێت و نیشاندانی ھێزیش
گرنگێتی ھەیە کە خۆی لە بایەخدانی زیاتر بە ھێزی پێشمەرگە
دەبینێتەوە.
ماڵپهڕی شاخهوان برایم عهبدوڵا
|