|
٢٥\١٠\٢٠٢٦
داڕمانی ئەفسانەی
جیاوازبوونی ڕۆژئاوا.
- لە پەراوێزی
خۆپێشاندانەکانی پاریسدا -

ئەکرەم سەعید
هاوکات لەگەڵ نووسینی ئەم وتارەدا، سێ ساڵ بەسەر
گیانبەختکردنی مامۆستا ”جیهان تەها”دا تێپەڕ دەبێت؛ بەم بۆنە
خەمناکەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ یادی نەمر و هەمیشە زیندووی ئەو
جوانەمەرگە و سەرجەم گیانبەختکراوانی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری
دەچەمێنمەوە.
●
پێشەکی:
کاتێک باسی «ئەفسانەی جیاوازبوونی ڕۆژئاوا» دەکەین، ئامانجمان
تێکشکاندنی ئەو تێڕوانینە باوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا (وەک فەڕەنسا) وەک
نموونەیەکی بێخەوشی دیموکراسی پیشان دەدات و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست (وەک کوردستان) جیایان دەکاتەوە. لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە،
کاتێک کرێکاران، خوێندکاران و مامۆستایانی پاریس دەڕژێنە سەر شەقامەکان
و لە لایەن پۆلیسەوە سەرکوت دەکرێن، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر
دەسەلمێنێت؛ ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵاتی سەرمایەداری لە پاریس، لە کاتی
ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، پەنا دەباتە بەر هەمان ئەو
ڕەفتارە نادیموکراتی و سەرکوتکارییەی کە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی
کوردستان بەرامبەر بە خۆپێشاندەران و چالاکوانان ئەنجامی دەدەن.
ئەگەر لەم سۆنگە فیکرییەوە سەیری هاوکێشەکان بکەین، ئیدی خەباتی
هاووڵاتی و کرێکارێکی پاریس بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و دادپەروەری،
هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ خەباتی هاووڵاتییەکی چەوساوەی کوردستاندا نییە
کە دژی گەندەڵی، بێمووچەیی و نەبوونی مافە سەرەتاییەکان تێدەکۆشێت.
کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە هەردوو جوگرافیادا بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێنەوە،
کە ئەویش: کەڵەکەکردنی سەرمایە لە دەستی کەمینەیەکی دەسەڵاتدار و
بێبەشکردنی زۆرینەی کۆمەڵگەیە. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە دڕندەیی
سیستمی سەرمایەداری لە سنوورەکانی پاریسدا قەتیس نابێت، بەڵکو
نادادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی یەک ناسنامە و پێکهاتەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، لە دیدگای سۆسیالیستییەوە، پاریس و کوردستان دوو
ڕووی یەک دراون؛ کە تێیدا چەوساوەکانی هەردوو جوگرافیا هاوچارەنووسن و
لە خەباتێکی هاوبەشدان دژی یەک دوژمنی چینایەتی.
●
هەڵوەشانەوەی ئەفسانەی جیاوازبوونی ڕۆژئاوا - جیهانگیریی سەرکوتکاری:
لە زانستە سیاسییەکاندا مۆدێلی سیستمی حوکمڕانی لە ڕۆژئاوادا بە چمکی”جیاوازبوون
یان تایبەتمەندێتیی مۆدێلی ڕۆژئاوا” لە ڕووی دیموکراسی و گەشەکردنەوە،
پێناسە دەکرێ. بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی مێژووییەوە، سیستەمی
سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی جۆرە شێوازێکی پەیڕەو دەکرد کە دەکرێت ناوبنرێت
بە «دیموکراسی لە ناوخۆدا و وەحشیگەری لە دەرەوەدا - لە ڕۆخەکاندا»،
وە لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی ئابووری جیهانیدا ”بردنی بەهای زێدەکی لە
جیهانی سێیەمەوە” یان گواستنەوەی زێدەبایی و سەروەت و سامانە
تاڵانکراوەکانی جیهانی سێیەمەوە، بۆ دابینکردنی بودجەی دەوڵەتی
خۆشگوزەرانی و هێورکردنەوەی چینی کرێکار لە ڕۆژئاوادا بەکاردەهێنران،
ئەوەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئازادییەکان و خزمەتگوزارییەکانەوە. بەڵام
لە دۆخی ئێستادا بەهۆی قەیرانی ئابووری بەردەوام و جەنگەکانی نێو
جیهانی سەرمایەداری دڕندەی مۆدێرن و لە سایەی داکشانی بازاڕەکان و
داڕووخانی قەبارەی خواست لە بازاڕەکان و قەیرانەکانی هەڵاوسان و
قەرزارییدا، وایکردووە کە چیتر ئەو سامانە بەردەست نەبێت بۆ
هێورکردنەوەی بەرەی ناوخۆیی. دەرئەنجامەکەش ئەوەیە کە ئەم میکانیزمە
سەرکوتکار و توندوتیژانەی پێشتر تاقیگەکانیان لە جیهانی سێیەمدا بوو (وەک
گازی فرمێسکڕێژی پێشکەوتوو، چاودێریی توندی مەیدانی، توندوتیژیی لە
ڕادەبەدەری پۆلیس و بەتاوانناساندنی خۆپێشاندان) ئێستا هاوردە دەکرێن و
بەسەر خودی هاووڵاتیی ڕۆژئاواییدا لە فەرەنسا، ئیتاڵیا، پورتوگال،
بەلجیکا،، هتد، و جێبەجێ دەکرێن. ئەو خۆپێشاندانە بەربڵاوانەی کە لەم
دواییانەدا لە فەڕەنسا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بەخۆیانەوە بینییان، لە
پاڵ ئەو توندوتیژییە پەڕگیرەی کە دەزگا ئەمنییەکان دژی خۆپێشاندەران و
قوتابییان پەیڕەوی دەکەن، بەرجەستەبوونێکی ڕاستەوخۆی ڕاستێتیی ئەو
شیکارییە کە تێزی ” لە کۆمەڵگەی کراوەوە بەرەو تۆتالیتاریزمی نوێ ”
دەیخاتەڕوو *.
داڕووخانی وەهمی کۆمەڵگەی کراوە و بێلایەنیی دەوڵەت:
تێگەیشتنی نەریتی بۆ چەمکی کۆمەڵگەی کراوە (کە پێشتر فەیلەسوف کارل
پۆپەر وەک لانکەیەک بۆ دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ناڕەزایەتی
دەربڕین بانگەشەی بۆ دەکرد)، ئێستا بە ئاشکرا لەبەریەک هەڵدەوەشێت.
