دەنگ بە کێ بدەین؟!

سهڵام
عهبدوڵا
ئەوانەی ئەندامی هیچ حیزبێک نین و لەوانەیە ئەو کەسانەش کە گلەیی و
گازندەیان لە حیزبەکانیان هەیە، ئەم پرسیارە لە خۆیان دەکەن: دەنگ بە
کێ بدەم؟ منیش لە ئێستاوە ئەم پرسیارە لەخۆم دەکەم.
ئەوەی خەڵک هاندەدا بۆ بیرکردنهوه لە بەشداریی ئەرێتی و نەرێتی
هەڵبژاردن بە پلەی یەکەم : هیوا و ئامانجی دادوەریی کۆمەڵایەتییە،
بەڵام ''سوبحانەڵا '' تاقە یەک حیزب یان لایەن نییە بانگەشەی بۆ نەکات،
بەڵام دادوەریی کۆمەڵایەتیی چییەو چۆن دەستدەکەوێت؟
لەبری وەڵامدانی ئەو پرسیارە، باشتر وایە هاوڵاتی و براو وخوشکانی سەر
بەم یا ئەو حیزب، پرسیار لە بەرپرسەکانیان بکەن:
1- مەبەست لە دادوەریی کۆمەلایەتیی چییەو ئەگەر دەنگتان پێبدەین، چۆن
جێبەجێی دەکەن.
2-ئایا هەر یەک لە بازاڕی ئازادی نیولیبڕالیزم، دەسەڵاتی"تەکنۆقرات"
یان ئیسلامی یان سۆسیالدیموکراتی، دەتوانن دادوەریی کۆمەڵایەتیی و
ئاشتی و پێکەوە ژیانی مرۆیی و هاوبەشمان بۆ دابیندەکەن؟
3-چۆن بەرهەمهێنان و کارکردن و فرۆشیاری لە کارگەکانی چیمەنتۆ، گەچ،
نەوت و گاز، پەلەوڕ، هاتوچۆ، نان و شرینمەندی، ئەلبیسە، ئاو، کارەبا،
کشتوکاڵ، بیناسازی، چاکسازی ئۆتۆمبیل، چاپەمەنی، فرۆکەخانە، چێشتخانە،
کۆمپیوتەر، مۆبایل، رادیو، گەشتوگوزار رێکدەخەن: بە رێگای گەرتی تایبەت؟
گشتی و هەرەوەزی؟ یان بەتێکەڵی؟
لەکاتی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسی زۆرێک لە حیزبەکان لە تەلار و میدیا و
سەر گرەکانیانەوە، زیاتر لە هەژارە بەشمەینەتەکان باسی دادوەریی
کۆمەڵایەتیی دەکەن و درووشمی بریقەداری رەنگاوڕەنگ بەرزدەکەنەوە، بەڵام
بەکردەوە کار بە سیستیمێک دەکەن، گرانی لە هەموو بوارەکان، بێکاری،
گەشەسەندنی کەرتی ئەهلی و تەنانەت بە زانکۆکانەوەو زوڵمکاری چینایەتی
لێکەوتووەتەوە.
من حیزب یان بەرەیەک هەڵدەبژێرم: کارو بەرهەمهێنان ودابەشکردن و رەوشت
و ئەدەب و هونەری هەرەوەزی بکات بە بنەمای ژیانی رۆژانەمان و بەم
مانایە ئامانجەکەی مرۆڤ بێت نەک قازانج.
هەر حیزب یان لیست یان هاوپەیمانییەک بەم بەرنامەیە کاربکات، دەنگیان
دەدەمێ و بە پێچەوانەوە، بەشایانی هەڵبژاردنیان نازانم و لە ئێستاوە بە
براوەکەیان، دەڵێم: ئێوە بە فێڵکردن و یاریکردن بە کەسایەتی و هەست و
سۆزی خەڵک هەوڵدەدەن درێژە بە کۆمەڵگەی چینایەتی و چەوساندنەوە بدەن و
بەهوشیارییەوە کەلێنی نێوان خۆتان و زۆربەی خەڵک قووڵتر دەکەن و بەم
مانایە کێشەکانی مرۆڤ لە کوردستان و نەهامەتییەکانی زیاددەکەن و
بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی ئێوەیەو خەبات لەدژتان رەوایە!
ئەی تۆ چی دەڵێ؟ بەشداریی لەم بیروڕا گۆڕینەوەیە، نزیکترمان دەکات لە
خۆشبەختی ژیانی هاوبەشی مرۆییانە!
dwaroj@yahoo.de
|