٢٥\٩\٢٠١٠
دانانهوهی کاتی
سکاڵاکانی پارتی و
ئەنجامەکانی
تیرۆرکردنی سەردەشتی تیرۆریست!

گەرمیانی حەمەی پوور
چەند مانگ خەڵکی کوردستان بە گشتی و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و
قوتابیان بە تایبەتی لە چاوەڕوانی ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بوون
لە دۆسیەى شەهید کردنی خوێنکارو ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) بەڵام
ئەو ئەنجامەی لیژنە نادیارەکەی لێکۆڵینەوە بڵاویان کردەوە، خەڵکی
کوردستانی تووشی شۆک کرد، هەڵبەتە کەسانێکیش هەبوون کە ئەو ئەنجامەیان
بەلاوە شتێکی سەیر نەبوو، چونکە چەندین سیناریۆیان دەهێنایە پێش چاوی
خۆیان کە بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو کارە تیرۆریستی و دڕندەو نامرۆڤانە ڕێک
بخرێت.
ئاخر ئێمە هەر ئەبێ چاوەڕوانی وەها سیناریۆیەک بین، ئەگەرنا کێ باوەڕ
بەوە دەکات کە بە بێشەرمانەترین شێوە لە ناو پارێزراوترین شوێنی
کوردستان بە بەرچاوی پاسەوان و خەڵک و قوتابیانەوە کەسێک بەڕۆژی ڕووناک
بخزێنرێتە ناو ئۆتۆمبێلێکەوە بە پاڵ و لێدان دواتر بەو شێوە دڕندانە
تیرۆر بکرێت، دواتریش لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە، ڕاستییەکانی ئەو کارە
تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن.
هەڵبەتە ڕەنگە ئەمە بە حوکمدان دابنرێت کە ئەو تاوانە بخرێتە ئەستۆى
پارتێکى دیارى کراو، بەڵام ئاخر عەقڵ بڕوا بەوە دێنێت کە لەشارێکى وەکو
هەولێرداو بەو شێوەیە کەسێک بڕفێنرێت و پارتى ئاگاى لێ نەبێت. ئاخر خۆ
هەر ئەو ڕۆژانە بوو کە کوڕە شێخێک لە دەستی تیرۆریستان دەرهێنرا
هەرچەندە تەرمەکەى بوو نەک خۆى، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن بوو پارتى
ئاگاى لە کارى ڕفاندنی وا هەیە، بەڵام سەردەشتیان لەو هەموو زاڵگەیەى
ژێر دەسەڵاتیدا ڕفاند؟!
بێگومان لە سنووری عەقڵ و مەنتق بەدەرە کە کەسێک کاری وای لێ بوەشێتەوە
ڕاستی نتاوانەکانی خۆی ئاشکرا بکات، پێم وایە گەوجانەشە هەر کەسێک
چاوەڕوانی وەها ئەنجامێکی ڕاستی ئەو لێکۆڵینەوەیە بێت.
لە ڕۆژانی سەرەتاى ئەو کارە تیرۆریستییەوە و ڕووماڵ کردنی خۆپیشانان و
ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەلایەن کەناڵەکانی سەربەکۆمپانیای وشەوە بە
تایبەت کەناڵی KNN پارتی و زوڕناژەنەکانی هەڕەشەی ئاشکرا کردنی
بکوژەکەیان دەکرد بە شێوەیەک کە نەوشێروان مستەفا بکوژی ئەو لاوە
ڕۆژنامەنووسەیە.
ئاخر چۆن بوو دواتر لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی شەهید کردنی سەردەشت
عوسمان ئاشکرای کرد کە تیرۆریستانی ئەنسار ئەو کارەیان کردووەو خودی
سەردەشتیش تیرۆریست بووە! تۆ بڵێی نەوشێروان مستەفا بۆ خۆی سەرپەرشتیار
و دەمەزرێنەری ئەنسار نەبێت؟
ڕەنگە دروست کردنی سیناریۆیەکی وەها بۆ ئەو کارەش بەلای دەسەڵاتەوە کە
گەزو مەقەست بە دەست خۆیانە کارێکی دژوار نەبێت.
من بۆ خۆم هەر لەگەڵ ئەو سکاڵا سەیرانەی مەکتەبی سیاسی پارتی کە داوای
قەرەبووی پێکەنیناوی دەکات، گومانم لەوە نەما کە سیناریۆیەکی سەیری بۆ
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەردەشت پێکهێناوەو دەیەوێت لە ڕێگەی سکاڵا
سەیرەکانییەوە بە جۆرێک میدیای ئەهلی و ئازاد سەقاڵ بکات لەکاتی
ڕاگەیاندنی ئەو ئەنجامە سەیرەی لێکۆڵینەوەکەدا نەیان پەرژێتە سەیر
وورووژاندنی ئەو سیناریۆیەو بەکاری خۆیانەوە سەر قاڵ بن و تاڕادەیەکیش
بترسن لەوەی کە ئەمجارەیان شتی بفە هەڵبەتەی بە دەستووری ئەوان دەست لێ
نەدەن.
تەنها شتێک کە پارتی ئەبێ بیزانێت ئەوەیە نەخەڵکی کوردستان ئەوەندە
گێلە بڕوا بەو ئەنجامە سەیرانە بکات نە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی
هاوشێوەی شەهید کردنی سەردەشت دەبێتە هۆی ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و
خنکاندنی ئازادی، چونکە ئازادی ئەوە نییە کە بنەماڵەکانی خاوەن دەسەڵات
لە کوردستان بەئێمەی بدەن، بەڵکو ئەوە ئێمەین دیکتاتۆریەت و تاک ڕەوەی
قەبووڵ ناکەین و خۆمان ئازادی وەدەست دێنین، ئەگەر خوێنیشی لە پێناودا
بڕێژین هەروەک چۆن ڕێژاومانە.
ماڵپهڕی گهرمیانی حهمهی
پوور
|