په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٥\٢٠٢٥

دەنگگەلێکی هێندە ئازا و چاپووک هەن

دەسەڵاتدارن و ستەمکاران تەنانەت دوای مردنیش لێیان دەترسن!
- وتەی دەشتی جەمال لە ١٥مین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان -



ئەمڕۆ ١٥مین ساڵیادی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کەسێك بەرزڕادەگرین کە جگە لە پێنووس هیچ چەکێکی لە دەستدا نەبوو. ئەو ڕەخنەگری دەسەڵاتێك بوو، ڕەخنەگری جیاکاریی و بێمافیی بوو، بۆیە قسەکانی لە شمشێر قووڵتر دەبڕن. لە بەرەکانی شەڕدا نەبوو، بەڵکو هەڵگری ڕەخنەیەکی چینایەتی قوڵ بوو لە دژی دەسەڵات و هێمایەکانی بۆرژوازی کورد.

لە پشت لاپەڕەکانەوە وەستابوو، بەڵام بناغەکانی دەسەڵاتی هەژاند. دەرۆزەی ئاسوودەبوونی نەکرد، بە خەبات داوای ئازادیی و دادپەروەریی دەکرد. فەرمانەکانی جێبەجێ نەدەکرد، وێڵی دوای راستیی بوو. بۆ ئەوەش پیاانیان دەگێڕا بێدەنگی بکەن، پێیانوابوو ئەگەر ژیانی لێبسیننەوە، دەتوانن کۆتایی پێـبهێنن، بەڵام هەڵە بوون. ئێستا سەردەشت عوسمان ناوێکە لە ناوی سەرۆك حکومەت و پەلەمان و وەزیر و گوزیر و دەزگاگانی زۆر ناسراترە و بووەتە هیمای ئازادیی.

سەردەست عوسمان، دەنگێکە لە نێو هەر ناڕەزایەتیەکدا ئازادیی و یەکسانیی و خۆشگوزەرانیی دەچرێ! هێمایەکە لە بەرانبەر ئەو دڕندەیی کە تا چەند بە ئاراستەی بێدەنگکردنی ڕاستیی دەڕوا.. هەر پیلانێکی نەزۆکە. گڕی لە ناخی هەر نووسەرێکدا داگیرساند کە بە بوێریی بنووسی و کڕنۆش نەبا.

سەردەشت عوسمان ئەو وشانەی پێداین کە تا ئێستاش لە دڵی دەسەڵاتداران و ستەملێکراواندا دەنگدەدەنەوە. ئەوان وایانزانی بە کوشتنی دەنگی سەردەشت دەنێژن، بەڵام نەیاندەزانی تۆوێکە لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا چێنراوە و بووەتە هێمایەک بۆ ئازادیی.

سەردەشت عوسمان کوری کرێکارێك لە خێزانێکی رەنجدەر، ڕۆژنامەنووسێك، دەنگی خەڵك بوو، بە وتار و پێنووسە ڕەخنەییەکەی پێی لەسەر ئەو جیاوازییە چیانیەتییە دادەگرت کە لە کۆمەڵی کوردستاندا هەیە. بەلام فڕاندیان ئەشکەنجەیاندا و و کوشتیان، تا بێدەنگی بکەن و کۆمەڵ بترسێنن.. تا لەو ڕێگایەوە هەموو دەنگێکی ئازاد کپ بکەن.. ئەو خوێندکارێک بوو هیوا بە داهاتوو. تاوانبار نەبوو، هەڕەشە نەبوو بۆ سەر کۆمەڵ، بەڵکو سەردەشت عوسمان هەڕەشە بوو بۆ درۆ، بۆ گەندەڵیی و جیاکاریی و ستەمکاریی و پێداویستییەك بوو لە دژی دەسەڵاتێك کە لەسەر ترس و کۆنترۆڵکردن بنیاتنراوە، ڕۆژنامەنوسێك بوو بە پێنووسەکەی بوێریی ئەوەی هەبوو ڕاستیی بڵێ لە کۆمەڵێکدا کە ڕاستیی سزا دەدرێ. خوێندکارێك بوو بوێریی ئەوەی هەبوو لە سیستەمێکدا پرسیار بکا، کە پرسیار هێڵی سوور و بڤەیە. بۆ ئەوەش حکومەت هەر ئەو دامەزراوەیەی کە مەبەست لێی خزمەتکردن و پاراستنی بوو، بوو بە بکوژەکەی.

با ئەوەش بە ڕوونی بڵێم، بۆ ئەوەی هەموو ترسنۆکێکی دەسەڵاتدار بیبیستێ: لەوانەیە کۆتایی بە ژیانێک بهێنی، بەڵام هەرگیز ڕاستییەکان ناسڕێتەوە. ڕەنگە تۆ ژیانی ئەوت بردبێ، بەڵام دەنگی ناسڕێتەوە، مرۆڤی باش بە دەستی سیستەمێک نامرێ کە بۆ پاراستنی تەنیا خۆی دروستکراوە.

