په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٠

داستانی قارەمانانەی شێرەکوڕانی کورد لە چیای (گۆڕەس).

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*

سەرەتا:


ساڵی {1974}، لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی {11/سێپتێمبەر} و دەوڵەتی داگیرکەری {بەعس}دا، جەنگی {کوردستان} دەسیپێکردەوە. منیش وەک ئەو هەزاران کوردە نیشتمانپەروەرانە، ڕووم لە نێوچە ڕزگارکراوەکانی نیشتمانەکەم کرد، لە ئامێزی گەرموگووڕی شۆڕشدا گیرسامەوە و جێی خۆم کردەوە!

قەڵادزێ:


لەبەرئەوەی ئەو کاتە، خوێندکاری قۆناغی سێی کۆلێژی کشتوکاڵ بووم، ڕەوانەی شارۆچکەی {قەڵادزێ}یان کردم، چونکە سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاریدابوو، زانکۆی {سولەیمانیی} لە ئەوێ بکاتەوە. هەرچی چۆنێ بوو، خۆم گەیاندە ئەوێ، بە هاوڕێ خوێندکار و مامۆستاکانم شادبوومەوە، بە ئەو نیازەی بخوێنین. بەڵام بە داخێکی گەورە و گرانەوە، ئەو ئاواتەمان نەهاتەدی، چونکە زۆری نەبرد، فڕۆکەکانی {بەعس}، گوڵی هیواکانی هەڵوەراندین، ڕۆژی {24. 04. 1974}، شارۆچکەکەیان بۆمباران و دانیشتووانەکەشیان خەڵتانی خوێن کرد. جگە لە ئەوەی، لە خەڵکی {قەڵادزێ} و خوێندکارانی زانکۆ، شەهید و بریندارێکی زۆر هەبوو، زۆر شوێنی شارەکەشی وێرانکرد و بە ئاشکراش، ڕووخساری جەنگی پێوە دیاربوو و ژیانیشی تێدا نەما.


شێخاودەلان:


لەبەرئەوە، هێندێ خوێندکار گەڕابوونەوە و خۆیان بەدەسەوەدابوو. هێندێکی دیکەیان، بۆ نێوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش ڕۆیشتبوون. ئەوانەی مابووشنەوە و تووشی زیان نەبووبوون، پەرشوبڵاوبووبوونەوە و هەر کۆمەڵێ لە گوندێ گیرسابوونەوە. بۆیە، بە هەر شێوەیە بوو، لەگەڵ برادەرانی {یەکێتی قوتابیانی کوردستان}دا، هەوڵێکی زۆرمان دا، ئەو خوێندکارانە کۆکەینەوە. ئەوە بوو، لە گوندی {شێخاودەلان} نزیک {قەڵادزێ}، کەمپێکی کاتییمان کردەوە، نزیکەی {120} خوێندکارمان کۆکردەوە و چەن مامۆستایەکی زانکۆشمان لەگەڵ بوو، سەرپەرشتیی کارەکانیان دەکرد و کەمپەکەیان بەڕێوەدەبرد. ماوەی دوو مانگێ لە نێو ئەو شاخانەدا ماینەوە، هیچ کارمان نەبوو، بە تەواویی وەڕسبووبووین. تا ڕۆژێکیان لە سەرکردایەتییەوە، چەکمان بۆ هات و خوێندکارەکانیشیان دابەشکرد، هەر کۆمەڵە خوێندکارێکیان، بۆ کارێکی تایبەتیی و شوێنێکی دیارییکراو نارد. من حەزم نەکرد، بەشداریی هیچ خولێک بکەم و وام بە چاک زانی، ببم بە پێشمەرگە و هێزی {خەبات}م هەڵبژارد، چونکە زۆربەی هاوبیر و خۆشەویستەکانم، لە شارۆچکەی {پێنجوێن} بوون و بارەگەی هێزیش هەر لە ئەوێ بوو.

پێنجوێن:


هەمووی مانگێ نەدەبوو، لە ئەوێ بووم، فەرماندەی هێزی {خەبات}، شەهیدی نەمر {فەتاح موحەممەد ئەمین} بانگیکردم و گوتی: بەتالیۆنی چوار، ڕەوانەی بەرەکانی سەرەوە دەکەین، حەزدەکەم، تۆش وەک لێپرسراوی کارگێڕی بەتالیۆن، لەگەڵ کاک {نووریی حەمە عەلی}دا بڕۆی. منیش زۆرم پێ خۆشبوو، بە تایبەتیی شەهید {نووریی}م، هەر لە منداڵییەوە دەناسی و کوڕی گەڕەکمان بوو. ناو و ناوبانگێکی باشیشی هەبوو. جگە لە ئەوەی، دوای ئەوەی گەیشتمە {پێنجوێن} و ڕێکخستنەکانی {کاژیک}مان گرێدایەوە، من لێپرسراوی بووم. ئەو کاتە، لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، بە نهێنیی کارماندەکرد، {پارتیی}ش نەبووین، بەڵام خۆمان بە پێشمەرگەی {بارزانیی} دەزانی!

ئەو ڕۆژەی بڕیاربوو، بڕۆین، شەهید {فەتاح}، هەموو پێشمەرگەکانی لە بارەگەی هێز لە {چوارباخ} کۆکردەوە. چەن قسەیەکی جوان و بەرزی بۆ کردین، لە سەر خۆڕاگریی، ورەبەرزیی، دڵسۆزیی و ئازایەتی ڕایدەهێناین. ئێستەش ئەو قسەیەم بیرناچێتەوە، کە گوتی: گەر لە پێناوی ئەم خاک و گەلەدا، دژی دوژمنی داگیرکەر بجەنگێن و نەگەڕێنەوە، تەنیا هەر ئەو کاتە، {شەهادەی شەهیدیی} لە دایکی نیشتمان وەردەگرن!

بەتالیۆنی چوار:


بەتالیۆنی چوار، لە چوار لق پێکهاتبوو. سەرلقەکان ئەم بەڕێزانە بوون: {قادر قادر، حەمە ئەمین گوڵچین، مەهدی مەلا عەلی و ئەحەسوور ڕەباتی}. کۆمەڵێ لێپرسراوی سەربازیی و سەرپەلی ئازاشمان لەگەڵ بوو، وەک: {شێخ برایمە شەلە، شەریفی خاڵە کانیساردیی، حەمەساڵح کانیساردیی، کەریم خواڕەحم، نوورەی مام برایم، سڵێمانی قەساب، وریا براخاس، عەلی فەیمە، خەسرەوی حەمەی محە، نیهاد مەحموود ئەمین، حەسەنە ڕەش، تایەری حەمە مراد، ئەنوەری تۆفیق هەورامیی ...}. ئەفسەر {نیزاری عەقید ئەمین} و چەن کادێرێَکی دیکەی سەربازیی و کارگێڕییش، هەر لە بارەگەی بەتالیۆن بوون. {فوواد یاسین} لێپرسراوی دارایی بەتالیۆن بوو. {قادری حاجی عەلی}ش، جێگری بوو. سێ برینپێچیشمان لەگەڵ بوو.

 


                  شەهید نووریی حەمە عەلی             شەهیدی سەرکردە فەتاح موحەممەد ئەمین            شەهید حەمەئەمین گوڵچین

                    {1941 - 1981}                       فەرماندەی هێزی خەبات                       {1939 - 1974}

{ 1940 17/18. 11. 1980}
 

ڕەوشی سەربازیی:


لە ڕاستییدا، گوشارێکی زۆر لە سەر نێوچەی سەرکردایەتی بوو، هێرشەکانی دوژمنی داگیرکەر، زۆر دڕندانە بوو، دوژمن لە ئەرز و ئاسمانەوە پەلاماریدەدا و دەیویست، لە ماوەیەکی کەمدا، ئەو جەنگە بباتەوە و دەسی خۆبەدەسەوەدان، بە سەرکردایەتی شۆرش بەرزکاتەوە. هێزەکانی ئەو نێوچانەش، بەرگەی ئەو هێرشە گەورە و شەڕە قورسانەیان نەدەگرت، لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو، دوژمن هێرشی لە ئەو جۆرەی بۆ ئەو نێوچانە نەکردبوو، پێشمەرگەکانیش شەڕی وا قورسیان نەدیبوو. بۆیە پێویستیان بە یارمەتیی هەبوو. بەتالێۆنەکەی ئێمەش لە هەموو {کوردستان}دا، یەکەمین بەتالیۆن بوو، بە دەنگ ئەو فەرمانەوە چوو. ئیدی دوای ئەوە، هەموو هێزەکانی نێوچەی {سۆران}، هێزیان نارد و بەشداریییانکرد. شەهید و برینداریًکی زۆر لە هەموو هێزەکان هەبوو. تا ئەو ڕۆژەی شۆڕشیش تێکچوو، بەتالیۆنی چوار هەر لە ئەوێ بوو، چونکە بۆ دووەمین جار، ڕەوانەی سەرەوە کرایەوە، بەڵام ئەو جارە، منیان لەگەڵ نەبووم و لە بارەگەی هێز، لەگەڵ شەهید {فەتاح} بووم.

