په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٦

داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەکەین

بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ بارودۆخی ناوچه‌ كوردستانییە‌كانی تورکیا!

 

ناوه‌ندی زاگرۆس


له‌ ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی نوڤه‌مبه‌ری ٢٠١٦دا نۆهه‌مین كۆڕی ساڵیانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كێشه‌ی كه‌مایه‌تیه‌كان له‌ ژێر ناوی ''كه‌مایه‌تیه‌كان له‌ هه‌لومه‌رجی كریزی مرۆییدا''دا كۆبووه‌وه‌. كۆڕی كه‌مایه‌تیه‌كان هه‌موو ساڵێك به‌ به‌شداری نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری كه‌مایه‌تیه‌كان، وڵاتانی ئه‌ندامی شۆرای مافه‌كانی مرۆڤ، ڕێكخراوه‌ نێۆنه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌كان و شاره‌زایانی ئه‌و بۆاره‌ پێك دێ و بابه‌ته‌كانی تایبه‌ت به‌ كه‌مینه‌ جۆربه‌جۆره‌كان ده‌خرێنه‌ به‌ر باس و لێكدانه‌وه‌. زۆربه‌ی كه‌مایه‌تیه‌كانی دونیا بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی ئه‌ندام، به‌شداری له‌ كۆڕه‌كه‌دا ده‌كه‌ن و مافی قسه‌كردنیان پێ ده‌درێ.


ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، وه‌كو ڕێكخراوێكی چالاك له‌ بۆاری مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ساڵی ٢٠١٠ه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی به‌رده‌وام به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ بووه‌ و هه‌ر وه‌كو ئه‌و ساڵیش هه‌وڵی گه‌یاندنی ده‌نگی كوردستانیانی داوه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.


له‌ وتاره‌كه‌ی خۆیدا كه‌‌ رۆژی ٢٥ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٦ له‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پێشكه‌شی كرد، ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ تورکیا‌ و به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا و داوای له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ هه‌ڵویستی هه‌بێ.

ده‌قی وتاری ناوه‌ندی زاگرۆس له‌ كۆڕی ساڵیانه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی كه‌مایه‌تیه‌كان:

جه‌نابی سه‌رۆك..


به‌ ناوی ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ده‌مهه‌وێ سه‌رنجی ئه‌و كۆڕه‌ بۆ لای بارو دۆخی خراپی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ تورکیا‌، و به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانی باشووری- ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ ڕاكێشم.

له‌ ڕاستی دا، له‌ دوای هه‌ڵبژرادنه‌كانی ژۆه‌نی ٢٠١٥ و پێشكه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌ تورکیا‌، پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ ژووییه‌ی ٢٠١٥ دا به‌ ته‌واوه‌تی كۆتایی هات و توند و تیژیه‌كان له‌ نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كانی تورکیا‌ و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، ده‌ستی پێكرده‌وه‌. په‌ككه‌وتنی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری و په‌ره‌سه‌ندنی پێكدادانه‌كان، كوژرانی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سیڤیل و زیادبوونی ڕاده‌ی پێشێلكاریه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤی لێكه‌وتوو‌ه‌ته‌وه‌.

له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پێكدادانه‌كانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك حاڵه‌تی ئه‌شكه‌نجه‌، تۆقاندن، گرتنی هه‌ڕه‌مه‌كی و بێسه‌روشوێنكردنی زۆره‌ملێ ڕوویانداوه‌.

له‌ ١٦ی دیسامبه‌ری ٢٠١٥ه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا‌ هێرشێكی به‌رفراوانیان له‌ ناوچه كوردنشینه‌كاندا، به‌ تایبه‌ت له‌''جزیره‌'' و ''سیلۆپی''، هه‌ر وه‌ها له‌ ناوچه‌ی ''شرناخ''ی سه‌ر سنووری عێراق و سوریه‌ ده‌ست پێكردوه‌، و ئه‌و شارانه‌ میلیتاریزه‌ كراون و بوونه‌ته‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و دانیشتوانیان ماڵه‌كانیان به‌ جێ هێشتوه‌.

دوای نشستیهێنانی كووده‌تا نیزامیه‌كه‌ی ١٥ی ژووییه‌ی ٢٠١٦، به‌ پێچه‌وانه‌ی پابه‌ندبوونه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ بۆاری مافه‌كانی مرۆڤدا، حكوومه‌تی تورکیا له‌به‌رامبه‌ر ڕكه‌به‌رانیدا ڕێوشوێنی توند و نادیمۆكراتیكی گرتووه‌ته‌ پێش، و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانیه‌كانی ناوچه‌ كوردنشینه‌كان له‌ كاره‌كه‌یان دوور خراونه‌ته‌‌وه‌.

دوای قۆڵبه‌ستكردنی دوو هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی دیاربه‌كر له‌‌ باشووری--ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا‌، له‌ ٢٥ی ئۆكته‌بری ٢٠١٦دا، ١١په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ پارتی دیمۆكراتیكی گه‌ڵان(هه‌ده‌په‌)، كه‌ هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی پارتیه‌كه‌، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگن یۆكسه‌كداغیشیان تێدا بوو، له‌ ٤ی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٦دا قۆڵبه‌ستكران.

جه‌نابی سه‌رۆك..


ڕێكخراوه‌كه‌مان زۆر نیگه‌رانی بارودۆخی مافه‌كانی مرۆڤه‌ له‌ تورکیا‌، بارودۆخێ كه‌ ده‌توانێ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی لێكه‌وێته‌وه‌.

ڕێكخراوه‌كه‌مان داوا له‌ شۆرای مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كا، تا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واو له‌ پێشێلكاریه‌كان و دوایین قۆڵبه‌ستكردنه‌كان بكات، و هه‌ر هه‌روه‌ها داوا له‌ راپۆرتێری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كێشه‌ی كه‌مایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ین تا ڕاپۆرتێكی تێرو ته‌سه‌ل له‌ سه‌ر بارودۆخی كه‌مایه‌تیه‌كانی تورکیا‌ ئاماده‌ بكات.

له‌ كۆتاییدا، ڕێكخراوه‌كه‌مان له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ توندوتیژی ڕێگای چاره‌سه‌ری نیه‌، و داوا له‌ هه‌ردوو لایه‌نی پێكدادانه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ بگه‌ڕنه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری.


ناوه‌ندی زاگرۆس بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

٢٥\١١\٢٠١٦
info@zagros-centre.org

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک