په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دانپێدانانەکان و هەڵوێستی نابەرپرسانە.


عەبدوڵا مەحمود


بە پێی سەرچاوەکانی میدیا لە کوردستان، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلنیۆمی ئەم دوایانەی حیزبەکەیدا، دان ئەنیت بە زۆر ڕووداو کێشەی گرنگ و چارەنوسسازی ناو ژیانی رێکخڕاوەیی یەکێتی و زۆر مەسەلەی گرنگی تری پەیوەندیدار بە مەرگەسات و ڕووداوە پر تراژیدیاکانی خەڵکی کوردستان، لەوانە کارەساتی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە، ڕووداوی پشت ئاشان و شەڕی ناوخۆ، تا دەگات بە تیرۆری دەیان کەسی لەناوشارەکانی کوردستان... وە نەوشیروان مستەفا بە کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕووداوانە دادەنێت.


دیارە هەرکام لەو ڕووداوانە هێندە کۆن نین تا هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی سیاسی خەڵکی کوردستان بیریان چوبێتەوە، بەتایبەتیش ئەم ڕووداوانە هێندە گەورەو کاریگەرن، کە لە بیرچونەوەیان مەحاڵە.


بەڵام ئەوەی کە تائێستا دیزە بەدەرخۆنە کراوە یان بە شاراوەیی ماوەتەوە ئەوەیە کە کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕووداوانە کێ بوون؟ کێ بڕیار بەدەست بووە؟ لە کەیسی هەڵەبجەدا جگە لەدڕندەیی بەعس کێ هاوکار یان ڕێخۆشکەرو زەمینەسازکەری ئەم ڕووداوە بووە؟ ڕووداوی کوشتار و قەسابخانەکەی پشت ئاشان، چون وەڕێخرا؟ ئامانج لێی چی بوو، کێ بریاڕیدا؟ دیکۆمێنتی بڕیاردان و جێبەجێکەرانی ئەو نەخشەیە کێ بوو؟ بڕیاری تیرۆری کەسانی ناکۆک بە سیاسەتی یەکێتی لە ناوخۆی یەکێتیدا بەدەست کێ بوو؟ کێ بوون سەرپەرشتی ئەم کوشتارانەیان دەکرد؟ جێبەجێکەرانی کێ بوون؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر بێگومان لە ئەرشیفی بەرپرسانی یەکێتی و یاداشت نووسەکانەوە دەست دەکەون.


جەلال تاڵەبانی کاراکتەری جێبەجێکردنی هەموو ئەم فایلانەی سەرەوە ئەخاتە ئەستۆی نەوشیروان مستەفا. نەوشیروان مستەفاش لە دووتوێی یاداشتەکانیدا کە بەدوای ئەم تۆمەتانەی جەلال تالەبانیدا بڵاوی کردەوە، لە هیچ شوێنێک خۆی نەداوە لە قەرەی ئەو ڕووداوانەی مام جەلال داویەتە پاڵی و هوشیارانە خۆی لەمانە دزیوەتەوە، بۆیەش دەبێ بڵێین دزیوەتەوە چونکە ناکرێت نەوشیروان مستەفا کە بەوردی یاداشتی ڕۆژنەی سەردەمی سیاسی خۆی نوسیوەتەوە تائەو ڕادەیەی لە زوربەی شوێن حکایەتی دارو دۆڵ و تەپۆلکەو ئاژەڵ و داب و نەریت و ناوی عەشیرەت و ... بیر نەچووە، بەڵام پەروەندەی شەڕی پشت ئاشانی لەبەردەست نەبێت، یان کارەساتی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە وەکو گەورەترین تراژیدیای سەر خەڵکی کوردستان، تۆمار نەکردبێت و نەزانیت چۆن و لە چواچێوەی کام نەخشەو بەهاوکاری کێ و بە بیانویی چی گازباران کرا؟ یان کوشتنی ئەم هەموو کەسانەی لەبەردەست نەبێت کە تەنها چەند کەسێکی کەم لە بریار بەدەستانی یەکێتی بریاریان لێداوەو ئاگاداری بوون؟ لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەم تۆمەتانە لەلایەن کەسێکەوە ئاراستە کراوە کە بەحەق ئاگاداری ئەم ڕووداوانەوە بووەو بیگومان خۆیشی سەهمی شێری تیایدا هەیە.


ئەگەر بڕیار بێت یاداشت و نووسینەوەی مێژوو دەوری گرنگی هەبێت، ئەوەیە کە دیوە شاراوەکانی ئەم ڕوداوانە بە ئاگاداری خەڵکی بگات، تا نەوەکانی ئێستاو داهاتوو بزانن ئەم ڕوداوانە چۆن ڕوویانداوە، بۆ ڕوویانداوە، کاراکتەرە سەرەکیەکانی کێ بوون؟


ناحەقیەکی گەورەیە کە ئەم ڕووداوانە بەبیانوی جۆراوجۆری وەکو وەختی نییە، ئەمە کێشەی شەخسی یە، ئاکادیمی نییە، جاری هەڕەشە لەسەر کورد هەیە، بارگرژی زیاد دەکات....تاد. پەردەپۆش بکرێن و پاشانیش لەگەڵ کۆنبوونیان سەرکەوتوەکان بە قازانجی خۆیان ئەم مێژووە بەوجۆرەی خۆیان دەیانەوێت بنووسنەوەو خۆیان وەکو قارەمان دەربخەن و پاشانیش لە کتێبە مێژووی و پەروەردەیەکاندا بیانگونجێنن و دەرخواردی کۆمەڵگای بدەن.


یان بە بیانوی ئەوەی هەموو یەکێتی لەو ڕووداوانە بەرپرسە، فایلی کاراکتەرو کەسایەتیەکان کە ڕاستەوخۆ بەشداربوون لەو ڕووداوانەدا بشاردرێتەوە. چۆن بەعس بەرپرس بوو لە ڕووداوی دوجیل و هەڵەبجەو دەیان کەیسی تر بەڵام کارکتەرەکانی درانە دادگا و ریَِگەی شاردنەوەیان پێنەدرا؟ وە چۆن بەعس تاوانکارە بەرامبەر بە جەنگی لەدژی خەلکی کوردستان، بە هەڵەبجەو ئەنفال و هەموو کارە سەرکوتکەرەکانی تریەوە، ئاواش کاراکتەرو جێبەجێکەرانی ئەم ڕووداوانە دەبێ دەست نیشانبکرێن و بدرێنە دادگا. لەکەیسی هەڵەبجەدا دەبێ تاوانبارانی کوردیش هەرکەسێک هەیە لەگەڵ کاراکتەرە بەعسیەکان بدرێنە دادگا. هەروەها ڕاستە یەکێتی بەرپرسیارە لە ڕووداوی پشت ئاشان بەڵام دەبێ بزانرێت کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕووداوانەو جێبەجێکەرانی کێ بوون تا بدرێنە داگاو یاسا بڕیار بدات.


هەر کەس و لایەنێک بەهەر بیانویەک خۆی بدزێتەوە، لەبەرپرسیاریەتی نواندن بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی ئەم ڕووداوانە، پێبزانێت یان نا، دەچێتە بەرەی دژ بە ڕاستی ووتن و خواستی خەڵکی کوردستانەوەو بەشدار دەبێت لە شێواندنی مێژوویەکی نزیکی خەڵکی کوردستان.


سەیر ئەوەیە ژمارەیەک نوسەرو ڕۆژنامەنووسی ئەهلی وەکو نووسەرانی حیزب و موچەخۆرانیان، نابەرپرسانە لە جیاتی نەخشی حرفەیی خۆیان بگێڕن، خەریکی پاساو هێنانەوەن بۆ دیزە بەدەرخۆنە کردنی ئەم ڕووداوانە، لە جیاتی ئاشکراکردن و پەردەهەڵماڵینییان.


هەندێک دەڵێن، بڵاوکردنەوەی یاداشت و دیکۆمێنتەکان لە لایەن مام جەل و نەوشیروان مستەفاوە وەختی نییە، دەڵێن هەڕەشەی بەغدامان لەسەرە. یان ئەڵێن ئەمانە کێشەی شەخسین، دەڵێن ئەمانە بە شێوەی ئاکادیمی نەنوسراون و بڵاونەکراونەتەوە...تاد.


تائەوە جێگایەی ئەم بەڕێزانە دەڵێن ئەمە کێشەی شەخسی نێوان تالەبانی و نەوشیروانە، ناڕاستیەکی گەورە دەرخواری کۆمەڵگا ئەدەن، چونکە هەموو کەسێکی هوشیار ئەزانێت کێشمەکێشی نێوان "یەکێتی و گۆڕان" ەو تەواو سیاسی یە، هاوکات هەریەک لە نەوشیروان مستەفاو مام جەلال چەندین جار ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە کێشەی ئەوان، کێشەی شەخسی نییە. ئەمان خۆیان کردۆتە دەم ڕاستیان و ئەڵێن کێشەی شەخسی یە، ئەمە لە کاتێکدا دەبینن ململانێی نێوان گۆڕان و یەکێتی لەهەموو ئاستێکدا دیارە. هەروەها ئەم کێشانەش کە ئاماژەیان پێدراوە باس لە یاداشت و مێژوو نوسینەوە نییە، باسی چەندین ڕووداو مەرگەساتە کە بەرپرسانی باڵای حیزبه‌کان دەستیان تیای هەبووە، وە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە لە خوێن هەڵکێشانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت بەریزی ریکخراویی خۆیان و پێشمەرگەکانیانەوە هەیە. بەهەر هۆیەکەوە ئەمانە بڵاوبکرێنەوە خەڵکی تامەزرۆیانە و دەیانەوێ بزانن مێژووی بەخوێن نوسراوی ناوخۆ کێ قارەمانی بووە؟


تا ئەو جێگایەش باسی ئەوەیە کە وەزعی سیاسی کوردستان حەساسە، هەڕەشە لەسەر کورد هەیە دیسان ناڕاستیەکی تر دەرخواردی کۆمەڵگا ئەدەن، چونکە یەکێتی لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات لە بەغداو چەندین پۆستی گرنگ و حەساسیان هەیە، تا ئەو شوێنەش بە نەوشیروان مستەفا ئەگەرێتەوە ئەوە خودی نەوشیروان مستەفا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەڕەشە لەسەر کوردستان نەماوە، ئیتر نازانرێ چ شتێک لەپشت ئەم ناڕاستیانەوە هەیە کە ئەم بەڕێزانە بانگەشەی ناڕاستی بۆ دەکەن و ئەبنە وەکیلی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا.


هەروەها دەڵێن ئەمە بار گرژی لێدەکەوێتەوە، بەمەش پێمان دەڵێن کە ئەمانە ئامادەی خوێن ڕشتنی ترن، ئەمانە بەرگەی رەخنەیەک ناگرن کەهێڵە سورەکان دەبەزێنێت. بۆ ئەمەش لە جێگای ئەوەی پێداگری ئەوە بکەن کە تاوانبارانی ئەم ڕووداوانە کە مام جەلال باسی گۆشەیەکی زۆر بچکۆلەی ئەکات، و زوربەی بەرپرسە حیزبیەکانی تریش کێوێک بەڵگەنامەی نهێنی و گرنگ و پەیوەندیدار بە مەرگەساتەکانی خەڵکی کوردستانیان لایە، بخەنە بەردەم ڕای گشتی و گوشاری ئەوە بێهنن کەپێویستە هەموو بەرپرسەکانی حیزب و ئەوانەش لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانن بەڵگەنامەکانیان ئاشکرا بکەن و تاوانبارانی بەشدار لەم ڕووداوانە بخەنە بەردەم لێپرسینەوە و یاسا، بۆ ساغکردنەوەی ڕاستی و دروستی ئەم تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، کەچی ڕێگای چاوپۆشی پاساو هێنانەوەیان گرتۆتە بەر، هەر بژین ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ئەهلی!!!!!!! بۆ خۆتان و پێداگریتان بۆ گەیاندنی زانیاریەکان بە کۆمەڵگا.


لە کۆتایی ماوەتەوە بڵێم، ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و ڕاستگۆ و و هەر حیزب و ڕێکخراو کۆڕو کۆمەڵێکی خۆ بەبەرپرس زان و هەر ڕۆژنامە و ناوەندێکی ئینسانی ئەوەیە کە نەهێڵن ئەم پەروەندەیە دابخرێت و بخرێتە ژێر سایەی هاژو هوژی ترەوە، ئەرکیانە گوشار بهێنن بۆ بەرپرسان کە بەڵگەنامەکانیان بۆ ڕای گشیتی بڵاوبکەنەوە، تاوانباران ڕابکێشنە بەردەم دادگایەکی عادلانە.

 


13-12-2009