کاتێک حکومەتە سەرمایەدارەکان دەستەوستان دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانە
ئابوورییە خنكێنەرەکانیان، کە دەرئەنجامی هەڵاوسان، خەرجییەکانی جەنگ،
قەرزەکان و بەرزیی تێچووی بژێویی ژیانن، پەنا بۆ گفتوگۆ نابەن، بەڵکو
ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە هەڵوەشاندنەوەی دەستکەوتە دەستوورییەکان، و
بەکارهێنانی توندوتیژیی لە ڕادەبەر دژی قوتابییان و کرێکاران لە پاریس
و شارەکانی تری ڕۆژئاوادا، ئەو گریمانەیە دەسەلمێنێت کە دەوڵەتی
لیبراڵی دەمامکی بێلایەنیی خۆی فڕێداوە و کەوتووەتە ناو پەیڕەوکردنی
پارێزگارییەکی توندوتیژ لە بەرژەوەندییەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار.
تۆتالیتاریزم وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سەرمایە:
دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکانی ئێستا، جارێکی تر ستراتیژییەکانی ڕژێمە
سەرکوتکار و تۆتالیتارەکان بەرهەم دەهێننەوە، بەڵام بە دەمامکێکی
نیولیبرالییەوە. ئەم دۆخەش بە ڕوونی لەم خاڵانەی خوارەوەدا
ڕەنگدەداتەوە:
* چوارچێوەدارکردن و دێوەزمەکردنی ناڕازییان: گۆڕینی هەر
جووڵانەوەیەکی جەماوەری کە داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات (وەک
خۆپێشاندانەکانی دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی یان ناڕەزاییەتی
ئەمڕۆی قوتابییان و سەندیکاکان) بۆ ناو قالبگەلی ئامادەکراو (
ناساندنیان لەژێر ناونیشانی وەک دوژمنانی سەقامگیری، ئاژاوەگێڕان، یان
توخمە توندڕەوەکان). میدیای بۆرژوازی و ڕاستڕەوەکان، بە چڕی کار لەسەر
بەتاوانناساندنی جووڵانەوە جەماوەرییەکان دەکەن؛ بە شێوەیەک کە
خۆپێشاندانی ڕەوای قوتابییان و کرێکاران لە پاریس، لە چوارچێوەی
گوتارێکی چەواشەکارانەدا، تەنها وەک "ئاژاوەگێڕی، تێکدەرکاری و تاڵانی"
وێنا دەکەن، تاوەکو لەم ڕێگەیەوە سیمایەکی نایاسایی بە داواکارییە
بنەڕەتییەکانیان ببەخشن. ئەم شەرعییەتپێدانە میدیاییە بۆ ڕەواییدانە بە
گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی پۆلیسی بەکاردەهێنرێت **.
* چاودێری و سەرکوتکردنی ئازادییە دیجیتاڵییەکان: بەکارهێنانی
تەکنۆلۆژیای هاوچەرخی چاودێریکردن بۆ شوێن پێهەڵگرتنی سەرکردەکانی
جووڵانەوەکان، و فشارخستنە سەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ سڕینەوەی
ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە توندوتیژیی دەسەڵات دۆکیۆمێنت دەکەن، جەوهەری
"تۆتالیتاریزمی نوێ" نیشان دەدات؛ بە شێوەیەک کە تێیدا ئامرازەکانی
چاودێریی دیجیتاڵی لەگەڵ دەزگای سەرکوتکاری دەوڵەتدا یەکخراون.
دووڕوویی پێوەرەکان و گۆڕانی فەرمانکردنی یاسا:
سیستەمی لیبراڵی کە فرمێسکی ساختە بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی
خۆپێشاندەران لە دەوڵەتە دواکەوتووەکان یان ڕکابەرە
جیۆپۆلەتیکییەکانیدا دەڕێژێت، خۆی توندوتیژییەکی ڕێکخراو و سیستەماتیک
لە ناو سنوورەکانی خۆیدا پەیڕەو دەکات (وەک سەرکوتکردنی هێلەکە
زەردەکان و خۆپێشاندانەکانی ئێستا). دەزگاکانی پۆلیس و ئامێری
سەرکوتکاری دەوڵەتانی ئەوروپا، لە بەرامبەر ئەو توندوتیژی و تاوانانەی
لە پێش چاوی جیهاندا ئەنجامی دەدەن، نە هیچ باکێکیان بە ناوبانگی
دیموکراسی هەیە و نە ڕووبەڕووی چاودێری و لێپرسینەوەیەکی یاسایی
ڕاستەقینەش دەبنەوە. ئەمەش گۆڕانی سیستەمی یاسایی لە ئیفلیجییەکی
فەرمانییەوە بۆ هاوکاری و بەشداربوونی پێکهاتەییی ئاشکرا لە پێناو
خزمەتکردنی سەرمایەدا دەسەلمێنێت.
خۆپێشاندانی جەماوەریی ئێستا لە فەڕەنسا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوادا،
ڕووداوگەلی کاتی نین، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی پێکهاتەییی قووڵن لەناو
سیستەمی سەرمایەداریی دڕندەدا. توندوتیژیی دەسەڵات دژی خۆپێشاندەران بە
شێوازێکی بڕاوە پەیڕەوی ئەو پێشبینییە دەکات کە دەڵێت: کاتێک سەرمایە
لەگەڵ دیموکراسیدا تووشی پێکدادان دەبێت، سیستەمی لیبراڵی دەستبەجێ
دیموکراسی دەکاتە قوربانی، و بە خوێنێکی ساردەوە، قۆناغ بە قۆناغ لە
چەمکی کۆمەڵگەی کراوەوە دەگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی تۆتالیتاری ستەمکار؛ واتە
بەربەرییەتی هاوچەرخی خاوەن ئامرازی تەواو بۆ ژێردەستەکردنی جەماوەر و
زامنکردنی بەردەوامیی هەژموونی چینی دەوڵەمەند. سەرکوتی پۆلیسیی
هاوچەرخ، بەڵگەی کرداریی ڕاستێتیی ئەم تێڕوانینەیە. ئەم ڕووداوانە و
دیمەنەکانی لە وڵاتانی ئەوروپادا، بەکردەوە کۆتایییان بە ئەفسانەی ”دەوڵەتی
دیموکراسیی بۆرژوازیی خاوەن دامەزراوە یاساییەکان و هاووڵاتیبوون”
هێنا؛ ئەو مۆدێلەی کە چەپی پڕۆ-ڕۆژئاوایی (مۆدێرنیست) لە کوردستان و
ناوچەکەدا، کردوویەتی بە ئامانج و خەونی پێوە دەبینێت.
●
ئەفسانەی ” تیۆریی پیلانگێڕی - دەستی دەرەکی” و بەتاوانناساندنی
ناڕەزایەتییەکان:
«تیۆریی پیلانگێڕی» شێوازێکە لە لێکدانەوەی سیاسی و سۆسیۆلۆژی کە تێیدا
ڕووداوە گەورەکان، قەیرانە ئابوورییەکان یان بزووتنەوە جەماوەرییەکان
ناگەڕێنرێنەوە بۆ هۆکارە بنياتی و قەیرانەکانی ئابووری و سیاسی، بەڵکو
وەک دەرئەنجامی نەخشەسازی و ڕێککەوتنی شاراوەی هێزگەلێکی نادیار،
دەستەبژێرێکی کەمینە یان دەستی دەرەکی وێنا دەکرێن.
لە مێژووی ڕژێمە سەرکوتکار و ستەمکارەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا(وەک
ئێران، میسر، پاکستان و هتد)، بۆ کپکردنەوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی
کرێکاران و هەژاران، هەمیشە تێزی ئامادەکراوی دەستی دەرەکی و
تۆمەتبارکردنی خۆپێشاندەران بە تاڵانکەرو ئاژاوەگێڕو بەکرێگیراو،
وەک چەکێکی سەرەکی بەکارهاتووە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەمڕۆکە ڕێک
هاوشێوەی ئەو شێوازە ستەمکارییە، لە لایەن دەسەڵاتداران و میدیا
فەرمییەکانی فەڕەنسا و ڕاستڕەوە توندەڕەوەکانەوە پەیڕەو دەکرێت-(ترەمپ
بە نموونە هۆکاری خۆپیشاندانەکانی فەرنسا دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆچبەران و
موسڵمانەکان)؛ بە شێوەیەک کە بە چڕی کار لەسەر شێواندنی وێنەی
خۆپێشاندانی کرێکاران و قوتابییان دەکەن و لە ڕێگەی گوتاری میدیاییەوە
سیمایەکی تاوانکارییان پێ دەبەخشن، تاوەکو ڕەوایەتی لە داواکارییە
بنەڕەتییەکانیان بسەننەوە.
ئایا لە ڕاستیدا ”دەستی دەرەکی” لە خۆپێشاندانەکاندا بوونی هەیە؟
ئێمە لە سەردەمی سەرمایەداریی جیهانیی بەربەریدا دەژین؛ بۆیە لە هەر
جووڵانەوەیەکی سیاسیی جەماوەریدا کە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکان (چ
خۆپێشاندان بێت یان ڕاپەڕین) لە هەر پانتایییەکی ئەم جیهانەدا بەرپا
ببێت، گومانی تێدا نییە کە جەمسەرە دڕندەکانی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی
هەمیشە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، هەوڵی دەستوەردان
و گۆڕینی ئاڕاستەکەی دەدەن، بەڵام «ئەمە دەستوەردانێکی
دژە-شۆڕشگێڕانەیە»، و پێویستە لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە لە ڕێگەی
داڕشتنی ستراتیژیی ورد و پلانی دروستی سیاسییەوە پووچەڵ بکرێتەوە،
تاوەکو ڕێگری بکرێت لە بەلاڕێدابردن یان قۆستنەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی
جەماوەر.
●
کێ حوکمی فەرنسا دەکات؟:
لە کتێبی (دیموکراسیی بێ خەڵک) لە نووسینی زانای سیاسیی فەڕەنسی مۆریس
دوڤێرجێ *** کە لە ساڵی ١٩٦٧دا بڵاوکرایەوە. دوڤێرجێ هەوڵیدا پەردە
لەسەر شێوازی کارکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە فەڕەنسا لابدات و شیكردنەوە
بۆ پێکهاتەی حوکمڕانی بکات. موریس دوفریجیە ڕای وا بوو کە ئۆلیگارشی و
تەکنۆکرات حوکمی فەرنسا دەکات. تێڕوانینی مۆریس دوڤێرجێ لە بنەڕەتدا
لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دیموکراسییە ڕۆژئاواییە مۆدێرنەکان (لە
نێویاندا فەڕەنسا) لە پشت پەردەی دەقە دەستوورییەکان و سندوقەکانی
دەنگدانەوە، لەلایەن جۆرێک لە ئۆلیگارشی پارتایەتی و تەکنۆکراتی
دامەزراوەییەوە حوکم دەکرێن. دوڤێرجێ لە پەرتووکی (دیموکراسیی بێ خەڵک)
دەربارەی پارتە سیاسییەکان و شیکارییەکانی بۆ کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا،
پێی وایە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی گرووپێکی کەمینەی ڕێکخراودایە.
پوختەی دیدگای مۆریس دوڤێرجێ:
١. مۆریس دوڤێرجێ و چەمکی ئۆلیگارشی پارتەکان: دوڤێرجێ ڕستەیەکی
بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: ” دیموکراسییە مۆدێرنەکان بە حوکمی گەل
دەناسرێن، بەڵام لە ڕاستیدا حوکمی ئۆلیگارشی پارتەکانن ”. ئەو پێی
وایە کاتێک پارتە سیاسییەکان دەبنە ئامێری گەورە و بیرۆکراتی، بڕیاردان
لە دەستی دەنگدەران یان تەنانەت ئەندامانی ئاسایی پارتەکە نامێنێت،
بەڵکو کورت دەبێتەوە بۆ نوخبەیەکی ناوەندی کە جڵەوی پارتەکە و دەوڵەت
دەکەن.
٢. تەکنۆکراسی و یەکبوونی ڕاست و چەپی ناوەند: سەبارەت بەوەی کە ئایا
ئەمە بەواتای حوکمڕانی ڕاستی ناوەند و چەپی ناوەند دێت، شیکارییەکەی
دوڤێرجێ لەگەڵ واقیعی فەڕەنسا یەکدەگرێتەوە:
* نەمانی جیاوازی ئایدیۆلۆژی قووڵ: دوڤێرجێ ئاماژە بەوە دەکات کە
سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە (بەپێی یاسای دوڤێرجێ) هانی دروستبوونی دوو
جەمسەری سەرەکی دەدات (دوو پارتی گەورە). کاتێک ئەم دوو جەمسەرە (ڕاستی
ناوەند و چەپی ناوەند) دەگەنە دەسەڵات، بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشت بە
نوخبەیەکی تەکنۆکراتی هاوبەش دەبەستن (وەک دەرچووانی قوتابخانە
باڵاکانی فەڕەنسا).
* حوکمی تەکنۆکراتەکان: ئەم نوخبە تەکنۆکراتە (شارەزایانی ئابووری،
بیرۆکراتەکان، و ڕاوێژکاران) گرنگی بە ئایدیۆلۆژیای چەپ یان ڕاست نادەن،
بەڵکو سیاسەتەکان بەپێی "لۆژیکی بازاڕ و بەڕێوەبردن" دادەڕێژن. لەبەر
ئەوە، جیاوازی نێوان چەپی ناوەند و ڕاستی ناوەند تەنها دەبێتە کێبڕکێ
لەسەر دەسەڵات، بەڵام لە جەوهەردا هەردوولا یەک جۆرە ئۆلیگارشی
تەکنۆکراتی بەڕێوەیان دەبات.
جیاوازی نێوان شرۆڤەی مارکس و مۆریس دوڤێرجێ:
بۆ دۆزینەوەی جیاوازی شرۆڤەی نێوان مارکس و دوڤێرجێ بۆ (حوکمی فەڕەنسا
و ململانێکان)، کورتە بەراوردێک دەکەین لە نێوان کتێبی ”دیموکراسیی
بەبێ خەڵک” ی مۆریس دوڤێرجێ، لەگەڵ کتێبی ”هەزدەیەمی برومێری لویی
بۆناپارت- (١٨٥٢)”ی مارکس:
١. مۆریس دوڤێرجێ لە کتێبی ”دیموکراسیی بێ خەڵک” لەژێر سێبەری
کۆماری پێنجەمی فەڕەنسادا، تێزێکی ڕەخنەیی توند پێشکەش دەکات:
* نەهێشتنی ڕۆڵی گەل: ئەو پێی وایە دیموکراسیی فەڕەنسی بووەتە ”شێوەیەکی
ڕواڵەتی”؛ خەڵک تەنها لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەبینرێن، بەڵام دوای ئەوە
پڕۆسەی بڕیاردان بە تەواوی لە خەڵک دادەبڕێت.
* هاوپەیمانیی تەکەنۆکراسی و مەکینەی پارتەکان: دوڤێرجێ باس لەوە
دەکات کە حاکمی ڕاستەقینەی فەڕەنسا، بیرۆکراسییەکی ساردی تەکنۆکراتی و
ئۆلیگارشی پارتایەتییە. ڕاستی ناوەندگیر و چەپی ناوەندگیر وەک کۆمپانیا
کار دەکەن کە تەنها لەسەر کورسی شەڕ دەکەن، بەڵام لە جەوهەردا، گەلیان
لە هاوکێشەی حوکمڕانی و بڕیاری ئابووری وڵاتەکە دەرکردووە.
٢. مارکس لە کتێبی ”لویی بۆناپارت” زیاتر لە سەدەیەک پێش دوڤێرجێ،
سەیری گۆڕانکارییەکانی فەڕەنسا دەکات لە سەردەمی ناپۆلیۆنی سێیەمدا:
* چەمکی بۆناپارتیزم: مارکس دەڵێت کاتێک ململانێی چینایەتی (لە نێوان
بۆرجوازی و چینی کرێکار) دەگاتە بنبەست، دەوڵەت لە ڕێگەی سەرۆکێکی
پۆپۆلیستەوە (لویی بۆناپارت) خۆی وەک هێزێکی سەربەخۆ نیشان دەدات کە
گوایە نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.
* خزمەتکردنی سەرمایە: لای مارکس، گۆشەگیرکردنی خەڵک یان
سەرکوتکردنیان تەنها یارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ئابوورییە؛
بۆناپارت دەسەڵاتی سیاسی بۆرجوازیی چەک کرد، بەڵام لە بەرامبەردا
دەسەڵاتی ئابووری و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیانی پاراست.
جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو شیکارییەکە:
١. ڕەگی کێشەکە - ئابووری بەرامبەر دامەزراوەیی:
* مارکس پێی وایە پەککەوتنی دیموکراسی و دوورخستنەوەی خەڵک،
دەرئەنجامی ململانێی چینایەتی و بەرژەوەندی ئابووریی بۆرجوازییە.
* دوڤێرجێ پێی وایە کێشەکە لە سروشتی پارتە مۆدێرنەکان و پێکهاتەی
تەکنۆکراتی دەوڵەتدایە، کە بە سروشتی خۆیان مەیلیان بەرەو دروستکردنی
ئۆلیگارشی هەیە و خەڵک پەراوێز دەخەن.
٢. سروشتی دەسەڵاتی حاکم:
* لای مارکس، حوکمڕانی فەڕەنسا (تەنانەت لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری
بۆناپارتیشدا) لە کۆتاییدا لە خزمەت چینی خاوەن سەرمایەدایە.
* لای دوڤێرجێ لە ”دیموکراسیی بەبێ خەڵک”دا، حاکم پێکهاتووە لە
نوخبەیەکی کارگێڕی، سیاسی و تەکنۆکراتی (ڕاست و چەپی ناوەند) کە پێگەی
خۆیان لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی بونیادی پارتەکان و بیرۆکراسی دەوڵەتەوە
دەپارێزن، نەک تەنها لەبەر خاوەندارێتی سەرمایە.
٣. شێوازی کۆنترۆڵکردن:
* مارکس باسی ”هێزی سەربازی، سەرکوت و چەواشەکاریی پۆپۆلیستی”
بۆناپارت دەکات بۆ بێدەنگکردنی چینی کرێکاران.
* دوڤێرجێ باسی قۆرخکاریی سیستەماتیک دەکات لە ڕێگەی یاساکانی
هەڵبژاردن و میدیا و بیرۆکراسییەوە، کە وایکردووە دیموکراسی بێدەنگ و
بێ ڕۆحی گەل بەڕێوەبچێت.
پوختە: لە ڕووی میتودەوە جیاوازییەکە لە نێوان شیکاریی
ماتریالیزمی-مێژوویی (مارکس) و شیکاریی دەستووری-سیاسی (دوڤێرجێ) دایە.
بە ڕای مارکس بنچینەی قەیرانەکە ئابووری و چینایەتییە، قەیرانەکە لە
ململانێی نێوان بۆرژوازی و پرۆلیتاریاوە سەرچاوە دەگرێت؛ لێرەدا دەوڵەت
تەنها ئامرازێکی سەرکوتە. بەڵام بە ڕای مۆریس دوڤێرجێ قەیرانەکە سیاسی
و دەستوورییە، و خۆی لە شێوازی داڕشتنی سیستەمی حیزبی و دەستووری
کۆماری پێنجەمدایە کە خەڵکی پەراوێز خستووە. مارکس نیشانی دەدات چۆن
دەوڵەت (نوێنەرایەتیکراو لە لویی بۆناپارت) لە چینە کۆمەڵایەتییەکان
جیا دەبێتەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت کاتێک ململانێی چینایەتی
دەگاتە بنبەست. مارکس لە دەسەڵاتی فەڕەنسادا ”دکتاتۆرییەتی چینایەتی
سەرمایە” دەبینێت کە لە پشتی دەمامکی بۆناپارتیزمەوە شاراوەتەوە، لە
کاتێکدا دوڤێرجێ تیشک دەخاتە سەر "تەکنۆکراسی و ئۆلیگارشی پارتەکان" کە
دیموکراسییان کردووەتە پڕۆسەیەکی وشک و بێ خەڵک. ئەوەی دوڤێرجێ پێی
دەڵێت «تەکنۆکراسی یان دیموکراسی بەبێ خەڵک»، لە ڕاستیدا شێوازێکی نوێی
«بۆناپارتیزم»ی سەردەمە، کە تێیدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن (وەک سەرۆکایەتی
ماکرۆن لە فەڕەنسا) بە پاڵپشتی ئۆلیگارشی دارایی، گوێ بە پەرلەمان و
شەقام نادات. جیاوازیێکی دی لەوەدایە کە دوڤێرجێ بیرمەندێکی چەپی
لیبڕاڵ/سۆسیال دیموکراتە و بڕوای بە دەوڵەت هەیە، لە کاتێکدا مارکس
ڕادیکاڵە و دەیەوێت دەوڵەتی بۆرژوازی هەڵوەشێنێتەوە.
●
شیکاریی سیاسی بۆ واقیعی ئێستای فەڕەنسا:
تێڕوانینەکەی مۆریس دوڤێرجێ بۆ دۆخی ئێستای فەڕەنسا و جیهان خاڵی
دروستی تێدایە و پێشبینیکەرانە بوو، بەڵام بە گۆڕانکارییەکی نوێوە کە
لەم ساڵانەی دواییدا ڕوویدا:
* کۆتایی دەمامکەکان - سەردەمی ماکرۆنیزم: بۆ ماوەی چەندین دەیە لە
فەڕەنسا، ڕاستی ناوەندگیر و چەپی ناوەندگیر یارییەکی سیاسییان دەکرد کە
گوایە دژی یەکن، بەڵام لەژێرەوە هەمان سیاسەتی تەکنۆکراتییان جێبەجێ
دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٧دا، بە هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن، ئەم هاوپەیمانییە
شاراوەیە ئاشکرا بوو. ماکرۆن (کە خۆی تەکنۆکراتێکی بواری بانک بوو) هەم
ڕاستی ناوەند و هەم چەپی ناوەندی لەژێر یەک چەتردا کۆکردەوە، ئەمەش
سەلماندی کە ئۆلیگارشی تەکنۆکراتی لە پشت پەردەوە بوونی هەیە و جیاوازی
نێوان چەپ و ڕاستی ناوەند تەنها ڕواڵەت بووە.
* سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم وەک پەرچەکردار: کاتێک زۆرینەی خەڵکی هەستی
کرد کە سندوقەکانی دەنگدان تەنها نوخبەیەکی تەکنۆکراتی دەگۆڕێت بە
نوخبەیەکی تری هاوشێوەی خۆی (کە گرنگی بە ژیانی کرێکاران و هەژاران
نادات)، متمانەی بە ”ناوەندگێری سیاسی” نەما، ئەمەش بووە هۆی
تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکاندا (وەک جووڵانەوەی هێلەکە
زەردەکان و خۆپێشاندانەکانی باریس) و بەهێزبوونی جەمسەرە ڕادیکاڵەکان
(چەپی توندڕەو و ڕاستی توندڕەو).
پوختە: ڕای دوڤێرجێ تەواو ورد بوو؛ دیموکراسی نوێنەرایەتی لە ڕۆژئاوا
گۆڕدراوە بۆ تەكنۆكراسییەکی سارد کە تێیدا بڕیارە ئابووری و سیاسییەکان
لە دەستی چینێکی ئۆلیگارشی کەمینەدایە، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەبێتە
هۆی تێکچوونی سەقامگیری کۆمەڵایەتی، وەک چۆن لە وتارەکەی پێشووترمدا
ئاماژەم پێدابوو کە )قەیرانی ئابووری دەمامکی ئەم دیموکراسییە
لادەدات(.
لە ڕاستیدا ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆکە حوکمی فەڕەنسا دەکات نوخبەیەکی
دارایی و تەکنۆکراتییە کە وەک دەستەبژێرێکی سەرمایەداریی دڕندە ڕەفتار
دەکات. ئەم نوخبەیە چ لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی وەک بۆناپارتیزمەوە
بێت، یان لە ڕێگەی کاراکتەرە سیاسییەکان و کاربەدەستانی حکومەتی
دەوڵەتی بۆرژوازییەوە، هەژموونی سەرمایە دەسەپێنێت و سیستەمەکەی
دەپارێزێت. کەواتە مۆدێلی حوکمرانیی هاوچەرخی فەڕەنسا (تەکنۆکراسیی
ماکرۆنیزم)، یانی دیموکراسیی ڕۆژئاوایی، لە ڕواڵەتدا ڕەنگە خاوەن
دامەزراوەی مۆدێرن بێت-(دیدگای دوڤێرجێ)، بەڵام لە جەوهەردا ئامرازی
دەستی نوخبەیەکی داراییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران-(
دیدگای مارکس).