 

 


وێنەی کۆمەڵێ پێشمەرگەی هێزەکانی خەبات، زمناکۆ و ئەزمڕ {چۆمان، مانگی 11/1974}
وەستاوەکان لە ڕاستەوە: سولەیمانی عەلی کاکیی (سڵەیمانی قەساب)، وشیاری قالە ورگە،
د. حوسێن موحەممەد عەزیز، لیوا هادی (هادیە سوور)، عەزەی ئەحە بۆق، شەهید جەمالی عەلی باپیر.
دانیشتووەکان لە ڕاستەوە: ئەفسەر فەرەیدوون حەمە ڕەشید، ئەحمەدی حەمکوڵ، شەهیدی ئەفسەر ستاری سەعید خەڵەف، مستەفا چاوڕەش.


بەرەو بەرەکانی جەنگ:


ڕۆژی {13. 08. 1974} لە سەر سنوور، سواری زیلی سەربازیی {ئێران} بووین و لە شارۆچکەی {مەریوان}ەوە بەڕێکەوتین. شۆڤێرەکان بە بەردەوامیی و بێوچان، لێیان دەخوڕی. کاتێ گەیشتینە نێو شاری {بانە}، لە بەرێکی جادەکەوە، خەڵک کۆبووبوونەوە و بە چەپڵەلێدان پێشوازیییان لێ کردین. بەڵام ئێمە نەوەستاین و تێپەڕبووین. چونکە {ئێرانیی}یەکان نەیاندەهێشت، بووەستین و تێکەڵ بە برا کوردەکانی خۆرهەلاتمان بین!


دەمەو ئێوارەی ڕۆژی {14. 08. 1974} بوو، لە نزیک {سەردەشت} وەستاین و شەهید {نووریی} گوتی: جیبەکە و دوو پێشمەرگە، لەگەڵ خۆت بەرە، بچن بۆ {سەردەشت}، شەکر و چا بکڕن. ئەو ئێوارەیە، لەگەڵ برایان {نیهاد و عەلی فەیمە}، بە جلی پێشمەرگەوە، بەڵام بێ چەک، چووینە نێو شار. نزیکەی زۆربەی دووکانەکان داخرابوون. هەر دابەزین، خەڵکێکی زۆرمان لێ کۆبووەوە و بەخێرهاتنێکی گەرمیان کردین. یەکێ بە ئەسپایی بە گوێمدا چرپاندی و گوتی: چیتان پێویستە؟ منیش گوتم: هاتووین، شەکر و چا بکڕین. گوتی: لە جیبەکە دوورکەونەوە، کەمێ بگەڕێن، هەر ئێستە بۆتان دابیندەکەین. خەڵکەکە دوامان کەوتبوون، هەر پرسیاریان لێ دەکردین، لە کوێوە هاتوون و بۆ کوێ دەچن؟ هێندەی نەبرد، برادەرەکە هاتەوە و گوتی: سندوقێ چا و دوو فەردە شەکرمان بۆ پەیداکردن و لە نێو جیبەکە دایە. هەر نازانم، چۆن بە ئەو دەسوبردە، ئەو کارەیان کرد! هەرچەندە کردم و کۆشام، پارەی بدەمێ، وەری نەگرت و گوتی: ئێمەش ئەوەمان بەردەکەوێ! بە ڕاستیی، لە لایەکەوە دڵم پڕبووبوو، خەریکبوو، دەگریام. لە لایەکی دیکەشەوە، وەک گوڵ گەشامەوە، کە خەڵکێکی وا نیشتمانپەروەر هەن، هەستی نەتەوەیی و هوشیاریی ڕامیارییان، هێندە بەهێز و خاوێنە!

ئازادیی:


بەرەبەیانی ڕۆژی {15. 08. 1974}، سنوورمان بڕی و لە {ئازادیی} جێگیربووین. پێشمەرگەکان زۆر ماندووبوون، لەبەرئەوە، لقەکان دابەشبوون و هەر لقەی لە شوێنێ لایاندا، تا کەمێ بحەوێنەوە. من و شەهید {نووریی}، لە ماڵی ڕەوانشاد {عومەری حەمە شەمەیی} میوانبووین. دوای حەوانەوە و نانخواردن، سەردانی لقەکانم کرد و پێم ڕاگەیاندن، نابێ، هیچ پێشمەرگەیەک خۆی ونکا و دەبێ، لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و چاوەڕوانی فەرمان بن.


کاژێر هەشتی ئێوارە بوو، شەهید {نووریی} پێی گوتم: بڕۆ، هەموو لقەکان لە بارەگەی بەتالیۆن کۆکەرەوە و بڵێ، کۆبوونەوەمان هەیە و ئێوارە میوانمان دێ. بەڵام کەسمان نەماندەزانی، میوانەکان کێن! دوای ئەوەی لە چاوەڕوانیی بێزاربووین، لە نێوان کاژێری {10 11}ی شەودا، چەن ترومبیلێ هاتن، جووتە برا: خوالێخۆشبوو {ئیدریس بارزانیی} و کاک {مەسعوود بازانیی}، لە سەر جادەکەی بەردەممان دابەزین، سەرلقەکان و شەهید {نووریی} چوون بە پیریانەوە. ئیدی سەرکەوتن و لە نێو پێشمەرگەکاندا وەستان. پەتۆیەکمان بۆ کاک {ئیدریس} ڕاخست و دانیشت. بەڵام کاک {مەسعوود}، لە پشتییەوە بە پێوە وەستابوو. هیچ قسەی نەدەکرد. ئەز ئەوە یەکەمین جاربوو، کاک {مەسعوود} ببینم، زۆر منداڵکار و لاواز دیاربوو. بەڵام کاک {ئیدریس}م جارێکی دیکە، لە {بەغدا} لە ڕۆژنامەی {ئەلتەئاخی} بینیبوو.


پێشمەرگەکان دەورەیان دابوون، زۆر بە وردیی و کوڵودڵەوە، لێیان ورددەبوونەوە و گوێ قوڵاغبووبوون. بە ئەوەش زۆر دڵخۆشبوون، کە ئەو دوو بەڕێزە سەردانیانکردوون.


دوای ئەوەی کاک {ئیدریس}، بە شێوەیەکی زۆر جوان و بە زمانێکی ڕەوان، بەخێرهاتنێکی گەرمی کردین، دەسی بە قسەکردن کرد و گوتی: هێرشێکی زۆر گەورە و بەرفراوان، لە {کوردستان} بە گشتیی، نێوچەی سەرکردایەتی بە تایبەتیی دەسیپێکردووە و هێندێ شوێنی ستراتیجیشیان داگیرکردووە. دوژمن دەیەوێ، ئەم نێوچەیە داگیرکا، سەرکردایەتی دەرپەڕێنێ و کۆتایی بە شۆڕشەکەشمان بێنێ. بەڵام نازانن، شۆڕش پێشمەرگەی وەک ئێوەی هەبێ، هەرگیز ناتوانێ، ئامانجە گڵاوەکانی بەدیبێنێ. ئەی کوڕانی {سولەیمانیی}، ئەی بێچووە شێرانی کورد، ئەوە لەشکرەکەی لیوای بیستە، کە ڕۆژی {مەنع ئەلتەجەول}ەکەی ساڵی {1963}، خەڵکێکی زۆری لێ شەهیدکردن، هەلە و بۆتان هەڵکەوتووە، تۆڵەی خۆتانیانی لێ بسەننەوە. ئێمە دەمانەوێ، هەر ئەم شەو بەڕێکەون و بە بۆنەی یادی بیستوهەشتەمین ساڵەی دامەزراندنی {پارتی}مانەوە، خاکی {کوردستان} لە ئەو لەشکرە داگیرکەرە پاککەنەوە و ئەو شوێنانەی گرتوویانە، لێیان بسەننەوە.


