په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٢\٢٠١١

دەبووایە لە (٢٥)ی نۆڤەمبەردا ژنان لە هەولێر خۆپیشاندانیان بکردایە.

شوان سدیق      

وەک چۆن بەرانبەر مەلاکان هەڵوێست وەردەگرن، پێویست بوو‌ دژ بە بارمتەگرتنی چەند ئافرەتێکیش هەڵوێستان هەبووایە.


ئەم ساڵ لە شاری هەولێر و دەوروبەری چەند رووداوێکی کۆمەڵایەتی روویاندا، جیا لەوەی روداوەکان خێزانی بوون، لە نێوان کەسەکاندا، لەگەڵ ئەوەش رووداوگەلێکی تر هەبوون، دەشێت هەموو رێکخراوەکانی ژنان و ئەوانەی بە هەڵسوڕاوی کاروباری مەدەنی دێنە ناوزەدکردن، بێدەنگیان نەنواندبایە لە بەرانبەر ئەو رووداوانەدا.بەڵام خاڵی لاوازی ئەم رێکخراوانە بەرانبەر بەو رووداوانە ئەوەیە کە لامان مەعلومە رێکخراوەکان و ئەو کەسانەی زیاتر لەبواری کاروباری خێزانیدا کار دەکەن،‌ نەیان توانیوە هیچ هەڵوێستێک بەرانبەر بەو رووداوانە وەربگرن، بەقەد ئەوەی ئەوان لەسەر هەندێ بابەتی گشتی قسەیان کردووە.


هەموومان دەزانین ئەوان لەسەر پرسی نەبوونی دادپەروەری و نایەکسانی لە نێوان دابەشکردنی داهاتی تاک لە وڵاتدا، ناڕژێنە سەرجادەکان بۆ ئەوەی لەرێگەی پرۆژەکانیانەوە دەسەڵاتی حزبی ئەو وڵاتە ناچار بکەن، کە مەسەلەی دادپەروەری بکەنە پێوەرێک و چارەسەرکردنی نایەکسانیش یەکێک بێت لە ئەولەویەتەکانی حکومەت. من ناڵیم رێکخراوەکانی ژنان کارییان نەکردووە، ئەگەر ئیشو کارەکانی ئەوان سفر بکەینەوە بێگومان بێویژدانییە، هەر بۆیە بڕوام وایە ئەوەندە ئەم رێکخراوانە کاریگەریان هەبووە لەچاو ئەو هەموو ژمارە سەنتەرو رێکخراوەو یەکێتیانەی ئەمڕۆ هەن، یەکێتی و سەنتەرو رێکخراوەکانی دی کاریگەرییان نەبووە.


بەڵام بێدەنگی رێکخراوەکانی ژنان لەئاست هەندێ رووداودا وامان لێدەکات بپرسین ئێوە چیتان کردووە؟ ئایا ئێوە ئەوەندە سەرقاڵی عەلمانی و ئیسلامی و کێشەکانی ناوخۆتان‌و مەسەلەی سفور و سەرپۆش بەسەرتان هەبووە، ئەو ئەجێندایەی پشتەوەتان هێشتوویەتی بیر لە دۆخی راستەقینەی ژیانی ژنان و کۆمەڵگا بکەنەوە؟ یان بیرتان لەوەکردۆتەوە کە بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە، دەرهاوێشتەکانی بەشێکی زۆری بۆ نابەرانبەری و دابینەکردنی داهاتی تاک بەشێوەی یەکسانی دەگەڕێتەوە، کە ئەمەش پشکی شێری بەرۆکی ژنان و ئافرەتانی گرتۆتەوە؟!


چونکە ئەگەر کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر هەبێت هەموو مافەکانی مرۆڤ بە یەکسانیش دابین بکرێت، ئەوکاتە ئازادییەکانی ئینسانیش بەپێی یاسا و قەوانینەکانی وڵات دیاری دەکرێت، لەم حاڵەتەشدا کەس مافی لەکەس زیاتر پێ نادڕێت، ژن بێت یان پیاو نەک وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ گروپ گەلێکی ناو حزبی دەسەڵاتدار بەراورد بە خەڵکێکی تری ئەو وڵاتە چەند قات جیاوازیان لە چۆنایەتی شێوازی ژیان کردندا هەیە.هەر بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە توندو تیژییەکانی ناو خیزانەوە هەیە بەبڕوای من مەسەلەی دادپەروەری لە ژیانی هاوڵاتیاندا زۆر زۆر گرنگە لەوەی کە رێکخراوەکانی ژنان کێشەکان تەنیا گرێ بدەن بە رەگەزی بەرانبەر یان تەنیا پێیانوابێ توندوتیژی دیاردەیەکە دەبێ بەهۆشیار کردنەوەی هاوڵاتیان چارەسەری بنەڕەتی بێت!


دەکرێ ئەوەش بگوترێت لەهەندێ رووی ترەوە ئەم رێکخراوانە نەیانتوانیوە وەک پێویست هەڵوێست وەربگرن، وەک ئەوەی کە لە ‌ماوەکانی رابردوو چەند رووداوێکی نەخوازراو لە شاری هەولێر و دەورووبەری روویاندا، جێگەی سەرنجە تەنیا وەک هەواڵێک هەڵوەستەی لەسەر کرا‌، ئەگینا بەلای هەموو ئەو کەس و لایەن و ناوەندانی خۆیان ئاسا فۆڕمێکی کاری مەدەنیانەیان گرتووەتە ئەستۆ جێگای بایەخدان و شیکردنەوە نەبووە.‌بۆنموونە تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا لە ‌نزیک شاری هەولێر بەناوی ئاسایشەوە بە بەرچاوی هاوسەرەکەی، دەستدرێژیی سێکسی کرایە‌ سەر ژنێکی بەڕەگەز عەرەب سەرەڕای ئەوەی بەخاتری ئەوەی کە دەستدرێژیی نەکەنە سەر دەستگیرانەکەی هاوسەری ژنە عەرەبەکە پێڵاوی چەکدارەکان ماچ کردووە، کە پاشگەز ببنەوە لەو کارەیان‌، بەڵام ئەوان بە بەرچاوی مێردەکەیەوە دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنەکەی.


لە دوای ئەو رووداوە، هەموو چەند رۆژێکی تریشی نەرۆیشت‌ بەسەر‌دا، لە نزیک هەولێر لە شەڕی دوو بنەماڵە، بنەماڵەی ئەبوشوارب ناوێک قۆندەرە بە دوو پیرەمێرد ماچ دەکەن، دوای ئەوەش هەر لەو شەڕِەدا سێ ئافرەت بە بارمتەدەگرن و هەڕەشەی رووتکردنەوەیان لێ دەکەن، بەبیانوی ئەوەی ئەگەر نەیارەکانی بنەماڵەی ئەبوشوارب خۆیانیان رادەست نەکەن ئەوا ئافرەتەکانیان رووت دەکەنەوە!لە راستیدا‌ ئەگەر ئەو رێکخراوانەی ژنان خۆیان بەداکۆکیکەری مافەکانی ژنان بزانیبایە، دەبوایە هەڵوێستیان هەبوایە، ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە ئایا نەدەکرا ئەوان وەک هەڵوێستێک بهاتنایەتە‌ سەرشەقامەکان و داوای دادگایکردنی ئەو کەسانە بکەن کە چەند ژنێکیان بە بارمتە گرتبوو؟!


بەهەرحاڵ لە سەرووی هەموو ئەو فشارە حزبی و شەخسیانەی ناو حزب و بنەماڵە عەشایرەکان، بەڵام ئەم رێکخراوانە دەیانتوانی هەڵوێستێکی ئاشکراو روونیان هەبوایە، بۆیە بەبۆچوونی من دەبوایە 25-11-2011 بە رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان دێتە دەستنیشانکردن، ئەم رێکخراوانە و ئەوانەی هەڵسوراِون لەوبارەوە، لە شاری هەولێر خۆپیشاندانیان بکردبایە لەبەرانبەر ئەو بە بارمتەگرتن‌و دەستدرێژییە سێکسیانەی کە لە بەرانبەر ژنان و ئافرەتان ئەنجامدراون!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک