٢١\١٢\٢٠٠٩
داخستنى دەتەپە
لەباربردنی پرۆسەى دیموکراتییه لە
تورکیا.

عەبدوڵا ئەحمەد
دواجار دادگاى دەستورى تورکیا بەکۆى دەنگ و لەئەنجامى کۆنفڕانسێکى
رۆژنامەوانیدا (هاشم قلیج) سەرۆکى ئەو دادگایە بڕیارى داخستنى (پارتى
کۆمەڵگاى دیموکراتى) دەتەپەى بڵاوکردەوە، ئەمەش یەکەم جار نییە کە ئەو
دادگایە پارتى سیاسى دابخات، بەڵکو تا ئێستا (25) پارتى سیاسى لەو
وڵاتە داخستوە، لەنێویاندا چەند پارتیەکى داخستوە کە پێش دەتەپە دروست
کرابوون، بەڵام بەهەمان تێز و ئەو جەماوەرەى کە ئێستا دەتەپە هەیەتى و
ئەم حاڵەتەوش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەداخستنى دەتەپە تێکۆشانى گەلى
کورد لەباکوورى کوردستان کۆتایی پێ نایەت، چونکە ئیدى کورد لەتورکیا
ئۆرگانیزە کراون، بۆیە دەتوانێ لەژێر ناوێکى تر پارتیەکى دیکە دروست
بکەن بۆ درێژەپێدان بەخەباتى دیموکراتی کە دەتەپە هەڵگرى ئەم پەیامەیە.
گرنگترین ئەو خاڵانەى کە بووە هۆى ئەوەى پارتى ناوبراو دابخرێ ئەوەیە
کە پەکەکە وەکو پارتیەکى تیرۆریست نابینن و سەرکردەکانى دەتەپەش بێژەى
بەڕێز ئۆجەلان بەکار دێنن و لەبەر کۆمەڵێک بیانووى تر بڕیارەکەیان
دەکرد، بێگومان دەرکردنى بڕیارێکى وا پرۆسەى چارەسەرکردنى پرسى کورد
لەتورکیا بەرەو دواوە دەبات و ئەو هەنگاونانەى کە لەئەنجامى ژانێکەوە
دروست بوون لەبارى دەبات، چونکە دەتەپە لەئێستادا نوێنەرایەتى کورد
دەکات لەتورکیادا و نزیکەى 100 شارەوانى و 21 ئەندام پەرلەمانیان هەیە،
بۆیە لەم حاڵەتەدا (پارتی داد و گەشەپێدان) ئاکەپەش بۆ چارەسەرکردنى
پرسى کورد پێویستە دەتەپە بەموخاتەب وەربگیریت، چونکە بەبێ رێککەوتن و
ئامادەکارى بۆ کرانەوەیەکى وها مەحاڵە بێتەدى.
ئەمەو نەک تەنیا داخستنى دەتەپە، بەڵکو مافی پەرلەمانتارى لەئەحمەد
تورک و ئەیسەڵ تۆکلوکى پەرلەمانتارى ئامەد سەنرایەوە و هاوکات بڕیارى
ئەوەش درا کە (37) ئەندامى دیکەى باڵاى دەتەپە بۆ ماوەى پێنج ساڵ
لەکارى سیاسى دوور بخرێنەوە.
دادگاى دەستورى تورکیا یەکێکە لەدەزگا هەرە قرێژەکانى دەوڵەتى تورکیا
کە شۆڤێنیزمانە بیردەکەنەوە، دیموکراتیەت بەرەو خنکاندن دەبەن، چونکە
ئەوان دەبوایە کاریان بۆ ئەوە بکردایە کە (پارتى بزووتنەوەی نەتەوەیی و
پارتی گەلی کۆمارى)یان دابخستایە، لەبەر ئەوەى ئەوە ئەوانن کە
پارێزگارى لەئەرگەنەکۆن دەکەن، ئەوە ئەوانن کە بەهەموو شێوەیەک دژی
چارەسەرکردنى پرسى کوردن، ئەوە ئەوانن بەربەستن لەپێش مەسەلەى ئاشتى
سەرتاسەرى و کۆمەڵێک مەسەلەى دیکەى نێوخۆیی تورکیا کە تا ئێستا بێ
چارەسەرى ماون، ئەوە ئەوانن دەتەپە نییە، چونکە دەتەپە تەنیا داواى
مافی رەواى خۆیی کردووە بێجگە لەمە داخوازیەکى ترى نییە، دەیان و سەدان
کۆنگرە و کۆبونەوە و رێپێوان....هتد کردوە لەپێناو چارەسەرکردن و
کردنەوەى گریێ کوێرەکان بەدەیان جار هەوڵى دۆزینەوەى کلیلى چارەسەرى
داوە، بەڵام هزرمەندانى شۆڤێنیەت رێگربوونە لەپێش هەر خاڵێک کە
بەرژەوەندى هاوبەشیشى تێدابێت، چونکە ئەوان هەمیشە واى دەبینن کە
ئەوانن خاوەن دەوڵەت و وڵات و ئاڵا. هەر ئەوان دەبێت حوکڕانى ئەو وڵاتە
بکەن کورد و نەتەوەکانى ترى نێو تورکیا هەمیشە هاوڵاتى پلە دووبن،
هەمیشە پارێزگارى لەوە دەکەن کە بتوانن هەمان رێچکەى باوکە گەورەیان
ئەتاتورک بگرنە بەر و حسێب بۆ هیچ گەل و نەتەوەیەکى تر نەکەن. هەربۆیە
دەبێت لەوە بزانین کە ئەمانە هەمان تۆتالیتاریزمن کە دیانەوێ هەر وەکو
خۆیان بمێنن، و لە بڕیارى داخستنى دەتەپەشدا (11) ئەندامەکەى دادگای
دەستوورى تورکیا بە کۆیی دەنگ ئەو بڕیارەیان دەرخست.
ئەم بڕیارە ناڕەوایە لەئێستادا شەپۆلێکى نارەزایی زۆرى لێکەوتەوە و
تورکیاى بەرەو گێژاوێک پەلکێش کردووە کە چەندین هەنگاو بەرەو دواوە
هێناویەتى، ئەوەتا رۆژانە دەبینین کە گەلى کورد لەتورکیا لەسەر پێن و
ئەو بڕیارە شەرمەوزار دەکەن و رۆژانە ناڕازیبوونەکان لەبەر
فراوانبووندان، بۆیە بەبڕواى من پاشگەزبونەوە لەو بڕیارە هەرچەندە
زەحمەتە، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆى ئارامبوونەوەى ئەو بارودۆخەى
کە ئێستا تورکیاى گرتوەتەوە، چونکە رۆژانە نەک تەنیا گەلى کورد ئەوەتا
یەکێتى ئەوروپا و سەرۆکایەتى هەرێم و زۆر میدیاى جیهانى نیگەرانن
بەرامبەر داخستنى پارتى ناوبراو و هەڵایەکى گەورەى نایەوە، بۆیە لەم
حاڵەتەدا بۆ ئەوەى کە هەنگاوى بۆ نراوە لەبار نەچێت پێویستە دەوڵەتى
تورکیا ناچار بکرێت کە هەنگاو بەرەو پێشەوە ببات نەک بەرەو دواوە.
_______________
*
خوێندکاری یاسا و رامیاری.
abdulagermiki@yahoo.com
|