په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

دەبێ کار بۆ هۆشیاری ژینگەپارێزی بکەین.

 

 
شوان بەرزنجی


ئەمڕۆ مەسەلەی ژینگەو ژینگەپارێزی بۆتە مەسەلەیەکی گرنگی جیهانی لە پاڵ هەموو بابەتەکان لەپاڵ هەموو لایەنە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان. ژینگەو ژینگەپارێزیش بۆتە جێی بایەخ، بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆ کە مرۆَڤایەتی لەبەردەمی هەڕەشەیەکی گەورەدایە بەهۆی پیسبوون و خراپبوونی ژینگە. بۆیە لە سۆنگەی ئەم بایەخە چڕە بە ژینگەپارێزی، ئەمڕۆ ئێمەی کوردیش پێویستیمان بە سیاسەتی ژینگەپارێزی هەیە، هەر بۆیە دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی بڵاو بکەینەوە و لەسەر ئەرزی واقیع بەرجەستەی بکەین. پرسیار ئەوەیە ئەم هۆشیاریی ژینگەپارێزییە چۆن و لە کوێ دەست پێ بکەین؟


بێگومان هۆشیاری و بیرکراوەیی و رۆشنبیری لە هەموو لایەنێکی ژیان پێویستە، چونکە بە هۆشیاری تەواو ئێمە دەتوانین ئەوەی کە دەمانەوێ یاخود مەبەستمانە بیپێکین و ئامانجەکەی بێتەدی. بۆ ژینگەپارێزیش مەسەلەی هۆشیاری و هۆشیاری مامەڵەکردن گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ کۆمەڵگا بهێنینە کایەوە. دیارە ئەم هۆشیارییەش هەر ئاوا نایەتە کایەو، بەڵکو هەوڵ و ماندبوون و پلانی تۆکمەی دەوێ، بەتایبەتی ئەو هەوڵانەی کە دەرئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوەو ئامانجەکان بە بەرجەستەکراوی لەسەر ئەرزی واقیع دروست دەبیندرێن. جا بۆ بە هۆشیاریکردنی مەسەلەی ژینگەپارێزی پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بکەین:

1_ هۆشیاری لە خێزانەوە:

خێزان بنەگەی هەر کۆمەڵگایەکە سەرەتای پێشکەشکردنی تاکە بە کۆمەڵگا، بۆیە بۆ هەموو بابەتێک دەبێ بگەڕێینەوە نێو خێزان، لەنێو خێزانەوە دەست پێ بکەین بۆ مەسەلەی ژینگەپارێزی و هۆشیاری ژینگەپارێزیش دەبێ لە خێزانەوە دەست پێ بکەین. پێویستە دایک و باوک بە پەروەردەیەکی دروست ئاگاداری نەوەکانیان بکەنەوە، کە ژینگەی ماڵەوە و کۆمەڵگا بە یەک چاو سەیر بکەن و بیپارێزن، ئەگەر هەر پیسییەکیان بینی دەبێ لە شوێنی مەبەست دایبنێن، دەبێ هۆشیارییەکە وا لە منداڵ بکات کە ژینگەپارێزی و پاک و خاوێنی لە هزری بچەسپێ و ببێ بە پەرچەکردار، واتا ئەم هۆشیارییەی خێزان دەبێ لە رێگەی پەروەردەوە دەست پێبکات. زۆر گرنگیشە دایکان و باوکان ئەو هۆشیارییەی دەیدەن بە نەوەکان لە خۆیاندا هەبێ، واتا خۆیان سەرچاوەی ژینگەپارێزی بن، چونکە ئەگەر وابێ دەتوانن ئەم هۆشیارییە خێزان بە مەیدانی بەشێوە پەرچەکردار رەنگدانەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی بێت. بۆیە دەبێ خێزانەکان کار بۆ ئەم هۆشیارییە بکەن، کە کۆڵەگەی هۆشیارییەکانە.

2_ پەروەردەی خوێندن:

لە خێزانەوە بۆ قوتابخانە ئەمە رێسایەکە لە پەروەردە واتا بە هەر شێوەیەک بێ خێزان نەوەکانی بە قوتابخانە دەسپێرێ. بۆیە ئێمە بۆ مەسەلەی هۆشیاری لەبارەی ژینگەپارێزی دەبێ لەسەر پەروەردە و وانەکانی هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ بەشێوەیەکی چڕ بە تیۆری و پراکتیکی کار بۆ بکەین لە هەموو قۆناغەکان، وانەی پاراستنی ژینگە هەبێ یان ئەوەتا لە سەرەتای هەموو وانەیەک بەپێی پلانێکی پەروەردەیی مامۆستایان کار بۆ هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری ژینگەیی بکەن. هۆشیاری هەموو لایەنێک دەگرێتەوە ماددی بێ یان مەعنەوی، بچووک بێ یان گەورە. دەبێ ئێمە لە پشتەوەی خوێندنی هۆشیاری ژینگەیی کۆمەڵێک مەغزای ترمان هەبێ، لەوانە بەستنەوەی تاک بە خۆشەویستی وڵاتەکەی و بەهێزترکردنی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی جگە لەوەی دەبێ مەبەستمان بپێکین، بەوەی لە رێگەی هۆشیاری ژینگەیی مەسەلەی بەمەدەنی کردن و مرۆڤایەتی و دیموکراسی پەرەپێ بدەین، چونکە بە پیادەکردنی سیاسەتی ژینگەپارێزی لە پرۆگرامەکانی خوێندن ئێمە دەتوانین زیاتر لە ئامانجێک لەو ئامانجانە بهێنینیەدی، کە ئێمە ئەمڕۆ زۆر پێویستیمان پێی هەیە

3_ دەسەڵات و لایەنەکانی تری کۆمەڵگا:

کاتێک لە خێزان و قوتابخانە و خوێندن دەپەڕینەوە دەگەینە نێوەندی کۆمەڵگاو دەسەڵات، واتا لایەنێکی تری دەسەڵات و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە، لەوانە وەزارەتەکانی حکومی بەتایبەت بەرپرسانی ژینگەیی و دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگا لە رێکخراوە مەدەنی و نا حکوومییەکان و لە دەزگا ئایینی و رۆشنبیری و کلتوورییەکان و سەرجەم لایەنەکانی دیکە. واتا دەبێ لە سەرجەمی ئەم کەناڵانە ئێمە بە پلانێک کار بۆ هۆشیاری ژینگەیی و پاراستنی ژینگە بکەین، دەکرێ هەر شوێنەو بەپێی کاری خۆی بەپێی تایبەتمەندی خۆی کار بکات بۆ سەرخستنی ئەم هۆشیارییە.
چونکە بە راستی ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەم هۆشیارییە بڵاوبکەینەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. ئەمە وێڕای تێنەگەیشتنی لە چەمکە ژینگەییەکان، کە دەبێ ئیتر لێرە بە دواوە هەموومان بە یەکەوە کار بۆ ئەم چەمکانە بکەین و هەوڵ بۆ بڵاوبکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی بدەین، چونکە تا هۆشیاری دروست نەکەین ناتوانین هەنگاو بە ئاراستەى پاراستنی ژینگە بهاوێژین. بۆیەش ئەرکێکی گەورەیە کە هەموومان کار بۆ سەرخستنی ئەم هۆشیارییە بکەین تا هۆشیاری لە شوێنی خۆی ببێ بە پەرچەکردار.