په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٢

"دەوڵەتی کوردی"و خولێکی تری دووبەرەکی!


حەمەغەفور       

"دەوڵەتی کوردی".


نەورۆزی ئەمساڵ پەیام‌و مەسیج‌و دەرەنجامی مەترسیداری پێ بوو بۆ خەڵکی کوردستان. لە ڕێگەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمەوە زۆری نەمابوو جارێکی تریش دەستی کورد بکرێتەوە بەزاخداو بە فەرمانی دەرەکی‌و "بێگانە" سەرەڕۆییەک‌و بڕیارێکی ترسناکی بێبنەما لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بدرێت. بڕیارێک بەبێ بەحساب هێنان‌و بەهەند گرتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان‌و بەبێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی جیهان‌و ڕەوشی سیاسی ناوچەکەو عێراقیش. بڕیارێک کە ڕەنگە لەنێو کۆی هاوسەنگی سیاسی ناوچەکەدا کارەسات‌و تراژیدیای مرۆیی بە شوێن خۆیدا بهێنێت.

هەرچۆنێک بێت پەیامەکەی مەسعود بەرزانی شکستی سیاسەتی شەراکەت‌و هاوبەشی کوردی لە عێراقی دوای سەدام حسەیندا ڕاگەیاند. ئەم دانپیانانە ڕاستەوخۆ بنبەستی سیاسەت‌و ستراتیژی جووڵانەوەی کوردی لە چارەسەری فیدڕاڵیانەی کێشەی کورددا کردە یەقین. شکستێک کە خۆی لە خۆیدا بەواتای سەرهەڵدانی دەورەیەکی نوێیە لە بارگرژی‌و هەڵگیرسانی ململانێی توندوتیژ لەنێوان وەک خۆیان پێیئەڵێن پێکهاتە سەرەکیەکانی عێراقدا. پێشبینی پێشهات‌و ڕووداو سەختە، بەڵام خوێندنەوەو سەرنجدان لە کۆی خشتەی کایەی سیاسی کوردستان‌و عێراق‌و ناوچەکە، ئیمکانیەتی هێماو ئاماژەکانی دواتری کێبەرکێکان لە هێڵە گشتیەکانیدا فەراهەم ئەکات. دوای پەیامەکانی نەورۆز، لەجیاتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان‌و تەنانەت خەڵکی عێراقیشدا، تارمایی دڵەڕاوکێ‌و نیگەرانی‌و ناڕۆشنی‌و هەرج‌و مەرج زەینی خەڵکی کوردستان‌و عێراقیشی داگیرکردووە.

سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕانیش، نەوشیروان مستەفا پەیامێکی ئەڵتەرناتیڤی پەیامەکەی بەرزانی بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە. مستەفا لە لێدوانەکەیدا تەنها خاڵێکی سەرەکی کردۆتە سەرتیتڵی پەیامەکەی، ئەویش بە شێوازێکی تایبەتی خۆی هەمان بیروڕای هاوڕێی لەمێژینەی، یانی جەلال تاڵەبانی دووپات کردۆتەوە سەبارەت بە مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، کە ووتبووی؛ دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە! یانی پەیامەکەی سەرۆکی گۆڕانیش بە شیوە فەنتاسیایەکی "گۆڕانخوازانەوە" کۆمەڵێک مەرج‌و بەندو ڕێوشوێنی داناوە بۆ باس‌و خواس لەبارەی دەوڵەتی کوردیەوە کە ئەگەر دوورتریش نەبێت لە خەونی شاعیرانەوە ئەوا نزیکتر نییە!

لە بەشێکی پەیامەکەیدا نەوشیروان مستەفا ئەڵێت: "کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی سیاسی بێ، کە پێویستی بە سازانێکی نیشتمانیی نوسراوە لە شێوەی دەستور و کۆمەڵێک یاسادا، کە کۆدەنگی نیشتمانییان لەسەر بێت، بەئامانجی رێکخستنی پرۆسەی سیاسی و رێکخستنی رێساکانی پەیوەندی و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان، لە سایەی کۆمەڵێک دامەزراوەی نیشتمانیدا، وەک ئیدارەی نیشتمانی، سوپای نیشتمانی، ئاسایشی نیشتمانی و دادگای نیشتمانی کە دامەزراوەی هەموان بن پێکەوە، "... یان ئەڵێ: "کوردستانی سەربەخۆ ئەبێ دامەزراوەیەکی مەدەنی و رۆشنبیریش بێ، کە پێویستی بە زمانی فەرمی، میدیای نیشتمانی و زانکۆی نیشتمانییە، پێویستی بە ئازادکردنی کۆمەڵگای مەدەنییە، بەجۆرێک تاک لە ئینتنمای خێڵەکی و ناوچەیی بەرتەسک دەربازی بێت و ببێتە خاوەن ئینتمایەکی ئاسۆیی بۆ گەل و نیشتمان.


کوردستانی سەربەخۆ پێویستی بە دابینکردنی ئەم پێشمەرجانە و گەڕانەوەی کەرکوک و خانەقین و شەنگار و ناوچە دابڕاوەکانی ترە بۆ سەر خاکی هەرێم." هێڵ هی منە.

ئەگەر چاوپۆشی لەو هەموو پێشمەرج‌و دامەزراندنە سیاسی‌و یاسایی‌و فەرهەنگی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابووریانەش بکەین کە لە پەیامەکەی سەرۆکی گۆڕاندا باسکراوە بۆ ڕێگاخۆشکردنی باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، وە بەتەنیا بێین فۆکوس لەسەر ئەو ڕستەیە بکەین کە هێڵم بەژێریدا هێناوە، ئایا چەند ساڵ‌و دەهەی تر لە کێبەرکێ‌و کێشمەکێش پێویستە بۆ باسی سەربەخۆیی، وە بە چی شێوازێک، یاخود لەڕێی گرتنەبەری کام سیاسەت‌و کامە ڕێگاوشوێنەوە ئیمکانی جێبەجێبوونی ئەو گەڕانەوەیە هەیە!؟ چەندین ساڵی دیکە نیزاع‌و شەڕو دەعوای نێوان عەرەب‌و کورد ئەبێ بەردەوام بێت، تا بەڵکو لە شوێنێکدا کۆتایی بهێنرێت بەم خوێنی سیاوەحشە!؟ ئەم بەدیلەی سەرۆکی گۆڕان، ڕێبازی درێژەپێدانی شەراکەتی کوردە لە عێراقدا، بەڵام بە شێوازی گۆڕان نەک شێوەکەی پارتی! لە کاتێکدا سیاسەتی شەراکەت لە زمانی بەرزانیەوە شکستەکەی ڕاگەیەنراوەو تەنانەت ئامادە کاریەکان بۆ جەبهەسازی‌و بەرامبەرکێی نوێ ڕاشکاوانە جاڕی بۆ ئەدرێت.

پێموانیە خەڵکی کوردستان هێندە سادە لەوحانە بیربکەنەوەو فریوی ئەم بانگەشەیەی سەرۆکی گۆڕان بخۆن! ڕێگای دەوڵەتی قەومیی کوردی ڕێگایەکی پڕ مەترسی‌و گڕێ‌و گۆڵەو پڕە لە شەڕو دەعواو پێکدادانی بێبڕانەوە، چونکە لە بناغەدا بنەمای دەوڵەتی قەومی کوردی خۆی لە خۆیدا هەڵگری ماهیەتی لێکدابڕان‌و شەڕەنگێزی‌و پێکهەڵپژان‌و برەوپێدانی دەمارگیری دوژمنکارانەی نێوان دەستەبەندیە میللی‌و قەومیەکانە لە عێراقدا. ڕێگای هەڵبژاردنی ئازادانەی هاوڵاتیانی نەتەوەو پێکهاتەکان نییە. پەرچەمی ناسیونالیزمی قەومیە بۆ بەدەستەوەگرتنی موقەدەراتی نەتەوەیەک. ڕێگای لێکترازانێکی کۆمەڵایەتی گەورەو هەستیارەو هەرگیز ڕابەرانی جووڵانەوەی کوردی شایستەگی گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆو ڕێکهاتنەوە لەگەڵ ئیرادەو خواستی خەڵکی کوردستانیان لەخۆیان نیشان نەداوە. کە ئەمەی جێگای باسمان دواهەمینیانە. هیچ سیاسەتێک بۆ کۆتایی هێنان بە مەسەلەی کورد لە عێراق‌و ئەوانی تریشدا عەمەلی‌و سەرکەوتوو نابێت ئەگەر ئیرادەی ڕاستەوخۆو ئازادانەی خەڵکی کوردستانی هەوێن‌و ڕۆحی پێکنەهێنابێت! پارتی‌و یەکێتی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکیان لە ٢٠٠٥دا بۆ سەربەخۆیی لەباربردو کوردستانیان لکاندەوە بەو عێراقەوە کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێم داستانی دوژمنایەتی کردنی لەگەڵ خەڵکی کوردستانمان بۆ باس ئەکات. بەم پێیە سیاسەتی پەیگیرو سەرکەوتوو بۆ وەڵامدانەوە بە مەسەلەی کورد تەنیا بە سنووربەندی لەگەڵ سیاسەتی وەشاندنی وەهمی کوردایەتی‌و خۆشباوەڕی قەومیدا ئیمکانی هەیە.

پەیامەکەی سەرۆکی گۆڕان لەم لینکەدایە: http://www.gorran.net/Detail.aspx?id=309&LinkID=139
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی هاوڵاتیش، مام جەلال پەیامەکەی نەوشیروان مستەفای بەدڵ بووە. هەروەها هەر یەک لە فەرید ئەسەسەردو ئارێز عەبدوڵلا ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیش لەگەڵ پەیامەکەی نەوشیروان مستەفادان‌و پێی لەسەر دائەگرن. هاوڵاتی ئەنوسێت:


"به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌ست هاوڵاتی‌ که‌وتوون، تاڵه‌بانی‌ په‌یامه‌که‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فای‌ به‌دڵ بووه‌. فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌رکردایه‌تی‌ یه‌کێتی‌، بۆ هاوڵاتی‌ وتی‌ ئێمه‌ش پێمانوایه‌ ده‌بێت دامه‌زراوه‌کانی‌ هه‌رێم به‌نیشتمانیبکرێن، حیزبه‌کان مه‌ده‌نی‌ بکرێن.هاوکات، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ سه‌رکردایه‌تی‌ یه‌کێتی‌، وتی‌ تا زووتر دامه‌زراوه‌کانی‌ هه‌رێم به‌نیشتمانی‌ بکرێت له‌قازانجی‌ کورددا ده‌بێت بۆ یه‌کخستنی‌ ماڵی‌ کورد، سستیکردن له‌نیشتمانیکردنی‌ دامه‌زراوه‌کاندا زیانی‌ بۆ هه‌رێم ده‌بێت".


لینکی هەوڵەکەی هاوڵاتی: http://www.hawlati.co/babetekan/14970


دووبەرەکی کوردی!

 

مەسعود بەرزانی لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا ئەمساڵ لە جیاتی "مژدەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی"، هات‌و داستانی چۆنێتیی نسکۆیەکی تری حەرەکەی کوردی گێڕایەوە! باسی فریوخواردنی کوردو هەڵگەڕانەوەی دۆست‌و هاوپەیمانە دێرینە شیعەکانی کوردی لەگەڵ خۆیان بۆ گێڕاینەوە. لەجێی هاتنەدی گۆشەیەک لەو دنیایە لە وەعدو بەڵێن کە دەهەیەکە پارتی‌و یەکێتی بانگەشەی بۆ ئەکەن‌ سەبارەت بە قازانج‌و بەرژەوەندی زیاترو باشتری کوردو کوردستان لە نێو چوارچێوەی عێراقی یەکپارچەو فیدڕاڵی‌و دیموکراسیدا، لە جێگای سەربەخۆیی کوردستان، بەرزانی هات‌و مایەپووچ بوونی ڕۆڵی بەشداری بنیاتنەرانەی کوردی لە عێراقی دوای سەدامدا بۆ گواستینەوە، لە جێگای خێرو بێری برایەتی کوردو عەرەب، مارانگازی‌و پەند نەگرتن‌و نسکۆی سەرکردە کوردەکانی پێڕاگەیاندین لەم ئەزموونە نوێیەیاندا، لە باتی بەهەند گرتنی کوردو وەفاداری بۆ ڕۆڵی حزبەکانی کوردو سەرکردەکانیان لەلایەن برایانی عەرەبی چاوڕەشەوە، باسی پیلانگێڕی‌و فێڵکردن‌و پاشقولگرتنی برایانی عەرەبی شیعەی لە دۆستە کوردە هەرگیز پەند نەگرتووەکانیانی بۆ کردینەوە!

سەرنج بدەن، سەرۆکی هەرێم وەکو لەم دە ساڵەی ڕابردوودا عێراق ماستی مەییو بووبێ‌و لەپڕ قەیرانێکی سیاسی لە ئاسمان کەوتبێتە خوارەوە کە بە زەرەرو بە دژی کورد ڕەوشەکەی گۆڕیبێت، لە پەیامەکەیدا باسی ئەوە ئەکات کە عێراق گیرۆدەی قەیرانێکی جددی بووە! بەڕێزیان ئەڵێن؛ "کاتی ئەوە هاتووە هەموو ڕاستیەکان بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونبکرێنەوە"! پاش بیست ساڵ چاوبەست‌ لە خەڵکی کوردستان‌و ساتو سەودا بەسەر مەسەلەی کوردەوە، تازە بەتازە ئەڵێ کاتی هاتوە ڕاستیەکان بۆ خەڵکی ڕوونبکرێنەوە!! لەوبارەشەوە بەرزانی سێ دانە خاڵی جیاوازی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بەغدا ڕیزکردووە کە ڕوونی ئەکاتەوە پارتی‌و یەکێتی هیچ حسابێکیان بۆ ڕاو ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەکردووە لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتی شەراکەتەیاندا لەگەڵ بەغدا، وە بڕیاری شەراکەت بەتەنیا بڕیاری حزبی خۆیان بووە. لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە؛


"خیلافی ئێمە لەسەر ئەمەیە: یەکەم، شەراکەتە لە حوکم لە بەینی کورد و عەرەب (یەعنی عەرەبی شیعی و عەربی سوونی) لەگەڵ ڕیزگرتن و بەشداری کردنی مکوناتی تر کە ئەێلەن ئێستا ئەو شەراکەتە مانایەکی نەماوە. دووهەم، ئیلتزامە بەدەستوور کە ڕۆژانە خەرقی ئەو دەستوورە دەکرێت. سێهەم، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکانی هەولێرە کە ئەێلەن پشت گوێ خراون و جێبەجێ نەکراون. بە موجەرەد بە گەیشتنیان بۆ سەر حوکم هەموو رێککەوتنێکیان لە بیر چوو، دەستوریان لە بیر چوو، شەراکەتیان لە بیر چوو کە ئەمە عیلاقەی بە چارەنووسی عێراق و هەموو عێراقیەکانەوە هەیە هەر پەیوەندیان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە". هێڵەکان هی منە.

بەرزانی، دوای ئەم سێ خاڵە، چوار خاڵی دیکە بە دوورو درێژ تر باس ئەکات کە گوایا خیلاف‌و جیاوازی نێوان دەسەڵاتی کوردی‌یە لەگەڵ دەست‌و پێوەندەکانی نووری مالکیدا کە ئێستا دەسەڵاتی ناوەندیان لەژێر دەستدایە. بەڵام ئەم جیاوازی‌و ناکۆکیانە بەسن بۆ ڕوودانی پێکدادانی خوێناوی‌و هەرەسهێنانی عێراقی دیموکراسی‌و فیدڕاڵی. بەرزانی ئەڵێ: " ئینجا بێینە سەر ئەو خیلافانەی کە بەینی هەرێم و ئەو دەستەیەی کە دەسەلاتدارە ئێستا لە بەغدا." لەبەر درێژی خاڵەکان پێم باش بوو لینکی هەموو پەیامەکەی بەرزانی دابنێم، هەتا خوێنەر خۆی بە سانایی بیخوێنێتەوە:

 http://krp.org/kurdish/articledisplay.aspx?id=25867 

ئایا پاش بیست ساڵ ئەزموونی جووڵانەوەی کوردایەتی، کە دە ساڵی ڕەبەقی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسەین بریتی بووە لە بنیاتنانەوەو دامەزراندنی عێراقی فیدڕاڵی‌و دیموکراسی، دەرەنجامەکەی ئەم شکستە بێت کە بەرزانی لەم پەیامە نەورۆزییەیدا باسی ئەکات، یانی پادەرهەوا بوونی کورد لە عێراق دوای دە ساڵ ڕێکەوتنی سیاسی‌و تەوافوقی سیاسی‌و گۆرانی ووتن بەباڵای برایەتی‌و دیموکراسی‌و هاوبەشی لە عێراقی فیدراڵیدا، کاتی نەهاتووە بارزانی‌و تاڵەبانی‌و هەردوو حزبەکەشیان خەجاڵەتی بەردەم مێژوو بکرێن، ڕووزەردی بەردەم ویژدانی خەڵکی شەریف‌و ستەمدیدەو ئازادیخوازی کوردستان ببن!؟ ئایا ئەگەر ئەم سەرکردە کوردانە کوردستان‌و دانیشتوانەکەیان بەلاوە گرنگ بووایەو بایەخ‌و بەهای ئینسانیان بۆ قایل بوونایە، وە ئاییندەی ئەم کۆمەڵگایەو نەوەکانی داهاتوویان ئامانج بووایە بۆیان، نەدەبوو هەر لێرەداو لەم بڕگەیەدا خانەنشینی خۆیانیان لە سیاسەت ڕابگەیاندایەو مەیدانیان چۆڵکردایە، تا نەوەی نوێ بێن‌و چارەنووسی خۆیان‌و کۆمەڵگاکەیان بەدەستەوە بگرن‌و بۆ هەمیشە لەم پێچ‌و هەڵدێرو تەنگژە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئینسانیە دەربازی کەن!

خەجاڵەتی بەردەم خەڵکێک بکرێن کە دنیایەک قوربانیان لەپێناوی ئازادی‌و ڕزگاری‌و سەربەخۆییدا داوە، بەڵام ئەمان کردیانە قوربانی‌و کوردستانیان لکاندەوە بە عێراقەوەو خواستی سەربەخۆییشیان بۆ مەرام‌و بەرژەوەندی سیاسی تەسکی خۆیان کردە کارتی گوشار بۆ پۆست‌و کورسی دەسەڵات. بارتەقای چەند کورسی پارلەمانی عێراق‌و بەشێک لە بودجە کە هەمووی بە گزی‌و فزی لەنێو خۆیان‌و دەست‌و پێوەندەکانیاندا دیزە بەدەرخۆنەیان کردووە، ئەمڕۆ کورد تەجروبەی نسکۆو هەرەسێکی تری خۆی ئەکاتە پەیامی نەورۆزو بەڵام بۆ داپۆشینی ئەو شکستە بانگەشەی ئیستفزازیانەی دەوڵەتی کوردی بەدەستەوە ئەگرێت!؟

بەڵام لە نێو نەریتی سیاسەتی ڕۆژەڵات‌و کوردەکانیشدا بەتایبەتی کوا ڕێوشوێنی وا هەیە! لێرە دەسەڵات، سیاسەت، موقەدەرات‌و هەموو شتێک سەرچەشمەی لە نەریتی فیرعەونەکان‌و هارونە ڕەشیدەکانەوە گرتووەو حزبە کوردیەکان‌و سەرتاپای جووڵانەوەی کوردی بە قووڵی بڕوایان بەوەیە هەتا مردن قۆرغی هەموو شتێکی کۆمەڵگاو دانیشتوانەکەی بکەن. بۆ کۆتایی هێنان بەم ڕەوشە نەوەی نوێی کوردستان پێویستە بێتە مەیدانەوەو وەڵامی ئەم گرفتە بداتەوەو چارەنووسی خۆی‌و کۆمەڵگا بەدەستەوە بگرێت.

هێشتا ئیستفزازی دەوڵەتی کوردی ڕانەگەیەنراوەو تەنها ئاماژەی پێکراوە، هێزە کوردیەکان دووبەرەکیان تێکەوتووە. لە ئاستی حزبەکاندا، کورد دابەش بووە بەسەر ڕیزبەندیە ئەسڵیەکانی هاوکێشەی سیاسەتی ناوچەکەدا. پارتی لەگەڵ تورکیاو لیستی عێراقیەدا نزیک بۆتەوە، یەکێتیش لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێران‌و لیستی دەوڵەتی یاسادا هاوڕێن، لە ناوەرۆکی پەیامەکەشیدا بزووتنەوەی گۆڕان بە کردەوە کەوتۆتە بەرەی مام جەلال‌و ئێرانەوە. دەرەنجامی ئەم نسکۆیەی کوردیش دووبارە بارگرژی‌و بەرامبەرکێی هێزو حزبە کوردیەکانی لەگەڵ یەکتری لێئەکەوێتەوە بەپێی بەرژەوەندیەکانی ئەو بەرەو بلۆکبەندیانەی کە دوور لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیان تێیکەوتوون.

دووبەرەکی بۆچی یەخەی جووڵانەوەی کوردی بەرنادات؟ ئەم پرسیارە وەکو لوغزێکی لێهاتووە کە وەڵامدانەوەو شیکاری کردنی ئەستەم دێتە پێش چاو! یاخود وەکو گرێکوێرەیەک چۆتە قاڵبی ئەفسانەیەکی مێژوویییەوەو ئەڵێی تاڵعی "کورد" بە دووبەرەکی مۆرکراوەو ئیدی بۆ هەتا هەتایە خۆخۆری‌و براکوژی‌و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن دەستی نەگریسی لە یەخەی حەرەکەی کوردی‌و چارەنووسی میللەتی کوردیش نابێتەوە!

سەرنجێک لە مێژووی دوورو نزیکی ئەو جوگرافیایەی پێکهاتە جیاجیاکانی خەڵکی کوردزمانی تیا نیشتەجێ بووە، شاهیدی لەسەر ڕاستی ئەم ڕێوشوێنەو ئەم چارەنووسەی کوردمان پێئەڵێت. کەم نین ئەو ڕیوایەت‌و داستانانەی باسی نەزانی‌و فریوخواردەیی ڕابەرانی کورد نەگێڕنەوە تا ئەگات بە دووبەرەکایەتی نێوان سەرۆکی جووڵانەوەو حزبە کوردیەکان لەو سێ ووڵاتەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. هۆکارە دەرەکییەکان هەرچییەک بن، بنەماو پایەکانی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی‌و ئابووری‌و فەرهەنگییەی ستراکتووری جووڵانەوەی ناسیونالیستیی کوردی پێکهێناوە، بەگوێرەی پێناسە، جووڵانەوەی کوردایەتی لە چوار ووڵاتی خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا کە شۆڤێنیزمی هەر سێ نەتەوەی تورک، فار‌س‌و عەرەب دەیان ساڵە باڵادەست‌و خاوەن قودرەتن تیایاندا، مەحکوم کردووە بە جۆرێک لە نەریتی ناپەیگیری، ڕەوشتی دەسکەلابوون‌و ئارەزووی هەڵبەزو دابەزی سیاسی لەنێو بازنەی ستراتیژو سیاسەتی هەڵاواردنی میللی‌و سەرکوتی خوێناوی‌و دڕندانەی ئەواندا، هەتا بتوانن درێژە بدەن بە ژیانی سیاسی خۆیان لەنێو مەنگەنەی سێکوچکەی مەودای دەسەڵات‌و عەزەمەتخوازیی شۆڤێنیزمی سێ نەتەوەی سەردەستی تورک، فارس‌و عەرەب لە هەر سێ ووڵاتی خۆرەڵاتی ناویندا.

ئەم چارەنووسە حەتمی نیەو ئەبەدیش نیە! پشکی سەرەکی سەپاندنی ئەم نەریتە سیاسیە قەومپەرستانەیە بەسەر دیدگاو چاوەڕوانیەکانی خەڵکی کوردستاندا ئەگەڕێتەوە بۆ خۆشباوەڕیەکی دەردناک بەم هێزو حزب‌و سەرکردە کوردیانەی ئێستا. بە سەرنجدان لە تەجروبەکانی پێشووترو ئەمەی ئێستاش، کۆمەڵگای کوردستان‌و کرێکاران‌و ئازادیخوازان‌و نەوەی نوێمان ڕێگای تریان لەپێش نیە جگە لە دوورکەوتنەوە لە خۆشباوەڕی قەومی‌و ڕووهێنان بۆ سیاسەتێک کە یەکگرتوو ڕێکخراویان ئەکات بۆ نواندنی ئیرادەیەکی یەکپارچە تا بتوانن دەخاڵەت بکەن لە دیاریکردن‌و هەڵبژاردنی ئاییندەیەکدا کە شایستەی مرۆڤی ئەم چەرخەیە.


٢٩\٣\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک