دەمامکەکانى هەڵبژاردن.
ژن کوژانى دوێنێ ئەوانەى فتواى کوشتنى ژنیان دەدا لە سەر پاراستنى شەرەف و ناموس و با نگەشەى ئەوەیان دەکرد کە لەکوردستاندا شتێک نیە ناوى پرس و کێشەى ژنان بێت کەچى ئەمڕۆ بوونەتە داکۆکیکەرێکى سەرسەختى مافەکانى ژنان دژى توندووتیژى و تیرۆرى ژنان قسەدەکەن و کێشە و پرسى ژن بەدیاردەیەکى زەق و سەرەکى کۆمەڵگا ناو دەبەن!!
سەیرە ئەوانەى تا دوێنى لە پەرلەماندا هەردوو دەستیان بەرزدەکردەوە بۆ هەموارکردنى بڕیارو یاساى فرە ژنى کەچى ئەمڕۆ دروشمى دژبە فرە ژنى بەرزکردۆتەوە!! رۆژگارێکى سەیرەئەوانەى دوێنێ لەشەڕەکانى ناوخۆدا دیل و زیندانیەکانیان بە بلۆک دەکوشت و بە پەرەمێز دەسوتاندو تێزابیان پیادا دەکردن و بەکۆمەڵ گوللە بارانیان دەکردن کەچى ئەمڕۆ باس لەمافى زیندانیان و مافى مرۆڤ دەکەن !!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى دوێنێ بەدڕندانەترین شێوە ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى کوردستانیان سەرکوت دەکرد و بە گوللە وەڵامى داواکاریە سەرەتایەکانى خەڵکیان دەدایەوە کەداواى ئاو کارەباو زێراب و دامەزراندن و هتد دەکردو ئەوخەڵکەیان بە شێت و ئاژاوەچى و تابورى پێنج و دەست لە پشتەوەبوو تۆمەتباردەکرد کەچى ئەمڕۆ خۆیانکردۆتە پێشڕەو پشت و پەناى ئەو خەڵکەو سوارى ناڕەزایەتەکانى ئەو خەڵکە بوون وبە خەڵک دەڵێن توڕەیى و ناڕەزایەتى و بێزاریەکانتان بکەنە دەنگ و دەستان لەناو دەستمان بنێن !!
ڕۆژگارێکى سەیرە هەرسەردەمەوچەند کەسێک خەڵکى کوردستان دەکەنە کێڵگەى تاقى کردنەوە و سوتەمەنى وقوربانى!!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى دوێنێ خەڵکى شۆڕشگێڕو هەژارو زەحمەتکێشى کوردستانیان بە سپڵەو سەگ و تەمەڵ ناودەبرد کەچى ئەمڕۆ هەر ئەوان خۆیان هەرهەمان خەڵکى کوردستان بە خەڵکى شەریف و خاوەن هەڵوێست و شۆڕشگێڕو ئازاو مەردوکارا ناودەبەن ڕۆژگارێکى سەیرە!!
ئەوانەى دوینێ لە نوکى پێیانەوە تا تەوقى سەریان غەرقى گەندەڵى وناعەدالەتى بوو پارێزەرێکى سەرسەختى ئەو سیستەمە دزێوە بوون و ئەوانەى لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى پێشوودا قوڕگى خۆیان دڕى هێندە هاواریان کرد بۆدەنگدان بە بەخەڵکى گەندەڵ و بەگەندەڵى وناعەدالەتى کەچى ئەمڕۆ دژى گەندەڵى قسە دەکەن و باس لە عەدالەتى کۆمەڵایەتى دەکەن!!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى دوێنى ئەندازاریانى شەڕى ناو خۆو براکوژى بوون وئەوانەى لەسەر گردو کەپک و دۆل َو هتد بە هەزارەها کوڕى ڕەش و ڕووتى ئەم هەرێمەیان بەکوشت دا وبە (عسا عما سەلە فێک)خۆیان لێ قوتار کردکەچى ئەمڕۆ بوونەتە ئاشتى خوازو باس لە فەلسەفەى ناتوندوتیژى دەکەن و چڵە زەیتونیان بە دەستەوەیەو کۆترى ئاشتى بە ئاسماندا هەوا دەدەن رۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى دوێنێ گەنجانى ئەم هەرێمەیان بە بێ پرۆژەو بێ خەون و نا ئەکتیڤ لە قەڵەم دەدا کەچى ئەمڕۆ هەر ئەوان خۆیان لاوان بە خاوەن پرۆژەو خەون و چالاک دەزانن و بە داینەمۆى شۆڕش و گۆرانکارى و نوێ بوونەوە ناویان دەبەن!!
سەیرە زۆر سەیرە ئەوانەى دوێنێ باسیان لەجیاکردنەوەى دین دەکرد لە دەوڵەت و دەرگاى مزگەوتەکانیان دادەخست لە سەر نوێژکەران و قورئان خوێنان کەچى ئەمڕۆ بوونەتە داکۆکیکەرێکى سەرسەختى تێکەڵاوکردنى دین و دەوڵەت و دەستورى کوردستانیش بەدین ڕەنگ ڕێژ دەکەن هەر ئەوانە لە مزگەوتەکاندا بوونەتە ئیمام و قورئان خوێن و پێشنوێژى دەکەن!!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى دوێنێ تا سەر ئێسک سەلەفیانە بیریان دەکردەوەو باوەڕیان وابوو کە دانیشتن و هاوپەیمانیکردن لە تەک هێزوو لایەنى مارکسى و عیلمانیدا کوفرێکى گەورەیە و ئەوانەى فتواى حەرامکردنى گۆرانى و هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکیان دەداو ئەوانەى تەوقە کردن و دانشتنیان لە تەک مرۆڤى مەشروب خۆردا بە (گوناهى کەبیرە) دەزانى کە چى ئەمڕۆ دەست لەناو دەست پێکەوە لە تەک ئەو هێزانەدا دادەنیشن و هەڵدەستن و لەتەک گۆرانى دەهۆڵى و هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکى گەرم و گوڕدا دەست لە ناو دەست هەڵدەپەڕن!!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى 18ساڵە بە بەرنامەى تۆکمە کار لەسەر بەحیزبى کردنى حکومەت و پرۆسەى پەروەردەدەکەن کەچى ئەمڕۆ بەڵێنى جیاکردنەوەى دەسەڵاتى حیزب لە حکومەت دەدەن و باس لە فەلسەفەى نوێ و تەندروستى پەروەردە دەکەن !!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەوانەى تادوێنى ئینکاریان لە بوونى کرێکار و کارگە دەکرد لە کوردستاندا کەچى ئەمڕۆ لێمان بوونەتە چەپ و داکۆکى لە کرێکار دەکەن و باس لە ڕۆڵى مێژووى کرێکارانى کوردستان دەکەن!!
سەیرە زۆر سەیرە ئەوانەى دوێنێ خەڵکى هەژارو زەحمەتکێشیان دەچەوساندەوەو ژیانێکى مەمرە مەژیان پێ ڕەوانەدەبینین هەروەها ئەوانەى دوێنێ کاسبکاران و دەست فرۆشانى لاى مزگەتى گەورەى سلێمانى و بازاڕى شێخڵڵاى هەولێریان ئەزیەت دەداو ڕاو دەنا و لە کارو کاسبیان دەکردن و عەرە بانەو مێزەکانیان دەشکاندن و زیندانیان دەکردن و هتد کەچى ئەمڕۆ دەست لەسەر سنگ بۆیان دەنوشتێنەوە و بانگەشە دەکەن و دەڵێن خەڵکى هەژارو زەحمەتکێش و کاسبکارانى کوردستان لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕین و خەباتێکدا ڕۆڵى گەورە یان بینیوەو جێگەى ڕێزو تەقدیرن و ئێمە هەرچیەکیان بۆ بکەین هێشتا کەمەو ناتوانین باداشتیان بدەینەوە !!
ڕۆژگاررێکى سەیرە ئەوانەى دوێنێ دەسەڵاتێکى ڕەهاى توتالیتاریان هەبوووئامادەگى دایەلۆگ و پێکەوە ژیان و یەکدى قبوڵکردن نەبوون و جیاوازیان قبوڵ نەبوو حەساسیەتیان هەبوو بەووشەى ئازادى و ئازادى ڕادەربڕین ئەوانەى دوێنێ ڕوناکبیرو ڕۆژنامەنوس و ئەدیب و هونەرمەندیان لە سەر نووسین و دەربڕینى بیرو ڕاى جیاواز دەدایە دادگاو غەرامەیان دەکردن و ئازارو ئەشکەنجەیان دەدان و هەڕەشەیان لێدەکردن و چاویان لێسوردەکردنەوە و تیرۆریان دەکرن و هەوڵى تیرۆرکردنیان دەدان و هتد کەچى ئەمڕۆبانگەشەى دیموکراسى و ئازادى و ئازادى بیرو ڕاو دەکەن و باس لە پاراستنى مافەکانى ڕوناکبیران و ڕۆژنامە نوسان و ئەدیبان و هونەرمەندان دەکەن!!
رۆژگارێکى سەیرە هەردوو حیزبە گەورە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان دواى 18ساڵ لەحکومڕانى تازە بەتازە بەڵێنى ڕەنگاوڕەنگى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەخەڵکى کوردستان دەدەن ئەى باشە ئەم 18ساڵە کێ دەستى گرتوون بۆ پێشکەشیان نەکردوە لە وماوە دوورو درێژەدا !!
ڕۆژگارێکى سەیرە ئەمەو چەندان وچەندانى تر
درۆشم و وادەو بەڵێنى دەمامکاوى تر کەمن پێم وایە ئەم دەمامکانە هەمووى
بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنەو بۆفریودانى خەڵکە ئەمە هەمووى شەڕى کورسى و
بوودجەو دەسەڵاتە وهیچى تر دەنا دواى هەڵبژارن هاوکێشەکە 180 پلە
دەگۆڕێتەوە ئەوبەهەشتە یۆتۆپیایەى وێنایان کردوە بۆخەڵکى کوردستان لە م
واقیعە دۆزەخاویەى کوردستاندا دیسانەوە دەبێتەوە هەمان واقیعى دۆزەخاوى
و لەمەشدا تەنها خەڵک باجەکەى دەدەت.
|