٤\٧\٢٠١٥
دەمەتەقێیەکی
نێوان سەلاحەدینی موھتەدی و کامیل ژیر.
کێشەی کورد و
مەسەلەکەی مەلای مەزبورە.
سەلاحەدینی موھتەدی
کامیل ژیر
موھتەدی: بیراز - من
عیراقم.. من عیراقم!
یادی بەخێر گۆرانی مەزن ھێندەی لەبواری شێعرو ئەدەب و ھونەردا داھێنەرو
بەھرەمەندبو، ھێندەش لە شێعرە سیاسییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ژیانیدا
لاڕێ و ناسەرکەوتوبو. بێ ھێزو بێ پێز. دور لەو جوانی و ئەوینەی
کەھەمیشە ئاوێتەی شێعرە نەمرەکانیبو! گۆران، گۆرانی رچەشکێن بەرلەوەی
لەسەر تەختی خەستەخانەو بەنەخۆشیی شێرپەنجە بمرێ، لەناو تابوتی شێعرە
حیزبییەکانی ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا نێژرابو.
ئەگەر ئەوڕۆ سەیری عیراقی سەردەمی کردبایە، گۆران دەبو بڵێ: من عیراقم،
من عیراقم، شیعە ئەو لاقم، سونە ئەم لاقم، کوردیش ناوگەڵۆزم لەپشتەوە
تەپوتۆزئەکا!
دوکتۆر رەفیق سابیری فەلسەفەو کۆمەڵناس چاکیبۆچوە کەدەڵێ: لەعیراقدا
یەک گەلی عەرەب نییە. دو گەل ھەیە، گەلی عەرەبی شیعەو گەلی عەرەبی
سوننە.
تابلۆ کۆنەکەی عیراق فەوتاوەو رەشبۆتەوە. تەرازوی ھێز گۆڕاوەو ئەو
حوکمانەی کەپێشو دەدران و پێشبینی دەکران بایەخ و برەویان نەماوە.
یەکێ لەو حوکمانە کەزیاتر لەھەشتا ساڵ وەکو گوناھێک دەرھەق بەگەلی کورد
دەدراو دەوترا تەقسیمی عیراقبو.
گوایە تێکۆشانی گەلێکی مافخوراوی داگیرکراوی دابەشکراو، بۆ دیاریکردنی
چارەنوسی خۆی، بۆوەرگرتنی ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیەکگرتنەوەی نیشتمان و
گەلەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تاوانێکەو سزاکەشی لەمێژە
سەپاوە، کوشتن و بڕین و دەربەدەری و کاولکاری.
دابەشکردنی عیراق و جیاوازخوازی، کرابوە پەڵەیەکی رەش بەسەر تەوێڵی ھەر
کوردێک کە چوکەترین پەلەقاژەی کردبایە بۆ پساندنی زنجیرەکانی دەست و
پێی. تەنانەت بەبێ ئەم پەلەقاژەش کوردبون ببوە بەڵگەی جیاوازیخوازی.
چونکە راگوێستن و ئەنفال ژن و منداڵی جاشەکانیشی گرتەوە!
دوای روخانی رژێمی سەدام و دوایئەوەی کەسەری ئەو مەنجەڵە ھەڵدرایەوە
کەکۆمەڵگەی عیراقی تیادا نرابوە سەر ئاگر، دەرکەوت کە لایەنگرانی
تەقسیمی عیراق ئەوەندە زۆرن و ئەوەندە سورن کەکەس کوردی ھەر لەبیر
نەماوە!
ئێستا شیمالی وەتەنی حەبیب بۆتە روگەی پیرۆزی تووریستان یاحەشارگەی
ھەڵاتو لەدەس تیرۆرستان، ھەردولاش عەرەبە ناسیۆلیستە سەرکوتکەرەکەی
جارانن کە بەتاوانی تەقسیمی عیراق ئەنفالیانکردین و ئێستا خۆیان
خوازیاری تەقسیمن!!
نەمانی سەدام حەقیقەتێکی بۆجیھانی ئیسلام و عەرەب و ئەوروپاو ئەمریکاو
دنیای دورو نزیک دەرخست کەکورد لەمێژبو دەیزانی کەچی گوتنەکەی کفربو،
ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی عیراق چێشتی مجێورێکە ناڕێک و ناتەبا،
نائاسایی و نایاسایی کە یا بەزەبری شمشێرەکەی حەجاج یا بەکیمیاکەی
سەدام قابیلی راگرتنە.
کورد قازانجی کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکرنییە. کوشتارە
فراوان و بێڕەحمەکەی شارەکانی عیراق تازە خەریکە چاوە قونجاوەکەی
سیاسەتمەدارانی جیھان ھەڵدێنێ و تازە تێدەگەن و لەخۆیان دەپرسن ئەگەر
عەرەبی عیراق لەگەڵ یەکتر وادەکەن دەبێ لەگەڵ کورد چییانکردبێ؟
سەربڕینی رۆژانەو زکدڕینی بێ دەسپاراستن و بێ خۆفی خواو خەڵک لەکوچەو
کۆڵانەکانی شاری بەغدا تازە خەریکە مەعنای ئەنفال و گۆڕی بەکۆمەڵ و
دەشتی عەرعەر دەردەخاو تەفسیرێک و تەسویرێکی واقیعیانە دەداتە دەست
لەوەحشیگەری بێ سنور. لەدڕندەیی و خوێنخۆری ئەم جانەوەرە دو پێیە!
ئەمجارە دنیا دەزانێ ئەنفال درۆی ھەڵبەسراوی کوردەکان نەبو. نە
لەژمارەی قوربانیان و نە لەچونیەتی تاوانەکەدا زێدەڕۆیی نەکراوە.
بیابانی عەرەبستان ھیچ، لەخاکی کوردستانیش لەدھۆک و چوارقوڕنەو خوا
دەزانێ لەکوێیدیکەش بەکۆمەڵ کوژراوبن و نێژراوبن!
گەلی کورد بەدرێژایی شۆڕشە درێژخایەنەکەی دەستی درێژنەکرد بۆ جینایەتی
ژن و منداڵ و مەدەنی بێ تاوان کوشتن. ھەربۆیەش ئەوڕۆ سەرەڕای ئەو
رابوردوە خوێناوییەیان عەرەب پەنا دێنن بۆکوردستان. بۆکارو ژیان.
بۆحەسانەوەو حەوانەوە. بۆئەمن و ئاسایش بەڵام ھیچیان ناوێرن رو بکەنە
لای برا عەرەبەکەی دیکەیان تەنانەت ئەگەر لەیەک عەشیرەتبن و نیوەیان
شیعەو نیوەیان سوننەبێ!
بەڵێ کورد قازانجی کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکرنییە.
ئەمجارەیان ئاڵای تەقسیم خەڵکیدیکە ھەڵیگرتوەو شەڕی ناوخۆ لەناو دو
لایەنە عەرەبەکەدایەو لەسەر گۆڕەپانی عیراق یەکتر دێنن و دەبەن. کوردیش
وەک مەلای مەزبورە لەوناوە وێستاوەو بۆ ھەر ڕوداوێک ئامادەیە- رۆژنامەی
ئاسۆ ژمارە٢٧١ رۆژی ٣/٩/٢٠٠٦ ل٢.
ژیر: بیراز - من عیراقم و ئاشەکەی مەلای
مەزبورە.
ئەشێ برای خۆشەویستمان کاک سەلاحەدینی موھتەدی ئاگاداری بیرکردنەوەی
ھەندێ لەسیاسەتکارانی ئەو سەردەمەی ئەم دەڤەرە نەبێ کەگۆران ھۆنراوەی
(من عیراقم)ی تێاوت کە ئەوسا وتووێژی ھاوڕییان و ھەڤاڵان بەمجۆرەبو:
- ئەمانە چین راستبونەتەوەو داوای چوار پارچەکە ئەکەن؟
+ بەچواریش داناکەون، داوای پێنج ئەکەن!
- کێن؟
+ کۆمەڵێکن، کۆنەپەرست، شۆڤێنی، جیاخواز!
- چۆن؟
+ کۆنەپەرستن، چونکە بیر لەسەربەخۆیی کوردستان ئەکەنەوە وەک بیرکردنەوە
کۆنەکانی سەردەمی مادو خەیاڵی ھۆنیارانی وەکو خانی و کۆیی تائەگاتە
رەنجە بێوەرەکانی شێخ مەحمود. ئاخر ئەمڕۆ سەردەمی پێکەوەژیانی گەلان
نیە!؟ ئایا ھیچ نیشتمانێک ئازادو ھیچ گەلێک بەختیارە وەک یەکێتیی
شورەوی مەزن کە لەچەندین نەتەوە پێکھاتوە؟
شۆڤێنین، چونکە باوەڕیان بەبرایەتیی رەگەزە جۆراوجۆرەکان نیە!
جیاخوازن، چونکە ئەیانەوێ کۆمارە کۆرپەکەی چواردەی تەموز دولەتبکەن!
جگەلەوانە، کوا کێئەڵێ ئێمە مەرجی بونەنەتەوەمان تیایە؟ ئێمە بەپێی
مەرجەکانی ھاوڕێ ستالین، لە کەمینەیەک بەولاوە چیتر نین. کەمینەکەش
ئەبێ لەخزمەت زۆرینەدابێ و ئەگەر پێویستیکرد، بکرێتە قوربانی ئەو
زۆرینەیە. ئەی ھەرێتیی مێژو (حتمیە التاریخ) تواندنەوەی نەتەوەکان نیە؟
ئەی نەتەوایەتی خۆی لەخۆیدا قۆناغێکنیە لەمێژودا!؟
- ئەم کۆمەڵە ناویان چیە؟
+ کورد کوژە.
ھەڵبەت ئێستە جێی شانازی و دڵخۆشییە بۆ ھاوبیرانی کوردایەتی کە دوای
پەنجا ساڵێک و لەم سەردەمەدا، ژمارەیەکی بەرچاو، لەھاوڕێ و ھەڤاڵانی
(بیرە زانستییە پێشکەوتنخوازەکان!) وەک بیرکردنەوەی (کورد کوژەکان)
ئەنوسن و رێگە بە برامان سەلاحەدینی موھتەدی ئەدەن، ھۆنراوەکەی گۆران
(من عیراقم) بیرازبکات و باس لەئازادی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی
نیشتمان و گەلەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بکات وەک لەلاپەڕە
٢ی ژمارە ٣٧١ی رۆژنامەی بەڕێزی ئاسۆدا ھاتوە. ھەرچەندە مامۆستای
موھتەدی، لەکۆتایی وتارەکەیدا، باش نەیپێکاوە کاتێ ئەڵێ: (دەرکەوت
لایەنگرانی تەقسیمی عیراق ئەوەندە زۆرن، ئەوەندەش سورن، کەس کوردی ھەر
بیرنەماوە) کە لەڕاستیدا ھۆکە ئەوەنیە، بەڵکو بۆیە کەس کوردی
بیرنەماوە، چونکە سەرانی پارتییە دەسەڵاتدارەکان، بەپێچەوانەی خواستی
نەتەوەی کوردو جەماوەری پارتییەکانی خۆشیانەوە، نەک ھەر بەلای بانگەشەی
تەقسیمی عیراقدا ناچن، بەڵکو بونەتە مامە خەمەی عیراقی یەکگرتو! بەجۆرێ
کە لەعیراقی عیراقیترن و لەھەوێنی نۆ قازان شیر، زیاتر خۆ ئەکەنە
ھەوێنی ئاشتکردنەوەی ئەو لایەنانەی بەدرێژایی مێژو کوردیان قڕکردوە.
ھەروەھا برای موھتەدیمان، لەوەشدا نەیپێکاوە کەئەڵێ: (کورد قازانجی
کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکر نیەو وەک مەلای مەزبورە لەو
ناوە وەستاوەو بۆ ھەر روداوێک ئامادەیە) کە بۆ کورد، پێچەوانەی
(وەستان) راستە. کورد ئەبێ بۆ رزگاری و سەربەخۆیی، خۆی ببزوێ و
چاوەڕوانی قەدەری غەیب و بەزەیی ئەموئەو نەکا. ئەگینا ئەگەر لەم گەرمەی
شپرزەیی و شەکەتییەی ئەوانەدا، گورزی کاریگەری شێخ رەزایانەی خۆی
نەوەشێنێ، ئەوا کە (گەمەکە) کۆتایی ھات ، بە ڕێکەوتن، یا سەرکەوتنی
لایەکیان، ئەوسا ئاشەکەی مەلای مەزبورەی کورد، وەرئەگەڕێ و سەری شکاوو
بنی دڕاو بۆئێمە ئەمێنێتەوە!- رۆژنامەی ئاسۆ ژمارە ٢٨١ رۆژی ٢٦/٩/٢٠٠٦
ل٢.
موھتەدی: بیراز - دەمەتەقە نەک دەمەقاڵە!
لەنێوان ھاوین و پایزی ساڵی ١٩٦٢لەسەر بریاری یەکێتیی خوێندکارانی
کورد، کۆلێجی حقوقی زانکۆی تارانم بەجێھێشت و ھاتمە ناو شۆڕشی
کوردستانی عیراقەوە کە تازە ساڵێکبو سەری ھەڵدابو.
سەرتان نایەشێنم ٢ ساڵ پێشمەرگەیەتیمکرد بەڵام بەقەت سەد ساڵ شانازی و
ئەزمونم پێبەخشراو ھەژار گوتەنی ئەمە چەرخی بە ھەمو ژینمدا! من
بەرلەھاتن بەنھێنی ئەندامی کۆمیتەی تارانی حیزبی دیموکراتی
کوردستانبوم، بەڵام لەراستیدا خۆم بە دەروێشی تەریقەتی کوردایەتی پێش
پارتە خودموختاری خوازەکان دەزانی و شەوو رۆژ خەریکی خوێندنەوەو
لێکدانەوەی بەسەرھات و مێژوی خۆیبون و ھیواو ژ.ک بوم.
باوکم لەبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی ژ.ک و لەڕیزی وەزیرانی کابینەی
پێشەوابو، جگە لەعەرەبی و فارسی مامۆستای زمان و فەرھەنگ و ئەدەبی
کوردیشبو.
من لەمنداڵییەوە بەو بیرە گۆچمگرتبو، ھەر کەھاتیشم بۆ کوردستانی عیراق،
لەناو ریزەکانی حیزبی دیمکراتدا خەڵکی وام زو پەیداکرد کە ھاوباوەڕو
ھەم مەسلەکبوین، زۆری پێنەچو لەم کوردستانە ئازادە لەسەرەتای ساڵی ١٩٦٢
بەنھێنی رێکخراوێکمان بنیاتناو ناوماننا کۆمەڵەی رزگاری کوردستان.
لەمەرامنامەکەیدا نوسیمان کورد یەک نەتەوەیەو کوردستان یەک نیشتمانەو
کێشەی کورد چارەسەری یەکجاری ناکرێ بەبێ پێکھێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی
سەربەخۆو یەکگرتو.
بڕێک لەھاوڕێکانم دو سێ ساڵ بەرلەمن ھاتبون و دانیشتوی سلێمانیبون و
دۆستوئاشنای زۆریان ھەبو. یەکەمجار ناوی کاژیکم لەوان بیستبو، زۆرم
ێخۆشبو بیانبینم و بیانناسم. بۆم ھەڵنەکەوت تا رژێمی عەبدولکەریم قاسم
روخاو ئێمەی پێشمەرگەش رێگەمان پێدرا بۆ چەند رۆژێک بچینە سلێمانی.
