ههڤپهیڤینهک له‌گه‌ڵ '' دارا ئه‌حمه‌د ''.
-به‌رێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ -
سازدانی: هەڵۆ مەرگەیى
میدیا: قۆناغى ئێستاى خەباتى سیاسى خەڵکى کوردستان چ سیاسەت کارێکى گەرەکە؟ دارا ئه‌حمه‌د: خه‌باتی سیاسی له هه‌ر قۆناغێک بێ هه‌ر خه‌باتی سیاسییه و هیج جوایێزییهکی نییه، ئه‌وه سیاسه‌تبازانن هه‌ر رۆژه و سیاسه‌تکارێکمان بۆ ده‌خه‌نه‌ڕوو.. ده‌نا له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ خه‌باتی سیاسیی ده‌کا هه‌ر یه‌ک جۆر سیاسه‌تی کردووه ئه‌ویش راهێنانی میلله‌ته - به پێی ئاستی هۆشمه‌ندیی که‌سه‌کان و ئاستی پێشکه‌وتنی ژیان - بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرفته‌کانی ژیان و ده‌سه‌ڵاتداران له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی هه‌رچی زیاتری ماف و ئازادییه‌کان و سه‌ره‌نجام چێ‌کردنی ژیانێکی ئاسووده و ئارام، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێ و شهڕپشیلهیهی که زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری سیاسه‌تبازانی ئێستای جیهان به گشتیی و سیاستبازانی کورد به‌تایبه‌تیی ئه‌نجامیده‌ده‌ن به سیاسه‌ت و سیاسه‌تکار دابندرێ و وابزاندرێ ئه‌و جۆر و شێوازه له سیاسه‌تکردن خۆبه‌خۆ قۆناغی جودا جودای خه‌باتی سیاسیی به‌رهه‌مدێنێ ئه‌وا ئه‌من به راشکاوییه‌وه ده‌ڵێم : ئاھ که بۆرژوا ده‌سه‌ڵاتداره نهدیوبدییهکانی ئێمه له‌پاشن و ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وها بێتێ ئه‌وا هه‌رگیز ناهێڵن کورد به سه‌رله‌به‌ری مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانیان بگه‌ن و له‌و ژیانه مهمرهومهژییهی ئێستا رزگار ببن.
میدیا: ڕۆشنبیران ڕۆڵى هەرە گرنگ لەپێشخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و ...هتد لەکۆمەڵدا دەگێڕن، ئێوە ئەو هێزە لەڕۆشنبیرانى کورد دا بەدیدەکەن ؟ دارا ئه‌حمه‌د: به‌ڵی من زۆر به‌جوانیی ئه‌و هێزه له رۆشنبیرانی کورد به‌تایبه‌تییش له‌نێو خه‌ڵکی هه‌ژار و زه‌حمه‌تکێش به‌دیده‌که‌م نه‌ک ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌گوترا رۆشنبیرانی شۆڕشگێر که تا دوونێ به هۆی هه‌بوونی دیکاتۆریی به‌عسی به ناچاریی که‌وتبوونه به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستکار که‌چی ئێستا زۆربه‌یان به شێوه‌ک له شێوه‌کان خۆیان به ده‌سه‌ڵات شۆڕکردیتهوه و هه‌ندێکیشیان له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات پێکینهکردوون له گه‌مه‌ی رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک هێشتا هه‌ر جنێو ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کێکێکی نه‌رمتر و شیرنتر بۆخۆیان بپچڕێنن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مڕه‌وی دین و دابونه‌ریتی دواکه‌وتووی داسه‌پاو هێنده سه‌رسه‌خت و دڕنده‌یه هه‌روا به ئاسانیی ده‌رفه‌تی رۆشنبیران یان چین و توێژه به‌رهه‌ڵستکاره‌کان ناده‌ن رۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن له پێشخستنی باری کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و ئابووریی و ...هتد ئاخر ئێستا بارودۆخی رۆشنبیران به جۆرێک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران ناله‌بار کراوه که ئه‌گه‌ر رۆشنبیرێک سه‌ر به ده‌سه‌ڵات و یه‌کێک له‌و پارت و رێکخراوه پاشکۆیانه‌ی یه‌کێتیی و پارتی نه‌بێ که مۆڵه‌ت پێدراون له کوردستان ئه‌وا هه‌موو که‌نالێکی خۆده‌ربڕینی لێده‌گیردرێ و ئه‌گه‌ر هه‌ر کۆڵنهدهریش بێ ئه‌وا یا ده‌بێ رێگای هه‌نده‌ران بگرێته‌به‌ر یا به نابڕاوکردن و چاولێسۆرکردنهوه کارکه‌ناری ده‌که‌ن .. ئه‌گه‌ر به مه‌ترسیی گه‌وره‌شی بزانن ئه‌وا به حوکمی قه‌ره‌قۆش و له‌ژێر رۆشنایی یاسا و ده‌ستووری به‌عسی یان به ئه‌شکه‌نجه‌دانی راسته‌وخۆ یان به تیرۆرکردن سزای ده‌ده‌ن.
