په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠٢٥

دەفتەری ڕۆژانەی شۆڕشگێڕێک.


ئەرسەلان مەحمود      


لە یەکێک لە شەوە سارد و سڕ و شێدارەکانی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم، ڕووداوێک ڕوویدا کە تا ئێستاکەش وەک زەنگێکی مەترسیدار لە گوێچکەکانمدا دەزرنگێتەوە. یەکێک لەو سەرکردو شۆڕشگێڕانەی کە لە پێناو جێبەجێکردنی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەدا هیچ جۆرە بەها و پرەنسیپێک ناناسن، تووڕە و تۆڵ، ڕووی کردە هاوسەنگەرێک و بە دەنگێکی گڕدار گوتی: "ئەو قسەیەی وتووتە، قسەی دوژمنە و سزای شۆڕشگێڕانەی دوژمنیش دیارە کە چییە."

ئەو تێکۆشەرەی کە ئێستا تەمەنی هەشتا ساڵێک زیاترە، لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا ڕوونی کردەوە: "تەنها تاوانی ئەو هاوڕێیە ئەوە بوو، ئێوارە لەلای یەکێک لە هاوڕێیان گوتبووی 'هەستناکەی پلانەکەی فەرماندە هەڵە و مەترسیدارە؟' هەر ئەوەندە! تەنها ڕەخنەیەک، تەنها دەربڕینی نیگەرانییەک، پرسیاریک بەس بوو بۆ ئەوەی بکرێتە دوژمن." ئەم چیرۆکە تراژیدییە ڕێگەی کردەوە بۆ گەیشتن بە حەقیقەتێکی تاڵ: مەترسیدارترین دوژمنەکانی شۆڕش، هەر شۆڕشگێڕ و سیاسییە بێ پرسیارەکانن.

لۆژیکی دووپاتکردنەوە - لە کۆڵۆنیالیزمەوە تا بابای شۆڕشگێڕ

سەیرەکە لێرەدا ئەوەیە، کە کۆڵۆنیالیستێک و شۆڕشگێڕێک، دوو دیوی هەمان دراو دەردەچن. هەردووکیان هەمان زمان بەکاردێنن: "ئێمە دەزانین، ئێوە نازانن. ئێمە ڕێگەتان نیشاندەدەین، ئێوە تەنها دەبێت گوێڕایەڵ بن." بەریتانیا و ئەوروپییەکان، بە ناوی مەدەنییەت و پێشکەوتنەوە، کاتێک خەریکی کۆڵۆنیالیزەکردنی ناوچەکە بوون، دەیانوت: "ئێمە دەزانین چی بۆ گەلانی ناوچەکە باشە." هەر کەسێکیش دژ بوەستابایەوە، بە "دژە پێشکەوتن" و "دواکەوتوو" ناودەبرا. هەر وەک ئەوەی سەد ساڵی ڕابردوو بە کوردیان کرد. هەمان ئەو لۆژیکەی بەریتانییەکان لە هیندستان پەیڕەویان کرد، کۆمۆنیستەکانیش لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا جێبەجێیان کرد. ئەوانیش دەیانوت دەزانن چی باشە بۆ خەڵک، هەر کەسیش پرسیاری کردبا یان ڕێگەیەکی جیاوازی پێشنیار کردبا، یەکسەر بە "دژە شۆڕش" و هەڵگری ئەجێندای فاشیزم تاوانبار دەکرا.

مەنتیقی خۆبەزلزانی

ئەم مێنتاڵیتییە لە شوێنێکدا کۆتایی نایەت. ڕێک ئەوانەی کە وا دەزانن خاوەنی حەقیقەتی ڕەهان و تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی، هەر کەسێکیش کە پرسیار بکات یان ڕەخنە بگرێت، ڕاستەوخۆ دەکرێتە خائین و دوژمنی شۆڕش. گفتوگۆ و دیالۆگ کەوتۆتە کۆتایی پرۆسەکە، دوای ئەوەی هەموو شتێک بە پێی پلانی "ئێمە" جێبەجێ کرا. ئیشی "ئێوە" بیرکردنەوە نییە، تەنها جێبەجێکردنە.

سایکۆلۆژیای گۆڕاو - چۆن شۆڕشگێڕ دەبێتە ستەمکار

چۆن شۆڕشگێڕ دەگۆڕێ بۆ ئەو شتەی کە دژی دەجەنگێت؟ وەڵامەکە لە سایکۆلۆژیای ترسدایە. کاتێک باوەڕت وایە کە تەنها تۆ ڕاستی دەزانیت و تەنها تۆ خاوەنی ڕێگە ڕاستەکەیت، هەر دەنگێکی جیاواز دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو حەقیقەتە کە باوەڕت پێیەتی. هەر پرسیارێک دەبێتە گومان لە دروستی ڕێگەکەت. هەر پێشنیارێکی نوێ دەبێتە خیانەت لە ئایدیاڵەکان. هەر ڕەخنەیەک دەبێتە هێرش بۆ سەر کیانی شۆڕش. ئەم پرۆسەیە بە هێواشی ڕوودەدات. لە سەرەتادا، شۆڕشگێڕ کراوە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بیرۆکەی جیاواز. بەڵام کاتێک بەرپرسیارێتی و دەسەڵات زیاد دەکات، کاتێک خەڵک دەست دەکەن بە گوێڕایەڵی بێپرسیار، کراوەییەکە بەرەبەرە دەگۆڕێت بۆ داخراوی. "من دەزانم" دەبێتە "تەنها من دەزانم." "ئێمە ڕاستین" دەبێتە "تەنها ئێمە ڕاستین."

نەخۆشی "دائیم"ـیەتی لە شۆڕشگێڕانێکدا

خەسڵەتێکی ترسانکتری ئەم جۆرە شۆڕشگێڕانە "دائیم"ـیەتە، وەک ئەوەی لە "گیڤارا"دا بەدیکرا، یەکێک لە کوشندەترین نەخۆشییەکان ئەوەیە کە بابای شۆڕشگێڕ ناتوانێ لە دەرەوەی کۆنتێکستی شۆڕش بژییەت. ژیان بۆ ئەو، تەنها کاتێک مانای هەیە شەڕ هەبێت، دوژمن هەبێت، قوربانیدان هەبێت. کاتێک شۆڕش سەردەکەوێ یان ئاشتی دێتە کایەوە، بێئەوەی بەخۆی بزانێت کەوتووەتە قووڵایی قەیرانی وجودییەوە. بۆیە بەردەوام بەدوای دۆزینەوە و دروستکردنی دوژمنی نوێدا دەگەڕێ تەنانەت ئەگەر ناچار بوو لە نێو هاوڕێکانیدا دروستیان دەکات.

نیشانە حەتمییەکانی مەرگی شۆڕش و شۆڕشگێڕان

یەکێک لە ڕوونترین نیشانەکانی مردنی شۆڕش، گۆڕانی زمانە. ئەم پلەبەندییە چوار قۆناغی هەیە: قۆناغی یەکەم، "ئێمە دەجەنگین بۆ خەڵک" - لێرە شۆڕش هێشتا پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، گوێ لە دەنگیان دەگرێ، هەست بە ئازار و خواستەکانیان دەکات. قۆناغی دووەم، "ئێمە دەزانین چی باشە بۆ خەڵک" - لێرەدا شۆڕش دەستدەکات بە جیابوونەوە لە خەڵک. پێیوایە خۆی باشتر لە خەڵک دەزانێت کە خودی خەڵکەکە چییان پێویستە. قۆناغی سێیەم، "من دەزانم چی باشە بۆ ئێمە" - لێرەشدا سەرکردایەتی دەست دەکات بە جیابوونەوە لە بنکە شۆڕشگێڕییەکەی. تاکڕەوی و خۆبەزلزانی زاڵ دەبێت. قۆناغی چوارەم، "من حەقیقەتم" - ئەمە قۆناغی کۆتاییە. لێرەدا سەرکردە خۆی دەکاتە خوداوەندی شۆڕش. هەر کەسێک دژی بوەستێتەوە، دژە حەقیقەت وەستاوەتەوە.

کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییە

ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییە کە بە نەرمی و بێدەنگی ڕوودەدا، کوشندەترە لە هەر گولـلەیەک. چونکە شۆڕش لە ناخەوە دەکوژێت، پێش ئەوەی لە دەرەوە بکوژرێ. مێژووی شۆڕشەکان پڕە لە نموونەی تراژیدی. لە شۆڕشی فەڕەنساوە بگرە تا شۆڕشی ڕوسیا، لە شۆڕشی چینەوە بگرە تا شۆڕشی کوبا، هەموویان هەر هەمان ڕێڕەویان گرتووەتەبەر. ژاکۆبینەکانی فەڕەنسا، بە ناوی پاکی شۆڕشگێڕییەوە، سەری یەکتریان پەڕاند. ڕۆبسپیێر خۆی یەکێک بوو لە داهێنەرانی "سەردەمی تیرۆر"، لە کۆتاییدا خۆیشی بووە قوربانی هەمان ئەو گیۆتینەی بۆ دوژمنانی شۆڕش دروستیکردبوو. بۆلشەڤیکەکان، بە ناوی پاراستنی شۆڕشەوە، یەکتریان ناردە گولاگ. ستالین هاوڕێ نزیکەکانی لینینی لەسێدارە دا. ترۆتسکی، یەکێک لە ڕابەرە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو، لە تاراوگە کوژرا. ماوییەکان، بە ناوی شۆڕشی کەلتوورییەوە، میلیۆنان کەسیان کوشت، زۆربەیان ڕۆشنبیر و خوێندەوار بوون، کە تەنها تاوانیان ئەوە بوو پرسیاریان دەکرد.

دۆخی کوردی

لە مێژووی هاوچەرخی کوردیشدا، دەتوانین نموونەی زۆر لە حزبی و بزووتنەوەی سیاسییەکاندا ببینین، کە هەمان ڕێگەیان گرتەبەر. سەرۆک حزبە کۆنزێرڤاتیڤەکان بوونە "پێغەمبەرانی سیاسی" کە ناکرێت پرسیاریان لێبکرێت. هەر کەسێک ڕەخنەیان لێبگرێت، دەبێتە "نۆکەری دوژمن" یان "لادەر و بادەر" یان "دژە یەکڕیزی کوردی و نیشتمانی."

تێگەیشتن لە ئەرکە گەورەکە

تێگەیشتن لەم دیاردەیە و دۆزینەوەی ڕێگەکانی دەربازبوون، پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەر بزاوتێک کە بیەوێت گۆڕانکاری ئەرێنی بەدی بهێنێت. شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە بتوانێ بەردەوام خۆی نوێبکاتەوە، گوێ لە ڕەخنەکان بگرێ، لە هەڵەکانی خۆی فێر بێت، لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێت. شۆڕشی ڕاستەقینە لە پرسیارەکانەوە دەست پێ دەکات، نەک لە وڵامی ئامادەکراو. لە گومانەکانەوە دەست پێ دەکات، نەک لە دڵنیایی ڕەها. لە "نازانم"ەوە دەست پێ دەکات، نەک لە "من هەموو شتێک دەزانم." چونکە تەنها کاتێک دان بەوەدا دەنێیت کە نازانی، دەتوانیت فێر بیت. تەنها کاتێک گومانت هەبێت، دەتوانیت بگەڕێیت. تەنها کاتێک پرسیار بکەیت، دەتوانیت وڵام بدۆزیتەوە. هەر بزاوتێک کە نەتوانێ ڕەخنە لە خۆی بگرێت، دەبێتە بەربەست لە بەردەم ئەو گۆڕانکارییەی کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات. ئەگەر شۆڕشێک نەتوانێت شۆڕش لە خۆیدا بکات، ئەوا لە ناوەوە مردووە، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەش وەک زیندوو دیار بێت.

پەیامێک بۆ ئەمڕۆ - دۆخی ئێستای هەرێم

دوای ئەم هەموو قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییانەی ناوچەکە، دوای دوو مانگ زیاتر بێ مووچەیی مووچەخۆران کە وەک دواشکستی زۆربەی هەرە زۆری پرۆژە سیاسییەکان دەردەکەوێ، کاتێک ئەم دێڕانە دەنووسم، بیر لەو گەنجانە دەکەمەوە کە ئەمڕۆ خەونی گۆڕانکارییان هەیە. تکایە ئاگاداری ئەوانە بن کە "قسەی کۆتایی" لە سەرەتادا دەکەن. ئەوانەی کە دەڵێن "ئەمە تاکە ڕێگەیە" پێش ئەوەی گوێ لە ڕێگەکانی تر بگرن. ئاگاداری ئەوانە بن کە پرسیارکردن بە خیانەت دەزانن، چونکە ئەوان لە ڕاستیدا لە پرسیار دەترسن، لەوە دەترسن نەکات وڵامێکیان پێنەبێت. ئاگاداری ئەوانە بن کە دەڵێن "ڕێگە ڕاستەکە تەنها ئێمەین و تەنها ئێمە دەیزانین"، چونکە ئەوان لە ڕاستیدا ونبوون و دەیانەوێت ئێوەش لەگەڵ خۆیاندا ون بکەن. هەرگیز باوەڕ بەوانە مەکەن کە جگە لە قسەی زل هیچی تریان لە هەگبەکەیاندا نییە و جگە لە قووڵکردنەوەی قەیرانەکان نەیانتوانیووە هیچ ئیزافەیەک بخەنە سەر هەبوونمان، وریابن، شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤەکان ئازاد بکات، نەک بیانکاتە کۆیلەی ئایدیۆلۆژیی. شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە عەقڵەکان بکاتەوە، نەک لە بۆتەی خێڵگەڕاییان بدا و بیانخنکێنێت لە خۆیدا. شۆڕشی ڕاستەقینە ئەوەیە کە فرەڕەنگی و جیاوازی بپارێزێت، نەک هەمووان بخاتە یەک قاڵبەوە. ئەمە وانەیەکە مێژوویی، لە خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و رزگاری نیشتمانییەوە فێری بووم. لە پرسیاری ئەو تێکۆشەرەوە فێری بووم کە لە شەوێکی ئەنگوستەچاوی ساردا بەڕێگەوە بوو بۆ تەمێکردنی دووژمن، کەچی پرسیارێک کردییە قوربانی دۆگماتیزمی شۆڕشگێڕانە. تاوانی ئەو تەنها ئەوە بوو کە پرسیاری کردبوو، ڕەخنەی گرتبوو، جورئەتی ئەوەی کردبوو بڵێت "ڕەنگە لە هەڵەدابین." بۆیە بەڵێ... بە گومانەوە سەیری هەموو ئەوانە بکەن کە لە ڕابردودا نەبێ توانای هەڵکردنیان نییە و ناتوانن لە دوێنێییان بپەڕنەوە. دوای ڕاپەڕین، فریوی زۆر لەو شۆڕشگێڕانەمان خوارد کە نەیانتوانی لە دەرەوەی شۆڕش هەڵبکەن، ئێستاش زۆرێک لەوانە لە فۆڕمی جیادا دەبینین کە هێشتا زیندانی ئایدیۆلۆژیی و بەندی ناو مەودا سنووردارە خێڵگەراییەکەی خۆیانن، ئەوانەی کە مێشکیان وەستاوە لە ساتێکی مێژووییدا و ناتوانن ببینن جیهان گۆڕاوە، سەردەم گۆڕاوە، خەڵکی گۆڕاون.

شۆڕش مەرگی کۆنینە و سەرلەنوێ لەدایکبوونەوەیە لە خۆیدا. هەر شۆڕشێک، هەر شۆڕشگێڕێک نەیتوانێ خۆی بکوژێت و لە نوێ لەدایک بێتەوە، ئەوا دەبێتە گۆڕستانی ئەو ئازادی و دونیابینییەی کە بەڵێنیدابوو لە پێناویدا تێکۆشان بکات.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک