ئێستا ئەگەر بە
شێوەیەکی ئاسایی و زۆر سەرپێییانە سەرنجی
بانگەشکەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی
پارێزگایەکان و پەرلەمانی عێراق بدەین
ئەوە بە بێ هیچ خۆماندووکردن و
وردبوونەوەیەک زۆر بە رۆشنیی بۆمان
دەردەکەوێ کە هەر یەکێک لە کاندیدەکانی
تێکڕای حیزبەکان دەڵێن: دەنگ بدە بە من..
چونکە ئەمن:
دەتوانم لە
هەمووان باشتر درۆ لەگەڵ خۆم و لەگەڵ تۆ و
لەگەڵ تێکڕای میللەت بکەم! دەتوانم لە هەر
کەسێکی دیکە کورسییەکەم باشتر بەکاربهێنم
بۆ بەرژەوەندییە خودپەرستییەکانی خۆم و (واسیتە)کردن
بۆ خزم و کەسوکاری خۆم و دەروێشەکانی
سەرۆکەکەم و حیزبەکەم! دەتوانم تێکڕای
نووسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان
بکەمە تووتیی خۆم و سەرۆکەکەم و حیزبەکەم..
هەر کەسێکیشیان زماندرێژیی بکا زمانی لە
بنەوەڕا ببڕم! دەتوانم تێکڕای ژنان
تەنانەت رۆشنبیر و ئازادییخوازەکانیشیان
بکەمە بووکەشووشە و هەر کاتێکیش بمەوێ
بیانشکێنم! دەتوانم گەڕاندنەوەی ناوچە
داگیرکراوەکان و سەربەخۆیی کوردستان لە
مێشکی هەمووان بسڕمەوە و هەر کەسێکیش
لاملیی بکا ملی بشکێنم! دەتوانم مێشکی
گەنجان بە وەرزشی ناپێویست و دین و
داهێنانە تەکنەلۆژیاییە خراپەکان بشۆمەوە
و بیانکەمە کۆمەڵە مشەخۆرێکی کەللەپووچ!
دەتوانم میللەت هێندە گەمژە بکەم وەک
مێگەلێک بۆ هەر کوێیەک بمەوێ رای بدەم!
دەتوانم هەر بە واتای وشە گاڵتە بە (منداڵان
و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان و پیر و
پەککەوتەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و
کیمیابارانکراوان و تێکڕای شەهیدان و
زیانلێکەوتووانی کارەسەتەکان) بکەم!
سەرئەنجام دەتوانم لەو چوار ساڵەی دادێ لە
هەر کەسێکی دیکە باشتر میللەت برسیی و
سەرکوت بکەم و وایان لێ بکەم جارێکی دیکەش
دەنگ بە خۆم یان حیزبەکەم بدەنەوە!
هەربۆیە زۆر
باشترە دەنگەکەت بۆ من بخەیە نێو سندوقی
هەڵبژاردن و خەونەکەشت بۆ خۆت بخەیە نێو
زبڵدان!!! |