ده‌بێ کێ دادگایی بکرێ، ئه‌وانه‌ی سی ساڵه به‌ناوی کوردایه‌تییه‌وه کورد ده‌کوژن، یان ئه‌وانه‌ی وتارێک له رۆژنامه‌یه‌کدا بڵاوده‌که‌نه‌وه ؟
تاڤگه سابیر
هه‌ژده ساڵه حکومه‌تی کوردی به کوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌وه خه‌ڵکی کورد ده‌ڕتێنن وه‌ک مێشوله‌ی مه‌لاریا خوێنمان ده‌مژن و تا ئێستاش نه‌یانتوانیووه بچووکترین پێداویستی ئه‌م خه‌ڵکه دابینکه‌ن، که‌چی شه‌وانه‌ش له‌شاشه‌ی تیڤییه‌کانه‌وه یه‌ك دنیا منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئێمه ئێوه‌مان له ڕۆژه ره‌شه‌کاندا پاراست!! که‌چی له سه‌روه‌ختی ئه‌نفالیشدا هه‌ر ئه‌وان نه‌یانهێشت ئه‌و خه‌ڵکه گونده‌کان چۆڵکه‌ن و روو له‌شاره‌کان که‌ن و له‌ده‌ستی ره‌شی به‌عس رزگاریان بێ و له نوگره‌سه‌لمان و عه‌رعه‌ر به زیندیی نه‌کرێنه چاڵه‌وه.
هه‌ژده ساڵه هه‌رچی گومرگ و سه‌رانه‌ی ئه‌م وڵاته‌یه ده‌چێته گیرفانه قووڵه‌کانی ئه‌وانی نیشتمانپه‌روه‌ر و خاوه‌ن حکومه‌ته‌وه و که‌سیش لێی نه‌پرسیون ئه‌رێ ئێوه ئه‌و پاره‌یه چیلێده‌که‌ن وه‌ک ده‌شیخۆن لانیکه‌م شه‌ڕی له‌سه‌ر مه‌که‌ن!! هه‌ژده ساڵه ئه‌مانه ناوجه‌رگی ئه‌م خه‌ڵکه‌یان ره‌شکردووه و هه‌ر ساڵه‌و به بیانوویه‌ک و هه‌ر مانگه و به ده‌ردێکه‌وه ده‌یانتلێننه‌وه‌و وایانلێده‌که‌ن گه‌نده‌ڵیی تابینه قاقا رۆچووی ئه‌وانیان بیرچێته‌وه و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌که‌ن . ئه‌وان ساڵێك مریشکی کڵاو لار‌و ساڵێک گازی ملباریکی ئێرانی و ساڵێک به‌نزینی پڕ له‌ئاوی وه‌ک جه‌لی به‌خه‌ڵک ده‌فرۆشنه‌وه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك زۆڵم له خه‌ڵک ده‌که‌ن و شه‌وانه تاریکی به‌سه‌ر ته‌واوی کوردستاندا په‌خش ده‌که‌ن و ته‌نیا کاتی هه‌واڵه پڕ له درۆ و ده‌له‌سه‌کانیان کاره‌بای خه‌ڵک ده‌ده‌نه‌وه.
هه‌ژده ساڵه به‌ناوی دیموکراسییه‌ت و حکومه‌تکردنه‌وه ده‌ست له بچوکترین کاروباری مرۆڤه‌کان وه‌رده‌ده‌ن و بۆ هه‌ر پیشه و کارێک سه‌ندیکایه‌کی پڕ له سیخوڕیی و ئه‌ندامانی خۆیان دامه‌زراندووه و وایان کردووه ده‌بێ بۆ چوونه‌سه‌رئاو و پێکه‌وه‌خه‌وتنی هاوسه‌رانیش پرس به‌وان بکرێ، دواجار هه‌موو ئه‌وانه‌ش رژێمێکی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری هاوشێوه‌ی سه‌دام حکومه‌ته ستالینییه‌کانی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد به‌رهه‌م دێنێ و ئه‌وجاره‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌تی کوردی ئه‌نفال ده‌کرێین نه‌ك حکومه‌تێکی عه‌ره‌بی یاخود عه‌جه‌می و تورکی.
باشه لێره‌دا کێ شایانی لێپێچینه‌وه و دادگاییکردنه ئه‌وانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م خه‌ڵکه به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن و شاپان و راپانی پێوه ده‌که‌ن یاخود ئه‌وانه‌ی ستونێک یان وتارۆکه‌یه‌ک له رۆژنامه‌یه‌کدا بڵاوده‌که‌نه‌وه و باس له گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسێک ده‌که‌ن؟ ده‌بێ کێ دادگایی بکرێ ئه‌وانه‌ی سی ساڵه به‌ناوی کوردایه‌تییه‌وه کورد ده‌کوژن یاخود ئه‌وانه‌ی هه‌ژده ساڵه به‌ناوی حکومه‌تکردنه‌وه خه‌ڵک ده‌ڕووتێننه‌وه؟ یان ئه‌وانه‌ی ستونێک یان نووسینێک له رۆژنامه‌یه‌کدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه؟
به‌ڕاست گه‌ر بڕیاره به‌و دادگا پلاستیکییه‌ی که روژنامه‌نووسی پێدادگایی ده‌که‌ن لپێچینه‌وه له‌خه‌ڵک بکه‌ن ده‌با دادگاییه‌که هه‌موو کوردستان بگرێته‌وه و سه‌ره‌تاش له فه‌رمانده‌ی به‌ره‌کانی جه‌نگی کوردکوژییه‌وه ده‌ستپێبکرێ تا ده‌گاته سه‌ر وه‌زیر و کاربه‌ده‌سته قومارچییه‌کان تا بزانین کێ ئه‌و وڵاته‌ی خۆشده‌وێ و کێش رقی لێیه‌تی و کێش ده‌یه‌وێ به ناوی دیموکراسی و بازاڕی ئازاد و که‌رتی تایبه‌ته‌وه گه‌وره‌ترین درۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م خه‌ڵکه له‌زه‌لکاو جێماوه‌دا بکات.
|