په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دەنگ بە هیچتان نادەم.. هیچتان راستناکەن.. هەمووتان ناعادیلن.....!!

   
پەخشانەشیعرى:   

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


بە دیوى شەخسی خۆمدا: لەوەتەى بیر دەکەمەوەو هاتوومەتە ژیانەوە، دەچەوسێمەوە، لەنێو هەژاران و هەناسەساردو بێنەواو خەیاڵپڵاوەوە خەونى زەردو سوور دەبینم.. کە منداڵ بووم خەونم بە پایسکیلێکەوە دەبینى، هەر بۆیان نەکڕیمچونکە باوکم هەژار بوو پارەى نەبوو.. کە گەورە بووم بوومە جگەرە فرۆش و لەوەسشەوە فێرى جگەرەکێشان بووم هەتا هەژدە ساڵ خزمەتى کێشانم تەواو نەکردو زۆرم زەرەر نەکرد بۆم تەرک نەکرا.. بە گەرەیی پایسکیلەکەم لە پارەى پاکەت فرۆشتن بۆ کڕدرا بەڵام دواى دوو هەفتە ئاژۆتن سەیارە لێیدام و لەو رۆژەوە قینم لە سەیارەش هەستاوە..


لە منداڵییەوە هانیان دەدام خوێندن تەواو بکەم.. بەڵێ بە هەزار کوێرەوەرى کۆلیژى ئاداب، بەشی کۆمەڵناسیم تەواو کرد، بەڵام سەربازى و دواجار فیرارى نەمتوانى تاقە یەک رۆژیش دەوام بکەم و مووچەم هەبێت.. پاش شازدە ساڵ لە هەندەرانەوە بە خۆم و دوو فەرهەنگەوە گەڕامەوە نیشتیمان وامزانى هەر بە زیندوویى پەیکەرم بۆ بونیاد دەنێن، کەچی هەتا یەکێکیان لە دەزگایەک بۆ چاپکردم قیر وتى چەق.. نزیکەى سێ ساڵە ناوى خۆم لە مکتب عەمەلى سلێمانى دامەزراندووە کەچی کەسیش پێم ناڵێت کەرت بە چەند...


سەرکردە زۆرەکانى کوردستانى هەشبەسەر: هەرگیز سوودمەند نەبووم لێتان، منیش وەکو خێزانى شەهید فەرامۆشکراوم، ئەوانەى کە دوێنێ زمانى کوردیشیان دەزانى و دەهاتنە لامان بۆ پێداچوونەوە ئەمڕۆ بەڕێوەبەرو شۆفێرى مۆنیکان.. لە ڤێلادا کۆنتڕۆڵى چەندەها سپلیتى ئاخر مۆدێل لە دەستى نەرمونۆڵیاندایە..ئەوانەى دوێنێ هاوڕێی چاخانەمان بوون ئەمڕۆ وەڵامى سڵاومان بە لالووتێکەوە دەدەنەوە.. وەڵامى تەلەفۆنمان ئەوە هەر نەو..!! چونکە ئەوان پلەى حیزبیان هەیەو لە ئاڵتوون دروستبوون و ئێمەش لە قووڕى قڕگە ( چونکە ئەمڕۆ لەو دەڤەرە کرێچیم)..


ئەوانە گلەیی و گازندەى سووکەڵەى بەندە بوون لێتان، بەڵام گلەیی قورس ئەوەیە کە من سێ ساڵ لەمەوبەر بە فکرەى پرۆژەوە چوومە لاى سەرۆکى هەرێم و شاهیدو وێنەم هەیە، تەنها ماندووبوونم بۆ مایەوە.. نزیکەى حەوت کتێبى چاپکراواى خۆم و براو خوشکم بۆ برد.. خەرجى ڕێگاى سەیارەى تایبەت لە سلێمانییەوە بۆ سەرى رەش لەسەر بەندە بوو.. بەڵام پەیمانى ناڕاستم پێدراو هاتووچۆى هاوینەى تاقەت پڕوکێنم بۆ مایەوە.. بۆیە ئەمڕۆ ئەوە دەڵێم کە سەرۆکى هەرێم قەرزارى دونیاو قیامەتى منە.. سەردان و ماندووبوونم بۆ ئەو رێگایەو پێشکەشکردنى ئەو کتێبانە بۆ ئەوو دکتۆر فوئاد حوسێن بە با چوو.. داخیگرانم هەرگیز لە ژیانمدا ئەو جۆرە هەڵانە ناکەمەوەو ئیمان و بڕوام بە کەستان نییە..
بەڵام بە دیوێکى گشتیتردا:


هەمووتان لەخشتە بەرى خەڵک و میللەتى خۆتانن..
هیچتان راست ناکەن.. ئێوە براى درۆن
کەستان گەرمى و ساردى ئەم زێدە تاقەت پروکێنە ناچێژن..
کەستان توانج و قسەى ناشیرینى ساحێب خانووتان نەدیووە..
ئێوە ژانى شەهیدبوون و مەرگى ناوادەى
جەرگ و کەسی نزیکى خۆتان نەدیووە..
هەتیوویتان نەچەشتووە..
کوڕەکانتان زللەى مەچەک زلێکى عەرەبی
باشوورى بەعسییەکانى
لەسەر گۆرەوى سپى
یان ریشێکى داریوشیانە نەخواردووە..


کە ئێستاکەش گوێیەکى کەڕ بێت و خواش چاکى نەکاتەوە.. ئێوە برسییەتى شەوانى زستانى نەوەدەکانتان نەبینیوە، هەڵاوى خەڵووز داگیرسانى شەوانى تارى نەوەدەکانتان نەبینیوە.. بۆیە هەست بە ژانى خێزانى ئەنفالەکان ناکەن.. هەست بە خۆڵە تۆزى کەلارو کفى و رزگارى و گەرمیان ناکەن.. هەست بە بێنەوایی و حیرمانى مناڵە هەژارە زۆرەکان ناکەن کە هاوینان پێڵاو بۆیاخ دەکەن و عەلاگە دەفرۆشن، بەدەم جگەرە کێشانەوە سیدى فیلمى ڕووت دەفرۆشن.. ئاگاتان لە هاوارى پیرەمێردەکانى بەر دەرگاى مزگەوتەکان نییە کە شقارتەى سەخیف دەفرۆشن.. یان لە شەوانى زستاندا لەسەر مقەباى لاکۆڵانان دەخەون..


سەرکردە بەڕێزەکان،
دەنگ بە هیچتان نادەم،
هیچتان مرۆڤدۆست و مناڵدۆست و
ژندۆست و
نەخۆشدۆست و ئەنفالکراودۆست نین..
ئێوە چاوتان بە هەژاردا هەڵنایەت،
بۆیە ناتوانن یەک چرکەش بە راگوزەر سەریان لێبدەن..
ئێوە بوغراى نێو تەلارو ڤێلاو کێڵگەو مێرگە سەناعییەکانن..


سەرکردە بەڕێزەکان، هەمووتان بێ جیاوازى، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.. هیچتان جیازیتان نییە.ز هەمووتان هەر قسە دەکەن.. قانگتان داوین بە فەلسەفەى هەرتەقەو هیچگەرا.. حەیاى درۆتان بردووە... رووى درۆتان سپیکردەوە... ئێوە یەکەمین دڵسۆزو دواهەمین دڵسۆزى ئەم وڵاتە نین.. بەڵکو بە پێچەوانەوە.. ئێمەى نووسەرانى رەخنەگرو راستی بێژ و هەقبێژ.. ئێمەى هەوادارانى سپینۆزاو رۆسۆو دیکارت و عەلى وەردى و ماغوت و کانت و گاندى و ماندێلاو جیڤارا، زۆر لە ئێوەى سەرکردەو سەرۆک و مەلیک و پادشاو میرى ئەم هەرێمە قوڕبەسەرە دڵسۆزترین... ئێمە لەگەڵ گۆرانییەکى شڤان و ماملێ و سروودێکدا دڵمان دەگرى و لەچاومانەوە فرمێسک دەکات عبوور....


ئەم نیشتمانە ئازیزو بریندارەمان
لە ئێوە زیاتر خۆشدەوێت،
چاومان نەبڕیووەتە خێرو بێرو نەوت و سامانەکەى،
تەنیا نیگایەکى شیرینى گۆیژەو قەرات و
باوەگوڕگوڕو پردى دەلالمان بەسە..
قومێ ئاوى سەرچنارو عەلى بەگ و ئەحمەد ئاواو
زێی بچووکى دهۆکى جوانمان بەسە..


هەر ئەوەش وامان لێدەکات کیشوەرەکان ببڕین و پارە بۆ سەفەرى بینینەوەى نیشتمان کۆ بکەینەوە.. زۆربەمان بە مانگیش گۆشت و پۆشاکمان نەکڕیووە بۆوەى خەرجیمان بەش و تێرى سەفەرو مانەوەى زیاترى دیتنى نیگاو دیمەنى گەرم و بێوێنەى کۆڵان و شەقام و درەخت و کوڕوکاڵ و هاوڕێ دێرینەکانمان بکات..


ئێمە قەناعەتمان بە خۆڵ و تۆزەکەی نیشتمان هەیە.. بۆیە ئەمێستا لە گەڕەکە هەژارنشینەکان ژیانى کرێچێتى بەڵام سەرفرازى و سەربەرزى دەبەینەسەر.. ئێمەومانان: وانەکانى پێشەواى قازى و شێخ ئەحمەدى بارزانى شێخ مەحمود و مەلا مستەفاو شەهید ئارام و ئیبراهیم ئەحمەد فێریان کردووین کە خۆمان لە منداڵێکى بۆیاخچى و پیرەمێردێکى بنێشت فرۆشی ئەم نیشتمانە بەزیادتر نەزانین..


ئێوە یارمەتیدەرو هاوڕێی ئەوانەن کە نادڵسۆزن و وەفایان بۆ باوانى خۆشیان نەبووەو لە هێلانەى خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.. زۆرینەتان وەکو مرۆڤێکى هەژارو نیشتمانپەروەر هەڵسوکەوت ناکات.. ئەوانە دەپارێزن کە هەمیشە هەر خەریکى گەندەڵى و دزى و ماشینەوەو داوێن پیسین، ئەوانەى کە گوێیان مسی تیایە و چاویان کوێرەو دەمیان لە جنێو و قسەى ناشیرین زیاتر ناتوانن هەقبێژى و راستگووتن بێژن.. ئەوانەى کە چاوچنۆکن بەرامبەر ژنە شەهیدو گێچەڵى سێکسیان پێدەکەن..


سەرکردە بەڕێزەکان، لەگەڵ هەمووتانمەو کەمێکتان نەبێت ئیدى کەستان لەدەرەوەى ئەم نووسینەدا نین.. هەمووتان بەشدارن لە ناخۆشی ژیان و بێتامکردنى ماناکانى ژیانى زۆرینەمان.. بۆیە دەنگ بە هیچتان نادەم، چونکە زیاتر لە پێنج ساڵە دێم و دەڕۆم و چاوم لێتانە، ئەم وڵاتەى پاش هەژدەساڵ بەڕێوەبردن قابیل بە بەراورد نییە تەنانەت لەگەڵ سوریاى بەعسیى و ئێرانى کۆنە ئیسلامى و کۆنەخوازیشدا.. ژیانى خەڵکانى بێگوناهى پیچش راپەڕین خۆشتربووە وەکو زۆرینەى شۆفێرى تەکسی و پیادەى سەر شەقامەکان دەیگێڕنەوە..


