په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٢

داوا دەکەین ئاسایش بە فەرمیی داوای بووردن لە کارزان کەریم بکا.

 


لە دوو ڕونکردنەوەی جیای ئاسایشی (گشتی و ھەولیر) لە رۆژانی ٧ ، ٨ی ئەم مانگەدا لەسەر ڕۆژنامەنووس (کارزان کەریم) لەمیدیاکان بڵاویان کردۆتەوە، کە لای ئێمە ئەو جۆرە روونکردنەوانە نامۆ نین لە ‌ بەردەوامی ئەو چەواشەکاری ئەو دەزگایانە بەرامبەر کێشەکانی خەلک ، بەتایبەتی کاتێک تاوانەکانیان لێ ئاشکرا دەبێ. ئەوکات ھەوڵی بەلارێدابردن و شاردنەوەی راستییەکانی تێدا دەدەن و دەیان سیناریۆی جیا جیا دروست دەکەن ، ھاوکات ئەمە درێژەی ئەو گالتەجاریانەی ئەم دەزگایانەیە، کە ھەر کەسێک بەو شێوەیە دەستگیربکەن یەکسەر تۆمەتیی تیرۆریستی لە ئێخەی دەدەن، بەمە ترسێک لەلای رەخنەگرەکانیان دروست دەکەن، کە لەم بارەوە پەروەندی شەھیدی ھەمیشە زیندوو (سەردەشت عوسمان)مان لەبەردەستدایە، کە چۆن بەناوی "دادگا و یاساوە" کردیان بەتیرۆریست. ھەروەھا گاڵتەجاریی پێشوتریشیان لەکەیسی کەمالی سەید قادر، لەسەر نووسینێک ٣٠ ساڵ زیندانییان بۆ بڕییەوە، دواجار ھەر خۆشیان ئازادیان کرد، نەک بەپێ ئەو یاسا و دادگایەی کە باسی لیوەدەکەن. بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانین لەسەر کارزان کەریمیش بڵێین:

١- ھەر لەسەرەتای دەستگیردن و رفاندنی ئەم رۆژنامەنووسەشەوە لە ‌بچوکترین مافی یاسایی مامەلەکردن ، رەفتاریان لەگەڵدا نەکردوە، سەرەتای گرتنەکەی لەلایەن کەسانی نەناسراوە ھاوشێوەی دەزگا ئەمنیەکانی بەعس رفێنراوە، ‌بە پێی ووتەی بنەماڵەی کارزان کاتێک ئۆتۆمۆبیلەکەیان بۆ ھێناوتەوە کەسێک خۆی بە ھاوڕیی کارزان ناساندوە و پێیان ووتون ، کە سەفەری بۆ تورکیا کردووە . دوای تێپەڕبوونی دوو ھەفتە زیاتر ئەوکات زانیویانە کەلای ئاسایشی گشتی ھەولێر دەستبەسەرە بەواتای شوێن بزریشیان کردووە ، ھەربەپێی ووتەی بنەماڵەی کارزان دوای تێپەرینی ٣ مانگ و بەھۆی پالپشتی بەرپرسێکی باڵاوە نەوەک (مافی یاسایی) ، ئەوکات توانیویانە کارزان ببینن، سەرەرای تێپەڕبوونی ئەوماوەیەش کەچی جەستەی ئازاری زۆری پێوە دیاربووە، بۆیە ئێمە لەئاسایش و دەزگا ئەمنی و پەرلەمان دەپرسین بە چ مافێک ھاولاتیەک بەوشێوەیە لەمامەلە ی ھۆڤیانیە ئەشکەنجە دەدرێ؟ پرسیار ئەوەیە چۆن دەکرێ دەزگایەکی بەناو" ئاسایشی ھاولاتی" سەرباری ڕفاندن و ئەشکەنجە ، کەچی بەپێی مافە سەرەتایەکانی مافی مرۆڤ‌زیندانی کراو کەھەر تۆمەتێکیشی ئەنجام دابیتیش ، دەبێت لایەنی کەم بنەماڵەکەی سەردانی بکات و چاویی پێی بکەوێت،وە دەبێ لەماوەی ٤٨ کاتژمێر تێنەپەری دۆسیەکەی ئاراستەی دادگا بکرێ و پاریزەری تایبەتی ھەبێ، وەبەھیچ شێوەیەکیش نابێت ئەشکەنجە بدرێ. بۆیە ئیمە لەئێوە دەپرسین کام لەم مافانەتان بۆ کارزان کەریم و دەیان ھاوڵاتی تر لەم وڵاتەی ئیمە لەکاتی زیندانی کردن جێ بەجێکردوە؟

٢- ئێمە لەوە دلنیان کە ڕۆژنامەنوس کارزان کەریم ، ئەگەر ھەر پلەیەکی ھەبووبێت ، بەلام ئەو کارەی ئەو کردویەتی و کەبۆتە ھۆکاری زیندانی کردنی ، کارێکی ڕۆژنامەگەریی بووە کە خۆی لە بلاوکردنەوەی ھەندێ تاوان و گەندەلی بەرپرسانی فرۆکە خانەی ھەولێر بینیوەتەوە ، ئەمەش ھیچ زانیاریەکی ئەمنی و نەتەوەیی تیا نییە ‌. داواشتان لێ دەکەین، ئەگەر راست دەکەن لەسەر ئەو تۆمەتە ، بفەرمون ئەو زانیاری و نھێنیانە بڵاو بکەنەوە ،کە گوایە زیانی بە ئاسایشی نەتەوەیی گەیاندووە وەلیژنەیەکی بێ لایەن بۆ نوسینەکانی دابنێن ‌؟

لە کۆتایشدا دەلێین ھەموو خەڵکی کوردستان و میدیاکان شایەتی رەفتارە نامرۆڤایەتییەکانی دەزگا ئەمنیەکانن، ئەمەش بۆتە ھۆکاری سەرەکی لە زیان گەیاندنی یەکجار گەورە بەحکومەتی ھەرێم و ناشیرینکردنی کورد و کێشەکەی ، لە نێوەند وڵاتانی دەرەوەشدا، بەھۆی ئەو ھەموو راپۆرت و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە ئێوە دەیکەن ، کە ساڵانە لەنەتەوەیەکگرتوەکان ، کۆنگریسی ئەمەریکی ، ڕێکخراوە نێو دەولەتیەکان لەمافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسیەکان دۆسیەی رەشی ھەرێم لەسەر رەوشی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری لاپەرەکانی زیاتر دەبێ ، ھاوکات ھەمومان دەزانین لەم ھەرێمەی کوردستان چ تەراتێنەکی دەزگا ئەمنیەکانی ولاتانی دوژمن بەکورد ھەیە ، کە ھەر لەم ماوەدا مەولود ئەفەندی ڕۆژنامەنوس وابۆ ٢ مانگ دەچی لەناو کوردستان ڕفێنراوە و پەنجەی تاوانیش بۆولاتێکی دژ بەکورد رادەکیشرێ بێ ئەوی ھیچ رونکردنەوەیەکتان ھەبێت ، یان ئەوەتا بەدەیان بەرپرسی ھەرێمی کوردستان ، دەرکەوتن سیخوری ولاتان بوون کەچی دەتوانن پێمان بلێن چەند لەم سخورانەتان خستۆتە زیندان و دادگاوە ؟ بۆیە داواتان لێ دەکەین بەپەلە کارزان کەریم ئازاد بکەن و بەفەرمی داوای لێ بوردنی لێ بکەن سەبارەت بەو رەفتارەی بەرامبەرتان ئەنجام داوە و قەرەبووی ئەو زیانە مادیی وجەسەدییەی بکەن کە بەدەستی ئێوە لێیدراوە، چونکە کارزان کەریم لای ھەر دەسەلاتێکی دژە گەندەڵ و یاسایی بوایە لەبڕی زیندان خەڵات دەکرا، نەک بەو شیوەیە بڕفێنرێ و ئەشکەنجە بدرێ دواتر ‌ و تۆمەتی تیرۆریست و سیخوری و ناپاکی بۆ ‌کەیسەکەی دروست بکرێت.

داواش لەسەرجەم ناوەندو ڕێکخراو لیژنەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بوار نەدەن قوربانیەکانی وەک کارزان بکرێنە تیرۆریست و کەئێمە لەم بارەوە بەردەوام دەبێن لەئاگادارکردنەوەی سەدان ناوەندی مرۆڤ دۆست ئەگەر دۆسیەکەی بەردەوام بێ.

______________________________________________________________
روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێرەوە:

بۆ/ گشت کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
کارزان کەریم کە کارمەندی ئاسایشە بەپلەی کۆمیسەر لەڕێکەوتی ١٥/١١/٢٠١١ لەسەرفەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ھەولێر بەپێی ماددەی یەکەم لەیاسای ژمارە٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی کوردستان دەستگیرکراوە لەسەر درکاندنی ھەندێک نھێنی پەیوەست بەکاری ئاسایشی. ئەم ھەڵسوکەوتەش جگە لەوەی پێچەوانەی پیشەکەیەتی وەکو کارمەندی ئاسایش لە ھەمانکاتدا زیان گەیاندنە بە ئاسایشی ھەرێم.


لەگەڵ ڕێزماندا
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر


روونکردنەوەی ئاسایشی گشتی ھەرێم:


http://www.awene.com/article/%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C%D8%B4-%D9%83%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D8%A7%D9%86-%D9%83%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%8C%D9%85-%D9%88%D9%87%E2%80%8C%D9%83-%D9%83%D8%A7%D8%B1%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D8%AF%DB%8C-%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C%D8%B4-%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%87%E2%80%8C%D8%AA%D9%87%E2%80%8C-%D8%AF%D8%A7%D8%AF%DA%AF%D8%A7-%D9%86%D9%87%E2%80%8C%D9%83-%D8%B1%DB%86%DA%98%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D9%88%D9%88%D8%B3

 

 

 

کەمپینی ئازادیی بۆ کارزان کەریم
٨\٨\٢٠١٢
kampinbokarzankarim@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک