په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٧\٢٠١١

دەکرا فۆڕمی دامەزراندن بۆ بنەبڕکردنی هەژاریی بووایە!!!


عەلی مەحمود محەمەد


گواستنەوە لە قۆناغی دامەزراندن بە تەسکیەوە بۆ دامەزراندن بە فۆڕم و رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەنگاوێکی ئیجابی و باشە ، بەمەرجێک مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لە گەڵ فۆڕمەکاندا بکرێت و تەنها بۆ چاوبەستکردنی خەڵک نەبێت ، تا ئەو رادەیەی کە بە متمانەوە مامەڵە لەگەڵ فۆڕمەکاندا بکرێت من دەستخۆشی لەم هەنگاوە دەکەم ، هەرچەندە بە شێوەی گشتی خەڵک متمانەی بە پڕ کردنەوەی فۆڕم نییە و باوەڕیان وایە ئەمە تەنها بۆ چاوبەستکردنی خەڵکە لە کۆتاییدا حزب و دەستڕۆیشتووەکان کەس و کاری خۆیان دادەنێن.


گریمان دەستێوەردانی تاک و حیزب لە دامەزراندن لە ڕێگای فۆڕمەکانەوە نابێت ، دەکرا ئەم فۆڕمانە باشتر خاڵ بەندی بکرابایە بۆ بنەبڕ کردنی هەژاری و دابینکردنی هەلی یەکسانی دامەزراندن بۆ هەموو خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بووایە ، بە زیاد کردنی چەند پرسیارێک لە فۆڕمەکەدا وەک:


1- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
2- ژمارەی فەرمانبەر و موچە خۆرانی دەوڵەت لە خێزانەکە.
3- سەرچاوەی داهاتی خێزان لە کەرتی تایبەتی ( پیشەسازی ، کشتوکاڵی ، بازرگانی ، خزمەتگوزاری ..... ).


لە وەڵامی ئەم پرسیارانەوە دەتوانین هەژاران دەستنیشان بکەین و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین ، پێویستە هەلەکە بۆ ئەو کەسانە بێت ، کە خێزانەکانیان زۆرترین ژمارەن و هیچ موچە خۆرێک لە خێزانەکەیان نییە و هیچ سەرچاوەیەکی بژێویان نیە لە دوکان ، کارگا ، زەوی کشت و کاڵی و پرۆژەی جۆراو جۆر و ناسنامەی ژوری بازرگانی و .... هتد.


هەموومان ئەندامی ئەم هەرێمەین ، بۆیە پێویستە هەلەکان و ئیمتیزاتەکان بە یەکسانی بەسەر خێزانەکاندا دابەش بکرێت ئەگەر دادپەروەرییەکی سەرەتایی هەبێت ، لە بەر ئەوەی ژمارەی موچە خۆرانی کەرتی دەوڵەت زۆر زیاترە لە ژمارەی خێزانەکان کە خۆی دەدات لە نزیک دوو ئەوەندە ، بۆیە هەموو خێزانێک مافی خۆیەتی پشکی لەو ئیمتیازاتە هەبێت کە بەشی زۆری بۆ داپۆشینی بێکارییە نەک هەندێک خێزان سەرجەمیان موچە خۆرن بە هۆی تەسکییەی حیزبەوە .
لە کۆتاییدا داواکارم:


1- مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لە گەڵ فۆڕمەکان و دامەزراندن بکرێت ، دەنا ئەنجامی پێَچەوانەی لێ دەکەوێتەوە .
2- لە ساڵی داهاتوودا ئەو پرسیارانەی ئاماژەم پێیان دا بخرێنە ناو فۆڕمەکەوە .
3- ئەوانەی ناویان دەرناچێت تا کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە ، ئەگەر خێزانەکانیان هیچ سەرچاوەیەکی بژێویان نییە کۆمەکی دەوڵەت وەک قوتابیانی دەرچووی زانکۆ و هەژاران بیانگرێتەوە .
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک