١٥\٤\٢٠١٣
دایە..
هۆ دایە.

فەتاح حەسەن
چەندە زەنگیانەت،
پێوەکرد.
بۆ هۆنینەوەی
بەرچاوگە
بۆ هۆنینەوەی
ژێرچەنە
سەد ئەوەندە
غەریبیت دەکەم
دایە.
* * *
لە نامۆستان
ئەو شەوانەی، دێیتە خەوم.
بەیانییەکەی
هەست بە ئاسودەیی دەکەم.
خەونەکانت
سادەن وەک خۆت
خەونامەیان، پێویست نییە.
خەونی فریشتەکان، سادەن
ئەی، دایە گیان.
* * *
شەو راشکا.
بەربەیانە
دەست هەڵناگرم، لەم رۆمانە.
پاڵەوانی رۆمانەکە
لە تۆ دەچێت
دایە.
* * *
لە ئاودا
لە هەڵمدا
لە بەفردا
تۆ، دەبینم.
نازانم، ئەوانە تۆن
یا، تۆ سێبەری ئەوانی..؟
دایە.
* * *
کۆترەکانی
منارەی
مزگەوتی گەورە.. هەڵفڕین.
تەنها، کۆترێکیان، نەبێت.
نە، من، نە، ئەو
لە سەیری یەکتر
تێر نابین.
بڵێی، ئەو کۆترە
تۆ نەبیت!
دایە.
* * *
هەندێک، دەڵێن
سەیری دەریا
خەمڕەوێنە..!
لەسەر دەریام
وردە شەپۆل
خەمەکانم، دەهۆننەوە!
دایە.
* * *
گەواڵە هەورەکان، رەوینەوە.
تەنها، پەڵەهەورێک نەبێت
بۆ، بێکەسی، من، دەگریا.
دایە.
* * *
بێ بوونی ئاو
بێ بوونی خۆر
ئێمە، هیچمان، بوونمان نییە.
من، تۆم، لە ئاو
من، تۆم، لە خۆر
خۆشتر دەوێت
دایە.
* * *
کلووە بەفری
سەر، پیرەدار
جوانترە
لە لای من، لە گەڵا
چونکە، لەتۆ دەچێت
دایە.
* * *
لە، نامۆستان، بۆ خۆم، گریام.
بۆ تۆ گریام.
ئەی، کێ بۆ من دەگری..؟
بێجگە، لە هەور
دایە.
دانیمارک - ڤالبی
fhesen@yahoo.com
|