| 
			٨\٨\٢٠١٢ 
			داتاشینی تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاویی سەرکوت 
			لە دژی ھەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات بگرێ. 
			  
			
			
  ماوەی ٩ مانگە کارزان کەریم لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند بابەت و زانیاریەک 
			لەسەر گەندەڵیەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە زیندانی تایبەتی 
			دایە. سەرەتا کارزان ٣ مانگ لە زیندانی تایبەتدا شوێن بزر کرا و ھیچ 
			کەس ھەواڵی نەدەزانی. بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئەو بەتۆمەتی تیرۆر و 
			بەپێی یاسای تیرۆر دۆسیەکەی نێردراوەتە دادگا. بڕیارە لە ٧/٨/٢٠١٢ بە 
			ھەمان تۆمەت دادگایی بکرێت. 
			ئەوەی لەبەرامبەر "کارزان کەریم" کراوە تیرۆرێکی ئاشکرایە، فڕاندنی 
			کەسێک و شوێنبزرکردنی بۆ ماوەی ٣ مانگ، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی لە 
			شوێنێکی شاراوە و نادیاردا. کارێکی تیرۆرستی و تیرۆرە. چ یاسایەک ڕێگە 
			بەوە دەدات کەسێک بەبێ بریاری دادگا و ئاگاداری خۆی و خانەوادەکەی بۆ 
			ماوەی ٣ مانگ شوێنبزر بکرێ؟ ھەرەشە و تۆقاندنی خێزان و کەسە نزیکەکانی 
			بە بڵانەبونەوەی ھەواڵەکەی تیرۆرە و دروستکردنی بارودۆخێکی تۆقێنەر و 
			تیرۆرستییە.
 
			ئەم جۆرە پێشێلکاریانە بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە، ژیان و ئارامی و 
			ئاسایشی ھاوڵاتیانی شێواندووە. بەکردەوە سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسی و 
			سەرکوتە. پێشێلکاری و دەستدرێژی دەزگا ئەمنیەکایەکان بە دارشتنی 
			سیناریۆ و ھەڵبەستنی کەیسی ناراست و درۆ لە رووداو و دۆسیەکان چۆتە 
			قۆناغێکی مەترسیدار. ئەگەر پێشی پی نەگیرێ و دەسەڵاتی ئەو دەزگایانە 
			سنوردار نەکرێ، تۆمەتی لەو جۆرە لەیەخەی ھەر کەسێک دەدرێ رەخنە لەم 
			دەسەڵاتە بگرێ و بەرەوڕووی ھەموو دەنگە ئازادەکان دەبێتەوە. داتاشینی 
			تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاوی سەرکوت لەلایەن دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکان، 
			لە دژی ھەر دەنگێکی نارازای و دواکارانی چاکسازی بەکار دەھێنرێ. دەزگا 
			ئەمنیەکان گەورەترین مەترسین لەسەر ئارامی و ئاسایشی ھاوڵاتیانی 
			کوردستاندا.
 
			دۆسیەی کارزان کەریم خاڵێکیتری بەرامبەرکێێ ئازادیخوازان و 
			سەرکوتگەرانە لە کوردستان. ھەڵوەشانەوە و پاشەکشەکردن بەھەر یەکێک لەو 
			دۆسیانە سەنگەرێکە بۆ پێشگرتن بەو دۆخە مەترسیدارەی کاری لەسەر دەکرێ.
 
			
			ریسواکردن و ھەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو پێشێلکاریەی بەرامبەر بە 
			کارزان و خانەوادەکەی کراوە ئەرکی ھەر کەس و ڕێکخراو و ھێزێکی سیاسی و 
			جەماوەرییە.
 
			  
			رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
 serdasht.osman@gmail.com
 
			  
			  
			  
			  |