٩\٥\٢٠١٩
دەبێ پەکەکە ئەم
ھەلە لەدەستنەدات
پێش ئەوەی
ئەردۆگان دژیان بەکاریبھێنێ.

زاھیر باھیر
ھەواڵی گەورەی ئەمڕۆی سۆشیالمیدیا چوونی
پارێزەرەکانی ئۆجەلان بوو بۆ ئیمراڵی.
ئۆجەلان لە ٢٧/٠٧/٢٠١١ مافی دیتنی پارێزەر و ھەڤاڵەکانی. ھەواڵەکەی
ئەمڕۆ، ھەواڵێکی گرنگ و خۆشە ھیچ نەبێت گیانی سەدەھا کەس لە مانگرتوان
کە بۆ ڕزگارکردنی ئۆجەلان لە دۆخی بەندکردنی تەنھاییە، بەردەوامە بۆ
شکاندنی مامەڵەی نامرۆڤانەی دەوڵەتی فاشی تورکیا.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەواڵێکی گرنگ و باشە نە ئاھەنگێڕانی دەوێت و نە
پیرۆزباییکردن لە خۆو نە شتێکی دیکە . بەڵکو ئەوەی کە گرنگە
بەکارھێنانی ئەم دەرفەتەیە بە گەڕانەوەی بە قازنجی کوردانی باکور و
تورکیا ھەمووی . ئەوەی ئاشکرایە ئەردۆگان زیرەکترین و فڵێڵبازترین
سیاسیی سەردەمە و کردنەوەی ئەم دەرگایەش لەسەر ئۆجەلان بۆ قازنجی
خۆیەتی و نابێت پشت نە بە حکومەتی ئاکەپە و نە بە دامەزراوەی دەوڵەتی
تورکیا، ببەسرێت، ئەوان نایانەوێت وا بە ئاسانی کێشەی کورد
لابەلابکەنەوە.
ئەزموونەکان دەبێت فێریان کردبێتین کە ئەردۆگان زەروورە بەم وەرچەرخانە،
گەر بزانێت شەر لە قازانجێتی ئەوە بەردەوامی پێدەدات . لە شەڕەکەیا
توانی تەواوی ئەو بەرنامەی کە ھەیبوو بیخاتە کار کە سەپاندنی شەڕ بوو
بەسەر پەکەکەدا ھەم بۆ وێرانکردنی زیاتری کوردستان و ھەڵکەندنی
دانیشتوانی و ھێنانەوەی شارەوانییە ئازادەکان بوو بۆ ژێر دەسەڵاتی
حکومەت و گرتنی زۆرێک لە ئەندامان و دۆستانی ھەدەپە بە ھاوسەرۆک ئەندام
پەڕلەمنانتارەکانیشیانەوە و کوشنتی خەڵکانێکی زۆرو گرتنی گەلێکی تر و
ھاندانی ئەوروپا و ئەمریکا لە دەرنەھێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریستان،
پەکخستنی پرۆژەکانی دیکەی کورد لە باکور و .. . ئیدی شتێک نەما لە
باکوردا کە ئەردۆگان و حکومەتەکەی بە گوێرەی پلانە داڕێژراوەکەی،
نەیانکردبێت . ئێستاش بەم بڕیارە تازەیەی کە داوێتی شتێک نییە بەڵکو
پێویستیێتی چونکە لە تەریکبوونی تەواودایە، ئەمەریکا و ئەوروپا بە
ھەڵوێستەکانی دڵخۆش نین و پەسەندی ناکەن، ھێزی موعارەزە گەورەتر
بوووەتەوە ، ئەستەنبول و ئەنقەرەی دۆڕاندووە، لە ڕوووی ئابووریەوە
داکەوتووە، سیاسییەنیش خەریکە ڕوت و ڕەجاڵ دەبێت. لەبەر ھەموو ئەمانە
ئێستا پێویستی بەوە ھەیە کە ڕێگا بدرێت کە ئۆجەلان ببینرێت و تا
ڕادەیەکیش رەنگە بیەوێت فشەدانوسانێک لەتەک پەکەکەدا بکات، لەبەرئەوەی
کە لە ئێستادا ئەمە لە قازانجێتی.
ئەی پەکەکە دەبێت چی بکا؟
پەکەکە دەبێت ئەم ھەلە بقۆزێتەوە، ھەموو جۆرەکانی شەڕ بوەستێنێت
تەنانەت ئەگەر یەکلایەنانەش بێت و ئەردۆگان ھیچ ھەنگاوێکی زیاتر نەنێت.
دەکرێت ئەم ھەلە بۆ پەکەکە ببێتە دەسبەرداربوونی بزوتنەوەی چەکداری و
گواستنەوەی خەباتی ھەم بۆ قۆناخی خەباتی جەماوەریانە و ھەم بۆ شار و
شارۆچکەکان و ھاوکاری و کاری ھاوبەشیی لە تەک کرێکاران و زەحمەتکێشانی
تورکیا و ئەو ڕێکخراوە سۆشیالیستیانەی کە لەوێ ھەن بکات . پەکەکە دەبێت
چی تر بیانوو بە ئاکەپە نەدات لە وێرانکردنی زیاتری کوردستانی باکور و
کوشتن و بڕین و ماڵکاولکردن و گواستنەوە و ھەروەھا بۆمباردکردنی خۆیان
لە قەندیل و ئەو بەشەی باشووریش.
ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە کە پەکەکە ئەوە تێبگات کە شەڕ ، شەڕو ماڵکاولیی
و وێرانکاریی دەھێنێت و ھەمیشەش بە قازانجی دەوڵەت و حکومەتەکەیی و چین
و توێژاڵی باڵادەست و بە زەرەری کوردستان و کوردانی باکور و خەڵکانی
ھەژار و کرێکارانی تورکیا تەواو دەبێت و پێگەی ڕایسسیزم و فاشیزم بەھێز
و بەھێزتر دەکات . ئیدی کاتی بای بایە لە بزوتنەوەی چەکداریی و
سەرقاڵبوون بە کارو خەباتی جەماوەریی و چالاکی جەماوەریانەوە و
کارکردنی جددی لەسەر پرۆژەی دیمۆکراتیکی کۆنفیدراڵیزم و پرۆژەی خۆسەریی
و پرسی ھاوسانی جێندەیی و کێشەی ئیکۆلۆجی.
٦\٥\٢٠١٩
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|