لەوانەیە تەرمی کەسێك بنێژی، بەڵام ناتوانی بزووتنەوەیەک بنێژی. لەوانەیە کەسێکی باش بکوژی، بەڵام بەم کارە هەزار کەسی تر دروستدەکەی. چونکە مردنیان کۆتایی نییە. پڕیشکێکە. پریشکێك کە ئاگری خەبات و تیکوشان و تووڕەیی و دادپەروەریی داگیرسێنێ کە ناتوانرێ پشتگوێ بخرێ، دەسەلاتداران ئەگەر پێیان وایە دەتوانن بە کوشتنی مرۆڤێك بیرۆکەکان بکوژێ. دەتوانن لاشەیەك بنێژن، بەڵام ناتوانن ڕاستیی بنێژن. بۆ هەر ڕۆژنامەنووسێك کە بێدەنگ دەکەی، دەیان ڕۆژنامەنووسی تر هەڵدەستن. بۆ هەر خوێندکارێک کە دەینێژی هەزاران کەس ڕێپێوان دەکەن.

سەردەشت عوسمان لە نێوماندایە لە ناڕەزایەتیەکاندا پر بەگەروو بە دەنگی بەرز قسە دەکا، بە دوای مەرگیدا کڵپەی ناڕەزایەتییەکی گەورە لە کوردستاندا هاتە ئاراوە بەرامبەر بە ستەمکاریی و گەندەڵیی و بێمافییەک کە دەسەڵاتدارانی کوردستان چەند دەیەیە بەسەر خەڵکی کوردستاندا دایانسەپاندبوو، دواتریش ١٧ی شوباتی بەرهەمهێنا کە دوا دیواری نێوان خەڵك و دەسەڵاتی ڕووخاند. ناوی سەردەشت بوو بە هێمای ناڕەزایەتییەکان و ناوی ئەو لە مێژوودا هەڵکەندراوە و هەرگیز ناوی لەبیرناکرێ و لە ناخی هەموواندا دەژی.

ئەمڕۆ، بە دڵێکی پڕ خەمەوە لەسەر گلکۆی سەردەشت عوسمان کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە یادی مرۆڤێک کە ژیانی خۆی بەخشی لە پێناوی ڕاستییدا...گیانلەدەستدانی سەردەشت تەنیا زیانێک نییە لەو کەسانەی کە دەیانناسی و خۆشیاندەویست، بەڵکو نەمانی زیانێکی گەورە بوو لە کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئازادییخوازیی و مرۆڤدۆستیی.

بۆیە ئێمە بە دەنگی بەرز دەیڵێین، بە بوێریی دەنووسین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین بەرەو پێشەوەی دەبەین. هەرگیز ناوی سەردەشت عوسمان لەبیرناکەین. ئەو لە هەموو ناڕەزایەتییەك لە پێناوی نان و ئازادیی و خۆشگوزەرانیی و لە پێناوی جیهانێکی باشتردا لەگەڵماندایە. لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا سەرکوتی ئازادیی دەکرێ، سەردەشت دەنگی ناڕەزایەتیی ئەوانە و سنوورەکانی بڕیوە. ئەو لە پێناوی بەرگرییی لە ڕاستیی، نەچەمیەوە، ئەو هێمایەکە لە هەموواندا دەژی.

بۆ باوك و دایك و برا و خۆشك و هاوکاران و خۆشەویستان و هاوسۆزان و هاوپیشەکانی سەردەشت عوسمان، سوپاس و پێزانینی قووڵم ئاراستەی ئێوە دەکەم. پێتان دەڵێم: سەردەشت تەنها کوڕ و ڕۆڵەی ئیوە نییە، ئەو بووەتە راستییەکی زۆر بەرچاوی بەرگریی لە ئۆردووی بێبەشانی کۆمەڵگەی کوردستان. ڕۆڵ و ئازایەتیی سەردەشت هێمای درێژەپێدانی خەبات و کۆڵنەدانە لە پێناوی ئازادیی و بەرابەرییدا. ئەو پەیامە سنووربڕ و هەمیشەییە. ئەگەر پەیامی سەردەشت، پەیام و بانگەوازی گشت مرۆڤە ئازادییخواز و تیکۆشەرەکانە، ئەوا بۆ دەسەڵاتداران مۆتەکە و مایەی ئەوپەڕی نەنگییە.

تیرۆری سەردەشت عوسمانی هێژا.. بەڵگەی ڕیسوایی دەسەڵات و هاندەری تیکۆشەرانی ڕێگای ئازادییە، بۆ کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەی کە لە دەنگی ئازاد و ڕەسای ئازادییخوازیی دەترسێ.

مەرگ و شەرمەزاریی بۆ بکوژانی سەردەشت! بەرز و بەڕێز بێ یاد و ڕێڕەوی سەردەشتەکان!


٥\٥\٢٠٢٥
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک