٢٠\٣\٢٠١٩
دەنگدانەوەی
کردارەکانمان.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی
جارێکیان باوکێک لەگەڵ منداڵەکەیدا، بە ناو دارستانێکی چڕی پڕ لە شاخ و
گرد و تەپۆڵکەدا دەڕۆیشتن. لە ناکاو منداڵەکەی نووچێکی دا و بە
سەردەمدا کەوت و لە تاو ئازار هاواریکرد و وتی: ئای. ئەوەی سەیر بوو
دەنگی( ئایەکە ) لە شاخەکەوە وەکخۆی گەڕایەوە. منداڵەکە زۆر لەو دەنگە
سەری سوڕما ، بۆیە هەر زوو هاواریکردەوە: تۆ کێیت ؟ ئەمجارەش دەنگی (تۆ
کێیت) لــە شاخەکەوە گەڕایەوە . منداڵەکە بەمە زۆر تووڕە بوو، بۆیە
هەتا توانی هاواریکرد و وتی: تۆ دەبەنگی، سەرلەنوێ دەنگی
(تۆ دەبەنگی) وەک خۆی گەڕایەوە.
منداڵەکە زۆر لەوە بێزار بوو، ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد و وتی: بابە
گیان: بە ڕاستی من سەرم سـوڕمـاوە، ئــەوە چییە ڕوودەدات؟ ئەی ئەوە
کێیە لەوبەرەوە بەو شێوەیە وەڵامم دەداتەوە؟
باوکەکەشی لە وەڵامدا وتی: کوڕی خۆم ئێستا بە چاکی گویێ لەباوکی خۆت
بگرە، ئنجا هاواریکرد: تۆ کەسێکی زۆر چاکی .هەمان دەنگی (تۆ کەسێکی زۆر
چاکی) وەک خۆی گەڕایەوە. سەرلەنوێ باوکی هاواریکردەوە: سوپاس بۆ تۆ .
بەهەمان شێوە دەنگی (سوپاس بۆ تۆ) گەڕایەوە.. منداڵەکە زۆر سەری
سوڕمابوو و نەیدەزانی چۆن چۆنی ئەو دەنگانە دەگەڕینەوە.
پاشان باوکی زۆر لەسەرخۆ وتی: گیانەکەم، خەڵکی بەوە دەڵێن دەنگدانەوە.
بەڵام ئەوە یەکێکە لە ڕاستییەکانی ژیان، چونکە ژیان بریتییە لە
دەنگدانەوەی کردارەکانمان. چیی پێشکەش بە خەڵکی بکەین، جا باش بێت، یان
خراپ. خەڵکیش هەمان شتمان پیێ دەبەخشنەوە، چیش بچێنین، هەر هەمان شت
دەدرووینەوە.
جا منداڵە خۆشەویستەکان: چیی بکەین بۆ خەڵکی، ژیانیش هەمان شتمان بۆ
دەگەڕێنێتەوە. ژیان بەسەرهات و ڕێکەوت نییە، بەڵکو سێبەری
کردارەکانمانە، بۆیە پێویستە هەمیشە کار و کردەوەکانمان باش بێت.
پنتێکی رەش.
منداڵە ژیرەکان: ڕۆژێکیان مامۆستایەک خۆیکرد بە پۆلی خوێندندا و بە
خوێندکارەکانی وت: (خۆشەویستەکانم : ئێستا کاتی تاقیکردنەوەیە).
خوێندکارەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی مامۆستاکەیان بوون، تا پەڕەکانی
تاقیکردنەوەکەیان بەسەردا دابەشبکات. پاشئەوەی مامۆستاکە هەموو
پەڕەکانی دابـەشـکـرد، ئنجا وتـی: (دەی ئێستا پەڕەکان هەڵبدەنەوە).
ئەوەی سەیر بوو لەسەر لاپەڕەکان هیچ پرسیارێک نە نووسراو بوو ، بەڵکو
تەنها یەک خاڵی رەش لە ناوەڕاستی پەڕەکاندا هەبوو. ئنجا مامۆستاکە بە
ڕوویەکی خۆشەوە روویکردە خوێندکارەکان و وتی: (ئێستا دەمەوێت هەر
یەکێکتان بە هێمنی و زۆر لەسەرخۆ دەربارەی ئەو شتە بنووسێ، کە لەو
لاپەڕەیەدا بەچاوی خۆی دەیبینێت؟).
خوێندکارەکان زۆر سەریان لەو پرسیارە سەیرە سوڕما، بۆیە زۆر بەوردی
سەیری لاپەڕەکانیانکرد ، پاشان بە ناچاری هەر یەکێکیان بە پەشۆکاوییەوە
وەڵامی خۆی نووسی، بەبێ ئەوەی لە پرسیار و مەبەستی مامۆستاکەیان
تێگەیشتبن.
دوای کۆتایی هێنانی ماوەی تاقیکردنەوەکە، مامۆستاکە هەموو لاپەڕەکانی
کۆکردەوە، ئنجا بە دەنگی بەرز کەوتە خوێندنەوەی وەڵامی یەک بە یەکی
خوێندکارەکان. ئەوەی سەیر بوو وەڵامی هەر هەموویان لەیەکەوە نزیکبوو ،
هەموو نووسیبوویان خاڵێکی رەش لە ناوەڕاستی ئەم لاپەڕەیەدا هەیە...
پاشئەوەی مامۆستاکە لە خوێندنەوەی وەڵامەکان بۆوە ، هەموو خوێندکارەکان
بەبێدەنگی تەماشای دەمی مامۆستاکەیاندەکرد. ئنجا مامۆستاکە زۆر لەسەرخۆ
ڕوویکردە خوێندکارەن و وتی: (مەترسن، ئەم تاقیکردنەوەیە نمرەی لەسەر
نییە، تەنها ویستم پرسیارێکتان بدەمی تا بیری لێبکەنەوە...) ئنجا وتی:
بەلامەوە زۆر سەیرە هەر هەمووتان باسی پنتە رەشەکەتانکردووە، دیارە
هەموو هۆش و هەستان لای ئەو پنتە رەشە زۆر پچکۆلەیەی ناوەڕاستی پەڕەکە
بووە، بەڵام بە داخەوە یەک کەستان لەسەر بەشە سپییە زۆرەکەی
لاپەڕەکەتان نەنووسیووە.
جا خۆشەویستەکانم لە ژیانماندا هەمان شت ڕوودەدات، تەنها بیر لە پنتە
رەشەکان دەکەینەوە. وەک کێشەی تەندروستی، کە بێزارمان دەکات، نەبوونی
سەروەت و سامان، کە ماندووماندەکات، پەیوەندییە خراپەکانی نێوان
ئەندامانی خێزانەکانمان، ئیرەیی و بێ هیوای بوون لە هاوڕیێ کانمان،
پشێوی ناو کۆمەڵگاکەمان و... هتد. جا ئەو پنتە رەشانە لە چاو ئەو هەموو
شتە جوانانەی لە ژیاندا هەمانە زۆر زۆر بچوکن و بەراورد ناکرێن بە یەک
، بەڵام بە داخەوە ئەو پنتە رەشانە بیرمان ئاڵۆز دەکەن و تووشی خەم و
پەژارەمان دەکەن. جا باشتر وایە ئەوەندە تەماشای ئەو خاڵە رەشانەی ناو
ژیانمان نەکەین، بەڵکو پێویستە لەگەڵ شتە جوانەکانی ژیاندا ئاوێتە بین
و بە دڵێکی پڕ لە هیوا و شادی و خۆشەویستییەوە ژیـــان بەرینەسەر و
بڕوانینە دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک).
_____________________________________________
تێبینی:
ئەم چیرۆکانە لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی و ناوی نووسەریان لەسەر
نییە.
mkbarzy@hotmail.com
|