میدیا: کورد لە باشوور، برسیەکانى لەمەترسییەکانى سەر دۆزەکەى زیاترن، ئایا ئەوە ڕەنگدانەوەى گەندەڵى حکومەتەکەیەتى یان کاریگەریەکانى پشتخانى کەلتورى؟ دارا ئه‌حمه‌د: ئه‌رێ گه‌نده‌ڵیی حوکمی کوردستان هۆکارێکی گه‌لله‌ک گه‌وره‌یه بۆ دروستبوونی برسیێتیی به‌ڵام هۆکاری گه‌وره‌تر جۆری سیسته‌می حوکمه‌که‌یه‌تی که جگه له‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی سه‌رمایه‌دارییه و سه‌ر به دڕندهترینهکهیانه که ئه‌مه‌ریکاییه.. پێکهاته‌یه‌کی ده‌ره‌به‌گیی دواکه‌وتووی ملکه‌چ به سه‌رمایه‌داریی نه‌دیوبدی و تازهسهرههڵداوی کوردستانه و به فه‌رهه‌نگی دین و دابونه‌ریتی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستیش موتربه‌کراوه ، ده‌کرێ بپرسین برسیێتیی ره‌نگدانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی حوکمه یان ره‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌می حوکمه؟ به‌ڵام هه‌رگیز ناکرێ پشتخانی که‌لتووریی کورد یا ئی هیچ میلله‌تێک له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵیی حوکم به‌راورد بکرێ یان ببێته هۆیه‌ک بۆ برسیێتیی چونکه پشتخانی که‌لتووریی له‌نێو هه‌ناو و گیانی پڕ له جووله و چاڵاکیی کۆمه‌ڵ له‌دایک ده‌بێ و ته‌نانه‌ت له مێژوودا پشتخانی که‌لتووریی دواکه‌وتووترین کۆمه‌ڵ که کۆمه‌ڵی قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤه به پێچه‌وانه‌وه کاریگه‌ریی زۆری هه‌بووه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی برسیێتیی.. ئه‌وکات له‌گه‌ڵئه‌وه‌ی که مرۆڤ ههرئهوهته له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌کان لێکدهکرایهوه که‌چی جۆرێک که‌لتووری یه‌کسانیخوازیی له‌نێویاندا په‌یڕه‌وکراوه که هه‌رچی هه‌یانبووه یان په‌یدایان کردووه به‌بێ جوایێزیی هه‌ر هه‌موویان سوودیان لێوه‌رگرتووه، به‌ڵام ئه‌و چه‌مک و ره‌وتی به‌رێوه‌بردنی ژیان و ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران که به پشتخانی که‌لتووریی میلله‌ت ناوده‌بردرێن به‌هه‌ڵه‌داچوون یان چه‌واشه‌کارییه‌کی گه‌وره‌ن و دوورن له فه‌رهه‌نگ و ویژدانی هه‌ر میلله‌تیک و ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ک شیرێکی دووسه‌ره به‌کاریده‌هێن؛ له‌لایه‌ک بۆ خۆ جوان نیشاندانی خۆیان که گوایه ئه‌و خراپه‌کاریی و دواکه‌وتنانه‌ی بوونه‌ته دیارده‌یه‌کی باو له نێو کۆمه‌ڵ سوچی ئه‌وانی تێدا نییه و پێشینه‌یه‌کی که‌لتووریی هه‌یه و ئه‌وان لێی به‌رپرس نین له لایهکیتریش وا نیشانی خه‌ڵک بده‌ن که ئه‌وه‌تا ئه‌وان ده‌یانه‌وێ گۆڕان و بهرهوپێشهچوون بۆ کۆمه‌ڵ دروستبکه‌ن به‌ڵام ئه‌و خراپه‌کاریی و دواکه‌وتنه‌ی که به ئه‌ندێشه‌ی خاوی خۆیان گوایه خه‌ڵک دروستیکردوون و هه‌ر خه‌ڵکیشه ناهێڵێ له‌ناوببردرێن سه‌ره‌نجام ئه‌وان پێێ ده‌ڵێن پشتخانی که‌لتووری، که له‌راستییدا پشتخانی که‌لتووریی هه‌رگیز ناڵێ و نایه‌وێ کۆمه‌ڵێک که‌سی ته‌مبه‌ڵ و کارنه‌که‌ر و مشه‌خۆر و خۆپه‌رست و شه‌ڕخواز که که‌مینه‌یه‌کی زۆر که‌می نێو کۆمه‌ڵن به نێوی ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێک هی ئه‌وان بێ و له هه‌موو شتێک به‌هره‌مه‌ند بن و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان زۆرترین خه‌ڵکی نێو کۆمه‌ڵ که هه‌موو شتێک به ماندووبوونی ئه‌وان دروست ده‌بێ جگه له برسیێتیی و نه‌خۆشیی و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کانی تر خاوه‌نی هیچ شتێک نین و له هیچ شتێک به‌هره‌مه‌ند نین بچه‌وسێننه‌وه و به ئاره‌زووی خۆیان گه‌مه به چاره‌نووسیان بکه‌ن و له ساده‌ترین ماف و ئازادیی بێبه‌شیان بکه‌ن و نه‌هێڵن به ئاسووده‌یی هه‌ناسه‌یه‌کی پڕ له ئۆخه هه‌ڵبمژن.
میدیا: لەکوردستاندا ڕۆژنامە حزبیەکان ڕەنگدانەوەى ئایدۆلۆژیا‌و، لانى کەم هزرێکى دەستە جەمعین، لەبەرامبەردا ئەهلیەکان بیر‌و هزرى ستافێکى حەوت کەسى تیایاندا زاڵەو دەشنووسن تازە کەرکووکمان لەدەست چوو، خوێندنەوەى ئێوە لەوبارەوە چییە؟ دارا ئه‌حمه‌د: له به‌رایی ئه‌ز ده‌بێژم تائێستا مییله‌تی ئێمه به واتای ووشه رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) نییه چونکه (ئه‌هلیی)بوون خۆی له دوو شت ده‌بینێته‌وه ئه‌ویش؛ یه‌که‌م توانستی مادییه‌که‌ی هی خۆی بێ نه‌ک هی پارت و رێکخراو و دامودهزگاکانیتری ده‌وڵه‌ت. دووه‌میش کار و ئامانجی پێش هه‌موو شتێک له‌پێناو په‌یداکردنی قازانجی مادیی بێ وه‌ک هه‌ر پیشه‌یه‌کی تر. ئه‌نجا پاش هه‌موو شتێک ده‌کرێ جاروبار به‌پێی هه‌ندێک بارودۆخی ناوازه بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌که بره‌وی پتری هه‌بێ له ناو جه‌ماوه‌ر بۆ په‌یداکردنی بازاڕ و قازانجێکی باشتر ریگا به هه‌ندێک خه‌ڵک بده‌ن تا راده‌یه‌کی باش ئازادانه بنووسن و رۆژنامه‌که وه‌ک ئه‌وه بێته به‌رچاو که به‌دوی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکدا ده‌گه‌ڕێ و له دژی ده‌سه‌ڵات له به‌ره‌ی گه‌ڵدا سه‌نگه‌ری گرتووه، که‌واته ئێمه هیچ رۆژنامه‌یه‌کی (ئه‌هلیی)مان نییه چونکه هیچیان توانای مادی خۆیان نییه و ئه‌و رۆژنامانه‌ی که له‌سه‌ر توانای مادیی خۆیان دامه‌زران ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌زوویی له‌ناویبردن که یه‌که‌م رۆژنامه‌ش له‌م رووه‌وه رۆژنامه‌ی (ئه‌مڕۆ) بوو له ساڵی ١٩٩۴ که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌کی ئازاد بوو (ئه‌هلیی)ش بوو بۆیه له ماوه‌یه‌کی که‌م ده‌رگایان به‌روویدا داخست و پاش ساڵانێکی زۆر ئێستا ساڵێک زیاتره به ئازادیی له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌شێوه‌ی ماڵپه‌ڕ درێژه‌ی هه‌یه.