بۆمن خەونێکی خۆشبو کە دەھاتەدی!
من خۆشەویستیی سلێمانیم وەک زۆر شتیدی لەباوکم بۆ بەجێمابو. لەبیرمە
ھەمیشە ئاخی ھەڵدەکێشاو ئارەزوی دەکرد زانکۆیەک لەسلێمانی دامەزرێ و
ئەویش دەرسی زمان و ئەدەبی کوردیی تێدا بڵێتەوە!
لەو سەفەرەی سلێمانیم بۆیەکەمجار چەند گەنجێکی ھاوتەمەنی خۆمیان
پێناساندم کە سەر وەقتابخانەی کاژیکبون. نەمدەزانی پلەو پایەی حیزبیان
چیەو چەندە، بەڵام زۆر وێچون و ھاوسانیم بەدیکرد لەبیرکردنەوەو
ئامانجەکانماندا.
ئەو گەنجانە باسی (کامیل ژیر)یان بۆکردم کە ناویم زۆر بیستبو بەڵام
ھیچم لێنەخوێندبوەوە، دواتر نامیلکەیەکی ئاوێتەی شێعرو پەخشانم دەسکەوت
و توانیم چیایەکی سەرکەشی ئاگرپژێن بخەمە ناو جانتای ھەمیشە بەکۆڵی
پێشمەرگەییمەوە. نامیلکەیەک کە دەیگوت کوردایتی ھەم ئامانجەو ھەم
قۆناغ! (ببورە، وتبوم قۆناغ نییە- ژیر) دواتر لەوبارەوە شتێکم لە حەمەی
مەلا کەریم خوێندەوە کە خۆشەویستی و بایەخی ئەم چیا ئاگرینەی لەبەرچاوم
بەرزترو مەزنترکرد.
بەمجۆرە کامیل ژیری (کورد کوژە) لەلای من بوبە بیرمەندێکی ئەو رێبازەی
کە خۆشم رێبواریبوم.
ساڵ ھات و ساڵ رۆیی و سەرەڕای ئارەزوی زۆرم، چەرخی چەپگەردو سنوری
دەسکردو زیندان و پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی بەردەوام، دەرفەتیان پێنەدام
بۆ دانیشتنێک و دیدارێک و دوانێکی تەسەل و تاسەشکێن.
دوای چل ساڵ لەناکاو لەرۆژنامەی ئاسۆدا کەھەمو ھەفتەیەک من ستونێکم
ھەیە بەناوی (بیراز) نوسراوێکم دیت لەسەر خۆم و نوسراوەکەم بەئیمزای
مامۆستا کامیل ژیر، ھەمو بیرەوەرییە کۆنەکانم لەلا زیندو بوەوە.
ئەمجارە کامیل ژیر تێکۆشەری دێرین، زانای سیاسەت و مامۆستای کوردایەتی،
گەردالێک بەفری تەمەن، لوتکەی چیا ئاگرینەکەی پێ کردوە بەڵام ساردی
نەکردۆتەوە. قەڵەمی ھەروا بەبڕشتە، قسەی ھەر وا رەق و کینەی بەرامبەر
نەیارانی کۆن ھەر وا ئەستور!
زۆرم پێخۆشبو کە نوسراوەکەیم خوێندەوەو زۆریشم پێخۆشبو کە زانیم ئەو،
نوسراوەکەی منی خوێندۆتەوە چونکە ھەر لەلای گەوھەرییە قیمەتی گەوھەر!!
دەمەوێ چەند شت عەرزی مامۆستای خۆم بکەم:
١- منیش کەمتاکورتێک ئاگاداری چەندوچونی ئەم
رۆژگارە ھەم کە گۆران شێعری من عیراقمی تێدا گوت و منیش ھەمیشە لەڕیزی
تانەبێژان و تەوسھاوێژانیدابوم، ئەمەیان گۆرانی سیاسەت و حیزبایەتی
دەگرێتەوە، بەڵام پێمخۆشە ئەمەش بڵێم کە من یەکێک لە ھەرە ستایشکەران و
لایەنگرانی گۆرانی شاعیرم. پێموایە دوای نالی کەس بەقەت گۆران
نەیتوانیوە کاریگەری ھەبێ لەسەر شێوازو رێبازی شێعری کوردی. یەکێک
لەوکەسانەم کەوەک رەخنەگرێکی سەوداسەری ئەدەب، لەدامەزران و گەشەپێدانی
شێعری نوێی کوردی لەکوردستانی رۆژھەڵات و لەسەر ئەو رچەی کە گۆران
شکاندبوی، دەستی باڵاو دەوری بەرچاوم ھەبوەو شانازیشی پێوەدەکەم.
٢- منیش لەگەڵ مامۆستا کامیل ژیر ھاودەنگ و
ھاوڕام کەبەشێک لەچەپی کوردی لەڕابوردودا لەبواری خزمەت بەنەتەوەکەی و
بڵاوکردنەوەی بیری رزگاریخوازی و بەشداری لەم خەباتە پیرۆزەدا، توشی
زۆر ھەڵەو ھەڵدێربوەو گەلێکیش عەیبوعاری ھاتۆتەوە سەر، بەڵام دو راستیش
دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، یەکەم ئەوەیە کە ئەم رەخنەو لۆمەیە ھەمو چەپێک
ناگرێتەوە، بەپێچەوانە، ھەزاران و ھەزاران کوڕو کچی گەنجی کورد -
لەئۆردوگای چەپ - لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و بە ھاواری بژی کوردو
کوردستان ( بەعەشقەوە چون بەرەوپیری مەرگەوە).
دوھەم ئەوەیە لەزۆر جێگای ئەم کورەی زەوییە، بزوتنەوەو بەرەی
چەپ ئاڵای رزگاریی نیشتمان و دەرکردنی داگیرکەری بەرزکردۆتەوەو بە
ئامانجیشی گەیاندوە. ئەمە بەشێک لەچەپی
خۆماڵی دەستەمۆو دەسخەڕۆی دەسەڵات و سیاسەت و بەرژەوەندو فەرھەنگ و
سامانی بێگانەی دورو نزیکبون کەباوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازیان لەناو
میلەتی کوردا وا دزێو و رزێوکرد کە ئەوڕۆ کەس ناوێرێ خۆی لێبکا بە
ساحێب!
مامۆستای ئازیزم! دەمەوێ ئەم نوسراوەیەم دیالۆگێکی دۆستانەو
دەمەتەقەیەکی خۆمانەو خۆشەویستانەبێ و دوربێ لە دەمەقڕەو دەمەقاڵە!!
ھەر بەو نیازو خۆزگەشەوە ئەم چەند دێڕە دەنوسم بەڵکو تامەزرۆشکێنی
عومری رابوردوم و رێگا خۆشکەری دۆستایەتی دیداری ئەم سەردەمەمانبێت -
رژنامەی ئاسۆ ژمارە ٢٨٣ رۆژی١/١٠/٢٠٠٦ ل٢.
ژیر: ھەر دەمەتەقەیە نەک دەمەقاڵە.
ئەمڕۆ نۆ ساڵێک بەسەر ئەم دەمەتەقەیەدا تێئەپەڕێ. لەم ماوەیەدا،
بەخۆشییەوە،چەند جارێک بەدیداری یەکدی شادبوین. جێی خۆیەتی لەدەمەتەقەی
ئەمڕۆماندا، ئاوڕێک لە رابوردویەکی نزیکمان بدەینەوەو بپرسین ئاخۆ
کوردە خەوتوەکانی ھاوشێوەی (اێحاب الکھف) بەخەبەر ھاتون!؟ یا ئەمانیش
بەتەمای ٣٠٠ ساڵ خەوی غەفڵەتن!؟
ئاخر ئەوەتا ئێستەش پارتە خودموختاریخوازەکانی رژھەڵات بە بادەی
یەکێتیی خاکی ئێران مەست و حەیرانن! ھەروەک ئەوانەی باکورو رۆژئاوا کە
شوێن کڵاوی بابردوی دیموکراتیک کەوتون و سەربەخۆیی رەتئەکەنەوە! یا وەک
ئەوانەی باشور کە خۆیان بە گەمەی فیدراڵی ئەخەڵەتێنن!! تۆ سەیرکە،
ئێستە قەوانێکی تازە کەوتۆتەکار! ئەڵێن: ئێمە گەندەڵی و تەنگژەی ئابوری
و کێشەی کارەباو نەدانی موچەو چی و چیمان بۆ چارە ناکرێ، ئیتر
سەربەخۆیی چێ!؟ ئەمانە قسەی راستن، بەڵام عەرەب واتەنی: وشەیەکی راستە
بۆمەبەستێکی پوچ (کلمە حق یراد بھا الباگل) راستتر ئەوەیە ئەو دیاردە
ناپەسندانە، نەبونیان باشترە، بەڵام بونیان، رێگە لەسەربەخۆیی ناگرێ،
بەڵکو لەقەوارەیەکی سەربەخۆدا، ئەو دیاردانە ئاسانتر چارەسەر ئەکرێن.
وەڵامێکیش بۆئەوانەی چاوەڕێی گۆدۆی ئەمریکا ئەکەن گوایە سەربەخۆییمان
بۆ دەستەبەر بکا!! ئەڵێین: ئەمریکا تائێستا سەربەخۆیی بۆ چ نەتەوەیەک
دەستەبەرکردوە!؟ ئەو ئەمریکا ئەفسانەیە، وەک مەلای مەزبورە، وەستاوەو
ھەرچی سەرکەوت، ئەو ئەبێتە لایەنگری! ھەرچیش ژێرکەوت، ئەو سواریئەبێ!.
بۆئەوانەش کە لەئابڵوقەی ئابوری تۆقیون ئەگەر جاڕی سەربەخۆییماندا،
ئەڵێین: ئێوە ئەتانەوێ ماسی بگرن و قاچیشتان تەڕنەبێ!؟ مەترسن!
ئابڵوقەی ئابوری لەھیچ کات و جێیەکدا سەرکەوتنی بەدەسنەھێناوە..
بەکورتی و بەکوردی، وەڵامێکی گشتی بۆ ھەمو
ئەو بڕوبیانوانە ئەوەیە: لەنەبونی سەربەخۆییدا، ئەمەی ھەیە، ئەوەش
نامێنێ و مەرگەساتی چەندین ئەنفالیتر چاوەڕوانمان ئەکات! با شەڕە
سەگەکەی نێوان خۆیان بەلایەکدا بکەوێ، ئەوسا ئەبینین چۆن دێنە وێزەی
ئێمەو ئەمریکاو ئەوروپاو روسیای دۆستانی دێرینی ئەتاتورکەکان، ئەبنە
لایەنگری ئەوان!. لەبەرئەوە، کاکە موھتەدی: دوبارەی ئەکەمەوەو ئەڵێم:
نابێ وەک مەلای مەزبورە رابوەستین و چاوەڕێی کەوتنی لایەکیان بکەین.
ئێستە لەم کاتی پێکھەڵپژاندنەی ئەواندا، گورزی رۆستەمانەی خۆمان
نەوەشێنین، دوایی ھەلەکە لەدەسئەچێ و ھەزار کاڵەک بەئەژنۆ بشکێنین،
پولێک ناھێنێ!!
ئەمڕۆ ١\١٠\٢٠١٥
من مردوو و ئێوە زیندوو!
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|