هێندەی بیرم مابێ، ئەوە کورتەی قسەکانی بوو. پاشان بە دەم هاڕەی چەپڵەڕێزان و هوتافکێشانەوە، زۆر بە جوانیی بە ڕێکران. شەهید {نووریی} گوتی: قسەکانی کاک {ئیدریس} چۆن بوو؟ گوتم: گەر پێشمەرگە بۆ شەڕ بنێری و بتەوێ، شەڕت بۆ بکا، قسە لە ئەوە باشتر ناکرێ. کەچیی پێکەنی و هیچی نەگوت!

هاودیان:


کاژێر دوازدەی شەو بوو، ترومبیل و پێداویستییمان بۆ هات. بە ئەو هەموو ماندووییەوە، یەک شەومان لە {ئازادیی} ڕۆژ نەکردەوە. نزیکەی یەکی شەو بوو، سواربووین و بەرەو جێیەکی نادیار بە ڕێکەوتین. ڕێگەکە زۆر سەخت و تاریک بوو. ئێمە، جیبیکی پچووکمان پێ بوو، لە پێشەنگی کاروانەکەدا بووین. {من، شەهید نووریی، نیهاد و عەلی فەیمە}، پێکەوە سواربووبووین. بەیانیی هێشتا تاریک و ڕوون بوو، گەیشتینە گوندی {هاودیان}. گوندەکە چۆڵبوو، یەک دوو پیاوی پیر نەبێ، کەسی دیکەی لێ نەدەبینرا. پێشمەرگەکان دابەزین، ماندوو و خەواڵووبوون، بە پەلە، بەرەو حەوزی مزگەوتەکە ڕۆیشتن، تا دەموچاویان بشۆن. هێشتا کەس فریای هیچ نەکەوتبوو، وەک خەبەریان لێ دابین، دوو فڕۆکەی {میک} گەیشتنە سەرمان و گوللە بارانیانکردین. خەڵکەکە هەمووی شڵەژابوو، هێزی بەرگریی دژە ئاسمانیشی لێ نەبوو، تا فڕۆکەکان ڕاونێن. لەبەرئەوە، بە ئارەزووی دڵی خۆیان، تێمان بەربوون و تەقەیان لێ دەکردین. هێندێ پێشمەرگە برینداربوون، هێندێکی دیکەش شەهیدبوون. زۆربەشیان گوندەکەیان چۆڵکردبوو و ڕووەو چیاکە هەڵاتبوون. پاشان، ماوەیە دەنگی فڕۆکە نەما، خێرا بریندار و شەهیدەکانمان کۆکردەوە. هێشتا تەقەمان نەکردبوو، حەوت شەهید و شازدە بریندارمان هەبوو. لە نێو بریندارەکاندا {شوانی عوسمان فایەق}ی هاوڕێمی تێدا بوو، گوللەیەک بەر ڕانی کەوتبوو.


شەهید {نووریی}، وەک سەرکردەیەکی سەربازیی هەڵسوکەوتیدەکرد، زۆر توڕەبووبوو، هەر دەیقیژاند و هاواریدەکرد، بانگی پێشمەرگەکانی دەکرد، تا کۆبنەوە و بۆ شوێنی مەبەست بەڕێکەون. بە منی گوت: پاچ و خاکەناز پەیداکە، با شەهیدەکان بنێژین. منیش گوتم: با لێرە نەیاننێژین، بۆ ورەی پێشمەرگە باش نییە، ترۆمبیلمان زۆرە، لەگەڵ بریندارەکان ڕەوانەی سەرکردایەتییان دەکەین، با ئەوان خۆیان بڕیاربدەن، گەر لە ئەوێ بیاننێژن، یا بۆ {پێنجوێن} بیانێرنەوە. گوتی: باشە. دواییش بیستمەوە، سەرکردایەتی هەموو شەهیدەکانی ناردبووەوە.


ئیدی بە ئەو شێوەیە، تا ئەو کارانەمان جێبەجێکرد، بریندار و شەهیدەکانم ڕەوانەکرد، وردەدردە پێشمەرگەکان کۆبوونەوە و شەهید {نووریی}ش، لەگەڵ سەرلقەکاندا کۆبووەوە، کارەکانیان دابەشکرد و پلانێکی سەربازیی باشیان دانا، شارەزایەکیشیان لەگەڵ بوو، ڕێی پیشاندەدان، ئینجا زانیم، هێزەکەمان هاتووە، ئەو ڕیزە ڕەبایەی سەر چیای {گۆڕەس} بگرێ و چیاکەش ڕزگارکا.