بۆیه من نایبینم که هیچ رۆژنامه‌یه‌ک له کوردستان هه‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی ئایدیالۆژیای پارت یان رێکخراوێک که ئه‌ویش سه‌رئه‌نجام ئایدیۆلۆژیای به‌کۆمه‌ڵ نییه ته‌نانه‌ت ئایدیۆلۆژیای ده‌سته‌یه‌کی هه‌فت که‌سیش نییه به‌لکه ئایدیۆلۆژیای یان راستر بڵێین هزریی گه‌ڕه‌لاوژێی یه‌ک که‌سی دیکتاتۆره که سه‌رۆکی پارته‌که یان رێکخراوه‌که‌یه و له باشترین باردا ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک ده‌ستوپێوه‌ند به ناوی بیرۆی سیاسی دروست بکا که وه‌ک خۆی هوڕێنه بکه‌ن و خۆیان به‌سه‌ر میلله‌تدا بسه‌پێنن و مێگه‌لئاسا رایانبدهن، به‌پێچه‌وانه‌وه رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) - که هه‌ر دروست ده‌بێ - کار و سیاسه‌ت و هزری به‌کۆمه‌ڵی پتر تێدا هه‌یه له رۆژنامه یان میدیای سه‌ر به پارته‌کان .. ئه‌وانه‌ی که خۆیان ته‌نگاو کردووه ده‌ڵێن که‌رکوکمان له‌ده‌ستچوو و یان قسه‌ی بێسهروبهریتر ده‌که‌ن ئه‌وانه رۆژنامهکارانی پارت و ده‌سه‌ڵاتن به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا پارته‌کان نه‌یانهێشتووه رۆژنامه‌ی ئازاد و رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) هه‌بن ناچارن هه‌ندێک رۆژنامه‌ی له‌و بابه‌ته دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ناوی (ئه‌هلیی) و ( ئازاد) بوون رێگا له رۆژنامه‌ی ئازاد بگرن و کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌کاری خۆیان بخه‌نه ئه‌و شوێنانه و له هه‌مانکاتیشدا باری سه‌ر رۆژنامه‌ی پارته‌کانیش سووک بکه‌ن له رووی ئه‌رک و ژماره‌ی زیادلهپێویستی رۆژنامهکاران و چاره‌سه‌ری باری هه‌لئاوسانی رۆژنامه‌گه‌رییش بکه‌ن.
له شوێنانی تریش له جیهان زۆر به ده‌گمه‌ن رێکده‌که‌وێ که رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) ئازاد بێ و به جۆرێک له جۆره‌کان سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات نه‌بێ یان هیچ نه‌بێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵ و ره‌وته تازهسهرههڵداوه پێشکه‌وتووخوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ نه‌بێ، ئه‌گه‌ر په‌یداش بێ ئه‌وا ده‌سه‌ڵات به له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی ماف و ئازادییه وه‌ده‌ستهاتووه‌کانی نێو هه‌ر کۆمه‌لێک که به‌ری ئه‌نجامی تێکۆشانی خه‌ڵکن هه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ک خۆی بۆ راده‌گیرێ و سه‌ره‌نجام له‌هه‌موو لایه‌نێکی مادیی و مانه‌ویی هێرشی بۆ ده‌کا تا په‌کی ده‌خا، بۆیه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان ناتوانن له فه‌له‌کی بڤه‌کانی پارت و ده‌سه‌ڵات و ئایدیۆلۆژیاکانیان ده‌ربچن.. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان به دوای قازانجه‌وه‌ن - زۆر جار قازانج له‌و جه‌ماوه‌ره زۆرهدایه که ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه که‌وییان بکا و به‌رانگژی بوونه‌ته‌وه - به به‌راورد به رۆژنامه‌ی پارت و حکومه‌ت هه‌ندێک ئازادانهترن و ده‌توانن کهموکورتێک گوزارشت له ده‌نگی گه‌ل بکه‌ن.
له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی ئه‌هلیی له کوردستان ئه‌زموونێکی نوێیه و هه‌ر خودی ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌مه‌نێکی کورتی هه‌یه تا ئێستا پارته‌کان نه‌یانهێشتووه رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) به ته‌واویی بوونی هه‌بێ چونکه جگه له‌وه‌ی هێشتا ده‌ستوور و یاساکان و سیسته‌می بانکیی و دامه‌زراوه‌کان بوونیان نییه و لۆژیکی عه‌سکه‌رتاریی ووڵات به‌رێوه‌ده‌با ده‌رفه‌ت فه‌راهه‌م نه‌کراوه یان رێگه نه‌دراوه سه‌رمایه‌دار سه‌رمایه‌ی خۆی له‌و بواره وه‌به‌ربهێنێ ته‌نانه‌ت به هۆی نائارامیی و بێئاسایشی و ناجێگیریی باره‌کان هێشتا سه‌رمایه‌دار دڵنیا نه‌بۆته‌وه که ئایا ئه‌گه‌ر پاره‌یه‌ک بخاته‌گه‌ڕ قازانجی لێده‌کا یان هیچ نه‌بێ زیانی لێناکا، له لایهکیتریش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا کاتێکی زۆر به‌سه‌ر خاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و باره شۆڕشگێڕییه‌دا نه‌هاتووه که له کوردستان هه‌بوو و هه‌یه - سه‌رباری هه‌بوونی جۆرێک له به‌ره‌لایی - هێشتا ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیووه به‌شێوه‌ی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی ئازادییه سیاسییه‌کان به ته‌واویی کۆت و به‌ند بکا.. هه‌ر که‌سێک یا گروپێک که بیری له دامه‌زرانی رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) کردۆته‌وه جگه له‌وه‌ی ئایدۆلۆژیایه‌ک هانیداوه جا چ سیاسیی و حیزبیی بێ یان رێکخراوه‌یی جه‌ماوه‌ریی که‌متر بیری له قازانجی مادیی کردۆته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له پیشه‌یه‌کدا بیری لێده‌کاته‌وه به‌ڵکه هه‌ر هه‌وڵیداوه لاسایی رۆژنامه حیزبییه‌کان بکاته‌وه و مشه‌خۆرانه له‌سه‌ر سامانی گه‌ل بژی، سه‌ره‌نجام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات تا ئێستا شێوه‌یه‌که له دڕنده و جگه له ده‌ستوپێوه‌نده‌کانی خۆی له‌که‌س دڵنیا نییه رۆژنامه یان میدیای بخاته به‌رده‌ست. به‌ڵام ئێستا خه‌ریکه ناچار ده‌بێ هورده هورده له رێگای ئه‌و رۆژنامانه‌ی که به ناوی (ئه‌هلیی) هه‌ن و له بنه‌وه به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ سه‌ر به خۆیانن ده‌رفه‌ت خۆش بکا رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) دروست ببێ به‌ڵام به مه‌رجێک به‌رهه‌ڵستکار نه‌بن و ره‌خنه‌ی ئاوه‌ها ریشه‌یی نه‌گرن که مه‌ترسیی هه‌بێ بۆ سه‌ر سیسته‌م و داموده‌زگا گرنگه‌کانیان به‌کورتییه‌که‌ی سه‌ر به به‌ره‌ی گه‌ل نه‌بن.. ئه‌گه‌ر جاروبارێکیش جۆرێک له ئازادیی پرۆسه بکه‌ن و ره‌خنه‌ی سه‌رپێیی بگرن به‌ڵام با بۆخۆیان به‌هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌دوای قازانجی مادییه‌وه بن.
دیاره رۆژنامه و رۆژنامه‌گه‌ریی ئازادیش ئه‌گه‌ر له رێگه‌ی رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی)یه‌وه نه‌بێ ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانێ له‌نێو رۆژنامه حیزبیی و حکومییه‌کان ئازادیی و بوونی خۆی بسه‌لمێنێ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی ئێستای ته‌کنه‌لۆژیا باری میدیا و رۆژنامه‌گه‌رییش گۆڕاوه و ئێستا رۆژنامه‌گه‌ریی ئازادیی کوردیی به‌هۆی ئه‌و پێشکه‌وتنه‌وه خۆی گرتۆته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵات چه‌ندین ماڵپه‌ڕی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به‌تایبه‌تییش له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان هه‌ن و ره‌وڕه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی رۆژنامه‌ی ئازاد و (ئه‌هلیی)یان خێراتر کردووه، به‌رده‌ستترین نموونه‌ش هه‌روه‌ک ئێستا ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ماڵپه‌ڕه‌کانی ده‌ره‌وه نه‌بان هه‌رگیز من ئه‌و هه‌موو چاوپێکه‌وتنه‌م له‌گه‌ڵ نه‌ده‌کرا له‌لایه‌ن ئه‌م رۆژنامه‌ی ئێوه و له‌بابه‌تی ئێوه که هه‌رهه‌موویان راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ سه‌ر به ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانن.
میدیا: کورد لەسەر کەرکووک سەدان ساڵە کولەمەرگى دەچێژێ، ئەمڕۆ ئەگەر دەسبەردارى بێ چ ڕوو دەدات، یان بەبڕواى ئێوه دواجار کێشەى کەرکووک بەرەو کوێ دەچێ؟ دارا ئه‌حمه‌د: دیاره مه‌به‌ستی تۆ له کولله‌مه‌رگیی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه که کورد تێیدا ده‌ژی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که که‌رکووک ناوچه‌یه‌کی پڕ نه‌وته بۆته هۆی چاوتێبڕینی سه‌رمایه‌دارنی هه‌ر ووڵاتێک به‌تایبه‌تییش ولاته زلهێزه دڕنده‌کانی وه‌ک به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌و ووڵاته شۆڤێنیسته دواکه‌وتووانه‌ی که کوردستانیان داگیرکردووه باری ژیانی کورد و چاره‌سه‌ری کێشه نه‌ته‌وایه‌تیی و نیشتیمانییه‌که‌ی قورس‌تر کردووه به‌ڵام کورد هه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ر که‌رکوک نییه له کوللهمهرگییدا ده‌ژی و ئه‌گه‌ر که‌رکوکیش هه‌ر نه‌بووایه کورد له‌و ده‌رده‌سه‌رییه هه‌ر ده‌ژیا .. چونکه وه‌ک ده‌بینین زۆرێک له میلله‌تانی ئازه‌ر و ئه‌رمه‌ن و عاره‌ب و تورکمان بلوژ و کشمیریی کلدانیی و قیبتیی و... هتد که‌رکوکیان نییه که‌چی وه‌ک کورد زیاتر یان که‌متر له چه‌رمه‌سه‌رییدا ده‌ژین. ده‌سه‌ڵاتداران به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن به جیاوازیی خستنه نێوان مرۆڤه‌کان به ناوی نه‌ته‌وه و نیشتیمان و به‌پێی بۆگونجانی خۆیان به داگیرکردنی هه‌ندێکیان و لایه‌نگرتنی هه‌ندێکیان بۆ رووتاندنهوهیان هه‌رگیز جوایێزی به نه‌ژادی نه‌ته‌وه وناوچه‌کان ناکه‌ن و هه‌ر جێگایه‌کیش بۆیان بکرێ داگیری ده‌که‌ن جا با ئه‌و جێگایه هیچ سامان و دهرامهتێکێ لێنه‌بێ خۆ ده‌ستی هه‌رزانی کاری لێیه یان ده‌توانێ خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک هێزی چه‌کدار به‌کاربهێنێ یان هیچ نه‌بێ ده‌یکاته بازاڕێک بۆ ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی یان هه‌رهیچ نه‌بێ وه‌ک نیشاندانی هێز به به‌رامبه‌ره‌کانی و خه‌ریکردنی میلله‌تان به رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌په‌ڕژێنه سه‌ر ئه‌وه‌ی کۆشش بۆ چاککردنی باری کۆمه‌ڵاتیی بکه‌ن و رووبه‌ڕوویان ببنه‌وه.
هیچ ئه‌گه‌رێک له‌و کێشه‌یه‌دا نییه.. چونکه ره‌وا نییه و هیچ میلله‌تێکیش ناتوانێ ده‌سته‌وه‌ستان دانیشێ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی میلله‌تێکی تر که جێگای دانیشتن و ژیانی لێ داگیرکردبێ. کورد ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری که‌رکوک بێ ئه‌و بڕیاردانه یان ته‌نانه‌ت ئه‌و ئهندێشهیهش مافی من یان تۆ نییه و به ئاره‌زوو و بڕیاری نابرپرسانهی سیاسیه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیش نابێ به‌لکه گه‌ل بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا و دیاره گه‌لیش له مافی خۆی خۆش نابێ مه‌گه‌ر به جۆرێک له جۆره‌کان له‌ناویببه‌ن ، پێناچێ رۆژی ئه‌وه‌ش مابێ بتواندرێ گه‌لێک لهناوببردرێ یان ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌باتی گه‌لان گه‌یشتۆته ئاستێک ئیتر نه‌توانن گه‌لێک له‌ناوببه‌ن.
ئه‌من زۆر گه‌شبینم که کێشه‌ی که‌رکوک به‌ره‌و چاره‌سه‌ریی ده‌ڕوا و ده‌که‌وێته ناو نه‌خشه‌ی سیاسیی کوردستانی باشوور چونکه ئێستا میلله‌ت به گورجیی هه‌نگاو ده‌نێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی.. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم باره‌که نه‌شێوێنن و واز له خه‌ڵک بهێنن و نه‌بنه رێگر ئه‌وا له ماوه‌یه‌کی کورت میلله‌ت راده‌په‌ڕێ و هیچ هێزێکی عێراقیی و تورکیایی و نێوده‌وڵه‌تیی ناتوانێ رێی لێ بگرێ.. کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بیی و دینی به‌غدا نه‌بووه چونکه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتێک نه‌بووه بتوانێ خۆی له چه‌ند تیرۆرستێکیش بپارێزێ چ جای بتوانێ رۆڵی هه‌بێ له‌سه‌ر کێشه‌ی که‌رکوک.. کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ دهسهڵاتیێک بووه که پێی ده‌گوترێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد حیساب بووه و که‌چی هیچیان له‌بار نه‌بووه و له‌به‌ر هه‌ڵپه‌ی خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی که‌سه‌کان خۆیان ئاگایان له کێشه‌یه‌ک نه‌بووه به ناوی کێشه‌ی که‌رکوک و بنیاتنانی سنووری نیشتیمانێک که کورد و کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه‌ی تری تێدا ده‌ژی، به‌ڵام ئیدی له‌به‌رئه‌وه‌ی چیدی میلله‌ت لێیان رازی نابێ و ئه‌گه‌ر خۆیان له‌گه‌ڵ میلله‌ت رێکنه‌خه‌ن ئه‌وا رۆژی ده‌سه‌ڵاتیان ئاواده‌بێ.. بۆیه له ههردووباردا ئه‌ز گه‌شبینم؛ یان خۆگونجانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ میلله‌ت و رووکردنه که‌رکوک یان له‌نێوچوونی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نابه‌رپرسه به ده‌ستی میلله‌ت و رزگارکردنی که‌رکوک له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی میلله‌ت، دیاره کورد و ئه‌و میلله‌تانه‌ی تر که به‌یه‌که‌وه ده‌ژین له‌م قۆناغه‌ی ئێستای جیهان مافێکی رهواو و بێ ئه‌ملا وئه‌ولای خۆیانه ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و خوازیاری خۆیان هه‌بێ وه‌ک هه‌ر ووڵاتێکی تر و پارێزگارییشی لێبکه‌ن له سه‌رمایه‌داره چاوچنۆک و شۆڤێنیسته‌کانی میلله‌تانی تری ناوچه‌که و جیهان .. هه‌ر کاتێکیش جیهان گه‌یشته ئاستتێک و میلله‌ته‌کان هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ووڵاته‌کانیاندا بۆ یه‌کگرتنی هه‌موو میلله‌تان له‌چوارچێوه‌ی جیهانێکی ئازاد و بێ‌سنوور ئه‌وا ئه‌من دڵنیام پێش هه‌موو گه‌لانی هه‌ر ووڵاتێکی تر ووڵاته‌که‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه چونکه ئه‌وان وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکانه ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست نه‌بووه و هیچ جێیهکیشیان داگیر نه‌کردووه تا به هۆیه‌وه گیانی شۆڤێنیی و پاونخوازیی و شه‌ڕخوازییان لا پهروهردهببوبێ و ببنه کێشه بۆ ئازادیی ئه‌م گۆی زه‌وییه.
میدیا: زانکۆکانى کوردستان چ ڕۆڵێک لەفڕێدانى پاشخانى کۆمەڵایەتى و داهێنانى زانستى و بوژاندنەوەى سەرخان و ژێرخانى ئابوورى کوردستان دا دەگێڕن؟ دارا ئه‌حمه‌د: له‌م قۆناغه‌ی ئێستای ژیان که سیسته‌می نوێی سه‌رمایه‌داریی جیهان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی که‌ڵه‌گایی و به‌تاک که‌وتنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی ئه‌مه‌ریکا ته‌واو بۆگه‌نی کردووه و خه‌ریکه له سه‌ره‌مه‌رگ نزیک ده‌بێته‌وه هیچ سنورێکی بۆ ئاسووده‌ییه‌کانی مرۆڤ نه‌هێشتۆته‌وه و به دڕندانه‌ترین شێوه‌ش سه‌رکوتی هه‌موو خواستێکی پێشکه‌وتوخوازانه‌ی مرۆڤه‌کان ده‌کا بۆیه زانکۆکانیش وه‌ک هه‌ر داموده‌زگا و ناوهندانێکی ئه‌و سیسته‌مه له خراپترین باریان دان که پێشتر رێکهوتیان نه‌کردوون، ئه‌کادیمیا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی وه‌ک ووشه و زاراوه‌یه‌کی پلاستیکی پیلانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره ترسوله‌رز لێنیشتووانه بوو که نیگه‌ران بوون له‌وه‌ی که تا دێ زانست پێش ده‌که‌وێ و ده‌بێ ئه‌وان چی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زانسته هه‌ر پێشیش ده‌که‌وێ و ئه‌وانن ناتوانن رێی لێ‌بگرن ئه‌وا بتوانن له خزمه‌تی خۆیان و پته‌وترکردنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان به‌کاریبهێنن یان هه‌رهیچ نه‌بێ بتوانن بێلایه‌نی بکه‌ن و نه‌توانێ هه‌ڵۆێست له‌سه‌ر کێشه‌کانی ژیان وه‌ربگرێ.. هاتن به‌سوودوه‌رگرتن له ناوه‌رۆک و کارایی و ئه‌نجام و ئامانجه به‌ده‌ستهاتووه‌کانی چه‌ند ووشه و زاراوه‌یه‌کی وه‌ک (په‌ند و قسهیپیاوچاکان و داد و عه‌داله‌ت و ئسول و یاسا رێسا و ره‌سمیات و حیکمه‌ت و ... هتد ) که له‌سه‌رده‌می پێشتر کاری خۆیان کردبوو بۆ جوانکردن و له‌سه‌رپێوه‌ستانی ده‌سه‌ڵات و کاریان ته‌واو و بوو و ئیدی باری نوێێان بۆ هه‌ڵنه‌ده‌گیرا .. ئه‌کادیمیایان وه‌ک پێوه‌ر و کێشه‌ر و ناوبژیکه‌ر و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر و بهراودکهر و شڕۆڤهکهر و راڤهکهر و به کورتی وه‌ک دارێکی ئهفسونیی بۆ ده‌ستبه‌کاربوون و کارکردن له‌سه‌ر دیارکردنی ئاسته‌کانی چه‌ندیی و چۆنیی بوون و هه‌بوونی یه‌ک یان دوو یان کۆمه‌ڵێك له دیارده و شته مادیی و گیانییه‌کانی نێو هه‌ر هونه‌ر و زانستێک هێنایه مه‌یدان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک به‌سه‌ریه‌کدا بشێوێنن و هه‌رچی پێی ده‌گوترێ چاک یان خراپ له شێوه و ناوه‌رۆک و گه‌وهه‌ر و کرۆکی هه‌ر شتێک دابشۆردرێ و که‌سی به‌رامبه‌ر وا لێ‌بکا ته‌نیا حه‌ز به‌وه بکا یاخود به‌و ئاراسته‌یه ره‌وت بگرێ که له هه‌ر شتێک په‌یکه‌رێکی کۆنکریتیی بێ ره‌نگ و بێ چێژ و بێ بۆن بێ هه‌ر شتێک له روانگه‌ی خۆی وێنا بکا و هه‌رچی هه‌ڵوێست و بهخۆڕاپهڕموونێک هه‌یه بکوژێ له‌لای و ئاو بێنێ ده‌ست بشوا. ئه‌وه باری دروستبوونی ئه‌کادیمیا بێ ده‌بێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌م سیسته‌مه که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ‌کرد که له چ کان و بابه‌تێکه ده‌بێ ئێستا چی به‌و زاراوه کلۆڵه بکا و چۆن زانکۆی له هه‌موو بارێک وه‌ک ده‌بده‌به پێ فس بکاته‌وه .. دیاره پێویست ناکا درێژه‌ی پێبده‌ین و باشترین نموونه‌ی به‌رده‌ستیش بۆ بهڕاستگهڕان و پشتراستکردنه‌وه‌ی ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌یه که هیچ یه‌کێک له داینه‌مۆکانی زانکۆکان که پرفیسۆرهکانن ناتوانن نکوڵیی له‌وه بکه‌ن که له سه‌رده‌می ئێستا هیچ که‌سێك وه‌ک فێرخواز روو له زانکۆکان ناکا به‌ڵکه هه‌رهه‌موویان وه‌ک خوێندکار بۆ وه‌رگرتنی پارچه کاغه‌زێک که پێیده‌گوترێ بڕوانامه بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌واو بوو جگه له شانازیپێوهکردنی کارێکی پێ په‌یدا بکا نه‌ک هونه‌ر و زانستی پێ زیاد بکا و ئه‌ویش به‌خۆی ئه‌فراندنێکی تێدا بکا و یه‌ک خاڵ له‌ژیان به‌ره‌و پێشه‌وه به سوودی مرۆڤ و بوون و بوونه‌وه‌ر بگۆڕێ.
جا که ئه‌وه بارودۆخی زانکۆکانی جیهان بێ ده‌بێ زانکۆکانی کوردستان - ئه‌گه‌ر له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کۆله‌وار و دژهگهلییهش نه‌بن و ره‌نگدانه‌وه نه‌رێنیی و گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیشی لێده‌رکه‌ی - به به‌راورد به‌وانه‌ی جیهان که هه‌ر ده‌ڵێی مه‌دره‌سه‌ی فهقێیانن ده‌بێ چ ڕۆڵێک لەفڕێدانى پاشخانى کۆمەڵایەتیی و داهێنانى زانستیی و بوژاندنەوەى سەرخان و ژێرخانى ئابووریی کوردستان دا بگێڕن؟ بێگومان هه‌ر رۆڵی (سفر هیچ به‌ده‌ست) ده‌گێڕن!!!
میدیا: گەنجى کورد بۆ هێندە کڵۆل و پەنا گیرن، قسەى زل و کاردانەوەى نەبوو یا بچوک؟ دارا ئه‌حمه‌د: ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره له هه‌ر خوێندکارێکی ته‌مبه‌ڵ بکه‌ی ئه‌وا له خۆشییان خه‌نی ده‌بێ.. چونکه پرسیارێکی زۆر ئاسان و ساده و ساکار و سانایه و به‌بێ خۆماندووکردن به بێ ئه‌وه‌ی به‌دوای وه‌ڵامێکدا بگه‌ڕێ یه‌کسه‌ر ده‌ڵێ:
چونکه گه‌وره‌کانیان له کڵۆڵترین کڵۆڵان کڵۆڵترن و له خودی فه‌رامۆشکراوترین په‌نا پهناگیرن، ئه‌گه‌ر کاریش وا بڕوا ئه‌وا قسه‌یان له زڵ زڵتر و کاردانه‌وه‌یان له نه‌بوو نهبووتر یا له بچووک بچووکتر ده‌بن.
ئاخر بێویژادنی مه‌که‌ن به‌رامبه‌ر به گه‌نجان؛
- گه‌نجێک ئازادیی هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوون و ره‌نگ هه‌ڵبژاردن و ئازادیی جل له‌به‌رکردن و جۆری قژچاکردن و ته‌نانه‌ت گه‌ڕان و بهرێدارۆشتن و ... هتد نه‌بێ.
- گه‌نجێک ئازادیی رێکخراوبوون و خۆپیشاندان و راده‌ربڕین و قسه‌کردن و ته‌نانه‌ت ته‌ماشاکردن و ... هتد نه‌بێ.
- گهنێک ئازادیی ههڤاڵینیی و ئه‌ڤین و هه‌ڵبژاردنی خۆشه‌ویست و ده‌ستبازیی و رامووسان و گان و ته‌نانه‌ت دهستبهریهککهوتن و ته‌ماشاکردنی نێوان نێر مێی نه‌بێ.
- گه‌نجێک برسیی و تێنوو و بێبه‌ش له‌و خواردنه‌وانه‌ی که حه‌زی لێیه دوور له خواردنی پێویستی پڕ له پڕۆتین و ڤیتامین ته‌نانه‌ت نه‌توانێ تێر به‌زگی خۆی ئه‌و شته بخوا که حه‌زی لێیه.
- گه‌نجێک شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی وه‌ک هۆڵی ئاژه‌ڵان بێ و چه‌ند که‌سێکی لێ بخه‌وی ئه‌ویش به کرێ بێ یان له‌ناو قوڕ و ته‌پوتۆز دا ته‌نانه‌ت گه‌رمیی و ساردییه‌که‌ی ژووره‌وه وه‌کو ده‌ره‌وه بێ.
- گه‌نجێک خوێندنگای له زیندان بچێ و ماڵه‌که‌ی له کاولێکی بێ ئاو و کاره‌با و هه‌وای سارد و گه‌رم و ته‌له‌فۆن و ئه‌نته‌رنێت و ته‌نانه‌ت سندوقی پۆست و ئه‌دره‌سی نه‌بێ.
- گه‌نجێک نه‌توانێ سه‌ردانی شاران و ووڵاتان بکا و له نزیک شوێنی نیشته‌جێبوونی مه‌له‌وانگه و یاریگه‌و و په‌رتوکخانه و سینه‌ما و هۆلی شانۆ و باخچه و خواردنگه و چایخانه و ته‌نانه‌ت چه‌ند کورسیه‌کی نه‌بێ له که‌نار شه‌قام و په‌نا باغێک بۆ سانه‌وه‌یه‌ک.
- گه‌نجێک کۆمپیته‌رێک و پرنته‌رێک و فاکسێک و ته‌له‌فزیۆنێک و ڤیدیۆیه‌ک و دیڤیدییه‌ک و پله‌یسته‌یشنێک و سکایێک و رادیۆێک و موسهجهڵێک و چه‌ند ئامێرێکی مۆسیقا و پێویستییه‌کانی کاری شێوه‌کاریی و قه‌نه‌فه‌یه‌ک و ته‌نانه‌ت مێز و کورسییه‌کی باشیشی نه‌بێ.
- گه‌نجێک له‌ناو شهڕوشۆڕکانی ناوخۆی عێراق و عێراق له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ده‌وروبه‌ر عێراق له‌گه‌ڵ کوردستان و له‌ناو شه‌ری کورد خۆبه‌خۆ و کورد له‌گه‌ڵ تورکمان و له‌ناو نێرسالاریی و باوکسالاریی و ره‌گه‌زپه‌رستیی و ناوچه‌گه‌ریی و شارچیێتی و له‌ناو دژوارترین دین که ئیسلامه و له‌ناو دواکه‌وتوویی یه‌زیدیی و خهلهفاویی مه‌سیحیی وورده دینه خورافهپارێزهکانی تر و دواکه‌وتووترین دابونه‌ریتی سه‌ر رووی زه‌وی و ژن و پیاو کوشتن و ژن ئه‌تککردن ته‌نیا له‌سه‌ر خۆشه‌ویستیی و ژنبهژن و ماره‌به‌جاش و قوزبڕین بنپشک و ژن به پارهکرین و ته‌نانه‌ت ته‌ماشاکردنی ژن وه‌ک ئاژه‌ڵ و موڵکی پیاو له‌دایک بووبێ و په‌روه‌رده بووبێ.
- گه‌نجێك ئه‌و جێگایه‌ی لێی له‌دایکبووه به ناخۆشترین جێگا بزانێ له سه‌ر رووی زه‌وی و ئاماده بێ مه‌رگ یا گه‌یشتن به وڵاتێکی تر هه‌ڵبژێرێ .
- گهنجێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێک................!!!!!!!!!!!!!
چیت له گه‌نجی کورد ده‌وێ کاک میدیای رۆژنامه ! ! !
میدیا: لەوڵاتى ئێمەدا، ڕۆژنامە چاودێرى حکومەت دەکات یان بەپێچەوانەوە؟.. بڵێى نەخشى ڕاگەیاندنى کوردى لەپەراوێزدا هەڵدەسوڕێ یان توانیویەتى خاوەن پێگەو دەنگى ڕاستەقینەى خۆى بێت؟ دارا ئه‌حمه‌د: ئێمه گوتمان رۆژنامه‌ی ئازادمان نییه و هه‌موو رۆژنامه‌کان ئه‌وانه‌ی به هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌ق پێیانده‌گوترێ رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) ئه‌وا به جۆرێک له جۆره‌کان جا چ به شێوه‌ی راسته‌وخۆ بێ یان ناڕاسته‌وخۆ سه‌ر به پارت و ده‌سه‌ڵاتدارانن و له‌سه‌ر خوێنی میلله‌ت ده‌ژین و میلله‌تیش چه‌واشه ده‌که‌ن. که‌واته حکومه‌ت و حیزبه‌کان چاو‌دێر و چاوسوورکهرهوهن به‌سه‌ر هه‌موو رۆژنامه‌کان و ده‌یانه‌وێ چاوی میلله‌ت ببه‌ستن. به‌ڵام میدیای کوردی هه‌ر رۆژنامه‌کانی سه‌ر کاغه‌ز نین . ئه‌وه‌تا ماڵپه‌ره‌کانی ده‌ره‌وه به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی میدیای ئازادی کوردی پێک دێنن و ئاستێکی باشیان بۆ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه کۆنه‌په‌رسته‌کان داناوه و زۆرێک له پێدریژییهکانیان که‌م کردوونه‌ته‌وه و رۆڵێکی زۆر ئه‌رێنیی ده‌گێڕن له‌نێو کۆمه‌ڵ بۆ سه‌قامگیرکردنی رای گشتی و هه‌رچی زیاتری ئازادیی و تا دێش ئه‌و رۆڵه فراوان و فراوانتر ده‌بێته‌وه.
به‌ریتانیا ١٩\٩\٢٠٠٨ dara@emrro.com
_________________________________________________________
روونکردنه‌وه‌کی پێویست: رۆژنامه‌ی میدیا دیسان سه‌لماندیه‌وه پاشکۆی راگه‌یاندنی پارت و ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتگه‌ر و دژ به ئازادیی رۆژنامه‌گه‌رییه.
ده‌بێ ئه‌و رۆژنامه‌یه چ ره‌وشتێکی رۆژنامه‌گه‌ریی هه‌بێ که خۆی دیمانه‌یه‌کی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌گه‌ڵ یه‌کێک بکات و دوایش هه‌ر خۆی له‌به‌ر هۆیه‌ک یان چه‌ند هۆیه‌ک که ده‌ستوپێی پێوه‌به‌ستراوه‌ته‌وه بڵاوینه‌کاته‌وه و که‌سه دیمانهلهگهڵکراوهش ئاگادار نه‌کاته‌وه و بێده‌نگیی لێ‌بکا !!! ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر که‌سێک به ناوی (هه‌ڵۆ مه‌رگه‌یی) که یه‌کێکه له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی میدیا، کۆمه‌ڵێک پرسیاری بۆ ناردم وه‌ک دیمانه‌یه‌ک بۆ رۆژنامه‌که‌یان . ئه‌وکاته من ده‌رفه‌تم زۆر که‌م بوو بۆیه نامه‌یه‌کم بۆ نووسی که دوا رۆژی وه‌رگرتنی وه‌ڵامه‌کان که‌نگێیه . وه‌ڵامی دامه‌وه.. به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک هه‌بوو له‌کاتی خۆی وه‌ڵامه‌کانم بۆ نارد . پاشان ئاگاداری کردمه‌وه که له‌پاش یه‌ک هه‌فته‌ی تر بڵاوده‌بێته‌و، که‌چی ئه‌وه نزیکه‌ی دوو مانگ تێپه‌ڕی و بڵاونه‌بۆوه ، بۆیه من جگه له‌وه‌ی مافی خۆمه له جێگایتری بڵاوبکه‌مه‌وه، له‌هه‌مانکاتیشدا ده‌مه‌وێ به‌خوێنه‌ران بڵێم : ئه‌وا جارێکی‌تریش (رۆژنامه‌ی میدیا) سه‌لماندیه‌وه که ئه‌وان بڕوایان به ئازادیی راده‌ربڕین نییه و ناتوانن رای ته‌واو جیاواز به خۆیان و قسه و ره‌خنه‌ی ریشه‌یی بڵاوبکه‌نه‌وه که مه‌ترسی بۆ داخستنی رۆژنامه‌که‌یان و نانبڕاوکردنیان و خستنه‌ڕووی نابووتیی و کاره دژه‌مرۆییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته دژه‌ئازادیی و چهوسێنهرسێنهرهکهیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر جاروبارێکیش هه‌ندێک بابه‌تی چاکی هه‌ندێک نووسه‌ر بڵاوده‌که‌نه‌وه ئه‌وا هه‌ر بۆ تاموبۆ و بۆ ئه‌وه‌یه تا سه‌ر له خوێنه‌ر بشێوێنن و وه‌ک رۆژنامایهکی ده‌ربار خزمه‌ت به ده‌سه‌ڵاتێک بکه‌ن که هه‌رده‌م ده‌یه‌وێ وا پیشان بدا که ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی له کوردستاندا تا راده‌یه‌کی باش بوونی هه‌یه. دیاره من ئێستا له‌به‌رئه‌وه نییه که دیمانه‌که بڵاونه‌کرایه‌وه بۆیه ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌رده‌بڕم.. به‌ڵکه پێشتریش ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌م هه‌ر ده‌ربڕیوه و له‌ناو خودی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ش که ئێستا ده‌یخوێننه‌وه به‌ڕاشکاوی ئه‌و هه‌ڵوێستانه ده‌رده‌که‌ون، خوازیارم سه‌ری خوێنه‌رانم نهیاشاندبێ به‌م قسانه که له ئه‌نجامی ئه‌و کاره دزێوانه‌ی ئه‌و جۆره رۆژنامانه په‌یدا ده‌بن که جگه له جوانکردنی ده‌سه‌ڵات و دژوه‌ستان به‌ڕووی ئازادیی هیچیدیکه نازانن.
دارا ئه‌حمه‌د ١۴\١١\٢٠٠٨
|