په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

دەلیل میرساز
گۆرانی بۆ قەندیل دەڵێت.


هەڤپەیڤین: توانا لێزان


زۆر لە سەر هونەرو فولکلۆرو مۆسیقای کوردی هەم بەگوتارو هەم بەنووسین لەرووپەلی ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بە پانتاییەکى زۆر لەفەزایەکى گشتیدا داگیرکردبوو، کەچی لەو چوار چێوە شێواو پڕ کارەساتانەی کەمۆسیقا و گۆرانى کوردی تێًکەوتووە دەرنەچوون،چوونکە بیرۆکە و بارگراوندەکەى خولانەوە بوولە بازنەیەکی بەتاڵ و داخراودا کەفەرهەنگەکەى زاڵبوونی فەرهەنگی بێگانە بوو، مرۆڤ پارچەیەکە لەسروشت گەڕانەوە بۆ سروشت گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەنایەتى ڕۆح، هەر بۆیە دەڵێین.
لەپانتایی رۆحانیەتى شیعرەکانى نالی بۆ رۆحانیەتە بێگەردەکەى مەعشوقی شەم، سڵاو، سڵاو لەو رۆحە پاکانەى بەئیستاتیکاى جوانى سروشت و بەرەهەندە جیاوازەکانى بیرسای دیالەکتیکی دیرۆکی نەتەوە یی دەڕواننە دوونیایی ڕەنگ و دەنگ و شیعری مۆسیقای کوردی وبە تابلۆیەکی جوانى ڕەسەن خاڵ لەسەر هێماکانى ووشە دادەنێن وە بەئاوازێکی بەجۆش و رەسەن ستران دەچڕن، بێ شک ئەوانە دەبنە قەڵای پاراستنی فەرهەنگ و کولتوورى نەتەوە، هەربۆیە بە پێویستمان بینی لەنزیکەوە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ هونەرمەندو هۆزانڤان "دەلیل میرساز" ساز بکه‌ین و بەڕێزشی بەم شێوەیە دوا.


توانا: چەند بەرهەمتان هەیە و ئەگەر بکرێ ئاماژەیان پێبدەی؟
میرساز: سەرەتا بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ ئەم هەڤدیتنە. من ئێستا ئەندامم لە کۆمەڵەى هونەرى دیجلە و لێرە خەریکی کارى مۆسیقا و گۆرانیم، بێگومان بەرهەممان هەیە یەکەم بەرهەممان لە کلیپێکی هەمەرەِنگی پێکهاتوو بەهەموو زمان و زاراوەکانى ئێراق بەناوى (اتیاف العراقیە) لەبەغدا و کوردستان وێنەکەى گیراوە چەند هونەرمەندێکی کورد و عەرەب لەگەڵماندا بەشداریان کرووە.
منیش بەرهەمم زۆرە، بەڵام ئەوانەى بڵاوبوونەتەوە کەمن، تائێستا یەک (سی دی) یم بڵاوبووەتەوە بەناوى (ئاوازى وەندایى) و هەشت کلیپم هەیە، یەکێکیان بەناوى (تیرو کەڤانە)، بەڵام کارى مونتاژى هێشتا ماوە، وەهەروەها ئێستاش خەریکی گۆرانییەکى تازەم بەناوى (ویژدان) لەسەر ئەو بۆردومانەیە کەدەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا کردیە سەر گوندەکانی بناری قەندیل. هەروەها وەکو کارى وێژەیى دوو پەرتووکى شیعرم هەیە، بەناوەکانى (کەسکەسور و دومانێ مرنێ) پەرتوکێکی تر بەناوى (ژئاڤا فورات دڵۆپەک) لەئەستەنبوڵ چاپکراوە ئەویش ڕۆمانە، ئێستاش خەریکی نوسینی بەرهەمێکم بۆ کتێب کە ئەویش گۆرانیەکی فۆلکلۆریە بەزاراوەى کرمانجی سەرو گوتراوە گۆرانییەکە سێ کاتژمێرە، داستانێکی عەشق و ناکۆکییە لەنێوان عەشایەرە کوردەکان لە شارى باتمانى باکوورى کوردستان، ئەویش لەئایندەیەکى نزیکدا دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران و هیوادارم ببێتە هۆى بەرەو دەوڵەمەندکردنى پەرتووکخانەى کوردى.


توانا: چۆن پێناسەی هونەر دەکەیت؟
میرساز: ئەگەر مرۆڤ بییەوێ شتێک بناسێ، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى دروستبوونى ئەو شتە بۆ ئەوەى لەڕەگ و ڕیشەوە ئەو شتە بناسێ، ئەگەرنا ناتوانێ بڵێ ئەو شتە ئاوایە یاخود دەبێ وابێ. بێگومان کەهونەریش هاتووەتە دی، خزمەتى مرۆڤ و کۆمەڵگاى کردووە لەبەر ئەوەش هونەر شتێک بووە کە لەڕۆژانى هەر مرۆڤێکدا ڕۆڵی گرنگى هەبووە و کاریگەریەکى زۆرى کردووە بۆ پێشخستنى ئەو کۆمەڵگایە.
لەقۆناخەکانى سەرەتاى مرۆڤدا، یاخود ئەتوانین بڵێین لەقۆناخی بەردینى نوێدا (نیولیتیک) کەئیتر مرۆڤ گەیشتوبووە ئەو قۆناخەی کەخۆی ناسی و بەئەقڵی خۆی لەگەڵ ڕۆژانی ژیاندا هەڵسوکەوتی کردووە. لەو قۆناخەدا هونەر ڕۆڵێکی گەورەو گرنگى بینیوە، چ لەدروستکردنى ئامێرەکانى ڕاو بێت کە کۆمەڵگا پەناى بۆ دەبرد و چ لەخۆماڵی کردن و بەخێوکردنی هەندێک لەئاژەڵەکان بێت و چ دۆزینەوەى ئاگر و کشتوکاڵی کەوشەى (چاند) واتە کولتوریش لەوێ هاتووە. هەروەها بەکارهێنانى دەنگەکان و ڕیتم بۆ تقوساتى ئاینی هەتا دەگاتە ئاستێک کە قۆچی ئاژەڵ و وەردە ووردە پرچی کلکى ئەسپ و کولەکە و هەتا دەبێت بەقامیش و بوق و تەمبور و هارپ و بەکاردەهێنن ... هتد. هونەر لەوکاتەدا تێکەڵی رۆحی مرۆڤ ببوو،وە ببووە پێداویستیەکی ڕۆژانە بۆ هەر مرۆڤێک.
 


توانا: ڕۆڵی مۆسیقاو گۆرانى لەناو کۆمەڵًگاى کوردیدا چییە؟
میرساز: کۆمەڵگاى کوردى کۆمەڵگایەکە لەسروشت دوورنەکەوتووەتەوە و بەدرێژایی مێژوو خەڵکی ئەم ناوچەیە بەگشتى و کورد بەتایبەتى کە لەناوچەى میزۆپۆتامیا (دۆلی دووئاوان) ژیاون کەڕاستى دایکی دونیاو لانکەى شارستانیەتە، مۆسیقا و گۆرانى تێکەڵی ڕۆحی ئەوان بووەو وەکو ئاو و نان ئەگەر لێیان دابڕێت کۆتایی بەژیانیان دێت، هەروەها ئەوەمان لەبیر نەچێت کەمۆسیقا و گۆرانى لەدایکبووى ئەم ناوچەیەن و لەم ناوچەیە گەشەیان کردووەو تەواوى دونیا سوودى لێ وەرگرتووە، نموونە خەڵکی میسر زۆر ڕستەیەکیان بەکاردەهێنا ئەوەش ئەوەیە کە دەڵێن (میسر دایکی دونیایە) لەگەل ئەوەى سوریش ئەزانن کەشارستانی میزۆپۆتامیا پێشی شارستانیەتى نیلە، کەواتا ئەگەر ئێمە بڵێین میزۆپۆتامیا دایکی دونیایە ناهەقی لەکەس ناکەین و مافی کەسیش ناخۆین.
من بۆ ئەوە ویستم ئاماژە بەم خاڵە بکەم، لەبەر ئەوەى کە ئێمەى کورد لەمێژووى راستەقینەى خۆمان دابڕاوین و بەسەدان شتی چەواشەکارى بۆ مێژووى ئێمە دروستکراوە وەکو کەدەیان گووت کورد لەوڵاتانى (ئیسکەندنافیا) هاتووە ویستیان بەو قسانە پێمان بڵێن کەکورد خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە نییە و بۆی نییە داواى هیچ مافێک بکات لەبەر ئەوەى هیچ مافێکی لێرە نییە. بێگومان چاند واتا کولتور دەگۆڕێت و کاریگەر دەبێت و کاریگەرى لێ دەکرێت، نموونە لەم ناوچەیەدا هەندێک لەو گۆڕانکارییانە ئەمانەن: لەباشوورى کوردستان تەریقەتی نەقشبەندی هەیە، وەکو ئایین عەرەبیە بەڵام زمانى کوردى جل و بەرگ و دەفی کوردى تێکەڵی بووە. کەواتا لێرەدا چاندی کوردى گۆڕاوەو بووە بەشتێکی تر.
هەروەها شیعە دیسان وەکو ئایین عەرەبیە، بەڵام لەئێران تێکەڵی زمان و چاند و فەرهەنگی فارسی بووە و گۆڕانکارى بەسەردا هێناوە، فەرهەنگ هەیە قبوڵ دەکرێتن بەڵام لە کوردستان خۆی فەرزکردووە، بەداخەوە لەوڵاتى ئێمەدا لەبەر ئەوەى هەمیشە لەژێردەستى داگیرکەران بووینە، نەمان توانیوە لەم کاریگەریانە خۆمان قوتاربکەین.
دیسان دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەت ئەوە دەڵێم: لەڕۆژگارى ئەمڕۆماندا مۆسیقا و گۆرانى لەناو ڕۆحی خەڵکدایە، بەڵام شتێکی تر تێکەڵی بووە کەوەکو جاران ووزە نادات بەخەڵک بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆرجار خەڵک بێ هێز دەکات و لەوزەى کەم دەکاتەوە.


توانا: ئەو شتە چییە کەتێکەڵی مۆسیقا و گۆرانى بووە بێ هێزى کردووە؟
میرساز: دەڵێن هونەر بۆ خزمەتى کۆمەڵگا و جوانکارى و بەرەو پێشەوەبردنی مرۆڤە، ئەمە شتێکى ڕاستە، بەڵام لەڕۆژگارى ئەمڕۆماندا وانییە هونەر خزمەتى کۆمەڵگا ناکات، بەڵکو زۆرجار ڕۆڵی چەواشەکارى دەبینێت.
نموونەى ئەمەش ئەوەیە کەچەندەها فیلمی سینەمایی هەیە، کەدەبینرێت چەواشەکارییەکى مەزن دروست دەکات، لەلاى بینەر وەکو جیاوازى نێوان خێرو شەڕ و زۆردارو مەزڵوم و داگیرکەرو داگیرکراو و هەژارو دەوڵەمەند هەق و ناهەق و ... هتد.
پێش ئەوەى کەئەمریکا موداخەلەى ئێراق بکات زیاتر لەبیست ساڵ لەهۆلیۆد کەدەزگایەکى بەرهەمهێنانى فیلمە لەڕێگەى فیلمی رامبۆ و ڤاندام و ئارنۆلد...هتد کارى بۆی کرد بۆ ئەوەى خەڵکی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەگشتى و ئێراق بەتایبەتى هەر لەسەربازێکی ئەمریکی وەکو ڤاندام و ئارنۆلد و ڕامبۆ تەماشا بکەن، بەڵام ڕاستى وادەرنەچوو. لەکارى مۆسیقا و گۆرانیدا ئەمڕۆ چەواشەکارییەکى زۆر هەیە کەبەداخەوە هونەرمەندانی ئێمە وەکو خۆیانى لێ شاردووەتەوە و گەنجانى ئێمەى سەرگەردان کردووە.


توانا: زۆرجار لێرەو لەوێ ئەو پرسیارە ڕووبەڕووى هونەرمەندان دەکرێتەوە کەئایا چ پەیوەندییەک لەنێوان هونەر و سیاسەت هەیە لەوەڵامدا هونەرمەندان دەڵێن هیچ پەیوەند ییەک نییە لەنێوان ئەو دوو چەمکە ئایا بەبۆچوونى تۆ هەیە یان نا؟
میرساز: ئەتوانم بڵێم، لەدونیایەکی ئازاددا هونەر و سیاسەت هیچ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نییە، بەڵام لەدونیایەکی پڕ لەڕاوە دەسەڵات و ستەمکارى و خوێن مژی بە تایبەتیش لەوڵاتی ئێمەدا کەپشیلە جوولە بکات مەبەستێکی سیاسی بەدواوەیە.
ئالێرەدا بەڕاى من ئەگەر کەسێک بڵێ پەیوەندی هونەر بەسیاسەتەوە نییە لەقژی سەری هەتا ژێر پێی لەخەفڵەت دایە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی رابردوو دەبینین کە لەساڵانی (1960 ــ1980) کاریگەرى هونەرى سۆسیالیزم خۆی زاڵکرد بەسەر زۆربەی وڵاتانی دونیادا لەئەنجامدا فەرهەنگێک دروستبوو، (من و تۆى) تێیدا نەبوو (ئێمە و ئێوەى) تێیدا هەبوو، بۆ نموونە بەرهەمەکانى (ڕۆبسۆن و فەیروز و مارسیل خەلیفە و شڤان و پاپلۆبیرودا و پۆشکین و زۆربەى هونەرمەند و وێژەوانی ئەو سەردەمە مۆری خۆیان لەقۆناخەکەدا).
بەڵام کە سەرمایەدارى ئەمەى بینی کەوتە خۆی و هەڵسا بەدروستکردنی ئەلتەرناتیف کەبریتی بوو لەهونەرى (پۆپ و گەشەپێدانى بوارى وەرزشیەوە بۆ ئەو مەبەستەى کەگەنجان بکەونە گێژاوەوە (کائیۆس) و واز لەچەمکى تەبایى بهێنن لەڕێگاى وەرزشەوە بتوانێ ووزەى لاوان بەخۆرایی بەبادا، لێرەدا هونەرمەندانى راستەقینە فەرامۆش کران وایان لێ کرا کەدڵی کۆمەڵگا پێی بسووتێ نەک ووزەیان لێی وەرگرێ. لەدواى رووخانی یەکێتى سۆفیەت ڕوون و ئاشکرا بوو کە نەسیستەمى سۆسیالیزم و نەش سیستەمى سەرمایەدارى نەیان توانیوە جێگیرببن و ببن بەماڵی گەل، لەبەر ئەوەش دواى ساڵی (1990) هەڵسان بەدروستکردنى چەمکێکی تازە کەئەویش (پۆست مۆدێرنیزم). واتا لەدوو سیستەم بۆ بێ سیستەمى. لێرەدا هەرکەس ئەتوانێ چ هونەرێک دروست بکات کەس هەقی بەسەردا نییە، واتا هونەرمەندانیش لەڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بێ بڕوا بوون و کەوتنە نێو لیبڕالیزمی پۆپەوە.
ئێستا ئەم چەمکە چەمکێکی دژ بەڕەوشی کوردە، ئەگەر هونەرمەندانی کوردستان هەڵگری ئەم چەمکە بن، دەبێ مۆسیقا بۆ کردەوەکانى نیرۆن بژەنن و گۆرانی بۆ هیتلەر بڵێن و پەیکەر بۆ ئەتاتورک دروست بکەن و دۆزی ڕەواى وڵاتەکەیان لەبیربچێ و وێنەى عومەرى خاوەر و گەلێی زیلان و سینەمای عامودێ و چوارچرا و دایە عایشە فەرامۆش بکەن. بەڕای من بڵاوکردنەوەى ئەم چەمکە لەکوردستان، خۆی لەخۆیدا سیاسەتێکی زۆر بۆگەنە و ناحەزانی گەلەکەمان زۆر بەجددی کاری لەسەردەکەن.


توانا: ڕۆڵی ژن لەناو هونەر چۆن دەبینن؟
میرساز: بڕواناکەم بەدەستنیشان کردنی ڕەوشی ئێستای هونەر بتوانین ڕۆڵی ژن لەنێو هونەردا دیارى بکەین، ئەڵێم دیسان پێویستمان بەگەڕانەوە بۆ قۆناخە سەرەتاییەکان دەبێت.
لەسەرەوە باسی ئەوەمان کرد کەقۆناخێک پڕ لەهونەر هەبووە کەتێیدا کشتوکاڵی تێیدا دۆزرایەوە و ئامێری کشتوکاڵی دروست کراوە و هەروەها زۆر خاڵی تر لەسەرەوە باس کرا. لێرەدا من دەمەوێ ئەوە بڵێم کەئەو هەموو بەرهەمانە ئەنجامی ڕاستی بوونی ژنە، بێگومان لێرەدا پرسیارێک خۆی فرێ دەداتە پێشەوە بۆ ژن؟ یەکەمین هۆ ئەوەیە کەژن وەکو هەست و سۆز لەهونەرەوە زۆر زۆر نزیکە، خاڵی دووەم ئەوەیە کەشارستانیەت لەدواى نیشتەجێ بوونەوە دێت، واتا (الاستقرار) جێگیربوونیش دروست دەبێت، ژن لەبەر ئەوەى کەکاتێک منداڵ بوو پێویستیان بەشوێنی گونجاو هەیە بۆ ئەوەى بحەوێنەوە، ئەم حاڵەتە وادەکات کەڕۆژ بەڕۆژ بۆ خۆی جێگە دروست بکات و لێی نیشتەجێ بێت. لەدواى نیشتەجێ بوون ژن دەبینێت کەچاندن چۆن گەشەدەکات و سیس دەبێ بەپێی وەرزەکانى ساڵ.
هەروەها تایبەتمەندی ژن تایبەتمەندی هونەرە، وەکو عەدالەت و یەکسانی و هەست و سۆز ئەمانە هەموویان تایبەتمەندی هونەرن، لەکۆتاییدا تایبەتمەندی داهێنان و خوڵقکارین. لەڕۆژگارى ئەمڕۆماندا ژن لەمەیدانی هونەر زۆر دەبینرێن، بەڵام ژن کارى ڕەسەن ناکات، بەڵکو کارێک دەکات هی خۆی نییە، بەڵام جوانکارى ساختە لەپیاوى سیستەمی باوک سالارى دەبینرێت نەک ژن. بوونى ژن لەناو زۆربەى کارە هونەرییەکاندا خزمەت بەویژدانى سیستەمی باوک سالارى دەکات، لەبەر ئەوەى بوونى ژن لەوێ تەنها شێوەیە، ژن بۆخۆیشی ئەوەندە چەواشەکراوە وا ئەزانێ ئەگەر خۆی رووتکردەوە ئەوا ئازاد دەبێت، من پێموایە (مەریەم خان، ئایشەشان، گولبەهار، سوسیکاسۆ، زاویناشاکر، خانێ زازا، ئەسلیکا قادر) و زۆر ژنانی تر لەکوردستان کارى ڕەسەنیان کردووە، ئەگەر چاو لەوان بکرێت گۆڕانکارى باش دەبێ.


توانا: ماوەیەک لەباشوورى کوردستان مۆسیقای ئارەبێسک زۆر گەشەى کردووە هۆی ئەمە چییە؟
میرساز: ئارابێسک بەو شێوازە مۆزیکە دەوترێت کە لەدەوربەرى مۆزیکی عەرەبی دا بەکاردێت، بەڵام بەبۆچوونى من ناوەڕوەکەکەى ئەوەیە کەهەموو شێوازو بیرۆکەیەکى بێ بڕواو ڕووخاو ئارابێسکە. ئەم شێوازە دواى ساڵی (1980) کەتورکیا تووشی کودەتا (انقلاب)ى سەبازى دەبێت، دەوڵەت ئەم شێوازە پێشدەخات.
چۆن سەرمایەدارى بەرامبەر بەهونەرى سۆسیالیزم (پۆپ) پێش دەخات و بێ بڕوایی بڵاودەکات، لەتورکیاش هەتا پێش ساڵی (1980) چەپگەرى زۆر بەکاریگەر بوو، بۆئەوەى دواى کودەتاى عەسکەرى دەوڵەت کەسانی وەکو (ئیبراهیم تاتلیسەس، فەردى تەیفور، موسلم بابا، و بەدەیان کەسانی تر زۆر هاتن پشتگیری کردن و لەمیدیادا هاتنە پێش.
ئەم شێوازە ڕۆژ لەدواى ڕۆژ بڵاودەبوەوە و بەتایبەتیش ئاراستەى کوردستان کرا، هەتا کەواى لێهات کەگورانییە کوردییەکان لەڕێگاى گۆرانی بێژە کوردەکان بەشێوازى ئارابێسک و زمانى تورکی تۆمارکران و لەکوردستان بڵاوکرانەوە ئەم شێوازە ماوەیەکە لەباشوورى کوردستان هونەرمەندان پەنایان بۆ بردووە بەر ئەم شێوازە مۆسیقایەو خەریکە مۆسیقاى کوردى وەکو دەیناسۆر لەناودەچێ.
هونەرمەندان ئەم شێوازە مۆسیقایە بەتازەگەرى لەقەڵەم دەدەن و پێیان وایە کەمۆسیقاى کوردى زۆر کلاسیک بووە و کەڵکی گوێگرتنى نەماوە جگە لەمۆزەخانە بەکەڵکی هیچی تر نایەت. من لەگەڵ زۆر لەهونەرمەدان گفتوگۆم کردووە، هەمان شت دەڵێن و زۆربەى ئەو هونەرمەندانە هیچ زانیاریەکیان دەربارەى ئەو شێوازە نییە، تەنها ئەوە دەڵێن شێوازێکی خۆش و تازەیە. بەداخەوە، ئەگەر خوالێخۆش بوو، (محەمەد عارف جزیری) تەنها بۆ یەک ڕۆژ بۆ میوانى بێتە دەڤەرى بادینان چیمان پێ دەڵێ؟
من بۆ ئەوە نموونەى بادینان دێنمەوە، لەبەر ئەوەى کەلەزاراوەى کرمانجی سەروودا بەسەدان و هۆزانڤان گۆرانی بەو شێوازى لاوک و حەیران و لەوە هەیە کە لەمێژووى هیچ میللەتێکیدا شتى وا نایەتە دی، زۆربەى ئەو گۆرانیانە داستانن و هەموویان باسی بەسەرهات و رووداوەکانى قارەمانى تراژیدی گەلی کورد دەکەن، هەروەها هەریەکێک لەو گۆرانیانە لەدوو کاتژمێر زیاترە، نموونە(دەرویش عەبدی، ساڵحی ناسۆ، کولک، ئۆمک، عەزالا ڕەشید بەگێ، عەزیزی تک مستەفێ، یوسفێ شەڕ و ...هتد.
لەباشووردا دەبوایە زیاتر لەسەر ئەم مێژووە ڵێکۆڵین بکرێت و ئەم هونەرە بەنرخە زیندووبکرێ و کارى لەسەر بکرێت و ببێتە ماڵی گەل لەڕۆژی ئەمڕۆدا، بەڵام بەداخەوە زۆربەی گۆرانی بێژانى ئێستا نازانن (شاکرۆ، رەشیدی مام چۆچان، حەس نازی، عەگیدی جمۆ) و بەسەدان ناوی تری وەکو ئەمانە کێن و کاریان چی بووە و دەڵێین مۆسیقاى ئارابێسک تازەگەریە لەناو مۆسیقای کوردیدا من ئەم خاڵە بەڕەوشێکی ترسناک دادەنێم بۆ مۆسیقاى کوردى و بانگەوازیم بۆ هونەرمەندان ئەوەیە کە لەسەر ئەم ڕەوشە بەشێوەیەکى زۆر جدی ڕاوەستن و بتوانین بەیەکەوە ئەم ڕەوشە بگۆڕین.


توانا: ساڵی پار لەشەڕەکەى لوبنان و ئیسرائیل هونەرمەندە عەرەبەکان زۆر چوونە ناو مەوزوعەکە و پشتگیریی و گۆرانیان بۆ لوبنان ووت! بۆچی هێرشەکانى سەر بنارى قەندیل هونەرمەندانى کورد هیچ دەنگێکیان نەبوو و هەستیان نەجوڵا؟
میرساز: بەڕاستى ئەم پرسیارە لەشوێنى خۆیدایە هێرشەکانى سەر بنارى قەندیل سەرەنجی هەموو دونیای راکێشا بۆ لاى خۆى و دیمەنەکانى کە لەمیدیاکاندا نیشاندران زۆر کاریگەر بوون چ تەرمەکەى دایکە عایشێ چ دیمەنى ئەو بەرخ و مەڕانەى کەمردبوون یان قاچیان بڕابووەوە، بەڕاستى وەکو دەڵێن گاور لەبەرامبەرى ئەو دیمەنانە موسڵمان دەبوون، من لەسەرەوە وتم ئەگەر هونەرمەندان بڵێن هونەرمەندین و پەیوەندیمان بەسیاسەتەوە نییە زۆر ئاساییە کەهونەرمەندان بیێ دەنگ بن و پەیوەندییان پێوەى نەبێت، بەڕاى من ئەو بێ دەنگیە ئەوە بوو کەپیلانى ئەو تاوانانەى دەوڵەتى تورکیا کەدەیان ساڵە کارى بۆ دەکات و سەریان گرت و بەئەنجام بوون بەداخەوە ئەگەر هەموو چین و توێژیکمان بێ دەنگ بوونایە دەبوایە هونەرمەندان بێ دەنگ نەبن.


توانا: ئێوە ئەندامن لەکۆمەڵەى هونەرى دیجلە هیچ هاوکارییەکتان دەکرێت لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە؟
میرساز: کەرکوک بەشێوەیەکى گشتى فەرامۆش کراوە کەرکوک وەکو مانگایەکى شیردار هەموو کەسێک دەیدۆشێت و شیرەکەى دەخوات بێ ئەوەى خزمەتى بکات کۆمەڵەى هونەرى دیجلەش لەکەرکوکە سەرەڕاى ئەوەى کەبەڕاستی کۆمەڵەى هونەرى دیجلە خزمەتێکی باش بەلاوان دەکات بەڵام بەداخەوە هیچ پشتگیرییەکى ئەوتۆ ناکرێ لەلایەن حکومەتەوە.


توانا: دوا وتەتان؟
میرساز: لەکۆتاییدا زۆر سوپاستان دەکەم و هیوادارم لەهەفتەنامەکەتان بابەتى هونەریتان زۆر بێ، هەر بژین بۆ دۆستایەتى هونەرو هونەرمەندان.