|
٨\٩\٢٠٢٦
داڕووخانی
لیبرالیزم و پۆست لیبرالیزم.
- قیژەێک لە
ساکسۆنی-ئانهاڵتی ئەڵمانیاوە -

ئەکرەم سەعید
دوای ئەوەی دوێنێ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ٤٤٪ی دەنگەکانی لە
هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، قیژەێک لە ویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
خەڵکی لە مەترسیەک ئاگادار کردوە( گەڕانەوەی چەپۆکە ڕەشەکان - نازییە
نوێکان بۆ دەسەڵات)، ئەو نازییە نوێیانەی خۆیان وەک فریاڕەس پیشانی
خەڵکی دەدەن. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی
ترسناکدا دەژین، لە خولێکی ڕاگوزاری لە جیهانی یەک جەمسەرییەوە بۆ
جیهانێکی فرە جەمسەری، لە کۆمەڵگەی دیموکراسی وکراوەی ڕۆژئاواوە بەرەو
کۆمەڵگەی تۆتالیتاری وداخراو. مەترسییەکان بەزۆری بۆ سەر مافە ئابووری
و سیاسییەکانی چینی کرێکاران و پەناهەندەکانە.
لاوازبوون و پوکانەوەی بنەماکانی حوکمی دیموکراسی و لیبرالیزم، کە لەم
سەردەمەی ئێمەدا بە پۆست لیبرالیزم ناو دەبرێ، نموونەیمان لە نزیکەی
ناوەڕاستی ساڵانی هەزارو هەشت سەدەکاندا، بە جۆرێکی دی و لە
هەلومەرجێکی جیاواز لە ململانێی چینایەتیدا بینیووە. لە ساڵی ١٨٤٨دا
مارکس وەسفی ئەو هەلومەرجە دەکات کە پاڵ بە چینی بۆرژوازی فەرەنسییەوە
دەنێ تا لە پێناو پاراستنی سەروەت و سامانەکەیان ملکەچی دیکتاتۆریەتی
پۆناپارت بن. شیکارەکەی مارکس بۆ وەرچەرخان و گۆڕانی بۆرژوازەکان لە
دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، بە شاکارێکی فیکری و قووڵ لە مێژووی
فەلسەفەی سیاسیدا دادەنرێت. مارکس لە کتێبەکەیدا«هەژدەی برۆمێری لویی
بۆناپارت» بە شیکاریی زانستی نیشانی دەدات کە چۆن بۆرژوازی فەرەنسی، بۆ
پاراستنی مڵکداریی تایبەت و بەرژەوەندییە داراییەکانیان، کۆماری
دیمۆکراتیی خۆیان لەباربردوو وخۆیان تەسلیمی سەرکوتکاریی بۆناپارت کرد.
لۆژیکی بۆرژوازی:( قوربانیدان بە تاجی سیاسی لە پێناو جزدانی پارەکانی
). مارکس لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا، بە زمانێکی زۆر ڕوون و بێپەردە
وەسفی ئەو مامەڵە مێژووییە دەکات کە بۆرژوازی لەگەڵ دیکتاتۆرەکەدا کردی:«
بۆرژوازی بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی
ناچاری دەکەن دەست لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی سیاسیدا
هەڵبگرێت؛ و بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتدا بگەڕێنرێتەوە،
دەبێت پێش هەموو شتێک پەرلەمانی بۆرژوازی بێدەنگ بکرێت؛ وە بۆ پاراستنی
هێزی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان (واتە کارگە و بانکەکانیان)، دەبێت هێزی
سیاسییان بشکێنرێت. بۆرژوازی تێگەیشت کە بۆ ئەوەی بتوانێت جزدانی
پارەکەی بپارێزێت، دەبێت تاجەکەی لەسەری دابگرێ، و ئەو شمشێرەش کە
بڕیارە بیپارێزێت ( واتە سوپای دیکتاتۆر ) لە هەمان کاتدا وەک شمشێری
دۆمۆکلیس بەسەر سەری خۆیەوە هەڵبواسێت.».
هەروەها مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە بۆرژوازەکان دیمۆکراسی وەک مەترسی بۆ
سەر سەرمایەداری چاو لێدەکەن، کاتێک سەرنجیاندا کرێکاران و گەل دەتوانن
لە ڕێگەی دیمۆکراسییەوە داوای مافەکانیان بکەن، ئیدی بۆرژوازەکان
دیمۆکراسیی وەک خاڵی لاواز یان وەک دوژمن تەماشا کرد، تەنانەت ئەگەر
دیمۆکراسییەکە هی خۆشیان بوایە: «بۆرژوازی تێگەیشت کە هەموو ئەو
چەکانەی کە بۆ لێدانی دەرەبەگایەتی کۆن دروستی کردبوون (وەک ئازادی
ڕادەربڕین، مافی دەنگدان، کۆماریخوازی)، ئێستا گۆڕاون بۆ چەکێک کە
ڕوویان لە خۆیەتی... بۆیە هەموو ئەوانەی کە پێشتر ناوی نابوون ”ئازادی
پێشکەوتنخواز”، ئێستا وەک هەڕەشەیەکی سۆسیالیستی پێناسەی کردنەوە و
مەدالیای تاوانبارییان بەسەردا بڕی.» - کەواتە ”تەنها دیکتاتۆریەت
دەتوانێت کۆمەڵگای بۆرژوازی ڕزگار بکات!”.
مارکس لە بەشی شەشەمی کتێبەکەدا باسی قۆناغی کۆتایی پێش کودەتاکەی
بۆناپارت دەکات، کاتێک بۆرژوازی شێتبووبوو بەدەست ناسەقامگیری بازاڕ و
ترسی شۆڕشی کرێکاران، بۆیە داوای دیکتاتۆریەتی دەکرد:«بۆرژوازی هاواری
دەکرد: ” کۆتاییەکی بەئازار نەک ئازارێکی بێ کۆتایی! ”. ئەم هاوارە بە
تەواوی لە لایەن بۆناپارتەوە بیسترا ... کاتێک پەرلەمانتار و
ڕۆژنامەنووسە بۆرژواکان داوای ئازادییان دەکرد، بازرگان و سەرمایەدارە
بۆرژواکان لە دەرەوەی پەرلەمان سووکایەتییان پێ دەکردن و هانی
بۆناپارتیان دەدا بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کپ بکاتەوە، چونکە پێیان وابوو
چالاکییە سیاسییەکان دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بازرگانی.».
ئەنگلس لە چەندین شوێندا بە دەق و بە ڕوونی باسی ئەم پاشەکشە مێژووییەی
بۆرژوازی و چەمکی ” بۆناپارتیزم ” دەکات. لە گرنگترین ئەو بەڵگە و
دەقانەی کە وەک سەرچاوە دەتوانیت بەکاریان بهێنین، ئەمانەن: نامەی
ئەنگلس بۆ مارکس (١٣ی نیسانی ١٨٦٦). ئەم کورتە نامەیە بە یەکێک لە
ڕوونترین سەرچاوەکان دادەنرێت کە تێیدا ئەنگلس پێناسەی بۆناپارتیزم
دەکات وەک ” ئایینی بۆرژوازی ”:
« بۆناپارتیزم ئایینی ڕاستەقینەی بۆرژوازی مۆدێرنە. بۆم دەرکەوتووە کە
بۆرژوازی توانای ئەوەی نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکمی سیاسی وڵات
بکات؛ بۆیە ئەگەر ئۆلیگارشییەک (کەمینەیەکی دەسەڵاتدار) نەبێت کە لە
پێناو بەرژەوەندی ئەواندا دەسەڵات بگرێتە دەست... ئەوا دیکتاتۆریەتێکی
نیوە - بۆناپارتی دەبێتە شێوازی ئاسایی دەسەڵات. ئەم جۆرە دیکتاتۆریەتە
بەرژەوەندییە ماددییەکانی بۆرژوازی دەپارێزێت ( تەنانەت ئەگەر لە دژی
ویستی خۆشیان بێت )، بەڵام هیچ پشک و بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتدا بە
خودی بۆرژوازی نادات.» - سەرچاوە: نامەکانی مارکس- ئەنگڵز ١٨٦٦/ نامەی
فریدریش ئەنگڵس بۆ کارل مارکس لە مارگەیت، ١٣ی نیسانی ١٨٦٦.
وە لە پێشەکی بۆ چاپی سێهەمی کتێبەکەی مارکس «هەژدەی برۆمێری لویی
بۆناپارت» - ١٨٨٥، ئەنگلس مێژووی فەرەنسا ولۆژیکی بۆرژوازی ڕوون
دەکاتەوە:« فەرەنسا ئەو وڵاتەیە کە تێیدا ململانێ مێژووییەکانی نێوان
چینەکان، زیاتر لە هەر شوێنێکی تر، هەرجارەو بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە
کۆتایی هاتووە... بۆرژوازی فەرەنسی لە دوای ساڵی ١٨٤٨، کاتێک لەبەردەم
مەترسی ڕاپەڕینی سووری (سۆسیالیستی) کرێکاراندا پشتی شکا، پەنای بردە
بەر سەرکوتکاریی پۆلیسی و سەربازی؛ ئەوان ئامادەبوون ئازادییە
سیاسییەکانی خۆیان بدەن بە بۆناپارت لە پێناو هێشتنەوەی کۆیلایەتی
ئابووریی چینی کرێکار و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانیان.».
ئەم شیکارییەی مارکس و ئەنگلس ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆرژوازی هیچ
دڵسۆزییەکی بنەمایی بۆ دیمۆکراسی یان لیبرالیزمی سیاسی نییە یانی
پراگماتیزمە؛ چونکە دیمۆکراسی لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە تەنها ئامرازێکە
بۆ حوکمڕانی. کاتێک سەرمایەداری لە خولێکی قەیرانی قووڵدا هەست دەکات
دیمۆکراسی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی سەروەتەکەی، یان ڕێگا خۆش
دەکات بۆ سەرکەوتنی هێزە ڕادیکاڵەکان (پۆپۆلیست یان چەپخواز)، ئەوا
دەستبەجێ دەمامکە لیبراڵییەکەی فڕێ دەدات، و پەلە دەکات بۆ خۆحەشاردان
لە باوەشی دکتاتۆریەت (تۆتالیتاریزم) و حوکمی ”ڕابەری بەهێز”دا؛ ئەمەش
ڕێک ئەو ترسەیە کە ڕەخنەگران لە گوتاری ئەمڕۆیاندا دەیخەنە سەر واقیعی
هاوچەرخی ئەوروپا.
بەڵام بارودۆخی ئێستای ئەوروپا بە تەواوی لەگەڵ فەرەنسای ساڵی ١٨٤٨دا
یەکناگرێتەوە؛ چونکە ئەمڕۆ کرێکاران و چەپەکان هەڕەشە لە دەسەڵاتی
بۆرژوازی ناکەن لە ئەوروپادا؛ ئەمە یانی جیاوازی هەلومەرجی مێژووی لە
داڕمانی لیبڕالیزم و پاشەکشەی بۆرژوازی لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری،
لە سەردەمی مارکس و سەردەمی ئێمەدا، بەتایبەتی جیاوازی لە پلەی
ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازەکان دایە. لە سەردەمی
ئێمەدا، بەهۆی ناهۆشیاری چینی کرێکاران و لاوازی ململانێیان لەتەک
بۆرژوازەکان، لەمەوە ئەوەی پاڵ بە بۆرژوازەکانەوە دەنێ ( تاجی سیاسی-
دەسەڵاتی لیبڕالی بکاتە قوربانی لە پێناو جزدانی پارەکانی ) ترس نییە
لە شۆڕشی سۆسیالیستی، بەڵکو ڕووسیا، ململانێ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانە
ئابوورییەکان مەترسییە گەورەکەن. ئەو مەترسییە وجودییەی کە ئێستا
هەڕەشە لە بژاردەی بۆرژوازی باڵادەست دەکات لە ئەوروپادا، سەرهەڵدانی
بزووتنەوەیەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕ نییە وەک ئەوەی لە فەرەنسای ١٨٤٨دا
هەبوو، بەڵکو مەترسییە لە قەیرانە ئابوورییەکان، ململانێ نێودەوڵەتییە
توندەکان و گەشەی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا و چیندا کورت دەبێتەوە. ئەم
جیاوازییە بنەڕەتییە، یەکێک لە گەورەترین دژبەیەک (پارادۆکس) و
مەتەڵەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوچەرخ دەخوڵقێنێت؛ چونکە چۆن دەکرێت
بژاردەی بۆرژوازی ڕۆژئاوایی چاوپۆشی بکەن یان فەرشی سوور لە مەیدانی
هەڵبژاردندا بۆ ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ڕاخەن (وەک: پارتی جێگرەوە
بۆ ئەڵمانیا و مارین لۆپان لە فەرەنسا،، هتد)، لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ
دەسەلمێنرێت کە ئەوان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ڕووسیا و پۆتیندا
هەیە، کە خۆی دوژمنی یەکەمی جیۆپۆلەتیکی ئەوروپایە؟ ئەم ”مەتەڵ و
دەمارە شاردراوە گەورەیە” دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانە سەرەکییەوە
شیبکرێتەوە، کە نهێنیەکان ونادیارییەکانی ئەم کایە سیاسییە دەردەخەن.
بۆچی پۆتین پاڵپشتیی ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات؟ وە بۆچی ئەوانیش کێشی لای
ئەو دەبن؟.پەیوەندیی نێوان کرملین و حیزبەکانی وەک ” حیزبی بەدیل بۆ
ئەڵمانیا ” یان ” کۆبوونەوەی نیشتمانی ” لە فەرەنسا چیتر نهێنی نییە،
بەڵکو ستراتیژییەکی بەرژەوەندیی هاوبەشە. چەکی هەڵوەشاندنەوەی ئەوروپا
لە ناوخۆوە؛ پۆتین درک بەوە دەکات کە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربازیی
ڕاستەوخۆ سەرکەوتن بەسەر هاوپەیمانیی ناتۆ یان یەکێتیی ئەوروپادا
بهێنێت. بۆیە، باشترین ئامراز بۆ لاوازکردنی ڕۆژئاوا بریتییە لە
پاڵپشتیکردنی حیزبە ناسیۆنالیستەکان (ڕاستڕەوی توندڕەو) کە داوای
هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و
سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن.
بەڵام بۆ ڕاستڕەوی توندڕەو لە کەسایەتیی پۆتیندا نموونەیەک بۆ "پیاوی
بەهێز" دەبینێت، واتە ئایدیۆلۆژیا و کاریزمای پۆتین لەتەک بیروباوەڕی
ڕاستڕەوی توندڕەو هاوبەشیان هەیە، چونکە پۆتین بەرەنگاری جیهانگیریی
لیبراڵ دەبێتەوە، و بەها کۆنەخوازە نەریتییەکان لە دژی ئەجێندا
کولتوورییە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت. سەرەڕای ئەمەش، چەندین
ڕاپۆرتی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی بە بەڵگەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە
هەندێک لەم حیزبانە کۆمەک و قەرزی داراییان لە بانکە ڕووسییەکانەوە
پێگەیشتووە، یان لە ڕێگەی کەمپینەکانی چەواشەکاریی دیجیتاڵی و” سوپای
ئەلیکترۆنیی ڕووس ”یەوە پاڵپشتی کراون. هەروەها پشتگیری ترەمپ و ئیلون
ماسک بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا، هۆکارەکەی بوونی بەرژەوەندی
سیاسی و هزری هاوبەشە.
پرسیاێک لێرەدا دەتوانین لە خۆمانی بکەین: بۆچی بژاردەی بۆرژوازی
دەسەڵاتدار لە ئەوروپادا چاوپۆشی لەم مەترسییە دەکات؟. ئەگەر ڕاستڕەوی
توندڕەو هاوپەیمانی پۆتین بێت، ئەی بۆچی دەسەڵاتدارانی لیبراڵ
نایانشکێنن و لەناویانبەرن؟
دەسەڵاتدارانی ئەوروپا ئەمڕۆکە پراگماتیزمانە بیردەکەنەوە و گەمەێک
دەکەن؛ ئەوان دەیانەوێ ئاراستەی توڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی بگۆڕن، چونکە
قەیرانە ئابوورییەکانی ئێستا (هەڵاوسان، قەیرانی وزە، پاشەکشەی
خۆشگوزەرانی) توڕەییەکی جەماوەریی بەربڵاوی خوڵقاندوە. بۆ سیستەمی
سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، سەرکەوتنی ڕاستڕەوی توندڕەو کە توڕەیی
جەماوەر بەرەو ڕووی کۆچبەران، پەنابەران و کەمینەکان ئاراستە دەکات،
بژاردەیەکی ”بێوەیە وەک زمانەی دڵنیایی” دەبینرێت؛ چونکە ئەم گوتاری
نازییە نوێکان دەستکاری جەوهەری سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری ناکەن،
وهەڕەشە لە پێکهاتەی مڵکداریی تایبەتی سەرمایەداران ناکەن (بە
پێچەوانەی ئەوەی چەپی ڕادیکاڵ دەیکات ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات). بەشێک
لە خاوەن کارگەکان لە ئەوروپادا بەرژەوەندییان هەیە لە پرۆگرامی نازییە
نوێکان، چونکە بەڵێنی کەمکردەنەوەی باج لەسەر سەرمایە ولابردنی باجی
ژینگە کە یەکیەتی ئەوروپی سەپاندوویەتی دەدەن، و تووڕەیی چینایەتی خەڵک
بەرەو کۆچبەران دەگۆڕێ، بۆیە دەشێ زۆرینە سەرمایەدارانەکان دژی هاتنی
هێدی بە هێدی ڕەگەزپەرستەکان نین بۆ سەر حوکم، و ئەگەر بە ئاشکرا
نەیکەن ئەوا لە پشتی پەردەوە کۆمەکییان دەکەن. هەروەها مەتەڵی
شەرعییەتی سندوقەکانی دەنگدان (دیموکراسییەت)؛ بژاردەی ئەوروپی لە نێو
ڕێساکانی ” کۆمەڵگەی کراوە ”دا گەمارۆدراون. ئەگەر بێن و ئەو حیزبانە
قەدەغە بکەن کە نوێنەرایەتی ٣٠٪ یان ٤٠٪ی دەنگی دەنگدەران دەکەن (وەک
ئەوەی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا یان لە فەرەنسا ڕوودەدات)،
ئەوا شەرعییەتی دیمۆکراسیی خۆیان بە دەستی خۆیان لەناو دەبەن و بۆ رای
گشتی دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەتێکی دەمامکدارن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی
هەڵگیرسانی شۆڕشی ناوخۆیی زۆر مەترسیدارتر لە مەترسیی دەرەکیی ڕووسیا.
دەشێ نهێنییە گەورەکە لەم کایەیەدا ئەوەبێ کە بۆرژوازیی دەسەڵاتدار
گرەو لەسەر ”ماڵیکردن و ڕاهێنانی” ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات، هەر بەو
شێوەیەی کە لە دەسەڵات نزیک دەبنەوە. مێژووی نزیک ڕاستیی ئەم گرەوە
دەسەلمێنێت: ئەگەر سەرنجی نموونەی جۆرجیا میلۆنی بیدەن لە ئیتاڵیا؛ ئەو
لە پاشبنەمایەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و نیمچە فاشیستییەوە هات و
ڕەخنەگرێکی سەرسەختی یەکێتیی ئەوروپا بوو، و نزیک بوو لە تێڕوانینە
کۆنەخوازەکان و دۆستی پۆتین بوو، بەڵام هەر کە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات،
گۆڕا بۆ هاوپەیمانێکی گوێڕایەڵی ناتۆ، سیاسەتێکی ئابووریی نیولیبراڵیی
تەواو هاوتای خواستەکانی بانکە گەورەکانی گرتەبەر، وپشتگیریی ڕەهای خۆی
بۆ ئۆکرانیا دژی ڕووسیا ڕاگەیاند. بژاردەی بۆرژوازی پێیان وایە کە
خاوەنی هێزێکی دارایی و دامەزراوەیی هێندە قووڵن کە دەتوانێت هەر
حیزبێکی ڕاستڕەوی توندڕەو ناچار بکات "بەڵێننامەی دڵسۆزی" بۆ سیستەمی
سەرمایەداری و سیاسەتی دەرەکی واژۆ بکات. لەم بڕوایەوە هەر نازیێک کە
پۆستی وەزاریی وەرگرت، ئیدی دوای ئەوە دروشمەکانی هەڵبژاردنی خۆی و
لایەنگری خۆی بۆ پۆتین، دەکاتە قوربانی.
ئەم دیمەنەی شانۆی سیاسی ئەمڕۆ لە ئەوروپا کۆپییەکی سادەی ساڵی ١٨٤٨
نییە، بەڵکو داڕشتنێکی ئاڵۆزە لە )بۆناپارتیزمی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ (.
بژاردەی سەرمایەداریی ئێستا ڕازی دەبن بە مەترسیی شۆفێنیزم (ڕاستڕەوی
توندڕەو) و ئاساییکردنەوەو ماڵیکردنی، نەک لەبەر ترسیان لە کرێکاران،
بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان و مژینی شۆکە
کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەوان بەهۆی خۆبەزلزانیی چینایەتییانەوە پێیان وایە
دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم دێوەزمەیە بکەن، و ڕێگری لێبکەن لەوەی لە
کۆتاییدا ئەوروپا ڕادەستی پۆتین بکات.
من بەڕاستی زانیاریم وردم نییە، بەڵکە هەواڵەکان دەخوێنمەوەو شیکارو
پێشبینی دەکەم. لە گەمەی پراگماتیسمی دەوڵەتەکانی ئەوروپا و پۆتین
لەتەک نازییە نوێکانی ئەوروپا کە ترامپ و ئیلۆن ماسک پشتگیریان دەکەن
تێدەگەم، بەڵام ئەم گەمەیە مافیا ئاساییە زۆر مەترسیدارە. پۆتین گەر
پێی وابێ نازییە نوێکان (مۆرەێک - داشێک )ی سیاسی باش و بەسوودن لە
گەمەی شەترەنجەکەی لەتەک ناتۆ، چونکە دەشێ بۆ کورت ماوە کۆمەکی کەن،
بەڵام بۆ درێژماوە نازییە نوێکان کە پۆتین لە ئۆکراینان دەرەقەتیان
نایەت، ئەگەر هەموو ئەوروپا بگرنە دەست، ئەوکات وەک هیتلر هێرش دەکەن
بۆ ڕوسیا. بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش بەرامبەر چین دەیدۆڕێنن
ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست، چونکە ئابووری ئەوروپا بەرگەی
کارەساتی ناسەقامگیر ناوخۆی و دەستوەشاندنی چەپ و ڕاستی توندڕەو لە
یەکتر ناگرێ و هەرەس دەهێنێ، وە ئەوروپا بێ پەناهەندە ناتوانێ گەشە
بکات و بەرامبەر چین دەیدۆڕێنێ.
خاڵە هەستیارە ستراتیژییەکانی ئەو یارییە جیۆپۆلەتیکییە ئاڵۆزن کە
ئەوروپا لە ٢٠٢٦ پێیدا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە،
چونکە کاتێ پۆتین دەکەوێتە تەڵەی "نازییە نوێیەکان"، ئەمەش تاڕادەێکی
زۆر هەر بەو جۆرە لە مێژوودا بەڕێوە چووە؛ دیکتاتۆرەکان هەمیشە پێیان
وابووە دەتوانن هێزە ڕادیکاڵ و شۆڤێنییەکان وەک "پادۆنی/ سەربازی
شەترەنج " دژی نەیارەکانیان بەکاربهێنن. پۆتین وا دەزانێت پشتگیریکردنی
حیزبەکانی وەک حیزبی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا
گەشەی مێژووییان بەخۆوە بینیوە، ئەوروپا لاواز دەکات. بەڵام ئەگەر ئەم
هێزە نەتەوەپەرستە توندڕەوانە (کە ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترامپ و ئیلۆن
ماسکەوە هاندانی میدیایی و سیاسی دەکرێن) دەسەڵات بگرنە دەست،
ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی ئەوان لەسەر بنەمای ” باڵادەستی نەتەوەیی ”
کار دەکات. لە کۆتاییدا، ڕووسیا بۆ ئەوان دەبێتەوە بە دوژمنی مێژوویی و
هەمیشەیی، وەک چۆن هیتلەر دوای ڕێککەوتنی "مۆلۆتۆف-ڕیبێنترۆپ" هێرشی
کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت. توندڕەوی ناسیۆنالیستی کۆنترۆڵ ناکرێت و پۆتین
دەبێتە قوربانی یەکەمی ئەو دێوەزمەیەی کە خۆی یارمەتی بەخەبەرھێنانەوەی
داوە.
وە بە زیادبوونی هەژموونی نازییە نوێکان سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی
لە ئەوروپادا تێکدەچێ، وتێکچوونی هاوسەنگی ئابووری بەرامبەر چین، ئەمە
گرنگترین لایەنی مۆدێرنی ئابووری سیاسییە؛ ململانێی توندی نێوان ڕاستی
توندڕەو و چەپی ڕادیکاڵ لە ناوخۆی ئەوروپا، دەبێتە هۆی پەککەوتنی
بازاڕەکان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئابووری ئەوروپا ئابوورییەکی
پیشەسازی و خزمەتگوزاری ناسکە و بەرگەی گرژی و جەنگی ناوخۆیی سەر
شەقامەکان ناگرێت. ئەگەر ئەوروپا لە ناوخۆدا سەرقاڵی جەنگی ناسنامە و
ئایدیۆلۆژیا بێت، ئەوکات گۆڕەپانی کێبڕکێی جیهانی بە تەواوی بۆ چین چۆڵ
دەکات، کە بە بێدەنگی و ستراتیژی خەریکی کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی
جیهانە.
ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، لوتکەی
هاوچەرخی شیکاریی دیمۆگرافی و ئابوورییە. ئەوروپا کیشوەرێکی "پیرە"؛
ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی
تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە. لایەنی پراگماتیستی دەسەڵاتی
بۆرژوازی دەزانێت کە: هێزی کار و گەشەی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی
سندوقەکانی خانەنشینی و دابینکردنی هێزی کاری کارگە و کەرتی تەندروستی،
پێویستییەکی حەیاتی بە کۆچبەران و پەنابەران هەیە. بەڵام دروشمی
ستراتیژی نازییە نوێیەکان بۆ دەرکردنی کۆچبەران یاخود کەمکردنەوەی
مافەکانیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەتوارێکی خۆکوژییە بۆ ئەوروپا. بەبێ
هێزی کاری نوێ، پیشەسازی ئەڵمانیا و فەڕەنسا توانای کێبڕکێی بازاڕی
چینیان نابێت.
باسی وڵاتی چین بکەین کە چۆن دەڕوانێتە بەهێز بوونی نازییە نوێکان لە
ئەوروپادا؟. ئایا وەک مەترسی یان فرسەتی لاوازبوونی ئەوروپا چاوی
لێدەکات؟. پەیوەندەییەکان چین بە ئەوروپاێکی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتاری
چۆن دەبێ لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا؟. لێکۆڵینەوە و داتا سیاسییەکانی ساڵانی
٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ دەری دەخەن کە پەکین (چین) بە دیدگایەکی زۆر
پراگماتیستی(بەرژەوەندیخوازانە)و دووڕەهەندی دەڕوانێتە بەهێزبوونی
نازییە نوێکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا. چین لە یەک کاتدا وەک
فرسەتێکی کاتی و مەترسییەکی ستراتیژیی قووڵ سەیری ئەم دۆخە دەکات:
١. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە وەک سەرئێشەیەک بووە، چونکە ئەوروپایەکی
یەکگرتوو هاوشانی ئەمریکا دەبێتە هێزێکی گەورە دژی چین. بۆیە باڵاکردنی
نازییە نوێکان ئەم فرسەتانە بۆ پەکین دەڕەخسێنێت؛ واتە تێکدانی یەکڕیزی
ئەوروپا، چونکە حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، دژی سیاسەتە ناوەندییەکانی
برۆکسلن. چین سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) بەکاردێنێت؛ کاتێک یەکێتی
ئەوروپا لاواز دەبێت، چین دەتوانێت بە جیا کڕین و فرۆشتن و ڕێککەوتنی
ئابووری لەگەڵ تاکە وڵاتەکان بکات، بەبێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی
یەکێتییەکە بدرێت.
۲/ حیزبە ڕاستڕەوەکان گرنگی بە پرسی مافەکانی مرۆڤ لە چین (وەک كێشەی
ئیگۆرەكان، تایوان و هۆنگ کۆنگ) نادەن. ئەوان تەنها باسی "سەروەری
نیشتمانی" دەکەن، ئەمەش بۆ چین زۆر گونجاوە، چونکە چیتر ڕووبەڕووی
کێشەی سیاسی و ڕەخنەی ئەخلاقی نابێتەوە لەلایەن ئەوروپاوە. بۆیە لە
چەند ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا بووە کە مۆدێلی "پراگماتیزمی ئابووری"
خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان توندڕەوەکان و چین؛ بەشێک لە سەرکردەکانی
ڕاستی توندڕەوی ئەوروپا تەنانەت سەردانی چینیان کردووە و دژی سزادانی
ئابووری پەکین دەنگیان داوە، یانی پەیوەندی ژێربەژێر.
بەڵام بێگومان باڵاکردنی نازییە نوێکان بۆ وڵاتی چین لایەنی مەترسیشی
هەیە، وەک "پارێزگاری ئابووری" و داڕمانی بازاڕ؛ نازییە نوێکان و
ڕاستڕەوەکان لەسەر بنەمای ” ناسیۆنالیزمی ئابووری ” کار دەکەن. چونکە
دروشمی ئەوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە. ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ
چین، بە تایبەتی داخرانی بازاڕەکانی ئەوروپا بە ڕووی کاڵاکانی چیندا.
ئابووری چین بە تەواوی پشت بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئەوروپا بەستوە (ئێستا
چین ڕۆژانە بڕی ١ ملیار یۆرۆ کورتهێنانی بازرگانی بەسەر ئەوروپادا
دەسەپێنێت). ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست و باجی قورس بخەنە
سەر کاڵای چینی، ئابووری چین تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. هەروەها
ناسەقامگیری جیهانی لە ئەنجامی نازییە نوێکان، بەتایبەتی ئەگەر ئەوروپا
بکەوێتە شێواوی ناوخۆیی و گۆشەگیری ئابووری، ئیدی هێزی کڕینی نامێنێت.
بازاڕی تێکچووی ئەوروپا ناتوانێت کڕیاری کاڵا گرانبەها و
تەکنەلۆژییەکانی چین بێت.
کەواتە بۆرژوازەکان و نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتدا لە زۆربەی وڵاتاندا
گەمەی سیاسی ئاشکراو پشت پردە بە شێوازێکی مافیایی و کورتبینانە دەکەن؛
کە تێیدا لایەنەکان تەنها بەرژەوەندی کاتی خۆیان دەبینن. ئیدی ئەمە
لۆژیکی بۆرژوازەکانە: کاتێک سەرمایەداری تووشی قەیران دەبێت، چاوپۆشی
لە کێشە مەترسیدارەکان دەکەن. بەڵام گەمەیەک کە تێیدا ڕێگە بە هێزی
توندڕەوی ڕەگەزپەرست بدرێت گەشە بکات بەو هیوایەی کۆنترۆڵ بکرێن، مێژوو
سەلماندوویەتی کە هەمیشە بە کارەسات کۆتایی دێت؛ کارەساتێک کە تێیدا
هەم ئابووری ئەوروپا بەرامبەر داهاتووی ئاسیا (چین) دەدۆڕێنێت، و هەمیش
ئاسایشی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
گۆڕهەڵکەنەکانی لیبرالیزم و جیهانی پاش لیبرالیزم.
گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان،
نوێنەرایەتی دوو گۆڕهەڵکەنی سەرەکی دەکەن، کە پێکەوە هەڕەشە لە
بنچینەکانی دیمۆکراسیی لیبراڵ و ئازادییە کلاسیکییەکان دەکەن.
مۆدێرنیتە و جیهانگیری، کە ڕۆژانێک وەک دەستکەوتی مەزنی لیبرالیزم
تەماشا دەکران، ئێستا چەکێکی بەهێزیان بەخشیوە بە دوژمنەکانی.
لیبرالیزم بە فەلسەفە و دەستوورەکەیەوە لەسەر [ئازادیی تاک و پاراستنی
تایبەتمەندێتی تاک] دامەزرا بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتان و کۆمپانیا
زەبەلاحەکان بە فەزڵی تەکنەلۆژیاوە، چاودێرییەکی توند بەسەر ژیانی
تایبەتی تاکەکان و گشت خەڵکیدا دەسەپێنن و تایبەمەندیەتی تاکەکانیان
پێشل کردوە:( ئەمڕۆکە: لە هەر جێگاێک ئۆتۆمبێلەکەت ڕاگری، یان زەنگی
تەلەفۆنی بۆ هەر کەس لێبدەی، یان پۆستێک لە واڵەکەت دابەزێنی، گەشت
بکەیت، بچیتە مۆڵەکان کەلوپەل بکڕیت،، هتد، ئەوە کاکی گەورە چاوی لێتە.).
وە دەوڵەتان چیتر وەک ئامرازێکی جیهانیی گەشەپێدان تەماشای تەکنەلۆژیا
ناکەن، بەڵکو وەک چەکێکی ناسیۆنالیستی بۆ سەپاندنی سەروەری و باڵادەستی
دەیبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی ئازاد و کرانەوەی جیهانی
(کە دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ لیبرالیزم). لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە
پۆپۆلیستییەکان زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەی ڕەگەزپەرستی و لاهوتی سیاسی
دەڕەخسێنن کە لیبرالیزم بە خاک دەسپێرن. پۆپۆلیزمی نوێ ” سۆزی نەتەوەی
و ڕەگەزپەرستی - خاک و خوێن ” و ” پاساوە لاهوتییەکان ” سەر لەنوێ
دەگەڕێنێتەوە بۆ داڵانەکانی دەسەڵات؛ بە جۆرێک پۆپۆلیستەکان لە
دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا خۆیان وەک) ڕزگارکەری نیشتمان و نەتەوە و ڕەگەز
یان وەک پارێزەری شارستانییەتی مەسیحی/ ناسیۆنالیستی( پێشکەش دەکەن،
ئەمەش عەقڵانییەتی سیاسیی لیبراڵ لە نێو دەبات. هاوکات، ڕەگەزپەرستی
چەمکی هاوڵاتیبوون دەگۆڕێت بۆ تەنها شوناسێک؛ لە سیستەمی لیبراڵیدا،
مرۆڤەکان لە ڕوواڵەتدا لەبەردەم یاسادا یەکسانن (هاوڵاتیبوون)، بەڵام
بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و
دەمارگیریی نەتەوەییەوە کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر دوو جەمسەردا:)
دانیشتوانی ڕەسەن و بێگانەکان/ پەنابەران(، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی
چەمکی مافەکانی مرۆڤی جیهانی. دەرئەنجام ئەم دوو دیاردەیە وەک دوو
شەپۆلی هاوتەریب کار دەکات: تەکنەلۆژیا مرۆڤ لە ناوەوە پوچەڵ دەکاتەوەو
تایبەتمەندی تاکەکەس و ئازادییەکەی پوچەڵ دەکات، لە کاتێکدا پۆپۆلیزم
لە دەرەوە، بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەری ناهۆشیار و بە دروشمە لاهوتی
و ڕەگەزپەرستییەکانی، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان و
یاساییەکان.
_______________________________________
پەراوێز:
* هەڵبەتە حکومەتەکانی ئێستای ئەوروپا لە ڕووی
پێکهاتەییەوە وەک کۆماری ڤایمار - ساڵی ۱۹۱۹ و۱۹۳۳ کەنەفت و لەرزۆک نین،
بەڵکو حکومەتگەلێکی قەیراناوین کە بە دوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە
نێوان پاراستنی ماف و ئازادییەکان لە لایەک، و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە
پۆپۆلیستە توندڕەوەکان لە لایەکی ترەوە. مەترسیی ئەمڕۆ لە داڕووخانی
لەناکاوی دەوڵەتدا نییە لەسەر دەستی نازییە نوێیەکان کە جلی سەربازییان
پۆشیوە، بەڵکو لەوەدایە کە زانایانی سیاسی ناوی دەنێن ” داخورانی پلە
بە پلەی دیمۆکراسی ” لە ناوەوە؛ بە شێوازێک کە بەهاکانی لێبوردەیی و
فرەیی بە هێواشی بەتاڵ دەکرێنەوە لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتی
پەڕاوێزخستن و سەپاندنی یاسای توند کە ئازادییەکان بە ناوی پاراستنی
ئاسایش و قەیرانە ئابوورییەکانەوە بەرتەسک دەکەنەوە.
* بەشێک لە نووسەران ڕایان وایە کە ( ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ،
شیکاریی دروستی دیمۆگرافی و ئابوورییە، چونکە ئەوروپا کیشوەرێکی "پیرە"؛
ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی
تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە.)، بەڵام ڕخنە لەم دیدگایە ئەوەیە کە
سەردەمی ئێمە ( سەردەمی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد )ە، ئیدی چەند ساڵی
ئاییندەی نزیک، تەکنەلۆژیای نوێ، کێشەی کەمی کرێکاران بۆ وڵاتانی
ئەوروپا پڕ دەکاتەوە.
* چەند جار لە وتارەکانی پێشومدا خۆم داوە لە باسی(فاشیزم و مەترسیان
لە سەر دیموکراسی و پەناهەندەکان). بۆ نموونە وتاری: (۱/ کۆمەڵگەی
سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ۲/ فاشیسمی نوێ لە
ئەوروپادا . ۳/ وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور ) کە لە ” سایتی
دەنگەکان و هاوپشتی کرێکاری ” بڵاوکراونەتەوە.
* جگە لە چەندەها کتێبی زۆر بە سوود لەسەر داڕمانی لیبڕالیسم یان پاش
لیبڕالیسم، هێشتا بەڕای من کتێبەکەی ئیمانیۆل ڤالەرشتاین «داڕووخانی
لیبرالیزم» کە لە ساڵەکانی ۱۹۹۰ چاپکراوە، یەکێکە لە سەرچاوە بە
سوودەکان.
|