په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٤

دەنگی ئاسمان لە گەڵماندایە.
(قارەمانی فیلمی نیوەمانگی بەهمەنی قوبادی).


هاوڕێ نەهرۆ        


هەر چۆن رۆمانەکانی گابریل گارسیا مارکیز لە ڕوانگەی واقعیەتی سیحری یەوە نووسراون هەتا شارەزای سیمبولە مێژوویەکانی ئەمریکای لاتین نەبێ، خوینەر بە ئاسانی لە رۆمانەکانی مارکیز ناگا، فیلمی نیوەمانگی بەهمەنی قوبادی بە هەمان شێوە هەتا شارەزای سیمبولە میژووییەکانی کوردستانی ئیران نەبێ، تەماشاکەر نازانێ بۆ رووداوەکان وا گوزەر دەکەن، مامۆ قارەمانی فیلمەکەیە، پیاوێکی بە تەمەنی دونیا دیدەیە، دوای رووخانی رژیمی سەدام کوڕەکانی لەگەڵ کچێکی دەنگ خۆش کۆ دەکاتەوە لە نیو پاسێک، کە تێکرا ژمارەیان چواردە کەسن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە رێگایان پێدراوە کە بچن بۆ کوردستانی باشوورو ئاهەنگ بگێڕن بە بۆنەی رزگاربوونی بەشێکی کوردستان بە یەکجارەکی لە دەستی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، سەحنەی یەکەمی فیلمەکە بە نیشاندانی بازاڕی شەڕە کەڵەشێر دەست پێ ئەکا، دیارە ئەم سەحنەیە پڕ ماناو سیمبولی یە، ئەوە پیشان ئەدا کە دەسەڵاتدارانی جیهان دەسەڵاتە لوکاڵیەکان بە گژ یەک دا ئەدەن وەک شەڕە کەڵە شێر.


دەکرێ ئەنالیزە کردنی ئەم فیلمە بۆ دوو ئاراستە دابەش بکەین، ئاراستەی یەکەم ( اسقاط ) یا خۆد ملکەچ پێکردنی سیمبولەکانی درامای فیلمەکەیە بۆ باکگراوندی فیکری و ئایدیولۆژی خۆم لەلایەک لەلایەکی دی دواندنی رووداوەکانی فیلمەکەیە بەپێ مێژووی ناوچەکە، خاڵی یەکەم زۆربەی لوکەیشنەکان ( شوێنی سەحنەکان ) لە نێو پاسێکی دیاریکراو بەرێوە دەچێ، بە پێ خوێندنەوەی خۆم و شارەزاییم لە فیلمی ئیرانی و دەرهێنەرەکانی، بەهمەن چاوی لە دەرهێنەری ناوداری ئیرانی عەباس کیا روستەم کردووە بە تایبەتی لە فیلمی تامی میوەی گیڵاس لەبەر ئەوەی رووداوەکانی ئەو فیلمەی کیا روستەمی سەراپا شوێنی سەحنەکانی وەک لوکەیشن لە نێو ماشینێکی لاندکروز بەرێوە دەچێ، لە فیلمی دە لەسەر دەی کیاروستەمی باس لەوە دەکا کە چۆن و بۆچی ئەم لوکەیشنەی هەڵبژاردووە هەروا باسی ئەوە دەکا کە ئەکتەرەکانی پروفیشیناڵ نیین بەڵکو کەڵک لە کاراکتەری خۆڕسک وەرگرتووە تەنانەت دەڵێی زۆر شت لێیانەوە فێر بووم . پێکهێنانی تیپێکی مۆزیک و هونەری لە لایەن مامۆ وەک پیاوێکی بە ئەزموون کە ژمارەی هەموویان چواردە کەسن، لەمیانەی فیلمەکەدا دەنگێک پێ دەڵێی ژمارە چواردە نەحسە لەم کاتەدا شوفێرەکە ئەچپێنێ بە گویچکەی دا و دەڵێ ئەوە ژمارە سێزدەیە نەحسە، چواردە نییە، ئەویش لە وەڵام دا دەڵێ نە سێزدەیە نەحسە نە چواردە لەم کاروانە دەنگی ئاسمان لە گەڵمان دایە، هەر بۆ ئاگاداری خوێنەر شوومبوونی ژمارە سێزدە لە چەمکێکی ئاینی مەسیحی یەوە هاتووە گوایا کە مەسیح لەسەر خوانی دوا شامی شەو کوژراوە لەگەڵ قوتابیەکانی تێکرا ژمارەیان سێزدە کەس بوون.


