١\۴\٢٠١٠
دامەزراندنى
فەرمانبەران، تەنیا بۆ خانەوادەى بەرپرسان
کراوەیە.
شاخەوان برایم عەبدوڵا
یەکێک لە گەورەترین ئەو ئاریشانەى کە لە
ئێستاکەدا رووبەڕووى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆتەوە، مەسەلەى
دامەزراندن و بێکارییە کە دواى تەواوکردنى خوێندن بەبێکارى لە ماڵەوە
دادەنیشن و ئەمەش بارودۆخێکى خراپى سایکۆلۆژییان بۆ دەخوڵقێنێت کە
دواتر گرفتى جۆراوجۆرى بەدواوە دادەبێت.
لە ئێستاکەدا کێشەى دامەزراندن، بۆ خەڵکانى بێ واسیتەو هەژار بۆتە
حاڵەتێکى زۆر مەترسیدار و لەگەڵ خۆیدا دەیان کێشەى ئابوورى و
کۆمەڵایەتى و دەروونى و کۆچکردنى خوڵقاندووە. ئەوانەى کە رووبەڕووى ئەو
جۆرە کێشانە دەبنەوە، ئەو جۆرە کەسانەن کە لەنێو فەرمانگەکانى حکومەت و
حیزبەکاندا پاڵپشتییەکى ئەوتۆى باڵایان نییە، بەواتایەکى تر بێ واسیتەن،
بۆیە دانامەزرێن، خۆ ئەگینا بەردەوام لەلایەن بەرپرسە حیزبى و
حکومییەکانەوە کەسانى ناشایستەى نزیک لە خۆیان و هاوڕێیى کچ و
کوڕەکانیان بە تەلەفۆنێک کە تەنانەت خەرجى ئەو تەلەفۆنەش دەکەوێتە سەر
میزانییەى حکومەت و حیزب دادەمەزرێنن کە دواتر وەکو پێویست ئەرکە
فەرمییەکانیشیان جێبەجێ ناکەن و ئەمەش کاریگەرییەکى نێگەتیڤى بەسەر
ڕاپەراندنى کاروبارى خەڵکییەوە دەبێت.
گەرچى لە ئێستاکەدا پاڵپشتى حیزبى ڕۆڵێکى گەورەى هەیە بۆ دامەزراندن،
بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە ئەوانەى لەلایەن بەرپرسە
حیزبییەکانەوە دادەمەزرێن، کوڕوکچى هەژاران نین، یاخود کەس و کارى
کادیر و لایەنگرە سادەکانیان نین، بەڵکو کوڕوکچى خۆیانن، یاخود هاوڕێى
خۆیان و ناسیاوەکانیانن کە لەڕێگەى پەیوەندى کەسى و حیزبى و حکومییەوە
دادەمەزرێن.
بەرپرسە چەواشەکەرەکانى حکومەت بەردەوام بیانووى ئەوە دەهێننەوە کە
زۆرینەى بودجەى هەرێم بۆ مووچە دەڕوات. لە کاتێکدا کە زۆرترین
ناعەدالەتى لە سیستەمى پێدانى بودجەدا پەیڕەو دەکرێت کە تەنیا بەرپرسە
باڵاکانى حیزبى و حکومى تێیدا سوودمەندن، حەقوایە پێداچوونەوەى بۆ
بکرێت، بە قسەى خۆیان بێت بۆیە دامەزراندن وەستاوە، ئەمانە قسەگەلێکى
چەواشەکەریانەن، دەیانەوێت لە ڕێگەیەوە هاوڵاتیانى پێ چەواشە بکەن،
گوایە حکومەت تواناى دابینکردنى ئەو پارە زۆرەى نییە کە بۆ مووچە
دەڕوات. ئەم قسە بێمانایانەش لە کاتێکدایە کە بەردەوام ژێراوژێر و
بەهۆى واسیتەو خزمخزمێنەوە دامەزراندن بە لێشاو لە فەرمانگە
ئیفلیجەکانى حکومەتدا بەردەوامەو هیچ ڕۆژێک دامەزراندن بۆ خۆیان
نەوەستاوەو ئەو ڕاستییەش تەواوى خەڵکە بەویژدانەکەى کوردستان دەیزانن و
دەبووایە لێى بێنەدەنگ و ناڕەزاییان بەرانبەرى دەربڕیبووایە، تەنانەت
ئەگەر بە خۆپیشاندانیش بووایە.
هەروەها پێویستە هاوڵاتیان زیاتر هوشیار ببنەوە لەوەى حکومەت بەردەوام
پشتگوێیان دەخات و داخوازییەکانیان بەهەند وەرناگرێت، بۆیە هەقوایە
ئیدى زەمەنى بێدەنگى بەسەر بچێت و داواى مافە ئاسایی و یاساییەکانى
خۆیان بکەن کە لێرەدا مەبەستمان دامەزراندنەو پێویستە ئەوانیش لە
فەرمانگەکانى حکومەتدا بەپێى شارەزایی و بڕوانامە وەربگیرێن، چونکە
دواتر ئەو بودجە زەبەلاحە هی کۆى هاونیشتمانیانەو هەموومان تێیدا
بەشدارین و دەبێ لەسەرفکردنیدا یەکسان بین کە بەداخەوە لە ئێستاکەدا
بودجەى هەرێم بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و لە پێناو ئامانجە تەسکەکانى
سیاسەتدا بەفیڕۆ دەڕوات و چەند کەسێکى دەربار لێى سوودمەندن.
Shaxewan_braim@yahoo.com
|