په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

داتاکانى رەوشى گەنج لە کوردستاندا ، ترسناکە!


بەشدار عه‌لی    


سێکتەرى توێژینەوە و زانیارى لە رێکخراوى تواناسازى لاوانى کوردستان، راپۆرتێکى لەسەر رەوشى گەنجانى کوردستان لە ساڵى(2007)بڵاوکردۆتەوە،بەتێرامانێک لە داتاکان ئاسانە تێبگەیت کە گەنجان و لاوان چ جەهەنەمێکیان بۆ خولقاوە و لە نێو چ ئازار و دڵەراوکێیەکى دەروونى و دەرد و بەڵاکان ساتەکانى ژیان دەگوزرەرێنن .


بەپێى ئەو داتایانە،تەنها لە دەروازەى ئیبراهیم خلیل لە یەک ساڵى رابردوو(9499)کەس سنوورداش کراونەتەوە بۆ کوردستان(دیاریش نیە کە چەند ئەوەندە گەیشتونەتە ئەوروپا و وڵاتانى ترى دەووروبەر و ناوچەکە و بێجگە لەوانەش کە تیا چوون)،تەنها لە سنوورى پارێزگارى سلێمانى،بێجگە لە گەرمیان کە بەرێوبەرایەتیەکى تایبەتیە(56)گەنج خۆیان کوشتووە،هەر لەسلێمانیدا(78)گەنج رفێندراون و (2158)حاڵەتى هەرەشە کردن روویداوە،هەروەها بە پێى راپۆرتێکى( بزافى ژیان )لە شەش مانگى سەرەتاى ساڵى رابردوو (271) ئافرەت سوتاون و گیانیان لەدەستداوە کە هەمووشیان گەنج بوونە،... .دیارە زۆرێک لەو داتایانە لە میدیایى بۆرژوازیى و دامودەزگاکانى حکومەت وەرگیراون،ئاشکراشە کە ئەو سەرچاوانە چەندە راستیەکان ئاوەژوو دەکەنەوە،کەرێکخراوى ناوبراویش خۆیان ئاماژەیان پێ کردووە کە رێگریەکانیان زۆر بوونە بۆ وەدەست هێنانى زانیارى،چونکە لە کوردستانداهیچ دەزگایەک ئامادە نیە زانیارى راست و دوورست بدات(نەوەک ئەزموونوکە لەبار بچێت و دوژمنانمان پێمان خۆش بن!) ،بەڵام ئەو داتایانە پێمان دەڵێن کە گەنجان و لاوانى کوردستان لە چ جەهەنم و مەرگەساتێکە هەناسە دەدەن،ئەوەى زیاتر جێگاى تێبینیە و لەو داتایانە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە لاوان و گەنجان و خەڵکى کوردستان لە نێو بێ ئۆقرەیى و سەرگەردانى و کێشە و گرفتەکانیاندا تەنها دوو رێگا شک دەبن بۆ رزگارى و ئازادبوونیان لە وەزعیەتەى کە تێى کەوتوون، ئەوانیش یان کۆچ کردنە یاخود خۆکوشتن و کۆتاى هێنانە بە ژیانى خۆیان! بەداخەوە ئەو رێگایانە بەرێگاى چارەسەرى دانراوە لە کوردستاندا و رۆژانە گەنجان و لاوانى کوردستان دەستى بۆ دەبەن.


پێش هەموو شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم هیچ یەکێک لەم رێگایانە رێگاى چارەسەرى یەکجارەکى نیە و وەڵامدانەوەیەکى زەعیف و نێگەتیڤە بە وەزعیەتى موجود،بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامى وورد و خاش کردنى ووزە و توانا و و ئیرادەى تاکەکان لە ناچاریدا دەستیان بۆ بردووە.


ئەوە چ وەزعیەتێکە تروسکایەکى رووناکى ناهێڵێتەوە بۆ ژیان کردن و خۆکوشتن و کوورت کردنەوەى خۆشترین ساتەکانى تەمەن نەبێت کە ژیانى گەنجییە؟!ئەوە چ فشارێکە تەنها رێگاى کۆچ بە ناخۆشترین و سەخترین و ترسناکترین رێگا ببێتە رێگاى رزگارى(کە هەزاران گەنج هەر لە رێگادا تیا چوون و نقومى ژێر ئاو بوون و بوونە قوربانى پۆستالەکانى جەندرمە و قاچاخ چیەکان،دیارە گەنجان ئەو راستیەش باش دەزانن کەچى هەر کۆچ رێگا چارەیە و ئەو رێگایە هەڵدەبژێرن!


راستیەکەى ئەوەیە،گەنجان و لاوان و خەڵکى کوردستان هەر شەش لاکانیان تەندراوە بە هەزارەها کار و شتى سەیر و سەمەرەى نامۆ بە ژیانى ئینسانەکانى ئەو سەردەمە،حکومەت و دەسەڵات تەنها بۆ لە خاچ دانى حەز و خۆزگە و ئاواتەکانى گەنجان بوونى هەیە،کەباس دێتە سەر ئاو و کارەبا و سوتەمەنى و رێگاو بان و خزمەتگوزارییە سەرەتاکانى تر شتێک نامێنێتەوە بە ناوى حکومەت،سەرەتاترین ماف و ئازادییەکان لە هیچ کون و قوژبنێکى ئەو مەملەکەتە بوونى نیە،بۆ جێبەجێ کردنى مەرامەکانى خۆیان لە رێگاى یاسا و دەستور و بریار و سیستەمە شەرمهێنەرەکان، دارزیوترین فەرهەنگیان لە ناو خەڵکدا جێ کردووە،گرانى بازار و بێکارى و دانەمەزراندنى گەنجان و لاوان و یان دامەزراندنیان بە کەمترین مووچە کە بەشى هەفتەیەکى ناکات و تا مردنیش دەبێت خۆزگە بە کەلاوەیەکى قورین و جلێکى جوان بخوازێت هێندەى تر وەزعیەتەکەى خراپتر کردووە،کەچى بەرپرسان لە هەموو ئیمکانیاتى ئەو وڵاتە بەهرەمەندن و دەستیان بە هەموو شتێک دەگات و هەموو داهاتى ئەو وڵاتەیان بۆ خۆشگوزەرانى و بزنسى خۆیان تەرخان کردووە،لەگەڵ کۆنەپەرسترین وڵات و هێز هاوپەیمانێتى دەکەن و چارەنوسى ئەو خەڵکە دەخەنە ژێر دەسەڵاتیان و بەرەو ئایندەیەکى تاریکتر راپێى دەکەن،نزمترین نوزەى نارەزایەتیش دەبیت بە گەورەترین(تیرۆرست و تێکدەر)و بە قورسترین سزا و حوکمت دەگەیەنن،بۆیە لە ساڵى رابردوو هەر بەپێ ى ئەو داتایانە کەمترین خۆپیشاندان و نارەزایەتى لە کوردستاندا روویداوە.... .


هەر بۆیە ئیستا گەنجان و لاوانى کوردستان بیر لە هیچ شتێک ناکەنەوە جگە لە رزگاربوون و نەمانى فیزکى لەم مەملەکەتە،چونکە هەوڵەکانیان بۆ باشتربوون و چاک کردنى هەمووى شکستى پێ دەهێنن،هەر بۆیە گەنجان زۆر بەکەمى بەلاى باشترکردنى ئەو وەزعیەتە و پرۆژەکانى ژیان و خێزان دورست کردنەوە دەچن ،چونکە هەموو شتێکیان لەبەر دەستى تاکەکان دەرهێناوە و هەموو هەوڵ و ماندوبون و ئیرادەى تاکەکانیان خستۆتە بەر رەحمەتى میزاج و ئەخلاقى دۆگمایى بەرپرسە حیزبیەکان،ئەمەش کێشەو گرفتى زۆرى بەدواى خۆییدا هێناوە،هەر بەپێى ئەو داتایانە رێژەى جیابوونەوەش زۆر زۆر زیادى کردووە و کێشە کۆمەڵایەتیەکانیش روو لە زیادییە و رێژەى تاوانیش رۆژ لە دواى رۆژ زیاد دەکات،لە ساڵى رابردوو تەنها لە هەولێر(670)حاڵەتى جیابوونەوە و تەڵاق روویداوە،لە دهۆکیش(220)حاڵەت و لە سلێمانیش(247)حاڵەت.


تا دەسەڵاتێکى ئاوا بوونى هەبێت و لە هەموو لایەکدا لە هەوڵدابێت بۆ وورد و خاش کردن و تێکدانى شیرازەى ژیانى تاکەکان و کۆنترۆڵ کردنیان،داتاکان مانگ لەدوایى مانگ مەترسیدارتر و ترسناکتر دەبێت و ئومێدى ئایندەیەکى باشتر چاوەڕوان ناکرێت،بۆیە ئێمە پێَویستە لە هەرەمى سەرەوە دەست پێبکەین بۆ گۆڕِان.


Bashdar_net@yahoo.com