●
یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زیادبوونی هەژاری کرێکاران:
ئەمڕۆ لە نێوان خەڵکی ئاسایی و ڕۆژنامەنووساندا باسی ئابووریی
K بووەتە باو. زاراوەی ئابووریی
K گوزارشتە لە بوژانەوە و گەشەکردنی ئابووری
لەسەر شێوازی پیتی K ئینگلیزی. ئەم چەمکە
ئابوورییە بەو مانایەیە کە ئابووری دوای تێپەڕبوون بە قەیرانێکی
ئابووریدا، دابەش دەبێت بەسەر دوو ئاڕاستەی تەواو جیاوازدا؛ بە شێوەیەک
کە بەشی سەرەوەی کۆمەڵگە گەشە دەکات و دەبوژێتەوە، لە کاتێکدا بەشی
خوارەوە بەردەوام دەبێت لە پاشەکشێ و ناڕەحەتی و ژیانێکی کوڵەمەرگی.
• گەشەکردنی هێڵی سەرەوە (هێڵی سەرکەوتووی پیتی K
- جەمسەری سەرمایەداران): گوزارشت لەو چین و کەرتانە دەکات کە دوای
قەیرانەکە بە خێرایی دەبوژێنەوە و دەوڵەمەندتر دەبن. ئەمەش بە شێوەیەکی
گشتی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا، ئەو پیشانەی لە دوورەوە (ئۆنلاین)
ئەنجام دەدرێن، و وەبەرهێنەرانی بازاڕەکانی پشک و خانووبەرە دەگرێتەوە.
ئەمانە لەسەر ئاستی درێژخایەن زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵکو ڕەنگە
بارودۆخی داراییان باشتر بووبێت.
• لاوازیی هێڵی خوارەوە (هێڵی داکشاو لە پیتی K
- جەمسەری چینی کرێکار): گوزارشت لەو چین و کەرتانە دەکات کە بە توندی
زیانیان بەرکەوتووە و بەردەوامن لە داکشان. ئەمەش کرێکارانی ڕۆژانە،
خاوەن مووچە نزمەکان، و کەرتە نەریتییەکانی خزمەتگوزاری (دوکانداری و
بازاڕی گشتی، گەشتوگوزار، و چێشتخانەکان) دەگرێتەوە. ئەمانە ڕووبەڕووی
بێکاری، کەڵەکەبوونی قەرز، و دژواریی گەڕانەوە بۆ ئاستی بژێوی پێشوویان
دەبنەوە.
بەکورتی، ئەم جۆرە بوژانەوەیە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی کەلێن و
نایەکسانیی ئابوورییە لە کۆمەڵگەدا، کە تێیدا سەرجەم چینەکان بە
یەکسانی لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی بەهرەمەند نابن.
داهێنەری ئەم بیرۆکەیە، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی ئەمریکی
(پیتەر ئاتوۆتەر)ە. ئاتوۆتەر لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠دا ئەم زاراوەیەی
ڕاگەیاند، بەتایبەتی لە هەفتەکانی یەکەمی سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-١٩دا.
لەو کاتەدا تێبینی داڕووخانێکی ڕوون و دابەشبوونێکی توندی کرد لە ئاستی
توانای دارایی نێوان فەرمانبەرانی کارگێڕی (خاوەن یەخە سپییەکان کە لە
دوورەوە کاریان دەکرد) و کرێکارانی مەیدانی و دەستی (خاوەن یەخە
شینەکان). زاراوەکە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بڵاوبووەوە و لەلایەن
دامەزراوە داراییە گەورەکان و ڕۆژنامەکانی وەک (نیۆیۆرک تایمز و فۆربس)
بۆ وەسفکردنی واقیعی بژێوی پەسەندکرا. ئەم بیرۆکەیە وەک "تیۆرییەکی
ئەکادیمی وشک" لە ناو کتێبێکی کۆندا دەرنەکەوت، بەڵکو وەک زاراوەیەکی
شیکاری لە وتار و ڕۆژنامەگەریی ئابووریدا دەستی پێکرد، پێش ئەوەی ببێتە
کۆڵەکەیەک بۆ لێکۆڵینەوە قووڵەکان دەربارەی نایەکسانی.
ئەم بیرۆکەیە تا چەند لە دیدگای سۆسیالیستەکانەوە نزیکە؟
تێزی ”بوژانەوە لەسەر شێوازی پیتی K”
بە قووڵی لەگەڵ شیکاریی مارکسیستی بۆ بنیاتی سەرمایەداری بەریەک
دەکەوێت؛ بە شێوەیەک کە زۆرێک لە بیرمەندانی سۆسیالیست و مارکسیست، ئەم
مۆدێلە لە پیتی K وەک بەرجەستەبوونێکی
هاوچەرخ و مادیی ئەو پێشبینییە مێژووییانە دەبینن کە کارل مارکس زیاتر
لە سەدەیەک و نیو پێش ئێستا خستبوونیەڕوو. بیرۆکەی بوژانەوە لەسەر
شێوازی پیتی K لەگەڵ شیکاریی مارکسیستی
بۆ یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زیادبوونی هەژاری کرێکاران یەکدەگرێتەوە، و
زۆرێک لە بیرمەندانی سۆسیالیست و مارکسیست پێیان وایە کە پیتی
K تەنها بەرجەستەبوونێکی بینراوی هاوچەرخی
ئەو پێشبینییەیە کە مارکس کردبووی.
مارکس ١٥٩ ساڵ لەمەوبەر ئەمەی نووسیبوو:
«هەموو ڕێگاکانی بەرهەمهێنانی بەهای زێدەکی/ زێدەبایی، لە هەمان کاتدا
ڕێگایەکن بۆ بەدیهێنانی کەڵەکەکردن؛ هەر فراوانبوونێکیش لە
کەڵەکەکردندا، لە بەرامبەردا دەبێتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی ئەم
ڕێگایانە. لەمەوە چاکبوونی باری کرێکار مەحاڵە و بە ناچاری بەرەو
خراپتر بوون دەچێت، هەرچەند کەڵەکەکردنی سەرمایە زیاتر دەبێت، جا ئاستی
مووچەکان بەرز بێت یان نزم. دواجار ئەو یاسایەی کە هەمیشە هاوسەنگی
دەپارێزێت لە نێوان سەرڕێژی ڕێژەیی دانیشتووان یان سوپای یەدەگی
پیشەسازی لەگەڵ ڕەهەند و توندیی کەڵەکەکردندا، ئەم یاسایە کرێکار بە
سەرمایەوە دەبەستێتەوە بە توندتر لەو بەستنەوەیەی کە چەکوشی هێفایستۆس
پرۆمیسیۆسی پێ بە تاشەبەردەکەوە بەستبووەوە. ئەو (یاسایە) کەڵەکەکردنی
نەهامەتی دەسەپێنێت هاوتەریب لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایەدا. کەواتە
کەڵەکەکردنی سامان لەم جەمسەرەدا، لە هەمان کاتدا کەڵەکەکردنی
نەهامەتی، ئازاری کار، کۆیلایەتی، نەزانی، دڵڕەقی و داڕووخانی ڕەوشتییە
لە جەمسەری بەرامبەردا، واتە لە جەمسەری ئەو چینەی کە بەرهەمی دەستی
خۆی لە شێوەی سەرمایەدا بەرهەم دەهێنێت.»- سەرچاوە: ”یاسای گشتیی
ڕەهای کەڵەکەکردنی سەرمایەداری” / لاپەڕە ٧٩٢ ــ سەرمایە ــ کارل
مارکس ـ وەرگێڕانی فالح عەبدولجەبار.
●
فراوانبوونی کەلێنی نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان لە سەردەمی
بەربەرییەتی سەرمایەداریدا:
«لەو بەهەشتەی سەرمایەداریدا، دەبینین کە بچووکترین بەرزبوونەوە لە
نرخی پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی بژێویی ژیاندا، لە بەرامبەردا
دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن و تاوانەکان.» - مارکس/ پەرتووکی
سەرمایە - وەرگێڕانی فالح عەبدولجەبار/ ل ٨٢٧.
چەمکی ”بەربەرییەتی هاوچەرخ” تەنها پێناسەیەکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو
لێکدانەوەیەکی زانستییە بۆ چۆنیەتی گۆڕانی سەرمایەداری لە قۆناغی
ئێستایدا بۆ سیستەمێک کە وێرانکاری و قەیرانەکان وەک بەشێک لە خولی
ئابووریی ئاسایی خۆی بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش لە ڕێگەی:
١. بەکاڵاکردنی قەیران و جەنگەکان (ئابووریی وێرانکاریی مرۆیی):
لە سەرمایەداریی کلاسیکدا، ئامانج بریتی بوو لە بەرهەمهێنانی ئەو
کاڵایانەی کە مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت بۆ بەدیهێنانی قازانج. بەڵام لە
سەردەمی ئێستای بەربەرییەتی هاوچەرخدا، خودی قەیران و جەنگەکان
گۆڕدراون بۆ کاڵا و سەرچاوەی قازانجکردنی دارایی کارەساتبار. ئەمڕۆ
دەبینین چۆن کۆمپانیا گەورەکانی چەک و سندووقە زەبەلاحەکانی وەبەرهێنان
(وەک بلاک ڕۆک و هاوشێوەکانی)، هاوتەریب لەگەڵ ململانێ گەرمەکانی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا، قازانجی پێوانەیی و
مێژوویی تۆمار دەکەن. وێرانکاری سوود بە کۆمپانیاکانی بونیادنانەوە
دەگەیەنێت، و برسێتیش بازاڕی بۆرسەی نرخی دانەوێڵە و وزەی نەوت و گاز
دەبوژێنێتەوە؛ ئەمەش ڕاستێتی ئەو تێزە دەسەلمێنێت کە دەڵێت سیستەمەکە
بە مانا سەرەکییەکەی لەسەر نەهامەتیی مرۆیی دەژی.
٢. هەڵوەشاندنەوەی "دەوڵەتی خۆشگوزەرانی" و هەژاریکردنی چینی ناوەڕاست:
بەربەرییەتی هاوچەرخ لە ناوخۆی ڕۆژئاوا و لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەمدا
بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تێکشکاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە
ڕەنگدەداتەوە؛ چونکە سیاسەتە نیولیبرالییە هاوچەرخەکان بە ئاشکرا
دەستبەرداری کەرتی گشتی تەندروستی، پەروەردە و خانەنشینی دەبن.
هەڵاوسانی بەردەوامی دراو و بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەتە هۆی لێدان لە
سامانی چینی ناوەڕاست و خزانی ملیۆنان خێزان بەرەو هەژاری، لە کاتێکدا
سامانی جیهانی لە دەستی لە ١٪ی مرۆڤایەتیدا کۆبووەتەوە. سەرمایەداریی
دڕندە چیتر ناتوانێت هیچ خۆشگوزەرانییەک پێشکەش بکات، بەڵکو تەنها
مۆدێلێکی چەوساندنەوەی ڕەها و هەژاریکردن و بەربەریزم دەخاتە ڕوو بۆ
هێشتنەوەی نوخبەکان لە لووتکەی هەرەمەکەدا.
٣. بەربەرییەتی ژینگەیی (تێکدانی هەسارەکە لە پێناو قازانجدا):
بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەم بوارەدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی سیستەمی
سەرمایەداریی ئێستایە لەگەڵ قەیرانی ژینگەدا. سەرەڕای کۆنگرە و بەڵێنە
درەوشاوەکان، کۆمپانیا گەورەکان و وڵاتە پیشەسازییەکان بەردەوامن لە
بەتاڵکردنی سەرچاوەکانی زەوی، پیسکردنی ژینگە و تێکدانی سیستەمی
زیندەیی هەسارەکە، تەنها بۆ پاراستنی ڕێژەی گەشەی قازانجەکان لەسەر
مەودای کورت. سیستەمەکە لەناوچوونی هەسارەکەی پێ باشترە لە قوربانیدان
بە قازانجەکان؛ ئەمەش بەرجەستەبوونی ڕاستەقینەی چەمکی "بەربەرییەتی
هاوچەرخ"ە کە گوێ بە دواڕۆژی مرۆڤایەتی نادات.
٤. سەرکوتکردنی ناسنامەی مرۆیی و گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ”ددانەی کارگێڕی”:
لەم سەردەمەدا، مرۆڤ لە بەها مەعنەوی و فیکرییەکانی دادەماڵرێت بۆ
ئەوەی تەنها ببێتە بەکاربەر یان ئامرازێکی بەرهەمهێنان. میدیای
دیجیتاڵیی ئاڕاستەکراو و خوارزمەییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ ڕووکەشیکردنی
هۆشیاریی گشتی، و سەرقاڵکردنی گەلان بە ململانێی لاوەکی، نەتەوەیی و
کولتووریی دەستکردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێگەیشتنیان لە ڕەگی
قەیرانە ئابوورییە هاوبەشەکەیان.
●
سەرەنجام:
شەڕی چینایەتیی دەوڵەت دژی کرێکاران:
لە کاتی قەیرانەکاندا ڕۆڵی دەوڵەت لە قازانجی سەرمایەداران ڕۆشن
دەردەکەوێت؛ دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان (وەک فەرەنسا) ترلیۆنان دۆلار
دەبەخشنە بانک و کۆمپانیا گەورەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانیان (ئەمەش
لقی سەرەوەی خ بەرز دەکاتەوە)، لە کاتێکدا سیاسەتی سکهەڵچنین/ سک
هەڵگوشین و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەسەر کرێکاراندا
دەسەپێنن (کە بلۆکی خوارەوە دادەتەپێنێت). هەروەها کەڵەکەکردنی سەرمایە
لەم سەردەمەدا بەهۆی ئۆتۆماتیزەکردن و ژیریی دەستکردەوە، هێزی کار
پەراوێز دەخات و قاڵبی قازانجەکە بۆ خاوەن کەرستەکانی بەرهەمهێنان چڕتر
دەکاتەوە.
بەم شێوەیە دەسەڵات لە لایەکەوە هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بەسەر سامان و
سەرچاوەکانی کۆمەڵگەدا بپارێزێت لە بەرژەوەندیی خۆی و نوخبەی
سەرمایەدارە گەندەڵەکەیدا، تەنانەت لە قورسترین قەیرانە
ئابوورییەکانیشدا، ڕێگا بۆ چینی بۆرجوازی خۆش دەکات بۆ بەدەستهێنانی
بەرزترین قازانج و سەرقاڵبوون بە کەڵەکەکردنی سەرمایە و خۆشگوزەرانیی
کەسییەوە. ئەمەش بە مانای سەپاندنی سیستەمی ڕەوشتیی ئەو چینەیە کە بە
پارە و دەسەڵاتەوە بەستراوەتەوە (کە ئەویش ڕەوشتی بازاڕە) بەسەر تەواوی
کۆمەڵگەدا؛ ئەو ڕەوشتەی کە لەسەر بنەمای ڕاکردن بەدوای قازانج و
کێبڕکێی دڕندانە لە جەنگەڵستانی بازاڕی دۆلار و بۆرسەی دارایی
بێبەزەییدا دامەزراوە. لە لایەکی ترەوە، بۆ بەربەستکردنی خۆپێشاندانی
هەژاران و زیانپێکەوتووان، دەسەڵات پەنا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی
کرێکاران و هەژاران دەبات، و ئاین، ڕەوشت، دابونەریت و بەها
نیشتمانییەکان دەکاتە بیانوو؛ وەک ئەوەی نیشتمانپەروەری، ئاین و ڕەوشت
لە دیدی دەسەڵات و بازرگانانی ئایندا تەنها پاساوێک بن بۆ ڕەواییدان بە
هەژاری و بانگەشەکردن بۆ ئارامگرتن لەسەری، لە کاتێکدا هەژاری و
گەندەڵی خۆیان سەرچاوەی سەرەکین بۆ هەموو لادان و دیاردە
ناڕەوشتییەکانی کۆمەڵگە.
بناغە لەسەر ئەمە، هەرچەندە دەسەڵات زیاتر سامان لە دەستی کەمینەیەکی
خاوەن دەسەڵاتدا کۆبکاتەوە لە لایەک، و توندوتیژی دژی کرێکاران و
هەژاران پەیڕەو بکات بە بەکارهێنانی گوتاری ئاینی و ڕەوشتی و بەها
نیشتمانییەکان لە لایەکی ترەوە، کۆمەڵگە زیاتر تووشی جیاوازیی ئابووری
دەبێت و داڕووخان لە پێوەرەکانی ڕەفتاری دروستدا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمەش ئەو دژایەتییە بنەڕەتییەیە کە زوو یان درەنگ، دەبێتە هۆی ئەوەی
دەسەڵات تەواوی کارتەکانی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدەست بدات.
_____________________________________________
پەراوێزەکان:
* بێگومان، زۆرینەی ڕژێمە حاکمەکانی وڵاتانی
جیهانی سێیەم، دەوڵەتگەلێکی سەرکوتکارن و بەربەرییەتێکی ڕووت و بێ
دەمامک پەیڕەو دەکەن.
** لە هەواڵەکانی ئەم چەند ڕۆژەدا:
١. حکومەتی ئیتالیا بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی هاوشێوەی هەموو
دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی وەک(ئێران، میسر، تورکیا،، هتد)، بڕیاریدا بە
ناردنی هێزەکانی سوپا بۆ سەر شەقامەکان بەمەبەستی هاوکاریکردنی هێزە
ئەمنییەکان، ئەمەش دوای تەشەنەسەندنی پشێوی، توندوتیژی و پێکدادانی
توند لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس لە شاری میلان.
٢. لە فەرەنسا بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆ و ڕێوشوێنی توندی ئەمنی لە
چەند شارێکدا دەدرێ، لە ژێرناوی کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکان.
*** ئەم دوو کتێبە، بە دوو پایەی سەرەکیی فیکری سیاسیی مۆریس دوڤێرجێ
دادەنرێن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دەسەڵات لە فەڕەنسا و
جیهانی مۆدێرن:
١. کتێبی ”پارتە سیاسییەکان” (١٩٥١): تێیدا باسی ئۆلیگارشی ناو
پارتەکان و کۆنتڕۆڵکردنی کایەی سیاسی دەکات.
٢. کتێبی ”پاشایەتیی کۆماری”(١٩٧٤): تێیدا ڕوونی دەکاتەوە چۆن
دیموکراسییە مۆدێرنەکان (بەتایبەت کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا) لە ڕێگەی
دەستوورەوە دەسەڵاتی پاشایانە دەدەنە سەرۆک کۆمار.
|