هەروا دەکرێ قوباد سوودی لە ژمارەی دوازدە سوارەکەی مەریوان وەرگرتبێ، چەمکی دوازدە سوارەکەی مەریوانیش دووچاری شکست بوون لە ئاکام دا هەر وەک چۆن لەم فیلمەماندا ناگەن بە ئاکام و قارەمانەکە دەمرێ، لێرەدا ئەگەر لەسەر دەروازەی فیلمەکە بوەستین و چەند سیمبولێک بجوڵێنین، بۆ نموونە بۆ چی تیپە هونەریەکە وەک یەک خێزان و بنەماڵە بەرەو گەیاندنی پەیامی خۆیان بە رێ دەکەون، بۆ چی لەم فیلمە دا سیمبولی مۆزیک بە کار هاتووە، بۆ چی لە سەرەتای فیلمەکە دوو منداڵ ئەکۆردیون دەژەنن تەنانەت بە ریتمی ئاوازێکی روسی، ئەمانە تێکرا سیمبولن، ماناو ئاماژەی تایبەتی یان هەیە، بۆ چی کاتێ دەگەنە سەر سنووری تورکیاو ئیران و ئیراق هەموویان بە یەک دەڵێن بە لای چەپ، بۆ چی قارەمانەکە سەرەتا دەڵێ دەنگی ئاسمانمان لە گەڵدایە ئاخۆ دەنگی ئاسمان بەڵێنی دەزگا جیهانیەکان نیین بە شێوەیەکی نهێنی کە بەڵێنەکەیان نەبردە سەر، بەرای من جوڵاندنی خێزانێکی هونەری چەشنی تیپی مۆزیکی کامکارانن لە نێو ماڵباتێکی دیاریکراو دا، هەروا ئاماژەیە بۆ جوڵەی بنەماڵەیەکی شورشگیڕ لە ژێر ئاسمانی ڕەشی کۆماری ئیسلامی سێدارە بەرەو دونیای پڕ فانتازیای گوڕانی مۆزیک و زیندوو ڕاگرتنی کەلتووری میللەتی کورد بە شێوەیەکی رەسەن.


لە لایەکی دی یەکی لە کورەکانی دەمانچەیەکی ئەداتە باوکی کە قارەمانی فیلمەکەیە، لیرەدا ئەم دەمانچەیە ئاماژەیە بۆ چەکداربوونی جوڵانەوەی هونەری و خەباتی خوێندکاران کە لەو دوو مامۆستایە بەرجەستە دەبێ کە لە ئەنجامی لافاو خەڵکی ناوچەکە ئاوارە دەبن، مناڵەکانیان لەلایەن دوو مامۆستای گەنجی کچ و کوڕەوە لە هەوایەکی ئازاد وانەیان پێ دەڵێنەوە، قارەمانەکە لە ماڵئاوایی دا پێیان دەڵێ ئەرکی ئێوە پێگەیاندنی ئەم منداڵانەیە، ناسر رەزازیش لە گورانی یەک دا دەڵێ دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە، بەڵی لە کوردستانی ئیران پێش جوڵەی سیاسی و چەکداری، خەباتی هونەری و کۆمەڵایەتی و ئاینی ئامادەبوونی هەبووە تەنانەت لە چەند سەحنەیەک دا سوفیەکان نیشان ئەدا بە قژی درێژەوە سروتی ئاینی خۆیان پەیڕەو دەکەن. قارەمانەکە سەرەتا لە نێو چاڵێک ڕاکشاوە چەشنی گۆڕ مەبەستی ئەوەیە پەیامی ئەم ڕابەرانە لە هەناوی مەرگەوە هەڵقوڵاوە، پەیامەکەیان مەرگ ئامێز بووە.


