سازدانی: رزگار کۆچه‌ر
دارا ئه‌حمه‌د - شاعیر و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس - جگه له‌وه‌ی هه‌فت ساڵ (١٩٨٥- ١٩٩١)پێشمه‌رگه بووه، چه‌ند په‌رتووکێکی ئه‌ده‌بیی و رامیاریی و هزریی به‌رهه‌مهێناوه و چه‌ند ساڵێکیش پێش راپه‌ڕینی ١٩٩١ له شاخ ده‌ستی به‌کاری رۆژنامه‌نووسیی کردووه و له ساڵی ١٩٩۴ وه‌ک سه‌رنووسه‌ری یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی ناحیزبیی به‌ناوی (رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ) یه‌که‌مین به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی کوردی داناوه، ناوه‌ناوه‌ه‌ش ووتار و بابه‌تی رۆژنامه‌نووسی له گۆڤار و رۆژنامه‌کانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بڵاوکردۆته‌وه، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ (٢٠٠٣ - ٢٠٠٦) سه‌رۆکی (کۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیریی کوردی- کێرکلیس) بووه له به‌ریتانیا، ئێستاش بۆ ماوه‌ی دوو ساڵه به‌ڕێوه‌به‌ری (ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ)یه.
رزگار کۆچه‌ر: تکایه را و سه‌رنجی خۆتان له‌سه‌ر یادی ١١١ ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی که ده‌که‌وێته ٢٢ ی نیسانی ٢٠٠٩ ده‌رببڕن و تێشیدا باس له‌و هۆکارانه بکه‌ن که بۆچی تا ئێستا رۆژنامه‌کانی کوردستان نه‌یانتوانیووه رای گشتیی بجوولێنن و خۆیان له چوارچێوه‌ی ته‌سکی حیزب رزگار بکه‌ن؟
- سه‌ره‌تا له‌و یاده پڕ بایه‌خ و گرنگه سه‌ری رێزمان بۆ تێكڕای شه‌هیدانی کاروانی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی داده‌دوێنین و پیرۆزباییش له هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و کارمه‌ندانه‌ی بواری رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی ده‌که‌ین که به ماندووبوون و شه‌ونخوونیی خۆیان و به توانای مادی خۆیان و به خۆبه‌خشیی درێژه‌یان به کاری رۆژنامه‌نووسیی داوه و هه‌رده‌م به هۆی کاره‌کانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و دین و دابونه‌ریته دواکه‌وتووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌مان تووشی ئازاردان و نابڕاوکردن و زینداکردن و سووکایه‌تیپێکردن بوون جا ده‌سه‌ڵاته‌که چ ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌رانی کوردستان بووبن یان ده‌سه‌ڵاته دواکه‌وتووه‌که‌ی کوردستان به‌تایبه‌تیش سه‌رانی پارتی و یه‌کێتیی و ئیسلامییه کۆنه‌په‌رسته‌رسته‌کان.
ساڵانێکی دوورودرێژه حوکمی ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌سه‌ڵاتداران و داگیرکه‌رانی کوردستان میلله‌تی کوردیان له‌سه‌ر زێدی خۆیان به‌میوان زانیووه و ساده‌ترین مافی نه‌ته‌وایه‌تییان پێ‌ره‌وا نه‌بینیوون و نه یانهێشتووه رۆڵی خۆیان له کایه ژیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ببینن و ژیانێکی شایسته به‌خۆیان بنیاتبنێن، ئه‌وه بۆته یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که به‌شێک له تێکۆشه‌رانی کورد به‌رده‌وام په‌نایان بۆ ووڵاتانی تر بردووه بۆئه‌وه‌ی بتوانن له‌سه‌رێک گیانی خۆیان بپارێزن و له سه‌رێکی‌تر هه‌ندێک جووله‌ی به‌ره‌نگاریی تێدا بکه‌ن . . به‌درخانییه‌کان خێڵێک بوون له‌و تیکۆشه‌ره نه‌ته‌وه‌ییانه که په‌نایان برده‌به‌ر ووڵاتی (ئه‌هرام)ه‌کان - ووڵاتی چه‌وسێنه‌ران به درێژایی مێژوو - و توانیان له‌وێوه به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه له ساڵی ١٨٩٨ یه‌که‌م ژماره‌ی(رۆژنامه‌ی کوردستان) ده‌ربکه‌ن و به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی - به‌ڵام لایه‌ندار - دابمه‌زرێنن که پاشان بووه سه‌رچاوه و سه‌ره‌تایه‌کی زۆر گرنگ و پڕ بایه‌خ بۆ فه‌رهه‌نگی کوردی.
به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌و بزووتنه‌وه رۆژنامه‌نووسییه‌ی که له‌سه‌رتاوه ده‌ستیپێکرد سه‌ر به جووڵانه‌وه‌یه‌کی رامیاریی کوردایه‌تیی و خێله‌کیی و داغان به که‌لتووری ئیسلامیی بوو بۆیه نه‌یتوانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌کی ئازاد و بێلایه‌ن به‌رهه‌مبهێنێ، پاشانیش به هۆی ئه‌وه‌ی که کورد قه‌واره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه هه‌رده‌م روژنامه‌گه‌ریی کوردی وه‌ک پاشکۆ و ته‌واوکه‌ری هێز و لایه‌نه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی ره‌وتی گرتووه.. ئه‌گه‌ر هه‌ندێک بزاڤی رۆژژنامه‌گه‌ریی سه‌ر به ره‌وته چه‌پ و کۆمۆنیستییه‌کانی لێده‌رکه‌ین ئه‌وا ئه‌وانیدی هه‌ر زۆر کۆنه‌په‌رستانه و پیاوسالارانه بوونه و ته‌نیا بۆ راژه‌کردن به رامیاریی ته‌سکی حیزبایه‌تیی و لایه‌نه‌کان ده‌رفه‌تیان پێدراوه ، دیاره نه‌بوونی ئازادیی رۆژنامه‌نووسیی مۆرێک نییه هه‌ر ته‌نیا به‌نێوچه‌وانی سه‌رانی میلله‌تی کورده‌وه نووسابێ.. به‌ڵکه سه‌رجه‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی نێو سیسته‌می کۆن و ئێستای جیهان به به‌نێو پێشکه‌وتووه‌کانیشه‌وه هه‌رگیزاو هه‌رگیز به نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی ئازاد و پێشکه‌وتووخواز و راسته‌قینه شادمان نه‌بوونه و هه‌رده‌م و چه‌ندی بۆیان کرابێ به‌ربه‌ستی جۆراوجۆریان له‌به‌رده‌م دروستکردوون وه‌ک رێگه‌لێگرتن و په‌راوێزخستن و ئازاردان و گرتن و زیندانکردن و تیرۆرکردن و دروستکردنی میدیای چه‌واشه و کوشتنی ئازادیی قسه‌کردن و نانبڕاوکردن و...هتد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆمان تا ئێستاکه‌شی له‌گه‌ڵدا بێ که دوو حیزبی سته‌مگه‌ر و سه‌ربازیی زۆربه‌ی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌کانیان کۆنترۆل کردووه هه‌ر زۆر دڕندانه‌یه و ئه‌گه‌ر هه‌ندێک کۆششی میدیایی لێره و له‌وێی ناوخۆ و به‌تایبه‌تییش ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی لێده‌رکه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بێژین ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی و هه‌ر ته‌وا په‌ڕوباڵی کراوه.
هۆکاره‌کان زۆر زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی که تا ئێستا رۆژنامه‌کانی کوردستان به تایبه‌تیی و میدیای کوردی به‌گشتیی نه‌یانتوانیووه رای گشتیی بجوولێنن و له چوارچێوه‌ی ته‌سکی بڕیار و بۆچوونه‌کانی حیزب رزگاریان ببێ له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه باوه‌ڕ نه‌بوونی حیزبه‌کان به ئازادیی قسه‌کردن و ئازادیی بیروڕای رامیاریی و دابڕانی ده‌سه‌ڵاته له جه‌ماوه‌ر که ئه‌وه‌ی به‌لایانه‌وه گرنگ نه‌بێ ماف و ئازادییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵه.. جگه له‌وه‌ش دوورییان له کێشه‌ی گه‌ڕاندنه‌وی ناوچه دابڕاوه‌کان و نه‌بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و هاوکاریی و هه‌ره‌وه‌زیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی پارچه‌کانیتری کوردستان و دۆزی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دۆخه‌که‌ی ئالۆزتر و قورس‌تر کردووه و ئاستی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی به جۆرێک دابه‌زاندووه که ئازادیی به پله یه‌ک بۆ که‌سانی کاسه‌لێس و ده‌رباره که له راژه‌ی هه‌ردوو خێلی بارزانی و تاڵه‌بانی و هه‌ندێک چه‌ته‌ی سه‌رده‌می شاخ و شه‌ڕی ناوخۆ دان به پله دووش بۆ رۆشنبیره چلکاوخۆره‌کانی سه‌رده‌می به‌عسی گۆڕبه‌گۆڕ و ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی که تا دوێنێ له به‌ره‌ی گه‌لدا بوون و ئێستا خۆیان به‌ده‌سه‌ڵات فرۆشتووه، جاروبارێکیش بۆ جوانکردنی ده‌سه‌ڵات و چه‌واشه‌کردنی میدیای ئازاد رێگه به هه‌ندێک خامه‌ی ئازاد و بوێر و هه‌ندێک رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ ده‌ده‌ن به‌ڵام هه‌ر زووبه‌زوو لێیان په‌ژێوان ده‌بنه‌وه و گرفتیان بۆ دروست ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر ملکه‌چیش نه‌بن بۆیان ئه‌وا به جۆرێک له جۆره‌کان ده‌مکوتیان ده‌که‌ن.
بۆ نموونه کاتێک ئه‌من به هاوکاریی کۆمه‌ڵێک هاوکارم یه‌که‌م به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌ی ئازاد و ناحیزبیمان دانا - که رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ بوو و له ١٥\٨\١٩٩۴ یه‌که‌م ژماره‌ی له هه‌ولێر ده‌رچوو - رۆشبیره‌کانی سه‌ر به ده‌سسه‌ڵات پێیان کارێکی سه‌یروسه‌مه‌ره بوو که چۆن ده‌کرێ رۆژنامه‌یه‌ک سه‌ر به هیچ حیزب و لایه‌نێک نه‌بێ و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه یارمه‌تیی مادیی نه‌درێ و به‌و شێوه ئازاد و تونده‌ش ره‌خنه له حیزبه‌کان و دابونه‌ریتی دواکه‌وتووانه بگرێ.. ئیدی ده‌سه‌ڵات به هه‌موو شێوه‌یه‌ک که‌وتنه دژایه‌تییمان و تا سه‌رئه‌نجام پێیان داخستین و هوورده هوورده‌ش بۆ سه‌رکوتکردن و له‌باربردنی ئه‌و بزاڤه رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی که ئه‌وکات له ئارادا بوو که‌وتنه دروستکردنی میدیای چه‌واشه که ئێستا خۆیان له‌و گۆڤار و رۆژنامانه ده‌بیننه‌وه که به ناوی گۆڤار و رۆژنامه‌ی ( ئازاد و ئه‌هلی یان رێکخراوه‌ی جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌یی) ده‌رده‌چن که‌چی له راستییدا هیچیان سه‌ربه‌خۆ نین چونکه پێش هه‌موو شتێک راسته‌وخۆ له لایه‌ن حکومه‌ت و حیزبه‌کانه‌وه لایه‌نه مادییه‌که‌یان بۆ دابین ده‌کرێ.. هه‌ندێکیشیان به‌شێوه‌یه‌کیی تاکتیکییانه بۆ ئه‌وه‌ی به جه‌ماوه‌ری نیشان بده‌ن که سه‌ربه‌خۆن راسته‌وخۆ یارمه‌تی وه‌رناگرن به‌لکه له رێگه‌ی هه‌ندێک که‌س که به نهێنیی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتن و له‌و رۆژنامانه کارده‌که‌ن یان خۆیان ئه‌و جۆره رۆژنامانه داده‌مه‌زرێنن ژێربه‌ژێر لایه‌نی مادیی و هه‌ر جۆره پێویستییه‌کی تر بۆ کاره سیخوڕییه‌کانیان دابین ده‌که‌ن و ئه‌وه‌ی کاریشی بۆ نه‌که‌ن ده‌نگی ئازاد و ئه‌و رۆشبیرییه بابه‌تییه که کۆمه‌لگه‌ی کوردستان پێویستییه‌تی.. جاروبارێکیش بۆ خۆنیشاندان ده‌رفه‌تییان پێده‌درێ هه‌ندێک ره‌خنه‌ی سه‌رپێیی و بێسه‌روبه‌ر له ده‌سه‌ڵات بگرن و خه‌ڵک به بابه‌تی لاوه‌کیی و نابابه‌تیی و بێسوود خه‌ریک بکه‌ن، باره‌که هێنده ئاڵۆز بووه که متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر به‌و رۆژنامانه زۆر لاواز بووه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سانێکی دڵسۆز و ئازادیش لێره‌و له‌وێ له‌خۆبووردووانه و له‌سه‌ر ئه‌رک و ماندووبوونی خۆیان رۆژنامه‌یه‌کی ئازاد ده‌ربکه‌ن یان به کارێکی رۆژنامه‌نووسیی ئازاد و بێلایه‌ن هه‌ڵبستن هه‌ر گومانیان لێده‌کرێ و ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانیش به نۆره‌ی خۆیان هه‌ر زووبه‌زوو ده‌چنه بن کلێشه‌یان بۆ دانه‌خۆرکردنیان ئه‌گه‌ر سه‌ریش نه‌که‌وتن ئه‌وا پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌که‌ن که سه‌ربه‌خۆیانن ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان بۆ نه‌چووه‌سه‌ر ئه‌وا به بڕیارێکی وه‌زاره‌ته رۆشنبیرییه نه‌زۆک و گه‌نده‌ڵه‌که‌یان یان به هۆی یاسا جه‌نگه‌لییه‌کانیان له دادگاییه‌کی سینارۆبۆکێشراو سنوورێکیان بۆ داده‌نێن یان هه‌ر به ته‌واویی له‌کاریان ده‌خه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش سه‌ریان نه‌گرت و هه‌ستیان کرد ئه‌و که‌سانه مه‌ترسیدارن بۆیان و ره‌نگه ببنه هۆیه‌کی سه‌ره‌تایی بۆ دروستبوونی میدیای ئازاد ئه‌وا به نامه‌ی نهێنیی هه‌ڕه‌شی کوشتنیان لێده‌که‌ن و ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا سێ و دووی لێناکه‌ن و به جۆرێک له جۆره‌کان تیرۆریان ده‌که‌ن.
جا که نه‌بوونی ئازادییه‌کان و کرده‌ی سه‌رکوتکردن لۆژیکی حیزبه‌کان بێ و وه‌ک مۆرکێک به ئاکاری ده‌سه‌ڵات وه‌نووسابێ پێویست ناکا باسی هۆیه‌کانی تر بکه‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی ئازادیی درا ئه‌وا به‌لایه‌نی که‌م له ووڵاتی ئێمه‌ش پێبه‌پێ وه‌ک ئه‌وه‌ی له ووڵاته به‌ناوپێشکه‌ووتووه‌کان هه‌یه خۆبه‌خۆ یاسا و رێسای له‌بار بۆ کاری رۆژنامه‌گه‌ریی و په‌یڕه‌وکردنیان و ده‌وله‌تی دامه‌زراوه‌یی و دوورخستنه‌وه‌ی دین له ده‌وله‌ت و سنووردانان له نێوان کاری حیزب و کاری ده‌وڵه‌ت و گه‌شانه‌وه‌ی ئابووریی و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی و خۆشگوزه‌رانیی و چاوکرانه‌وه‌ی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر گه‌نده‌ڵیی و دابونه‌ریته دواکه‌وتووه‌کان و... هتد دروست ده‌بن که ئه‌مانه‌ش هوورده هوورده باری رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌بووژێننه‌وه پێبه‌پێ پتر دوور ده‌که‌ونه‌وه له فه‌رمانه سته‌مگه‌رییه‌کانی حیزب و ناوه‌رۆکێکی ئازادانه‌تریان تێدا سه‌قامگیر ده‌بێ ، به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌تی ئازادییه‌ش هه‌روا له‌خۆڕا دروست نابێ و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کان به‌تایبه‌تییش ئه‌وانه‌ی لای خۆمان نه‌ک رێگه‌ی بۆ خۆش ناکه‌ن به‌ڵکه به تووندترین شێوه به‌رانگژیشی ده‌بنه‌وه.. بۆیه ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه دڵسۆز و ئازادانه‌یه که دڵیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیی و وه‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه‌کان لێده‌دا به خه‌بات و کۆششی خۆیان ئه‌و ترووسکه ئازادییه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی که له ناوه‌وه و به تایبه‌تییش له ده‌ره‌وه که خۆی له چه‌ند ماڵپه‌ڕێک ده‌بینێته‌وه هه‌لگیرساوه پتر و پتر بگه‌شێننه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته ئافه‌ریده بکه‌ن.
هه‌رچه‌نده داری خۆزی به‌رناگرێ و له‌دوو چوانیش نه‌چین باشه، به‌ڵام له کۆتاییدا ده‌ڵێم : خۆزگه وه‌ک چۆن شانازیی به ده‌ستپێکی پێشکه‌وتووخوازانه‌ی هۆنراوه و ئه‌ده‌بی نوێی کوردی ده‌که‌ین که تا ئێستاش بۆن و به‌رامه‌ی چه‌پگه‌ریی به‌رنه‌داوه و له‌هه‌ستی جوان و به‌رزی مرۆڤپه‌روه‌ریی دانه‌شۆراوه و به به‌ردوامییش رۆڵی کارای رۆشنبیریی خۆی بینیووه و ده‌بینێ.. ئاوه‌هاش بمانتوانیبا شانازییمان به ده‌سپێکی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی بکردبا و ئه‌و ده‌سپێکه له‌ژێر هزر و بۆچوونی میر و سه‌رۆک خێڵ و فه‌رهه‌نگی ده‌ره‌به‌گیی دانه‌مه‌زرابا که تا ئێستاش قورساییه‌کی ره‌زاگرانی له‌سه‌ر سه‌رجه‌می رۆژنامه‌گه‌رییمان هه‌یه و ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رکرده و مه‌رکرده خۆپه‌رست و تاکڕه‌وه‌کان ده‌ستبه‌رداری نابن ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی دڵسۆز و ئازاد له نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسان نه‌یێنه پێش.
١٨\۴\٢٠٠٩
|