٦\١\٢٠١٠
دایکە هەژار و
کۆتکراوەکانی پشت دیوارەکان.

سەلام عەبدوڵا
پەندێکی
پێشینان هەیە سەبارەت بەو کەسانە کە خۆیان لێ دەگۆڕێت، دەڵێ(رێوی لە
کونی خۆی هەڵگەڕێ، گەڕ دەبێ)و منیش لەبەر ئەوەی"حەزم لە گەڕبوون نییە"،
وەک منداڵی خێزانێکی هەژار، هەمیشە لەم بەرەیە دەمێنمەوەو درێغی ناکەم
لەوەی پێم بکرێ بۆ خۆشبەختیان گەر بۆ چرکەیەکیش بێت.
کاتێ باوکە شیوعییەکەم لە زیندان بوو، نەنکم بە دایکمی وتووە: بۆچی
سەلام مەلە نادەی؟ لە وەڵامدا وتوویەتی(هەی خوا...، سابوون لە کوێ
بهێنم!). من ئێستاش بەو بەسەرهاتە دەتلێمەوەو ئازارم دەدات. ئەمە
یەکێکە لە"نهێنییەکانی" تەرخانکردنی ژیانی رۆژانەم بۆ بەرگریکردن و
کارکردنم بۆ هاوچینەکەم.
من کارم بە لایەنی ئاینی ئیمامی عەلییەوە نییە، بەڵام لە وتەیەکیدا،
دەڵێ: (ئەگەر هەژاری پیاوێک بوایە، دەمکوشت!).
ئیمڕۆ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، گوڵبەهار(نووسەری قوتابخانە)، خۆیی
کرد بە گوڵ و وتی: سەردانی ماڵی(سەباح حەبیب)ت کردووە؟
- نەخێر
گوڵبەهار: ئەوانە خێزانێکی زۆر هەژارن و هیچ کەس و لایەنێک کۆمەکیان
ناکات، ئەگەر دەتەوێ دەتبەم بۆ ماڵیان.
- با بڕۆین.
بەو دیوی شەقامی بەردەم قوتابخانەکە، لە دەرگای گەلاوە شڕێکم دا.
دایکێک و سێ منداڵی بچوک(بەناو، زەهرە، سەجاد)، بەخێرهاتنیان کردین....زۆربەی
دایکان ئەمە حاڵیانە، واتە(دایک- پشت دیواری ماڵ-منداڵ)، بەبێ بەرامبەر!
پیاوە ئەحمەقە سک تێرەکان و ژنانی چینە گێل و گەمژەکە، بە رەوای نازانن
ئێستا حیسابێک بۆ کاری شێتانەی ناوماڵی ئەو دایکانە بکرێت کە وەک ئەم
دایکە، رۆژگاریان بەو شێوە نامرۆییانە بەسەر دەبەن! بەداخەوە
پڕۆژەی(موچە بۆ دایکان، لە19/4/2009نووسراو لە20/4/2009بڵاوکرایەوەو
هەزاران کەس و حزب و رێکخراو و لایەن ئیمزایان کرد کە لە کۆی گشتی
دەکاتە نزیکەی یەک ملیون کوردستانی)، بوو بە قوربانی نەزانی و ترسنۆکی
و سازشکاری ناو پەرلەمانی کوردستان و راستییەکان شارایەوەو بەهێمنی لە
گۆڕیان نا. ئەوانەی ئەم پڕۆژەیە زیندەبەچاڵ کرد، زۆر لافی مافی
ژنئافرەتیان دەدا، کەچی لە ئاستی واقیع، هیچ بەهایەکیان بۆ ئەم پڕۆژەیە
نەهێشت و کردیان بە قوربانی رقوقینەی ملهوڕانە و بەدحاڵی بوون و ئەوەی
پێی دەڵێن زمانی ئەقڵ و بەڵگەهێنانەوەو دیالۆک، ژێر پێیان خست.....
ئێستا وا باشە بڕۆمە خزمەتی قوربانییەکی تری وەڵاتە ئازادەکەم!
- دایکەکەم، ناوتان چییە؟
- فاتمە عەلی، من قەرەوڵسیم!
- هاوسەرەکەت کاری چی دەکات؟
فاتمە: رۆژکاری دەکات، بەڵام رۆژێک کاری دەستدەکەوێت و حەوت رۆژ بێکارە.
باوک منداڵەکان بێکەسەو هەر منی هەیە.
- ئەمە ماڵی خۆتانە؟
فاتمە: نەخێر. کرێکەی75هەزار دینارە، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن ماڵەکە
دەزانێ دەست کورتین، بۆیە تەنها 50هەزار دینارمان لێوەردەگرێ. ئێمە
تەنانەت بۆری ئاویشمان نییە، دراوسێکان ئاومان دەدەنێ.
ئەم خێزانە بۆری ئاویان نییە، جا چۆن دەوێرم پرسیاری ژمارەی مۆبایلیان
لێ بکەم؟!
یەکێک لەو نەگبەتیانە ریشی گرتووین، ئەمەیە: دراوسێیەکی ئەم خێزانە،
خەریکی(خێری ئیمام حوسێن)ە.
ئایا یەکێک دراوسێی کڵۆڵ و نەگبەت و بێ پەنای وای هەبێت، خێرکردن بۆ
ئیمام حوسێن، هیچ بایەخی دەبێ بۆ خاوەنەکەی؟!
ئەو"خێرکردنانە"شێوەیەکە لە ریاکردن و
خۆهەڵخەڵەتاندنە.
سبەی لەبری دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی دژ بە هەژاری، چەند
ملیون دۆلارێک بۆ ئاهەنگی رۆژی لەشکری عیراق خەرجدەکرێت، پیرۆزتان بێت!
dwaroj@yahoo.de
|