بەڕێزان، باوەڕ دەکەن یان نا، ئارەزووى خۆتانە، بەڵام ئەوەى دەیبینم زاڵبوونى هزرو بیرو کردەوەى عەشوائی و عەشایرى و نەزانى و جەهالەتى و رەمەکى و سۆزدارانەى زۆرینەى توێژو چینەکانە.. زۆرینەى کچان و کوڕانى لاوانى بێدەرەتانە.. مەخابن و ئەفسووس لە هەموو لایەکەوە.. لە هەموو شوێن و جێگەیەکدا.. زاڵبوونى بیرى ناکۆک و یەکتر قبوڵنەکردن و ناتەبایی بەرکەماڵە لە هەموو جومگەکانى کۆمەڵگادا.. کێشمەکێشى دژو دژوارە لە نێوان تاکەکان و چینەکان و ژن و پیاوو پیرو گەنج و منداڵ و مێردمنداڵ و گەورەو بچووکە لە نێًو خێزان و گەڕەک و بازاڕو قوتابخانەو داییرەو لە سەنتەرو رێکخراوە حیزبى ئەهلى و نیمچە ئازادەکاندا....چەنکە ئەوانە ڕەنگدانەوەى سیاسەتى حیزبەکانەو راستەوخۆ رەنگدەداتەوە لە کۆمەڵگادا..
ئەوەى دواى هەژدە ساڵ لە بوارى ئینسانى و مرۆڤایەتییەوە، هاتووەتە ئاراوە:


مەخابنە بۆ مێژوو..
بۆ حورمەتى مرۆڤــــ،
بۆ نیشتمان..
جێی مەترسییە بۆ ئەم ئەزموونە
ناسک و هەستیارەو لەم کاتە پڕ لە مەترسییەدا..
جێی داخە
کە نەوەیەک هاتوەتە مەیدانەوە
یەکتر قبووڵناکەن و
ڕێز لە بیرو بۆچوونى یەکتر ناگرن
دیالۆگ لە ئارادانییە،
خۆشەویستى و ئینتیما بۆ نیشتمان
ڕوو لە کزییە
ڕێز بۆ یەکتر لە پووکانەوەدایە..
ڕق زاڵە بەسەر خۆشەویستى و ڕێزگرتنا..


ڕێزو خۆشەویستى و تەقدیر بۆ موڵکدارێتى تەنها بۆ خودى شەخسییە و بۆ موڵکدارێتى گشى و هەمووان قەڵاچۆکراوە... لەم کۆمەڵگا هەشبەسەرەدماندا:


پارە لە مرۆڤــــ پایەدارترە..
هەڵپەکردن بۆ قۆڵى یەکتر بڕین
لە سپێدەوە تاکو نیوەشەو لە برەودایە..


بەڕێزانى سەرکردە: لە ئاکامى بەڕێوەبردنێکى چەواشەدا، لە ئەنجامى لێنەپرسینەوەدا لە گەندەڵ و دزو درۆزن و شرواڵ پیس و .....تاد. لە ئاکامى نەبوونى شەفافییەت و ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى لە دابەشکردنى سامان و بودجەى زۆرى ئەم وڵاتەدا: واقیعێک و ژیانێک دەستەبەربووە بۆ تاکى کورد (لە مناڵییەوە بۆ پیرەکانى) کە:


ماناو تام و خەون خولیاى مرۆڤــ و
ژیانى چەواشەو بێسەروبەرەیە..
مناڵیش هەستدەکات دواى کڵاوى بابردوو کەوتووە..
لە سەرابدا دەژى..
لە کۆڵانى شەویدا چراى تیا نییە..
لە ڕێگاوباندا هاوڕێ و هاوبیرى نییە...
هەموو وا هەستدەکەن لەنێو کەشتییەکدان
کاپتنەکەى سەرخۆشەو عەقڵى لەدەستداوە..
لاوو گەنجەکانى ئەم نیشتمانە مەنفایە
لە تووڕیی و نامۆییدا،
لەگەڵ سێبەرى خۆشیدا بەشەڕ دێت..
نامۆیە بە خۆى و دەستگیران و نیشتمانەکەى
لە هەموو شتێک تۆراوە..
دڵى بە هیچ شتێک خۆشنابێت
خەون و خولیاى نەماوە..
ئینتیماى بۆ نیشتمانەکەى لە کوێوە بێنێ


چونکە سوودمەند نییەو پەراوێزکراو خۆى دەبینێتەوە.. منداڵەکانیشى هەروان (بەتایبەت هەژاران) بەشمەینەت و بێنەوان .. بێ پارک و سەیرانگاى نێو گەڕەکەکانن.. بێ یاریگاو باخچەى ساوایانى خۆڕایی و بێبەرامبەرن.. ئەوانیش سوودمەند نین..ئەوانیش دڵیان خۆش نییە..


ژنان: دایکان و کچان، هاوسەران،
عاشقەکانیش خۆیان بە پەراوێزکراوو
هاووڵاتى پلە دوو یان سێ دەبیننەوە..
پیرەکان لەبەر دەرگاى مزگەوت و لاکۆڵانان
شقارتە و تەسبیح و گوڵبەڕۆژە دەفرۆشن..
بێ مووچەو ڕێزلێنانن..
بێ بزەو خەندەى راستەقینەن..
ئەمانەو چەندان توێژو چینى ئەم کۆمەڵگایەمان لە هیلاکى و ماندووێتیدا ژیانى ناهەموار بەسەر دەبەن..


ئێوە هەرگیز، واز لە توندوتیژى و دیماگۆگى و حیزبایەتى و خزم خزمێنەو واستەو حیزب حزیبێنە ناهێنن.. واز لە لایەنگرى و بەرژەوەندى بۆ لایەنێک ناهێنن.. ئێوە ناتوانن ببنە بەرپرسی خزمەتکارو خزمەتگوزار پێشکەشکار.. تازە ئێوە لە بورجى عاجێوە و لە جامى رەشەوە تەماشاى ئێمەى قالۆنچەو مێروو دەکەن..ئێوە ناتوانن ببنە دڵسۆز بۆ ئاڵاو خاک و سنوورو شاخ و دەشت و ئاوو هەواى ئەم زێدە شیرینەمان کە پێش ڕاپەرینى خەڵکى کوردستان بە هەزاران ساڵ زیندانى ژێردەستەبوو .. ئەو نیشتمانەى کە تینووى ئازادى و ئاخاوتن و خەون بیین بوو.. زێدى سیخناخ بوو لە سێدارەو ژوورى جەلاددە پێست ڕەشەکان.. هەرگیز ئەوەتان لەبیر نییە کە کورسی بۆ کەس نامێنێتەوە تاهەتایە.. ئەوەى نەمرەو بێکۆتایە ناوى شۆڕشگێڕە مەزنەکانى وەکو شێخ شەعیدى پیران و قازى محەمەد و گاندى و جیڤارا و هەزاران ناوى پرشنگدارى دیکەیە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا کە هەرگیز بیر ناچنەوەو میللەتانى سەر ڕووى زەوى شانازیان پێوە دەکەن....نەوەک سەدامى دیکتاتۆر و مرۆڤکوژ....


ئێوە هەرگیز ناتوانن قەڵەم بەدەستانى زەمەنى براکوژى خانەنشین بکەن و پارەو پوولی خەڵکانیان بەسەردا نەبەخشنەوە.. ناتوانن تاوانبارەکان و دزەکان بدەن بە دادگا، ئێوە ناتوانن واز لە زەوى داگیرکردن و بە هەدەردانى سامانى نەتەوەیی بێنن.. ناتوانن یەکسانى نێوان هەژارو دەوڵەمەند، ژن و پیاو، بەرپرس و هاووڵانى پیادە بکەن و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بچەسپێنن.. هەرگیز ناتوانن بێکارى نێو لاوان و تازە دەرچووان لەناوبەرن و واز لە پرۆپاگەندەو دیعایەکردن بێنن.. واز ناهێنن لە گفت و پەیمانى درۆ، ئەوەتا منداڵەکانیشمان فێرى درۆ بوون..


ئێوە هەمووتان وەکو یەک وان، ئەڵێى کۆپی کراون، ناتوانن ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست بن.. یەکترتان قبووڵ بێت.. ناتوانن وا بیر بکەنەوە کە نیشتمان لە هەمووتان گەورەتر بێت.. ناشتوانن بە یاساى سەروەر بیچەسپێنن کە مافى مرۆڤى ئەم کوردستانە بپارێزن و بە دەستوور کەرامەت و هەق و سامان و ژیان مردنى بپارێزن، جووداخواز و پەرت پەرتکارى مرۆڤى کورد نەبن.. برا لە برا نەکەن.. بە هێمنى و بە عەقڵەوە میتۆد و پرۆگرامى زانستى دابڕێژن بۆ ئەوەى ببنە قوتابخانە بۆ ئێمەى جاهیل و نەخوێندەوارو خێڵەکى و پیاوسالار.. ناتوانن واز لە فەرهەنگى تۆڵەسەندنەوە بێنن ..واز لە نوومایشکردنى هێزو دەسەڵات بێنن بەسەر میللەت و هاوونیشتمانى ماندووەوە.. واز لە قومارى کەللەڕەقى خەیاڵى بردنەوەو سەرکەوتن بێنن..


هەمووتان لەیەک دەچن، لە دیمتاتۆر دەچن، لە سەدامى دیکتاتۆر دەچن.. هەموو شتێک بۆ بردنەوە و سەرکەوتن بەکار دەهێنن.. ناتوانن واز لە کبریاو خۆپەرستى بێنن و نیکرانى زاتى خۆتان بکەن.. ئامانجتان ئەوە نییە کە دوو منداڵ بە هێمنى گەورە ببن.. کچ و کوڕێک کە یەکتریان قبووڵ بێت و جیاوازى یەکتر نەبینن و بۆ چەوساندنەوەى یەکتر بەکاریان دەهێنن.. ئێوە هەرگیزاو هەرگیز ناتوانن رۆحییەتى برایانەو ئاشتیخوازانەى گاندى و ماندێلا و دەلاى لاما زیندوو بکەنەوە..رۆژى سەدانجار رۆحى مەلا مستەفاو ئیبراهیم ئەحمەد لە گۆڕەکەشدا تووشى لەرزەو داچڵەکان دەکەن...


لەبەر ئەو هۆیانەو سەدان هەزار هۆکاى دیکە کە بۆم نانووسرێنەوە، دەنگتان پێنادەم ، باوەڕم بە هیچتان نەماوە.. هەمووتان هەر قسەى زلتان لایەو مێشکى سەرمان چوو، شەڕمان بۆ دێننە کوونى ژوورەوەو ئاسوودەییمان لێ زەوت دەکەن.. یەک فلسى سوورتان لێوەرناگرم و منەتم بە کەستان نییەو چاوم لە کورسی و پلەوپایەى کەستان نییە.. کەسیشتان لە خۆم بە گەورەتر لە نیشتمانى هەتیوم نازانم...


بژى کوردستان..
بژى مرۆڤ و مرۆڤدۆستى..
بژى مرۆڤى ئازادو سەربەخۆو ناحیزبى..
بژى هەژارانى کوردستان..
بژى گشت کرێچییەکان..
بژى گشت پیادەکانى سەر شەقامە خوارو خێچەکانمان..
بژى هیوا بۆ دوارۆژێک
کە دزو گەندەڵ و داوێن پیس لە سێدارە دراون...
بژى کودستانى گەورەى ئازاد....!


Hemea.rasoel961@yahoo.com