په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٢\٢٠١٥

دەبێ شتێک بگێڕمەوە.

بەنگین پیرۆت    


چی خەیاڵ دروست دەکات؟ خەیاڵ خۆی خەیاڵە چ پێویست دەکات خەیاڵی ترمان بۆ دروست بکات، خەیاڵ وشە نەگوتراوەکانی ئەندێشەی نوسەر دەکات بە مانا، زمان دێتە گۆ و لە چاڵە قوڵەکانی خەیاڵگە بەبێ ویستی نوسەر دەڕژێتە دەریای بیر کردنەوە.


نوسینی چیرۆک چی لە نوسینی ڕۆمان کەمتر نیە،بەشێکی گرنگی پێکھاتەی ڕۆمان چیرۆکە، بەشێکی گرنگی چیرۆکیش خەیاڵە. خەیاڵکردن خەوبینینە بەواقیع و واقیعەتیش پشتڕاستکردنەوەی ڕوداو و بینینی شتەکانە بەچاوی سەر ئاوێتە بوونی لەگەڵ خەیاڵ و وێناکردنی وەک چیرۆکێکی ڕاستەقینە.


ئەم کتێبە (دەبێت شتێک بگێڕمەوە) کۆمەڵێک چیرۆکی لەخۆ گرتوە نوسەرەکەی (باران) بەئەندێشەیەکی جوانی ئەدەبی و پەخشان ئامێز و زمانی شیعری ھەیە بۆ گەڕانەوە و گێڕانەوەی زەمەنی ڕابردو و بە چیرۆک کردنی ئەو ڕوداوانەی لە خەیاڵگەی خەیاڵدا ماونەتەوە. ھەر یەک لەچیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە خەیاڵی خوێنەر وەک کەشتی سەر شەپۆل دێنێت و دەبا چونکە لە وەرز و ساڵ و زەمەنی جیاوازدا نوسراون بۆیە چیرۆکی ناو چیرۆکەکان پڕن لە چیرۆکی پەیڤی باڵدار وەک باڵندەی باڵشکاو خەون بەفڕینەوە دەبینن.


ھەندێک لە چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، لەبری بەزمانی چیرۆکی ناو چیرۆک، بەزمانی چیرۆکی ناو ڕۆمان نوسراون.


منی خوێنەر لەساتی خوێندنەوەدا، زەمەنی ھەندێک لەچیرۆکەکان پێم ھەزم نەدەکرا ھەستم دەکرد بەھەورازێکی سەختدا ھەڵدەگەڕێم، کورترین ڕێگەی جیھانی چیرۆک لێم وون ببوو و وام دەزانی ڕێبواری شاخەوانی بەستەڵەکی ئەڤرێسم، ئاڵوزی و پەنھانی زمانی گێڕانەوەی ڕوداوەکانی نێو چیرۆکەکان ھێندەی پەیوەستە بە بارودۆخی ئاڵۆزی دەروونی نوسەرەکەی ، ھێندە قوڵ بوونەوە و ڕۆیشتنی خەیاڵی نوسەر نیە، دەبێ بێ گرێ و گۆڵ و ھەڵچونی دەروونی و سادەنوسی و زوو دۆزینەوەی سەرەداوەکان زمانی نوسین و تەکنیکی نوسینی چیرۆک بێت. خەیاڵی قوڵ واتە ھەنگاوی گەورە، پێویستە نوسەر بۆ نوسینی ھەر چیرۆکێک جیاواز لەئەویتر قوڵتر بەنێو خەیاڵی خۆیدا شۆڕبێتەوە، مەزنی خەباڵ و ھەنگاوەکان نوسەری مەزن دروست دەکەن.


ھەندێک لە چیرۆکەکان سەر دەکێشن دواجار نوسەر بکات بە ڕۆمان نوس و ھەر بەچیرۆک نوس نەمێنێتەوە،واتە ئەم شێوازی نوسینە خۆ ئامادە کردنێکی بەپەلەی نوسەرە بۆ نوسینی جۆرە دەقێک زەمەنی چیرۆک نوسی تێپەڕێنێت, بەبڕوای من بیر لەوە نەکاتەوە، باشتر وایە نوسینی چیرۆکەکانی لەباشەوە باشتر بکات لەنوسینی رۆمان باشترە. زمانی نوسینی زۆربەی چیرۆکەکان، ھێشتا ھەنگاوەکانی سەرەتایە و جگە لە جیاوازی کات و زەمەن، نوسەر ئەو شێوازەی تێنەپەڕاندوە کە پێویستە بۆ ھەر نوسەرێک تێیپەڕێنێت.


گرنگە بۆ نوسەر ھەست بکات خوێنەرەکانی ھەست بەگۆڕانکاریەکانی ئەو دەکەن. زۆر جار دەبیستین لەبری خۆی، دەبێ نوسەر بۆ خوێنەر بنوسێت، پێم وایە چ بۆ خۆی یان بۆ خوێنەر بنوسێت، نوسەر لەخوێنەر تێناگات وەک خوێنەر لەنوسەر تێدەگات.


(وەک ئاو) چیرۆکێکە کۆتایەکی غەمگینی ھەیە، خوێنەر قوت دەدات، ڕابردوو خۆی دەتەکێنێ و ئێستایەکی پڕ ئازار خۆی دەکات بەسەر جەرگ و دڵی پڕ حەسرەت، ئای کە چیرۆکێکە زۆرترین کەس سێبەری خۆی تێدا دەبینێتەوە، خۆزگە چیرۆک نوس دەبووم ئەو چیرۆکە من نوسیبام، ئەو منی نوسیوەتەوە ئەی دەبێ کێ بۆتی گێڕابێتەوە خۆزگە نەم خوێندبایەوە بۆ ھەمیشە ڕابردووم لەبیرکردبا.


جگە لە چیرۆکی (وەک ئاو) زۆربەی چیرۆکەکانی تر زمانی پەخشان زمانی چیرۆکی چیرۆکەکانی سڕیوەتەوە. چیرۆکی (تراویلکەی باڵەکان) لەپەخشان و داڕشتنێکی درێژ دەچێت تا چیرۆک، چیرۆک پێچەوانەی پەخشان و شیعر ڕوداوەکانی ئاشکران و خوێنەر دەبێ ھەست بکات نوسەر باسی ڕوداوێکی بۆ دەکات بەزمانی چیرۆک، بەپێچەوانەی رۆمان زاڵ بوونی زمانی شیعر، مەودای چیرۆک بەرتەسک دەکاتەوە و زیانی گەورە لەزمانی چیرۆک دەدات.


لەزەمەنی ھەندێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە، خوێنەر ھەست دەکات خوێنەری ئەو چیرۆکانە نیە کە نوسەر دەبێ شتێکی بۆ بگێڕێتەوە، بەڵکە ھەست دەکات دەبێ خۆی شتێک بۆ نوسەر بگێڕێتەوە بیکات بەچیرۆک و ھێشتا نوسەر ھیچی نەنوسیوە چیرۆک بۆ ھەمووان بگێڕێتەوە.
 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک