په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١١\٢٠١٢

دارا ئەحمەد:
دیجلە و سەحوە و مەهدی موجاهیدان و فەلەک و

فەرماندەیی و... هتد میلیشیای مافیاکانن نەک هێزی خەڵک.


سازدانی: رزگار رەزا    


خوێندنەوەت چییە، بۆ دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی کەرکوک، کە فەرماندەکەی ئەندامی فیرقەی سەردەمی بەعس بووە، ئایا فەرزکردنی ئەم فەرماندەییە سەربازییە بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان بەبێ پرسی کورد هۆکارەکەی چییە؟ غیابی کورد؟ لاوازی کورد؟ یان چی؟ مەترسی چییە؟ و بەگشتی خوێندنەوەتان چییە؟

دارا ئەحمەد: پێش هەر تشتەک گەرەکە ببێژین سەرجەمی هێزە چەکدارەکانی عێراق و کوردستان لە سوپا و پۆلیس و هێزە بە ناو ئاسایشپارێزەکان هێزی میلیشیایین و هیچ پەیوەندییەکیان بە پاراستنی نیشتیمان و ئاسایش و گیانی هاوڵاتیان و سامانی سەرزەوی و بن زەوی و ئاسمانی نیشتیمانەوە نییە، بەڵکە ئەوانە هەموویان چەکداری بەکرێگیراوی پاراستنی بەرژەوەندییە مافیایی و خێڵەکیی و دینییەکانی ئەو سەرۆک و مەرۆک و حیزب و لایەنانەن کە ئێستا بە ناوی حوکمڕانیی وڵات خەڵکی عێراق و کوردستانیان لە کاولکاراریی و برسیەتیی نائارامیی و سەرکوت و تیرۆر هەکێشایە.. نەک هەر هیچ فڕیان وەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتیمان و چینە نەدار و زەحمەتکێشەکان و خەڵک بە گشتییەوە نییە بەڵکە خۆیان گەورەترین رێگرن لەبەردەم ئاسایش و ئارامیی ئەو دەوڵەتە بێ واتا و گاڵتەجاڕییەی کە بە عێراقی فیدراڵیی ناوزەدی دەکەن.

جا لە بارودۆخەکی لەو جۆرە؛ کۆمەڵە چەتەیەک بە ناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە کە تێکەڵەیەکن لە (کۆیلە ئیسلامییەکان و کەونە بەعسییەکان و بێکارانەکی ناچار) و لە ژێر سەرپەرشتی دیکتاتۆریەتی توندڕەوی ئیسلامیی مالیکی رێکخرانە.. هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ کە لە ململانێیەکانیاندا لە بەرانبەر هێزە میلیشاییەکانی دیکە بە تایبەتییش لە بەرانبەر هێزە خێڵەکیی و پاوانخوازییەکەی بارزانی - کە هەر هەموویان سامان و توانستەکانی خەڵک بە تاپۆی رەشی سەرۆکە دیکتاتۆرەکەکان دەزانن - بە دەستتێوەردانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان و وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و سیاسەتە دیموکراسییە دڕندانەکەی داگیرکاریی ئەمەریکا و بەرژوەندخوازەکانی رۆژئاوا.. کەرکووک و ناوچە بەزۆر دابڕایەکانی کوردستان وەک دوگمەیەکی ئامادەی هەڵگیرساندنی شەڕە سیاسەتبازە دژەمرۆییەکانیان بەکاربهینن و هەر کات گوشاری خەڵکی بێبەش و رەوتی سەربەخۆخوازیی کوردستانیان بکەویتەسەر یەکسەر پەنجەی پێوە بنێن و بە ناوی پاراستنی سەروەریی و ئاسایش و یەک پارچەیی نیشتیمان بە تۆبزیی خەڵک بە کێشە رووکەش و بێ بنەمایەکانیان خەریک بکەن.

سەرەڕای ئەوەی کورد یان خەڵکی کوردستان هیچ نوێنەرێکی راستەقینەی لە بەغدا نییە و ئەوەی هەیە چەند ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیرێکی داردەستی حیزبەکان و سەرکۆمارێکی کارتۆنیی بە ناو فیدراڵیی عێراقە، ئەوەی لە کوردستانیش دەیبینین چەند مافیایەکی بازرگانیی گرێبەستەکانی نەفت و کۆنتراکتکاریی چێکردنی باڵەخانە و شەقامانن.. رۆڵی دوو پۆلیسی هەردوو رژێمە داگیرکەرەکەی تورکیا و ئێران دەبینن و لە رێی دوو میرنشینی هەولێر و سلێمانی خۆیان وەسەر سێ شاری کوردستان داسەپاندییە.. ئەوانیش هەروەک فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە لایەکی هاوکێشەکەن و هەروەک ئەوانیش کێشەی کەرکووک و ناوچە بەزۆر دابڕایەکان لە بەرانبەر ناڕەزایەتییەکانی گەل بەکاردەهینن، هەر هەمووشیان لە پێناو مسۆگەرکردنی بەشە بوودجەکەیان و دزینی داهاتی نەفت و رەوییدان بە دادۆشینی مییلەت.. بارزانی ئاسا بازرگانیی بە کەرکووک و سەربەخۆیی کوردستانەوە دەکەن کەچی ناوێرن و ناتوانن فزە لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتە داگیرکەر و دڕندەکانی تورکیا و ئێران بکەن کە رۆژانە لە هەردوو دیوی باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان سنووری باشوور دەبەزێنن و تا بن هەولێر بە تۆپ و فڕۆکە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی بێوەی ناوچەکە.. ئەوە جگە لەوەی تا ئێستا چەندین بنکەی سەربازیی تورکیا بە چاوپۆشیی لێکردن لە لایەن ئەمەریکاوە لە نێو خاکی هەرێمدا هەن، ئیدی ئەو مافیایانەی کوردستان خۆپەرستیی و بەرژەوەندییە کەسیی و بنەماڵەییەکانی خۆیان هێندە لەکن گرنگە کە لە دەستیان دێ تێکڕای کوردستان بە خاک و خەڵکەوە بە قوربانی یەک پەنجەی (بابۆ)یەکانیان بکەن!

دواییش ئەگەر گریمان خەڵکی کوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆشیان هەبی.. ناشێ و ناکرێ هەرگیز لە چارچیوەی عێراقەکی ژێر سەرپەرشتیی شۆڤێنیستی عەرەبیی و کۆنەپەرستی ئیسلامیی جێیان ببیتەوە.. هەرگیز رێشی تێ ناچی بزوێنەرانی هێزگەلەکی وەک دیجلە ئەوەیان لێ بوەشێتەوە لە بزواندنی هێزەکانیان پرس بە هیچ کەس و لایەنەک بکەن کە بە ئاستەم بۆنی گەلیان لێ بێ، هەروا بە پێچەوانەشەوە ئەگەر گریمان حکومەتی بەغدا دەسەڵاتەکی مرۆڤدۆستانە یان پارێزەری لایەنی کەمی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمانیش بی.. ئەوە هیچ نوێنەرێکی راستەقینەی خەڵکی کوردستان بوونی نییە تا لە جوولاندنی سوپایەکەی - کە دەبی سوپای پاراستنی سنوورەکانی نیشتیمان و ئاسایشی نێوخۆ بێ - پرسی پێ بکا، یان ئەوکات سوپایەکی ئەوها دەبی سوپای کوردستانیش بی و لە جیاتی ئەوەی خەریکی هەڵگیرساندنی جەنگی رەگەزپەرستانە بی لە کەرکووک.. دەبی بچی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستدرێژیی هێزە دڕندە و شەڕانگێزییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکیا بپارێزی، وەلی ئەوە خەون و ئەندێشەیەکی زۆر ساویلکانەیە چونکە بناغەی دروستبوونی عێراق هەر لە سەرەتاوە لە لایەن دەستی دەرکیی و بە پێی بەرژەوەندییە داگیرکارییەکانی خۆیان و کرێگرتەکانی نێوخۆ بە تۆبزیی و لەسەر زەمینەکی فشۆڵ و رفۆک دامەزرایە.. ئەگەر بە زەبری ئاگر و ئاسن نەبی هەرگیز نە ئەو دوو حکومەتەی ئێستای عێراق و هەرێم دەتوانن حوکم بکەن نە هیچ حکومەتەکی پاش ئەوانیش، لەبەرئەوە فرە چاکتر و لەبارترە ئیدی خەڵکی ئازادییخوازی کەرکووک و ناوچە بەزۆر دابڕایەکان و تەواوی خەڵکی کوردستانی باشوور چیدی دەرفەتی جێبەجێبوونی ئەو پیلانە دژە مرۆییانە نەدەن و بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان کە هێزی گەلە بە رووی تێکڕای ئەو سەرۆک و مەرۆکە بنەماڵەیی و حیزبیی و دینییانە بتەقنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان رابگەیەنن و حکومەتەکی دوور لە ناوچەگەریی و رەگەزپەرستیی و دینیی دابمەزرێنن.


ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک