په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٥\٢٠١٠

  دەفتەری بیرکردنەوە.

تەیب قادر

ژیان قۆریەک چایی و هەندێک ووردە نانە
لە گەڵ پیاسەیەک پێی بگەیتە پیری
سەلامێکە لە زەرفێکی نامەدا بۆ هاوڕێکەت دەینێری
کەمێک لە سێبەریشە
تۆزێک لە دەفتەری بیرکردنەوەش
پڕ لە ژن و
یەک قیچ منداڵ.

هەولێر 3\5\2010


  شکاندنی پیتەکانی بت .
لە خۆڕا لە خۆم توڕەمە و ئاگام لە خۆم نیە خۆمم جێهێشتوە
ئێستا کۆڵانێک لەولاتر لە ناوی خۆم
تابلۆیەکم بە سێبەری تەمەنم هەڵواسیوە
لە سەرم نوسیوە
من هاتم تا یەک یەک لە شکاندنی پیتەکانی بتدا بەشداربم
تۆ نەتهێشت
شتێکی ترت دامێ شکاندم ، خۆم بووم
خۆم هەمیشە غەڵەت دەکەم
لە لەیەک گرێدانی ناو و تەمەنم
خۆم پیتەکانی ڕستەی زیندەگیم بزرکردوە و
کەسێکم پێویستە لێکم بداتەوە.

هەولێر 2009


  عەشق مناڵێکی قسە خۆشە.
عەشق گوڵە گەنمێکی خاکی دڵە
سەفەری پیاوێکی پیرۆزە بۆ ڕۆژان
حاکمی ژیانە بەسەر زەوی ژیان
عەشق مناڵێکی قسە خۆشە
سێبەری دیوارى سەبوریە
من عاشقی عشقم
عەشقی عاشقم
عەشقی هێزی ئەڤینم
لە حەقیقەتەوە هاتووم
مشتێک سەبوریم پێیە
بۆ خەندەی ئەدرەسی چراتان
دەزانم کۆکردنەوەی گوێچکە ماسیتان پێ باشترە
لە وەرگرتنی ڕژانی تەڕی ئاسمان
بەڵام زانینی ئێوە هەنگاوێکی کورتی بێ سێبەرە
بەڵام زانینی من ڕەنگی شینی فڕینە
دوورترە لە سەری بێ سەری خۆم
دڵم نایێ باخچەی تەنیاییتان جێبێڵم
ناتوانم لێگەڕێم منتان لە دەست بچێ
ناتوانم لێگەڕێَم بەردەڵانی دڵتوندی
توند خەمتان پێ بگرێ
ئێرە کۆشی سەحەرە پڕە لە قەڵەباڵەغى سەبوری
کەرنەڤاڵی فیردەوسە ئەم عەشقە
ڕووباری شیر و ئاو و شەڕاب و هەنگوینە
قوبەی بەختیاری بێ کۆتاییە
لەنگەرگرتنی ژیانتان لە کەناری سادەیی
ئۆقرە گرتنتان لە ناو لەپی دڵنیایی
تامێکە پڕە لە شیرینی.

هەولێر 2008

taibeqadir@gmail.com