بەڵام شەهید {نووریی} نەیهێشت، ئێمە لەگەڵی بچین و گوتی: بارەگەی بەتالیۆن لە قەراغ گوندەکە دانێ، گەر ماینەوە، ئاو و نانمان بۆ بنێرە، پێشوازیی لە بریندار و شەهیدەکان بکە، با سێ برینپێچەکەش هەر لێرە بن. من و شەهید {ئەنوەری تۆفیق هەورامیی} و پێشمەرگەیەکی دیکە ماینەوە. بەڵام سێ برینپێچەکە نەدۆزرانەوە، هێندە ترسابوون، فریشکیان کەوتبوو، یەکسەر هەڵاتبوون و نەگەڕانەوە. بێ پرس ئێمەیان بەجێهێشت، بێ ئەوەی یەک بریندار دەرمانکەن. بەڵام دەڵێی چی، خۆ لێپرسینەوە نەبوو، ئەگینا بە لانی کەمەوە دەبووایە، دەرکرانایە. سەیر ئەوەبوو، یەکێکیان زۆر هاوڕێی شەهید {نووریی}ش بوو، کەچیی بەجێیهێشت!

هەڵکەوتی نێوچەکە:


گوندی {هاودیان}، لە دامێنی چیایەکی درێژی بەرزی بەردیندا هەڵکەوتبوو، ناوی چیای {گۆڕەس} بوو. لووتکەی چیاکە هێندە بەرزبوو، لەگەڵ شینایی ئاسماندا شەڕیدەکرد. لە سەر لووتکەکەی، چەن ڕەبایەیەکی قایمی لێ بوو. هێندە بەرزبوو، لە هەموو شتێ دابڕابوون، تەنانەت بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەر، خواردن و ئاویان بۆ دەچوو. بە هەر چوار دەوری خۆیدا دەیڕوانی، لەبەرئەوە، بە سەر ڕێ و بانەکانی ئەو نێوچەیەدا زاڵبوو، لە ڕووی سەربازیییەوە، بایەخێکی گەورەی ستراتیژیی هەبوو. هەمووی پێش چەن ڕۆژێکیش بوو، هێلیکۆپتەر هێزێکی سەربازیی دابەزاندبوو و داگیریکردبوو.

گەشتی فڕۆکەکان:


ماڵاواییم لە پێشمەرگەکان کرد، چاوم لێ بوو، چۆن بە ئەو شاخە سەختەدا هەڵدەگەڕان. هەر هێندەمان خۆشبوو، ئەوان ڕۆیشتن و لە چاو ونبوون، ئیدی جارێکی دیکە فڕۆکەکان گەڕانەوە، دەسیانپێکردەوە، بە شێوەیە گوللەبارانیان دەکرد و ڕاکێتیان دەهاویشت، ماوەیان نەدەدا، کەس سەردەربێنێ. ئێمەش هەر سێکمان، لە بن چیاکەدا خۆمان گرمۆڵەکردبوو، هەر تەڵەزمەبەرد بوو، لە ئاسمانەوە بەردەبووەوە و وەک گوللە بە لاماندا گیڤەیدەکرد، بە شێوەیە بە سەرماندا دەباری، لە گوللە ترسناکتربوو، بەر هەر کەسێ بکەوتایە، گەر نەیکوشتایە، بە خەستیی برینداریدەکرد. لە شەشی بەیانییەوە، دوو فڕۆکە دەهات و دووانی دیکە دەگەڕانەوە، تا کاژێری دووی پاشنیوەڕۆ نەیهێشت، لە ئەو بن بەردانە سەردەربێنین. پێشمەرگەکانیش هەموو خۆیان متکردبوو، چاوەڕێیاندەکرد، تاریکدابێ و هێرشەکەیان دەسپێبکەن، چونکە نەیاندەتوانی، بە ئازادیی بجوڵێن و پەلاماربدەن.


شەهید {ئەنوەری تۆفیق هەورامیی}، یەکێ لە کوڕە هەرە ئازا و چاوقایمەکانی کوردبوو، نە چەکی پێ بوو، نە پێشمەرگەش بوو. چونکە تازە لە سەربازیی هەڵاتبوو، کەچیی شەهید {نووریی}، لەگەڵ خۆی هێنابووی، بەڵام دوایی لە {مەکتەبی عەسکەریی} کردی بە پێشمەرگە. لە مینهەڵگرتنەوەدا زۆر شارەزابوو. هەر پێدەکەنی، دڵخۆشیی دەدامەوە و ورەی منیشی بەرزکردبووەوە. خۆی بۆ نەگیرا و چوو، لە بارەگەی بەتالیۆن چای لێنا و کولێرەی بۆ هێناین، سەروو دۆلکە چامان بە نانەڕەقەوە خواردەوە.

گۆڕەسی ئاگر و خوێن:


کاتێ تاریکداهات، هەر سێکمان گەڕاینەوە بۆ بارەگەی بەتالیۆن. تەقە دەسیپێکرد، دەنگی ئاڕبیجی و ڕەشاش دەهات و ئێمە لە خوارەوە، گوێمان لە دەنگیان بوو. چیاکە داگیرسابوو، دەتگوت، شاپڵیتەیەکی گەورەیان لێ هەڵکردووە. بەچکەشێرانی کورد، لە هەموو لایەکەوە، پەلاماری ڕەبایەکانیان دا، شەڕ گەرمبوو، منیش لە بەر خۆمەوە، هەر نزام بۆ دەکردن و دەمگوت: ئاخر ئێمە گوناهمان چییە؟ ئەوان هاتوون و ووڵاتی ئێمەیان داگیرکردووە. خوایە سەریانخەیت، شەهید و بریندارمان کەمبێ.


نزیکی نیوەشەو بوو، وردەوردە، دەنگی تەقە کزبوو و نەما. زۆری نەبرد، پێشمەرگەکان بە کۆڵ، بریندار و شەهیدەکانیان دەهێنایە خوارەوە. لە پیاوێکی پیری خەڵکی گوندەکەم پرسی، ئایا لە ئەم ناوە، بارەگەی پێشمەرگە، یا برینپێچ هەیە؟ گوتی: لە سەروو گوندەکەوە، ئەشکەوتێ هەیە، چەن پێشمەرگە و برینپێچێکی بەتالیۆنەکەی {مەلائەمین}ی لێ هەیە. بە پەلە ڕامکرد و سێ کەسی لێ بوو، داوام لێ کردن، گەر برینپێچیان هەبێ، زۆر پێویستمانە و بریندارێکی زۆرمان هەیە. هەر دەسبەجێ، یەکێکیان هەستا، ماڵی ئاوابێ، جانتاکەی هەڵگرت و پێشمکەوت. تا گەیشتینەوە، بریندار و شەهیدەکانیان ڕیزکردبوو. برینپێچ هەر خێرا، دەسی بە کاری خۆی کرد، ئەوەی پێی کرا، بە زیادەوە کردی. یەکێ لە بریندارەکان، کاک {سولەیمانی قەساب} بوو، کاک {وریا براخاس} ڕزگاریکرد و بە کۆڵ هێنایە خوارەوە، کە هەر دووکیان جگە لە ئەوەی هاوڕێم بوون، هاوبیری {کاژیک}یش بوون. گوللەیەک لە دەمی دابوو، خوێنێکی زۆری لە بەر ڕۆیشتبوو. کەچیی بە ئەو بارەشەوە، هەر دەیقیڕان و جنێوی بە برینپێچە هەڵاتووەکان دەدا. هەروەها، {نیهاد}ی هاوڕێشم گوللەیەک لە ڕانی دابوو. یەکێ لە ئەو شەهیدە نەمرانەش، سەرلق {حەمەئەمینی گوڵچین} بوو، داخ و کەسەرێکی زۆری بۆ بەجێهێشتین، چونکە پیاوێکی زۆر بەڕێز و ئازابوو، ناخۆشییەکەشی پتر ئەوەبوو، پێش ئەوەی سەرکەون و شەڕ دەسپێبکەن، لەگەڵ شەهید {نووریی}دا دەنگەدەنگێکیان بوو، بە زویریی ڕۆی و نەگەڕایەوە. هەروەها {حەسەنە ڕەش}ی پورزای کاک {نیزار}یش شەهید بوو. لە تۆڵەی ئەو دوو شەهیدە و شەهیدەکانی دیکەشدا، هەر لە سەرەوە، چەن سەربازێکیان گوللەبارانکردبوو. ئیدی هەر لە بەرەوە، هەموو شەهید و بریندارەکانمان ڕەوانەکرد.

ئەنجامی کار:


ئەنجامی ئەو شەڕە ئەوە بوو، هەموو ڕەبایەکان گیران. چەکێکی زۆرمان دەسکەوت. زۆربەی هەرە زۆری سەربازەکانیش، لە شەڕدا کوژران. چەن دانەیەکیشیان، خۆیان بەدەسەوە نەدابوو، تا دوا فیشەک شەڕیانکردبوو، پاشان بە دەم با بژی {بەعس}ەوە، لە شاخەکەوە خۆیان هەڵدابوو. تەنیا یەک سەرباز بە ساغیی دەرچوو، ئەویش منداڵێکی ڕیوەڵەی چکۆلانەی ڕەشتاڵە بوو، هەر دەپاڕایەوە و هیچیان لێ نەکرد. هێندەی بیرم مابێ، {16} شەهید و {43} بریندارمان هەبوو.

گەڕانەوە:


نزیکەی بەرەبەیان بوو، شەهید {نووریی} و هێزێکی زۆر دابەزین. هەموویان ماندووبوون، هەموو جەستەیان لە تۆز و ئارەقەدا نقوومبووبوو. دوای ئەوەی بەخێرهاتنەوەم لێ کردن و چامان بۆ ئامادەکردن.


شەهید {نووریی} گوتی: قسەمان لەگەڵ سەرکردایەتی کردووە، بەیانیی زوو، لە هێزی {زمناکۆ}وە، بەتالیۆنەکەی {هاواری نووریی حەلاو} دێ. ئەوان بەرەکەمان لێ وەردەگرن و ئێمەش، بە ترومبیلەکانی ئەوان دەگەڕێینەوە. ئیدی ئەوەی مابووەوە، لە شەکر و چا و نان، بۆ پیشمەرگە و ئەو چەن کەسەی لە گوندەکە مابوون، بەجێمانهێشت و بەرەو {ئازادیی} گەڕاینەوە. ماوەیەپشووماندا، دوایی بەرەو {ئاکۆیان، گەرەوانان و گەرووی مێگر} بەڕێیانکردین. نزیکەی مانگێکیش لە ئەوێ بووین، پاشان گەڕاینەوە. دواتریش بۆ {گەرووی هۆمەرئاغا}یان ناردین. بە هەمووی، ماوەی سێ مانگ لە ئەو ناوە ماینەوە. داخم ناچێ، ئەو هەموو قوربانییەمان دا، کەچیی لە دواییدا، هێزەکانی {بەعس} چیای {گۆڕەس}یان گرتەوە و گەلێ پێشمەرگەی قارەمانی دیکەی وەک {هاواری نووریی حەلاو}یش شەهیدبوون.

دوا گوتە:


ئەوڕۆ، {36} ساڵی ڕەبەق، بە سەر ئەو یادە پڕ شکۆمەندەدا تێپەڕدەبێ. لە لایەکەوە، خۆم زۆر بە بەختیار دەزانم، بەشدارییم لە ئەو نەبەردە گەورەیەدا کردووە و ئەرکێکی پچووکی سەر شانی خۆم، بەرانبەر بە گەلەکەم جێبەجێکردووە. ئەوەش یەکێ لە ئەو خەباتە سەختە بوو، کە لە ماوەی ئەو ساڵەی پێشمەرگایەتییمدا کردوومە. بۆیە تا دوا هەناسەی ژیانم، هەر لە یادەوەریی و ویژدانمدا دەژی و شانازیشی پێوە دەکەم. لە لایەکی دیکەشەوە، داستانێکی هێندە قارەمانانە بوو، هیچی لە داستانی چیای {هەندرێن} کەمتر نەبوو، بۆیە دەبێ، تا کورد ماوە، شانازیی پێوە بکا.


لە کۆتاییشدا، هەر ئەوە ماوە، بڵێم: هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەو داستانە قارەمانانەیە و گشت شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی کورد و {کوردستان} بێ، یاد و یادگاریان هەر زیندووبێ. تکاش لە هەموو ئەو برایانەی لە ئەو داستانەدا بەشداربوون و لە ژیاندا ماون، گەر شتێ ماوە و باسم نەکردووە، یا بینووسن، یا بە ئیمێڵ ئاگادارمکەنەوە.

____________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.


azizhus@yahoo.se
0770
- 224 84 98