یان دەکرێ مامۆ قارەمانی فیلمەکە ئاماژە بێ بۆ حزبی دیموکرات بەرابەرایەتی قاسملو، وەک ئاشکرایە قاسملو دەرچووی سەربازگەی سوسیالیستی بوو لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات خوێندکارو پەروەردە کرا بوو، سەر بە شورەوی جاران بوو، دیارە لە میانەی خەبات بەڵێنیان پێداوە کە چارەنووسی کەشتی بژوتنەوەکە بەرەو کەناری ئارام دەچێ کە لەسەر سنووری هەر سێ وڵات بە تێکرای دەنگ دەڵێن بۆ لای چەپ بەواتای هەڵبژاردنی حزبی دیموکراتە بە خەت و مەشی چەپ و سوسیالیستیی جاران، بەڵام فیلمەکە زۆر ویستگای تیایە شایانی هەڵوەستە کردنە لەسەری بۆ نموونە لەسەحنەیەک دا تووشی بازگای پاسداران دەبن یەکی لە پاسدارەکان کوردی کرماشانە دەبێتە پوینتی تێگەیشتن لە نێوان دەسەڵاتدارانی بازگاکەو سەرۆکی تیپی مۆزیکەکە ئاماژەیە بۆ روڵی کوردی کرماشان لە نێو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە ئیران، شایانی باسە لە فیلمەکە دوو ڕەگەزو سیمبول ئامادەبوونی بەرچاوو بەرجەستەیان هەیە ئەوانیش مۆزیک و ئافرەتە، دیارە مۆزیک و ئافرەت دوو نیشانەی زەقی شارستانی کۆمەڵگایە، مۆزیک و ئافرەت ئارمەغان و سەوقات و دیاری سروشت و خوداوەندە، مۆزیکیش لە هەناوی سروشتەوە دەنگ و سەدای هەڵقوڵاوە، مۆزیک دەنگی سیحراوی دەسەڵاتی خوداوەندە بە شێوەیەکی میتافوری، ئەو خودایەی بە درێژایی مێژوو زۆربەی نهێنیەکانی لە دوو تۆێی دڵی خۆی دا وەک ڕاستی حاشا هەڵنەگر حەشار داوە، خوداوەندێک دەسەڵاتی بەسەر گەردوون دا شکاوەو دەشکێ، خوداوەندێک هەڵگری یادەوەریی سروشت و گەردوون و کۆمەڵگایە تەنانەت یادەوەریی مردووەکانیشە، بەڵێ لە سایەی ئەم دوو سیمبولە شارستانییە سەحنەکانی فیلمەکە لە مۆتیڤێکەوە بۆ مۆتیڤێکی دیکە دەگوزەرێ، دیارە ڕاگرتنیان لە چەند بازنەیەک نیشانەی کۆسپ و تەگەرەکانە نیشانەی ئەوەیە دەسەڵات و مەرجەعەکانی جیهان هەمیشە ئاڵوگۆڕ بە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلانەوە دەکەن. ئەگەر جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ لای پێشاندانی پاسدارە کرماشانیەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵکی کرماشان بە دڵ و دەروون لە گەڵ بزوتنەوەی کوردن لە کوردستانی رۆژهەڵات بەڵام بەجەستە لە نێو ریزەکانی پاسداران و سوپان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە مەزهەبیان شیعەیە. ئەگەر سەراپا تەماشای هیڵ و هەیکەلی سەرەکی سیناریویەکە بکەین ئەوە دەرئەنجام بۆمان دەرئەکەوێ کە لە کوردستان دا بگرە لە سەراپای ئیران دا ئازادی ئافرەت و مۆزیک نییە هەر بۆیە ئاراستەی کاروانەکەیان بەرەو کوردستانی باشوورە تەنانەت لە شوێنێک دا دەڵێ، دەچین بۆ هەولێر لەوێ قسە لەگەڵ بی بی سی و سی ئین ئین دەکەین بەواتای گەیاندنی پەیامی کپ خواردووی دەنگ و سەدایان بە گوێچکەی جیهان، ئەم تیپە هونەرییە لە رێگای کاروانەکە پەیتا، پەیتا لێیان بزر دەبێ تەنانەت کچە دەنگ خۆشەکە بێزار دەبێ و هەڵدێ لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا دواتر لە پڕێکدا کچێکی دی پەیدا دەبێ کە ئەمیش دەنگی خۆشە ناوی بەتولایە لەسەر سنوور لە دایک بووە، ئەم کچە دەبێتە رابەری مامۆ و چوار لە کوڕەکانی لە دوامەنزڵی کاروانەکە ئەسپێک بۆ مامۆ و چوار ماتورسیکڵ سوار بۆ چوار لە کوڕەکانی، بە رای من ماتۆرسیکل سوار ئاماژەیە بۆ سازمانی ئیتلاعاتی ئیران کە لە قوناغێک لە قوناغەکان هاوکاری و هاریکاری بزوتنەوەی کوردی کردووە لە هەردوو دیوی رۆژهەڵات و باشوور بەڵام پروژەکانی بە موراد نە گەیشتووەو سەرکەوتوو نەبووە.


ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشی سیمبول دارە مەیت یان ( تابووت ) هەر لەسەرەتای فیلمەکە تا کۆتایی ئامادەبوونی بەرچاوی هەیە، تابووت نیشانەیە بۆ مەرگی هەمیشەیی و بەردەوام کە وەک ملوانکەیەکی تاسێنەر لە گەردنی گەلی کوردو گەلانی ئیران ئاڵاوە بە درێژایی مێژوو، تابووت نیشانەیە بۆ قوربانیەکانی گەلی کورد کە هەمیشە ئەو باجەی داوە بۆ ئازادبوونی هونەرو ئافرەت و ئازادی باوەڕ، بەهەرحاڵ فیلمی نیوەمانگ ئیش کردن لە نێو خەرمانەی غەم و خەفەت و تراژیدیای گەلی کورد گەرچی لە هەندێ شوێنی دا کۆمیدی ڕەشی تیایە وەک ئەوەی کامیرەکە بە درێژایی وێنە گرتن فیلمی تیا نەبووە یان روڵی شوفیرەکەو سەرتاشینی لەلان جەندرمەوە، لە کۆتایی دا هیوای سەرکەوتن بۆ برای دەرهینەرو کاستی فیلمەکە دەخوازم .


٢١\٦\٢٠٢٤ - ئۆسلۆ
ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک