په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١٤

دایک لە گۆشەنیگای ناودارانەوە.


رەزا ساڵح         


دایک جوانترین و شیرینترین و ناسکترین وشەیە.. دایک مەزنترین و بەنرخترین شتە لە گەردووندا.. سکی دایک پیرۆزترین نیشتمانە.. دایک خۆشەویسترین و دڵسۆزترین و میهرەبانترین کەسە لە هەموو ژیاندا.. لە ژیانی هیچ کەسێکدا، ئافرەتێک نییە کە بەبێ بەرانبەر و بەبێ منەت ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستییەی پێ ببەخشێت، تەنها و تەنها دایکە ئەو سۆز و خوشەویستییە راستییە، بێ بەرانبەرە دەبەخشێت.


دایک سونبلی ژیانە .. هێمای خۆشەویستی و بەخشین و قوربانیدان و دڵنەوایی و دڵسۆزییەکی بێ سنوورە .. دایک کانییەکی روونی هەمیشە خوڕە و، سۆز و خۆشەویستیی لێ هەڵدەقوڵێ .. ئەوە دایکمان بوو پێش ئەوەی رووناکی لە چاوەکانماندا هەڵبێت، لە باوەشی کردین و نووساندنی بە سنگییەوە .. ئەوە دایکمان بوو، شەو تا بەیانی بەدیارمانەوە ئێشکی دەگرت و نانۆزی و، رایدەژەنین و، بە لایە لایە و گورگانە شەوێ دەیکردینە خەو .. ئەوە دایکمان بوو ئێش و ئازارەکانمانی هێوردەکردەوە و، زامەکانمانی ساڕێژ دەکرد و، دەستی بە سەرماندا دەهێنا و، بە چەند ماچێکی قووڵی گەرم، بە زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانی خەم و ناسۆرییەکانمانی لەبیر دەبردینەوە.


هەر دایکی دڵسۆزمان بوو، هیوا و متمانە و بڕوابەخۆبوونی خستە دڵمانەوە و.. بە کورد و کوردستان پەروەریش گۆشی کردین.. هەر دایکانن نەوەی ئەمڕۆمان بە باشی و دروستی پەروەردە دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە هیوای دواڕۆژی کوردستان .. دایک کۆڵەکەی خێزان و ماڵە .. ژیان لە سکی دایکدا لە دایک بوو، هەر لە سکی ئەویشدا دەمێنی و بەردەوامدەبێت.. ماندووبوون و ئەرکی گرنگی دایک پیروزترین خزمەتە.


دایک نزیکترین کەسمانە، دڵسۆزترین هاوڕێمانە ، یەکەمین مامۆستا و رابەرمانە، باشترین ئامۆژگاریکەرمانە، خەمخۆڕمانە .. لە تەنگانە و ناخۆشیدا پەنا و پاڵپشت و دڵنەواییکەرمانە .. لە شێنەیی و خۆشیشدا، دڵخۆشترین کەسە و هاوبەشمانە.. دایک جوانتری و بۆنخۆشترین گوڵە .. گەلێ لە کەڵە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و گەورەپیاوانی جیهان .. بە خۆشترین شیعر، بە بە شیرینترین سروود و، بە جوانترین وشە ، بە شاکارترین وێنە و پەیکەر ، کە شایستەی پایەبەرزی و شکۆداری و میهرەبانی دایک بن .. دایکانیان بەسەرکردوونەتەوە و، بە رێزەوە رۆڵیانیان بەرز نرخاندوون .. کەڵە رۆمانووسی جیهانی ـ مەکسیم گۆرگی ـ شاکارترین رۆمانی بە ناوی " دایک " ەوە نووسیوە ، دایکیش بەلای مەکسیم گۆرگییەوە ـ نیشتمان ـ ە .. بەڵی دایک نیشتمانە .. چی وتراوە و، چی کراوە، چی بوترێت و، چییش بکرێت .. نابنە پاداشت و پارسەنگی هاوسەنگ کرنەوەی خۆشەویستی و سۆز و بەخشین و دڵسۆزی و قوربانیدان و لێبووردەیی بێ هاوتای دایکان .. بۆیە هەمیشە خۆمان بە قەرزاری چاکە و دڵسۆزی دایکانی ماندوونەناسمان دەزانین .. ئەگەر ئەوان لێمان رازی نەبن و، گەردنمان ئازاد نەکەن ، ناحەسێینەوە و، ویژدان ئاسوودە نابین.


چەپکێکم لە وتە جوانەکانی هەندێ لە ناوداران بۆ گوڵبژێرکردوون و، گۆڕیویانم بۆ سەر زمانی کوردی، کە دەربارەی پیرۆزترین و مەزنترین کەس کە دایکە وتوویانە:


کۆلیریدج:
(*) دایک لە هەموو گیانلەبەرێک پیرۆزترە.
شەکسپیر:
(*) لە جیهاندا، سەرینێک نییە کە لە باوەشی دایک نەرمتربێت.
جوبران خەلیل جوبران:
(*) دایک هەموو شتێکە لە ژیاندا، دڵدەرەوەیە لە ماتەمینیدا، هیوایە لە بێ ئومێدیدا، هێزە لە لاوازیدا.
ئەندریە گریتری:
(*) لە شاکارەکانی جوانەکانی کردگار دڵی دایکە.
جان جاک رۆسۆ:
(*) دایە گیان، من رووحم نییە، رووحی تۆیە لە گیانمدا.
ماری هۆبکنز:
(*) دایکایەتی گەورەترین بەخشینە کە خوا ژنانی پێ تابەتی کردووە.
سوقرات:
(*) هەرگیز هەست بە دڵنیایی ناکەم، ئەو کاتە نەبێت کە لە باوەشی دایکم دام.
مەحمود دەروێش:
(*) ناوت نانێم دایک، ناوت دەنێم هەموو شتێک.
شاڤیـر:
(*) لە دنیادا یەک کەس هەیە کە لەژن باشترە، ئەویش دایکە.
لی شین:
(*) شەوانی دایک مۆمێکی پیرۆزی بێ فیز و میهرەبانە، ژیان رووناک دەکاتەوە.
جۆن ئادەمیز:
(*) شانازیی ئەو هەموو ناوبانگ و پایەبەرزییانەی پێیان گەیشتووم .. بۆ دایکم دەگەڕێنەوە.
کیم ئیل سۆنگ:
(*) مرۆڤە هەڵکەوتووەکان، هەردەم ئەوانەن کە دایکیان بە باشی و دروستی پەروەردەیان کردوون.
بێتشەر:
(*) دڵی دایک قوتابخانەی منداڵە.
ئەدیسۆن:
(*) دایکم دروستی کردم.
خەلیل مەتران:
(*) دایک نەبوایە هیچ نەتەوەیەک نەدەبوو، نەتەوەکان بە دایکەوە نەتەوەن.
ئابراهام لینکۆڵن:
(*) هەموو ئەو شتانەی کە من پێیان گەیشتووم .. ئەو پایە بەرزییەش کە هیواداری ئەوەم پێی بگەم .. هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ دایکی پەریزادم.
ناپلیۆن:
(*) دایک بە دەستی راستی لانک رادەژێنێ .. بە دەستی چەپیشی جیهان رادەوەشێنێ.
محەمەد:
(*) بەهەشت لەژێر پێی دایکانە.
جان جاک رۆسۆ:
(*) ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بوایە، دایکم لە چنگەکەی تریدا، دایکم هەڵدەبژارد.
لیلینک:
(*) لەسەر بەرزترین چیادا لە سێدارەم بدەن، دەزانم کێ بە دوامەوەیە .. لە قووڵترین دەریادا بخنکێم، دەزانم کێ بە دوامەوەیە .. هەر دایکمە.
محەمەد حیجازی:
(*) ئەگەر دایک نەدەمرد، کەس بەدبەخت نەدەبوو.
مۆریس گارسۆن:
(*) دایک ناتوانێت رازەکانی کچەکەی بدرکێنێت، چونکە خۆشی لە تەمەنی ئەودا هەمان رازی هەبووە.
جاکسۆن براون:
(*) وێنەی کاتی گەنجێنی دایک و باوکت، لە چوارچێوەیەکی زیویندا هەڵبواسە.
مەکسیم گۆرگی:
(*) با سەر بۆ گەورەیی ئافرەت دانەوێنین ، ئافرەتە کە موسا و عیسا و محەمەدی خستۆتەوە، هەر ئەویشە کە گەورە پیاوانی دێنێتە دنیاوە .. جیهان بە هەرچییەکەوە بنازێت .. لە دایکەوەیە.
مارف رەسافی:
(*) خۆشەویسترین کەس دایکمە، ئەوە کە رووحی خۆیم پێشکەش دەکا.
سامۆییل ئادمیز:
(*) لە ژیاندا، هەرگیز ناتوانیت خۆشەویستییەکی باشتر و قووڵتر وپاکتر و راستەقینەتر لە خۆشەویستیی دایکت بدۆزیتەوە.
ئەحمەد شەوقی:
(*) دایک قوتابخانەیەکە، گەر ئامادەت کرد .. گەلێکی رەسەن دێنێتە کایەوە.
جاکسۆن براون:
(*) لە رۆژی جەژنی دایکاندا، بیر لە دایکت و لە خەسووت بکەرەوە.
جەمیل سدقی زەهاوی:
(*) رۆڵەکانی هیچ نەتەوەیەک پێش ناکەوێت .. ئەگەر دایکانیان پێشکەوتوو نەبن.
لەتیف هەڵمەت:
(*) ئەی دایە چەند جوانی ئەی دایە ..... بە تۆوە رووناکە ئەم هەموو دنیایە.

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک