٨\٨\٢٠١٢
داود ئۆغڵو چ پەیامێکی پێیە بۆ کوردان؟

جەلال محەمەد
زۆر شێوازی داگیرکاری بەکار هێنراوە بۆ سەرکوتکردنی کوردان ، بەڵام هیچ
شێوازێک هێندەی شێوازی (پەرتکە و زاڵ بە) مەترسیدار نەبووە . هەر
کاتێک داگیرکەران دووچاری بێچارەیی هاتبێتن ئەوا شێوازی پارجەکردن و
تێکدانی یەکڕیزی کوردانیان بە بنچینە گرتووە . جێگەی داخە کە
جێبەجێکەری هەموو پیلانە شومەکانی داگیرکەرانیش خودی سەرکردایەتی
باشووری کوردستان و بە تایبەت سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق
بووە.
لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ساتوسەودا و دەستێکەڵاویەکانی سەرانی
پارتی و داگیرکەران گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە هیچ هێڵێکی سوری لەبەردەم
خۆیدا نەهێشتۆتەوە . ئەگەر دەسەڵاتدارانی پارتی لە توانای خۆیاندا
بووبێت ئەوا ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە خزمەتی داگیرکەران و شەڕی سەروماڵیان
لەگەڵ کوردی هەموو پارچەکانی کوردستاندا کردووە ، خۆ ئەگەر لە توانای
خۆشیاندا نەبووبێت ئەوا هانایان بردۆتە بەر دەستوپێوەندەکانیان لە
پارچەکانی دیکەدا بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردان.
گەمەیەکی سەرسوڕهێنەر:
لەگەڵ پێشکەوتنەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژئاوی کوردستاندا ،
دەسەڵاتدارانی پارتیش کەوتنە خۆ بۆ ڕێگەگرتن لەو پێشکەوتنانە . ساتێک
لە ڕێگەی پەیوەستکردنی موچەخۆرەکانیان بە ئەنجومەنی نیشتمانی سوریای
دروستکراوی تورکیا و ساتێک لە ڕێگەی گەورەکردنی کۆنە بەعسیەکانی
هاوشێوەی سەلاح بەدرەدین و ناردنیان بۆ تورکیا ، ساتێک لە ڕێگەی
لێکدابڕانی کوردان لە ژێر ناوی (کۆنفرانس بۆ کوردانی سوریا) و ساتێک
لە ڕێگەی ناردنی هێزی پێشمەرگە بە ناوی ( پاراستنی کوردانی سوریا )
بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ڕێگەگرتن لە ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان ، ساتێک لە
ڕێگەی گەشتە یەک لە دوای یەکەکانی بارزانی بۆ ئەنقەرە و ساتێکیش بە
بانگێشتکردنی دژەکوردێکی وەکو بورهان غەلیون و خۆفرۆشێکی وەکوعبد
الباست سەیدا بۆ هەولێر.
دواین سیناریۆش هاتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا " ئەحمەد داود ئۆغڵو " بوو
بۆ هەولێر و پێشوازیکردنی گەرموگوڕی بەرپرسان لەو دژە کوردە و
هاوسۆزینیشاندانیان بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک . جگە لەوەی داود ئۆغڵو
لە ئامێز گیرا لە هەمان کاتدا ئەم سۆز و پەیمانەشیان پێدا:
(هەردوولا نیگەرانی زۆری خۆیان لەبارەی ناسەقامگیری و فەوزا لە سوریا
دەربڕی و جەختیان لەوە كردەوە، كە هەر هەووڵێك بۆ قواستنەوەی بۆشایی
دەسەڵات لەلایەن هەر گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژەوە بەهەڕەشەی هاوبەش
دادەنرێ و پێویستە بەهاوبەشی چارەسەر بكرێ . پێویستە سوریای نوێ لە هەر
گرووپ یا رێكخراوێكی توندڕەو و تیرۆریست خاڵی بێت و هەردوولا رێككەوتن
لەسەر بەردەوامی راوێژكردن و هاریكاری بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی ئاشتی و
سەقامگیری ناوچەكە دابێت).
شەرمەزاری مێژوو ئەو کەسانەن کە ڕاستیەکان دەشێوێنن ، ئایا دەبێت کێ
توندڕەو و توندئاژۆ بێت و کێش هەوڵی ناسەقامگیری بدات؟
گومان لەوەدا نییە کە هیچ داگیرکەرێک هێندەی دەوڵەتی تورک دوژمنی
سەرسەختی کوردان نەبوە و هیچ لایەنێکیش هێندەی ئەو لایەنانە توندئاژو و
توندڕەو نەبوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گۆش دەکرێن ، نموونەی هەرە
بەرچاویشیان ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و سوپای بەناو ئازادە کە دەیان
کۆمەڵکوژیان لەم ساڵ و نیوەدا ئەنجام داوە و شەڕیان خستۆتە نێو هەموو
ماڵێکی زەحمەتکێشانی سوریاوە و بوونەتە هۆی کوشتنی دەیانهەزار سڤیل و
ئاوارەکردنی سەدانهەزاری دیکە و مەزنترین مەترسیشن بۆ دواڕۆژی
نەتەوەکەمان ، دڕندایەتی ئیخوان الموسلمین و سوپا بەناو ئازادەکەیان
ئەگەر لە دڕندایەتی بەعسیەکان زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە . بڕوانە
ئەم لینکانەی خوارەوە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9280&LinkID=8
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/15960.html
لە هەمان کاتدا هیچ لایەنێک هێندەی " پەیەدە " ئاشتیخواز نەبووە و بە
شێوەیەکی سەردەمیانە و دوور لە توند و تیژی هەنگاوی هەڵ نەهێناوە بۆ
چارەکردنی هەموو گرفتەکان ، ئەوە پەیەدە بوو کە ڕۆژئاوای کوردستانی لە
کۆمەڵکوژی پاراست و سەدان ناوەندی جەماوەری و ڕۆشنبیری دامەزراند ،
ئەوە پەیەدە بوو کە ژنان و پیاوانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و
دوور لە توند و تیژی زۆربەی شار و گوندەکانی لە دەست داگیرکەر دەرهێنا
. کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە کە بارزانی پەنجەی توندڕەوی بۆ پەیەدە درێژ
دەکات و ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا و سوپا بەناو ئازادەکەیان بە
شۆڕشگێران پێناسە دەکات.
تا ئێستا پەیەدە دەستی بۆ چەک نەبردووە کەچی لەلایەن بارزانیەوە بە
توند ڕەو ناو دەبرێن ، ماوەیەک بەر لە ئێستاش لەلایەن مەلا عەبدوڵای
حەسەنزادەوە چەندەها تۆمەتی وەک " بەرچاوتەنگ " ئاڕاستەی پەیەدە کرا بە
بیانووی ئەوەی کە کردەوەی چەکداری ئەنجام نادات و کوردان لە گێژاو
نانێت . بڕوانە ئەم لینکە:
http://rojnews.org/index.php?option=com_k2&view=item&id=328:kewane&Itemid=206
ئەی دەبێت چارە چی بێت ؟ کاتێک لە ڕێگەی خەباتی جەماوەریەوە
داخوازیەکانت دێنیتە زمان بە بەرچاوتەنگت پێناسە دەکەن و کاتێکیش هەوڵی
پاکسازی شار و گوندەکان دەدەیت بە توندڕەوت تۆمەتبار دەکەن!؟
لێرەدا چەندین پرسیار ڕووبەڕووی سەرۆکی هەرێم دەبێتەوە:
١- ئاشکرایە کە سەردانی داود ئۆغڵو بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردانە ، ئەگەر
ئێوەش هەمان ویستی داود ئۆغڵوتان هەیە ئەی بۆچی لە ١١ی تەموزدا هەوڵی
لێکنزیک کردنەوەی هەردوو ئەمجومەنی (گەلی ڕۆژئاوا و نیشتمانی کوردی
سوریا )تان دا ؟ بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9181&LinkID=3
٢- هەر خودی بارزانی دەیگوت (باوی شەڕی چەکداری نەماوە و پێویستە
چەکەکان خامۆش بکرێن)، ئەی هەوڵدان بۆ ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ
ڕۆژئاوای کوردستان چ مەرامێکی لە پشتە؟ بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9167&LinkID=7
٣- ڕۆژانە ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە دووچاری کۆمەڵکوژی دەبن و
پاراستنیشیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە ، ئەی بۆچی هێزی پێشمەرگە
نانێرنە ئەو ناوچانە ؟ بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=9318&LinkID=3
سیاسەتی دوو فاقی:
پیسترین دیاردەی لایەنە کلاسیکیەکان سیاسەتی دوو فاقی بووە ، لەو
سیاسەتەدا هەموو شتێک دەکرێتە قوربانی لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتندا
، بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە لایەکەوە هاودەسەڵاتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە حکومەت و پەڕلەماندا لە لایەکیشەوە لە
پێناوی باڵا دەستیدا گەورەترین هاوکاری داگیرکەران و بە تایبەت
بەعسیەکان بوو بۆ لاوازکردنی هاوخوێنەکەنی . حیزبی دیموکراتی کوردستانی
ئێران لە لایەکەوە هاوئامانجی کۆمەڵە بوو لە لایەکی دیکەشەوە بۆ
داسەپاندنی دەسەڵاتی ڕەها جاڕی شەڕی سەرتاسەری دژ بە کۆمەڵە و دانیشتنی
نهێنیشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام دەدا . ئێستاش ئەنجومەنی
نیشتمانی کوردی سوریا "کە زادەی چواردە حیزبی کلاسیکە" لە لایەکەوە
پەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان واژۆ دەکات و
لە لایەکی دیکەشەوە بۆ بە دەستهێنانی هەندێک دەسەڵاتی حیزبایەتی
دانیشتنی نهێنی لەگەڵ سەرسەختترین دوژمنی نەتەوەکەماندا "واتە تورکیا"
ئەنجام دەدات . ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا مەرەکەنی واژۆکردنی
ڕێکەوتننامەکەی هەولێریان وشک نەبۆتەوە . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە:
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16080.html
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16081.html
ئایا ئەم هەڵوێستە نەشیاوەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ئەوە
ناگەیەنێت کە تەنها بۆ دەسەڵاتداری بوونەتە هاوپەیمانی ئەنجومەنی گەلی
ڕۆژئاوای کوردستان و بۆ خزمەتکردنیش هاوکاری داگیرکەرانن ؟ یان ئەوەتا
نیازیان لەم هاوپەیمانیە تەنها ئەوە بووە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە خۆیان لە
تورکیا نزیک بکەنەوە و پەیامێکیش بە ئیخوان الموسلمین بدەن و بڵێن (
ئەگەر لە دەسەڵاتدارێتی دوای بەعسیەکاندا چەند پۆستێکی کارتۆنیمان پێ
نەبڕێت ئەوا هانا دەبەینە بەر پەیەدە بۆ خزمەتکردنی کوردان ) واتە
دووبارەکردنەوەی هەمان ئاکار و کردەوە چەپەڵەکانی ڕابردووی یەکێتی و
پارتی کە پشکی شێریان بەرکەوت لە بنیاد نانەوەی داگیرکەری نوێی عێراق و
زیاتر ئاڵۆزکردنی ناوچە دابڕاوەکان لە پێناو بە دەستهێنانی چەند
پۆستێکی بەغدادا.
لە نێوان هەولێر و کەرکوکدا:
هاتنی داود ئۆغڵو بۆ شاری هەولێر بۆ قەیران دروستکردنە لە نێوان لایەنە
کوردیەکان و تێکدانی یەکڕیزیانە ، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەو پەیامە دوو
قۆڵییەی بارزانی و ئۆغڵودا بە دەر کەوت کە دەڵێن (هەردوولا نیگەرانی
زۆری خۆیان لەبارەی ناسەقامگیری و فەوزا لە سوریا دەربڕی و جەختیان
لەوە كردەوە، كە هەر هەووڵێك بۆ قواستنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن هەر
گرووپ و رێكخراوێكی توندوتیژەوە بەهەڕەشەی هاوبەش دادەنرێ و پێویستە
بەهاوبەشی چارەسەر بكرێ). ئەمە جگە لە هەڕەشە بێ ناوەڕۆکەکانی ڕەجەب
تەیب ئەردۆغان لە کوردانی ڕۆژئاوا . بڕوانە ئەم لینکانە:
http://www.hawlati.co/babetekan/23757
http://rudaw.net/kurdish/index.php/rojava/16123-PYD.html
چوونی داود ئۆغڵو بۆ کەرکوکیش ئەگەر پەیامێکی کوشندەتری پێ نەبێت لەوەی
هەولێر ئەوا چاکتری لێ چاوەڕی ناکرێت ، چونکە لە لایەکەوە قەیرانی
نێوان هەرێم و عێراق زیاتر دەکات ، لە لایەکی دیکەشەوە هەڕەشەیەکە لە
کوردانی دەکات و پێیان دەڵێت کە کەرکوک هیچ پەیوەندییەکی بە
کوردستانەوە نییە و تەنانەت وەکو شارێکی تورکیش هەڵسوکەوتی لەگەڵدا
دەکات . بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12988#TOP
دووبارە بوونەوەی مێژوو:
دەبێت دەسەڵاتدارانی پارتی دەرس لە ساڵی ١٩٧٥ وەربگرن و هەوڵ نەدەن ئەو
مێژووە پیسە دووبارە بکەنەوە ، چونکە لەو ساڵەدا تەواو خۆیان خستە ژێر
فەرمانی شای ئێران و لەو پێناوەشدا سەرکوتی هەموو ئازادیخوازانی
ڕۆژهەڵاتیان کرد ، کەچی ئەنجامەکەی بەو ئاشبەتاڵە کۆتایی هات کە لە
ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەموو شتێک تەواو بوو.
ئەگەر ئیمڕۆ بخوازن هەمان دیرۆکی شومی ١٩٧٥ دووبارە بکەنەوە و ئێران بە
تورکیا بگۆڕنەوە ئەوا ئەو ڕاستیە هەیە کە ئەردۆغان لە شا فاشستترە و
تورکیاش لە ئێران سەرسەختترە . ئەگەر لە ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥دا
جێگەیەکیان لە کەرەج و تاران بۆ دابین کرا ئەوا لە ئاشبەتاڵیکی دیکەدا
بە غەیری زبڵدانی مێژوو هیچ جێگەیەکیان بۆ نامێنێتەوە.
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|